ناونیشان: هەگبەی گۆڕانکارییەکانی ئێستا و داهاتووی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان
نووسەر: #مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #01-03-2022#
=KTML_Bold=بەرایی=KTML_End=
بڕیارە سیاسییەکەی 15ی شووباتی 2022ی ئەم دواییەی دادگەی باڵای فیدڕاڵیی ئێراق دەرفەت و مەترسی ئێجگار گەورەی لە بەردەم داهاتووی پیشەسازیی نەوت و گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان کردەوە، کە پێویستە لە ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی ئێستا و بەشدارانی داهاتووی دابینکردنی ئاساییشی وزەی جیهان هەڵوەستەی لەسەربکرێت. لێرەدا مەترسییەکانی جوڵاندنی کەیسەکانی دژی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە دادگە نێودەوڵەتییەکان و تۆمارکردنی کەیسی نوێ لەسەر کۆمپانیاکان و دەرفەتەکانی بەردەم پیشەسازی نەوت و بەتایبەتیش گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان دەخەینەڕوو.
لە ڕۆژی 16ی شووبات، حکومەتی ئێراق دەسەڵاتی بە وەزارەتی نەوت دا، لە وەڵامی بڕیارەکانی دادگە نەخشەڕێگەیەکی تەکنیکی کاتی ئامادە بکات، جگە لەم هەنگاوە (ئەگەر کارەکان بە نهێنی) نەکرابێت، ئەوا هیچ هەنگاوێکی دیکە نەنراوە بە ئاڕاستەی کۆنترۆڵکردن. لەدیوێکی دیکەوە، ئەگەر ئێستا هەرێمی کوردستان ئامادە بێت نەوتەکەی ڕادەستبکات، ئەوا حکومەتی ئێراق نایەوێت، ئەویش بەهۆی چەند هۆکارێکی بچووکەوە.
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= قەرزاری کۆمپانیاکانی وەک ترەفیگورا، ڤیتوڵ و ڕو#سنە#فتە کە بڕەکەی تاوەکوو ناوەڕاستی 2021 گەیشتووەتە 3.93 ملیار دۆلار!
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= چۆنییەتی بەڕێوەبردن و مامەڵکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End=پەیوەستە بەشێوازی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەشیکردنن.
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End= لەڕووی سیاسییەوەیە.
کەواتە دەرکردنی بڕیارەکە ئەوەندەی پەیوەستە بەو دەرفەتە نوێیەی هاتووەتە بەردەم گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان کە قەتەر سەرپەرشتی دەکات، ئەمریکا پاڵپشتی دەکات و ئەوروپاس پێویستی پێیەتی، ئەوەندە پەیوەست نییە بە نەوتەوە، هەر بۆیە بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدڕاڵی لەوانەیە ئەوەندەی ئامانجی گازی سرووشتی بێت، ئامانجی نەوت نەبێت.
=KTML_Bold=گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان؛ ترسی ئێراق=KTML_End=
بڕیارەکەی 15ی شوبات بۆ بڕیاربەدەستانی هەرێمی کوردستان و هەندێک لە ئێراقییەکان و جیهانی دەرەوەش چاوەڕواننەکراوبوو، چونکە کاتی بڕیارەکە والێکدرایەوە وەک کارتێکی گوشاری نێو گۆڕەپانی سیاسیی ئێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێ بێت، بەڵام ئەگەر وردتر لێ بڕوانین، هەڵدانەوەی کەیسێکی یەک دەیەی ڕابردوو بە هەڕەمەکی نەبووە و بۆ ڕێگریکردن بووە لەو دەرفەتەی هاتووەتە بەردەم پیشەسازیی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش بەستنەوەی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان بە ئەنقەرە و دواتریش بە ئەوروپاوە.
لەڕاستیدا، ترسی ئێراق لەدوو شتە، یەکەمیان یەدەکی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان کە بەپێی خەمڵاندانەکان، هەرێمی کوردستان خاوەنی یەدەگی 15 تریلیۆن پێ سێجایە، کە دانەگاز بەتەنیا لە #چەمچەماڵ# و کورمۆر یەدەگی گازی سەلمێنراوی 5.3 تریلیۆن پێ سێجای (2P) دۆزیوەتەوە. ئەمەش واتە خاوەنی حەوتەم یەدەگی گازی سرووشتی لە جیهان! کۆمپانیای دانەگاز لە 2007وە وەبەرهێنانی لە گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان کردووە، هەرچەندە کۆی ئەو 15 ساڵەی ڕابردوو بەخۆشی تێنەپەڕیوە، بەڵام ئێستا هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان و دانەگاز بەیەک ئاڕاستەن.
دووەمیان پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانە. ڕۆژی 12ی کانوونی دووەمی 2022 دانەگاز لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند: ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ بە بەروارد بە ساڵی 2018 بە ڕێژەی لە 50٪ زیادکردووە. و ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی کێڵگەکە گەیشتووەتە 452 ملیۆن پێ سێجا، لە کاتێکدا لە ساڵی 2018دا بەرهەمهێنانی ڕۆژانەیان لە کێڵگەکە 305 ملیۆن پێ سێجا بووە، پێشبینی دەکەین لە ساڵی 2023دا ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 700 ملیۆن پێ سێجا بەرز بکەینەوە .
هەروەها، ئاستی ئەم بەرزکردنەوەیە زیادە لە پێداویستی ناوخۆ، پێویستی بە بۆرییەکی هەناردەکردن هەیە کە ئێستا کارەکان بۆ تەواوکردنی لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان و بەستنەوەی بە تورکیاوە کە تەنیا 35 کیلۆمەترە دەستی پێ کردووە و پێویستی دیکەش دۆزینەوەی بازاڕێکی جێگیرە بۆ گازی سرووشتی. لەم کاتەدا بەهۆی هێرشی ڕووسیا بۆ ئۆکرینا و لەداهاتووشدا بەهۆی گواستنەوە بۆ وزەپاکەکان بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ژێنگەوە جیهان پێویستی بە گازی سرووشتییە.
لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە، ڕۆژی 21ی ئابی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی ئاگادارکردەوە کە کۆتایی بە سووتاندنی گازی سرووشتی لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوتدا بهێنن. ئێستا زۆربەی کۆمپانیاکان دەستیان بە بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی کردووە، بۆ نموونە کۆمپانیای گازپڕۆم، گازی سرووشتی لە کێڵگەی سەرقەڵا بۆ دابینکردنی ویستگەی کارەبا بەرهەمدەهێنێت. هەروەها ڕۆژی 10ی کانونی یەکەمی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی پەرەپێدان و خاوەنداریی پشکەکانی دوو کێڵگەی گازی لە هەرێمی کوردستان لە گەنەل ئێنێرجی سەندەوە و گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە.
=KTML_Bold=گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکانی بازاڕی نەوت و گازی سرووشتی=KTML_End=
بڕیارە ڕۆژی 2ی ئادار وڵاتانی ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک (ئۆپێک پڵەس) 26ەمین کۆبوونەوەی خۆیان لەبارەی هەڵسەنگاندنی ڕەوشی بازاڕ و پێداچوونەوە بە پلانی خستنەڕووی نەوت بکەن کە بابەتی زیادکردنی مانگانەی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە خۆدەگرێت، بەڵام بەپێی سەرچاوەکان، سەرەڕای بەرزی نرخی نەوت (لەسەروو 100 دۆلارەوە) ، دوای هێرشکردنی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و زیادبوونی ناجێگیریی بازاڕی وزە، ئۆپێک (سعودیە و ئیمارات) و ئۆپێک پڵەس (رووسیا) بەتەمای بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنان نین. لەلایەکی دیکەوە، ئەمریکا بڕیاری بەکارهێنانی یەدەکی نیشتمانی ئەمبارکراوی نەوتی داوە لەکاتی پێویستدا! تاوەکوو ئێستا گرژییەکان و سزاکانیش نەگەیشتووەتە دەستبردن بۆ وزە، چونکە هەردوولا پێویستیان پێیەتی.
لەلایەکی دیکەوە، ئەو ڕۆژەی پووتین بڕیاری هێرشکردنە سەر ئۆکراینای پەسەندکرد و ئەڵمانیا کارەکانی بۆری گازی سرووشتی نۆرد ستریم -2ی ڕاگرت، تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەر میوانداری شەشەمین کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری گازی کرد، کە نیکۆلای شولگینۆڤ، وەزیری وزەی ڕووسیا و سەرۆکی ئێران تێیدا ئامادە بوون. پەیامی وەزیرە ڕووسییەکە بۆ کۆڕبەندەکە باسکردنەوەی بەڵینی ڤلادیمیر پووتین بوو کە ڕووسیا بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی گاز و نەپچڕاندنی زنجیرەی دابینکردن بۆ بازاڕە جیهانییەکان.
لەڕاستیدا، پڕکردنەوەی پێگەی ڕووسیا لە بازاڕی نەوت و گازی جیهانیدا شتێکی ئەوتۆ و ئاسان نییە، چونکە لە دوای سعودیە و ئەمریکاوە، سێیەم گەورە وەبەرهێنەری نەوتە و کاریگەریی گەورەی لەسەر بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس هەیە، مانگی کانوونی دووەمی 2021 کۆی هەناردەی نەوتی ڕووسیا ڕۆژانە 10.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە! کە دەکاتە نزیکەی 10% لەدابینکردنی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا، کە هیچ وڵاتێک ناتوانێت ئەمە پڕبکاتەوە و لە 2020دا نزیکەی 22.5 تریلۆن پێ سێجا گازی بەرهەمهێناوە! کە بازاڕی سەرەکی ئەم بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەش وڵاتانی ئەورووپایە.
لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا هەموو چاوەکان لەسەر وڵاتێکی لاکێشەیی بچووکە، کە دانیشتووانەکەی 2 ملیۆن و 505 هەزارە، کە تەنیا 11.8% قەتەرین و ئەوانی دیکەی بیانین، واتە کەسانی بەڕەچەڵەک قەتەری تەنیا 300 هەزار کەسن. وڵاتانی ئەوروپا لە پاییزی 2020ەوە بۆ دابینکردنی گازی سرووشتی پەنایان بۆ قەتەر بردووە، نەک لە دوای هێرشەکەی ڕووسیا بۆ ئۆکراینا.
بەگوتەی کادری سیمسۆن، کۆمیسیاری وزەی یەکێتیی ئەوروپا نزیکەی 90%ی گازی بەکارهێنراو لە ئەوروپا، هاوردە دەکرێت. هەر بۆیەش ئێمە پلانی ئامادەکاریمان بۆ پچڕانی نیمچەیی و پچڕانی تەواوەتی گازی سرووشتی لە بۆری ڕووسیاوە کردووە، هەروەها ڕێگەی جێگرەوەشمان دەستنیشانکردووە، دوای هاوپەیمانی متمانەپێکراوی وەک قەتەر و نەرویج، ئازەربایجان، ئەمریکاش لە مانگی کانوونی یەکەم و کانوونی دووەمی ئەمساڵدا یارمەتییەکی زۆری لە دابینکردنی گازی سرووشتی شلکراوە داوین.
لەڕووی پراکتیکییەوە، قەتەر لە مەودایەکی کوورتدا ناتوانێت پێداویستیی ئەوروپا بە گازی سرووشتی پڕبکاتەوە، ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= گرێبەستەکانی گازی سرووشتی قەتەر لەگەڵ وڵاتان درێژخایەنن، هەرچەندە ئەمریکا لەگەڵ ژاپۆن قسەیکردووە بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی نزیکەی 10% بۆ 15% گازی فرۆشراوی قەتەر بە ژاپۆن.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= بەهۆی توانای ئێستای بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی قەتەرەوە کە ناتوانێت ئەو داواکارییەی ئەورووپا پڕبکاتەوە.
بەڵام لە چارەکی دووەمی 2025-2027دا بەهۆی زیادبوونی توانای بەهەرمهێنانی گازی سرووشتی قەتەر بە بڕی 47 ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا، کە ئەمەش نزیکەی 20% زیاترە لەوەی ڕووسیا دەیەوێت لە ڕێگەی بۆری نوورد ستریم 2 هەناردەی ئەڵمانیا و ئەوروپای بکات، دەتوانێت ئەو کارە بکات. ئەوەش کۆی گشتی ئاستی بەرهەمهێنانی قەتەر دەگەیێنێتە 126 ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا. ئەگەر گۆڕانکارییە جیهانییەکان و کاردانەوەکان لەسەر بازاڕی نەوت و گازی سرووشتی کوورتبکەینەوە ئەوا دەتوانین ئاماژە بە چەند خاڵێکی سەرەکی بکەین:
- قەتەر نەخشەکێشی گازی سرووشتییە لە داهاتوو، بەڵام ئێستا بەدوای جێگرەوەیەکی خێرادایە کە لەڕووە جیاوازەکانەوە ئامادەبێت لەم کاتەدا، ئەویش هەرێمی کوردستان!
- ئەمریکا پاڵپشتی پەرەپێدانی نەوت و گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان دەکات، وەزارەتی وزەکەیشی لە ڕابردوودا و ئێستاش پارەی بۆ تەرخانکردووە.
- ئەوروپا بەدوای بەدیلی کوورتخایەن و درێژخایەنە بۆ دابینکردنی بڕی گازی سرووشتی و دوورکەوتنەوە لە ڕووسیا!
- ئێران چاوەڕوانی ڕێککەوتنێکی ئەتۆمییە، کە خواستەکانی پڕبکاتەوە بۆ پڕکردنەوەی کەمی لە بازاڕی نەوت و گازدا.
=KTML_Bold=دەرفەت و مەترسییەکان بەردەم ئێراق و هەرێمی کوردستان=KTML_End=
یەکێک لە مەترسییەکان بۆ سەر ئێراق بەستنەوەی کەرتی وزەی (نەوت و گاز) هەرێمی کوردستانە بە بازاڕی جیهانەوە بەتایبەتیش ئەوروپا، لە هەمانکاتدا ترسی حکومەتی هەرێمی کوردستان جوڵاندنی کەیسی دادگەیە لە دژی بەشدارانی کەرتی پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان (وڵاتان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان) لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و کڕینی نەوت و گازدا.
لەلایەکی دیکەوە، مەترسی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدڕاڵیی ئێراق بریتییە لە مامەڵکردن و بەردەوامی کارکردنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوت و کڕیارانی نەوتی ئێستا و گازی سرووشتی داهاتووی هەرێمی کوردستان کە تاوەکوو ئێستا هەموو ئەمانەش شتێکی ئەوتووی لێ دەرنەکەوتووە.
لەڕاستیدا، بڕیارەکەی دادگە کاریگەرییەکی ئەوتووی نەخستووەتە سەر کاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بواری نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک کە کۆمپانیای دی ئین ئۆ لەماوەکانی ڕابردوودا ڕایگەیاند لە چارەکی داهاتوودا دەستدەکات بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی بەعشیقە، ئەمەش نوێترین بیری نەوتە لە دوای دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە بیری نەوتی سەرتا لەلایەن شێڤرۆن و گەنەل ئینرجییەوە لەماوەکانی ڕابردوودا.
بەپێی زانیارییەکان، کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی پلانی لێدانی چوار بیری نوێی لە ئەمساڵدا هەیە و بڕیارە دەستبکات بە لێدانی بیرە نوێیەکان کە سیانیان نوێیە و یەکێکیان بەشیکە لە پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی ئەترووش. هەروەها بەپێی زانیارییەکان لە مانگی داهاتوودا کۆمپانیای دانەگاز بەرهەمهێنان لە چوار بیری نوێ لە کێڵگە گازییەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ دەستپێدەکات.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی داتاکانی کپلەر و میس لە مانگی کانوونی دووەمی 2022دا نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە هەریەکە لە وڵاتانی ئەوروپا، بەشێوەیەک بولگاریا 18 هەزار، ڕۆمانیا 21 هەزار، ئیسپانیا 33 هەزار، ئیسرائیل 94 هەزار، کرواتیا 25 هەزار و یۆنان 137 هەزار و ئیتالیا 122 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی کڕیوە.
هەر بۆیەش هەرێمی کوردستان دەبێت چاوەڕوانی تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گازی ئێراق بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ بەغدا و کۆتایپێهاتنی چیرۆکی یاسایی بوون و دەستووری بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بکات، چونکە جگە لە دەرچەیەکی یاسایی بۆ کۆتایی ئەم چیرۆکە، هەڵبەز و دابەزە مامەڵە سیاسییەکانی ئێراق لەسەر نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، ئەویش لەکاتێکدا ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت 470 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و گازەکەشی لە ڕێگەی هەناردەکردن بۆ دەرەوە.
لە کۆتاییدا، بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدڕاڵیی ئێراق دەرفەتی گفتوگۆی کەمتر کردەوە و جیاوازییەکانی نێوان #هەولێر# و بەغدا زیاتر کرد، ئەویش تەنیا لەترسی بەستنەوەی کەرتی نەوت یاخود گازی هەرێمی کوردستان بە جیهانەوە کە ئەمڕۆش نەبێت، سبەی هەر ڕوودەدات. [1]