ناونیشان: لێکەوتەی سزاکانی سەر ڕووسیا لەسەر هەرێمی کوردستان و ئێراق
نووسەر: #مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #25-04-2022#
سێ گەورە کۆمپانیای ڕووسی بە سەرمایەی نزیکەی 14 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە بواری نەوت و گاز لە ئێراق و هەرێمی کوردستان کردووە. گازپرۆم لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 30هەزار بەرمیل نەوت و 40 ملیۆن پێ سێجا گاز لە کێڵگەی سەرقەڵا بەرهەم دەهێنێت، کۆمپانیای لۆکئۆیڵ نزیکەی 500هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەی نەوتی ڕۆژاوای قورنە2 لە بەسرە بەرهەم دەهێنێت. هەروەها ڕوو#سنە#فت خاوەنی 60%ی بۆڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە و بڕیاربوو بۆڕی هەناردەکردنی گازی هەرێمی کوردستانیش بۆ تورکیا ڕابکێشێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا کارەکانی دەستپێنەکردووە و چاوەڕوان ناکرێت لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا دەستپێبکرێت، هەرچەندە لەنێوەڕاستی ئەمساڵدا گرێبەستەکە کۆتایی دێت! ئێستا کۆمپانیاکانی ڕووسیا بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورەبوونەتەوە، کارەکانیان بەرەو سەختییەکی زۆر دەڕوات، بەتایبەت کاتێک ئەو کۆمپانیانەی کاریان لەگەڵ دەکەن ئاگاداریان دەکەنەوە چیدیکە ناتوانن لەگەڵیان بەردەوام بن، بەتایبەتیش کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان. هەفتەی ڕابردوو یەکێک لەو کۆمپانیانەی کاری پێداچوونەوەی دارایی و چاودێری کۆمەڵایەتی و باجی بۆ کۆمپانیا ڕووسییەکان لە ئێراق و هەرێمی کوردستان دەکرد بەهەموو شێوەیەک کارەکانی لەگەڵیان ڕاگرت. هەروەها سەرەتای مانگی ئادار بانکی ناوەندیی ئێراق بۆ پاراستنی سیستمی دارایی، داوای ڕاگرتنی مامەڵەکردنی لەگەڵ ڕووسیا کردووە. لەڕاستیدا ئەم ئاڵنگارییەی تووشی کۆمپانیاکانی ڕووسیا بووەتەوە تەنیا لێرە نییە، بەڵکوو لە هەموو جیهان و بەتایبەتیش ئەمریکا، بەریتانیا و ئەوروپاش وایە. لێرەدا هەڵوەستە لەسەر لێکەوتەی سزاکانی سەر ڕووسیا لە ئێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین و، بەدوای ئەو پرسیارەدا دەگەڕێین ئایا ئەمریکا لێخۆشبوون بۆ ئێراق و هەرێمی کوردستان دەکات وەک ئەوەی لە هەمبەر هاورەکردنی گازی ئێران بۆ ئێراق کردوویەتی؟ یاخود لێدەگەڕێت کۆمپانیا نیوخۆیی و نێوەدەوڵەتییەکان بۆخۆیان کارەکانیان ڕابگرن وەک ئەوەی ئێستا ڕوودەدات؟
=KTML_Bold=سزاکان و لێکەوتەکانی=KTML_End=
بەپێی داشبۆردی ئەتلانتیک کۆنسڵ، 11 وڵات و نەتەوە یەکگرتووەکان بە یەکەوە 953 ئامانجی جیاوازی ڕووسیایان سزاداوە و بەتەنیا ئەمریکا 822 دامەزراوە و کەسایەتی ڕووسی سزاداوە . هەروەها ڕۆژی 24ی ئاداری 2022 کۆشکی سپی ژمارەی سزاکانی ئەمریکای لەسەر ڕووسیا لە 400 ئامانجەوە بۆ 600 ئامانج زیادکرد، کە خۆی لە دامەزراوە گەورە دارییەکان و کەسایەتییەکانی ڕووسیادا دەبینێتەوە و بەمەش قۆناخێکی نوێی مامەڵکردنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ ڕووسیا هێنایە پێشەوە.
لە #24-02-2022#، کاتێک ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، هەرێمی کوردستان هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی جەنگەکەوە نەبووە و حکومەتی ئێراقیش بەشێوەیەک لە شێوەکان خۆی بەدوور گرتووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە #28-02-2022# ئێراق دەنگی بە ڕاگەیێندراوێکی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئۆکراینا دا ، کە ڕووسیای بە بەرپرسیار لە هەمبەر ئۆکراینا دانەناوە. هەروەها لە ڕۆژی 2ی ئادار 2022 لە ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئیدانەی دەستدرێژییەکانی ڕووسیای بۆ سەر ئۆکراینا کرد، ئێراق تەنیا (نیگەرانی) دەربڕی سەبارەت بە خراپبوونی دۆخەکە و گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا.
بەپێی داشبۆردی سکۆڵی یەلی بۆ بەڕێوەبردن YSM، لە کۆی 1000 گەورە کۆمپانیای جیهانی لە ڕووسیا نزیکەی 750 کۆمپانیایان بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە کە ئەوان بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە بە کارەکانیاندا دەچنەوە لە ڕووسیا. هەرچەندە هەندێک کۆمپانیاش مانەوەی خۆیان لە ڕووسیا ڕاگەیاندووە. لەو ژمارەیەش 189 کۆمپانیا خواستیان بۆ جێهیشتن یاخود کەمکردنەوەی کارەکانیان دەربڕیوە، 139 کۆمپانیاش پەرەپێدان و وەبەرهێنانیان ڕاگرتووە، 111 کۆمپانیاش کارەکانی ئێستایان کەمکردووەتەوە، 363 کۆمپانیاش کارەکانیان ڕاگرتووە و بژاردەی گەڕانەوەیان بۆ کارکردن لە ڕووسیا پاراستووە و 298 کۆمپانیاش ڕووسیایان جێهیشتووە.
هەرچی پەیوەستە بە ئێراق و هەرێمی کوردستان، تاوەکوو ئێستا جگە لەوەی کە ڕۆژی 2ی ئادار، بانکی ناوەندیی ئێراق پێشنیازی ڕاگرتنی مامەڵە بازرگانی و داراییەکانی لەگەڵ ڕووسیا کرد ، هیچ ڕاگەیێندراوێکی فەرمی دیکە نییە، بەڵام چەند کۆمپانیایەک کارەکانیان ڕاگرتووە وهەڵپەساردووە.
=KTML_Bold=کۆمپانیا ڕووسییەکان لە هەرێمی کوردستان و ئێراق=KTML_End=
وەبەرهێنانی ڕووسیا لە ئێراق و هەرێمی کوردستان بە قەبارەی 14 ملیار دۆلار دەخەمڵینرێت، کە زۆربەی لە کەرتی وزە (نەوت و گاز) دایە، بەشێوەیەک گەورە کۆمپانیاکانی وەک ڕووسنەفت، گازپرۆم و لوکئویڵ لە باشووری ئێراق و هەرێمی کوردستان خاوەنی یەدەگی زیاتر لە 17 ملیار بەرمیل نەوتن، کە ئێستا زیاتر لە 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، بە گوتەی باڵیۆزی ڕووسیا لە ئێراق، نزیکەی 2 ملیار دۆلار سەرمایەی کۆمپانیا ڕووسییەکان لە کەرتی نەوت و گازدایە لە هەرێمی کوردستان.
ڕۆژی #02-06-2017# کۆمپانیای ڕووسنەفت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە سانت پیترسبۆرگ زنجیرەیەک بەڵگەنامەیان واژۆکرد بە مەبەستی فراوانکردنی هاوکاری دوو لایەنە لە بوارەکانی گەڕان، بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، بازرگانی و لۆجیستکدا . هەرچەندە بەهای تەواوەتی ڕێککەوتنەکە بەفەرمی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەپێی سەرچاوە نیوخۆییەکانی ڕووسنەفت، بەهاکەی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بووە، هەروەها مامەڵەکانی ڕووسنەفت لەو کاتەوەی کە یەکەم جار لە کانوونی یەکەمی 2016ەوە بەنزیکەی 4 ملیار دۆلار مامەڵەی بازرگانی هەبووە، زیاتر لە 2 ملیار دۆلاری وەک قەرز داوەتە هەرێمی کوردستان، ئەویش لەجیاتی نەوتی پێش فرۆشراو لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
کۆمپانیای گازپرۆم لە سێ کێڵگەی نەوتی جیاواز لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی کردووە، بەشێوەیەک لە بلۆکی #گەرمیان#، لە کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا بەڕێژەی 40% و لە بلۆکی #هەڵەبجە# و شاکەڵ بەڕێژەی 80% پشکی هەیە. کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا یەدەگی نەوتی 3 ملیۆن بەرمیلە ، کە گازپرۆم بەڕێوەیدەبات و بەرهەمی ڕۆژانەی 30 هەزار بەرمیل نەوت و 40 ملیۆن پێ سێجا گازە، کە ئێستا گازەکە بۆ بەرهەمهێنانی 165 مێگاوات کارەبا بەکاردەهێنرێت.
کۆمپانیای لوکئویڵ لەسەرەتای 1990ەوە بەدوای دەرفەتدا گەڕاوە بۆ کارکردن لە ئێراق و ڕێککەوتنی بۆ فراوانکردنی کێڵگەی نەوتی قورنە-2ی ڕۆژاوا بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای ستاتۆیڵی نەورویجی هەیە، کە ئەم کێڵگەیە نزیکەی 65 کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای بەسرە دوورە و یەدەگی کێڵگەکە 13 ملیار بەرمیل نەوتە. دوووبارە لە ساڵی 2013دا ڕێککەوتنێکی دیکەی واژۆکرد بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستی کێڵگەی نەوتی قوڕنە -2ی ڕۆژاوا بۆ ماوەی 25 ساڵ، کە ئامانجی گەیاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتە بۆ 800 هەزار بەرمیل تاوەکوو 2024 و، ئێستاش نزیکەی 9%ی کۆی بەرهەمهێنانی ئێراق و 12%ی هەناردەکردنی ئێراق پێکدەهینێت.
=KTML_Bold=کۆتایی=KTML_End=
کاری کۆمپانیا ڕووسییەکان لە هەرێمی کوردستان و ئێراق بەردەوامە، بەڵام کارنەکردنی کۆمپانیا هاوبەشەکانیان ئەوانەی کارەکانی دیکەی وەک پێداچوونەوەی دارایی، یاسایی، باج، چاودێری کۆمەڵایەتی کارمەندەکانیان و هتد بۆ دەکەن هەندێکیان ڕاگیراوە. هەندێکی دیکەیان تێبینی بەردەوامیی کارکردنیان بۆ ناردوون. ئەمەش دوو ئەگەری خستووەتە بەردەمیان، یەکەمیان دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان یاخود کشانەوە؟ وەک دەستلەکارکیشانەوەی ڤاگیت ئەلێکپەرۆڤ، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای لوکئویڵ بۆ پاراستنی کۆمپانیاکەی دوای ئەوەی خرایە لیستی سزاکانەوە .هەرچەندە ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سزای زیاتر دەخەنە سەر ڕووسیا و هەوڵی دابڕینی لە جیهان دەدەن، هەر بۆیەش بانکی ناوەندیی ئێراق داوای پاراستنی سیستمی دارایی ئێراقی کردووە، لەکاتێکدا بەردەوامبوونی سزاکان پەیوەستە بە جەنگی ئۆکراینا و ڕووسیاوە.
لە کۆتاییدا، سزاکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەسەر ڕووسیا کەمترین ئامانجی کەرتی وزەی ڕووسیا گرتووەتەوە، کە تەنیا 4 دانەیە، بەڵام 62 دامەزراوی دارایی کردووەتە ئامانج ، ئەمەش بەهۆی ئەو ڕۆڵەی کۆمپانیا ڕووسییەکان هەیانە لە دابینکردن و پڕکردنەوەی پێداویستی نەوت و گاز لە جیهان دا. چونکە ئەوە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و گازی ڕووسیایە، کە نرخی نەوتی بۆ هەر بەرمیلێک لەسەروو 100 دۆلار و نرخی گازیشی لە سەروو 6 دۆلارەوە هێشتووەتەوە، کە لە ماوەی یەک دەیەدا، دەیەک بەوشێوەیە بەرز نەبووەتەوە. ئەمەش بەشێوەیەک لە شێوەکان هەرێمێکی وەک کوردستانی والێکردووە کە ناوی بچێتە ڕێزی دابینکەرانی گازی سرووشتی لە جیهاندا. هەر بۆیەش دەبێت چاوەڕوان بین بۆ ئەوەی بزانین کۆمپانیا ڕووسییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئێراق و جیهان چ دەکەن بۆ دەربازبوون لە سزاکان، بەتایبەتیش سزاکانی ئەمریکا. [1]