لە بری گەڕاندنەوەی مووچەی شەش مانگی ڕابردوو، ئەم مانگەش هەر پەڕڵەمانتارێک 8 ملیۆن و 200 هەزار دینار وەردەگرێت.
سەرەڕاى ئەوەى دەبووایە سەرۆکایەتى پەڕڵەمان و پەڕڵەمانتارانى کوردستان، بڕى 3 ملیار و 395 ملیۆن دینار بۆ حکومەت بگەڕێننەوە، بەڵام وەزارەتى دارایى مووچەى مانگى 5ى پەڕڵەمانتارانیش خەرج دەکات.
وەزارەتى دارایى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بڕیاریداوە ڕۆژى سێشەممە، ڕێکەوتی #27-06-2023#، هەر پەڕڵەمانتارێک بڕى 8 ملیۆن و 200 هەزار بخرێتە سەر هەژمارى بانکییەکەیان کە کۆى گشتى دەکاتە 581 ملیۆن و 600 هەزار دینارى مانگانە.
ڕۆژی سێشەممە، 30ی ئایاری 2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی ئێراق لە بارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕڵەمانی کوردستان بڕیاریدا و ڕایگەیاند، درێژکردنەوەکە نادەستووری و نایاساییە و هەر بڕیار و یاسایەکیش لەو ماوەیەدا لە پەڕڵەمانی هەرێمی کوردستانی ئێراق دەرچووە، لە ڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە.
دواى ئەو بڕیارە دەبوو دەستەی سەرۆکایەتیی پەڕڵەمان سەرۆک، جێگر و سکرتێر سەرجەم پەڕڵەمانتاران مووچەی شەش مانگ بۆ حکومەت بگێڕنەوە، کە مانگەکانی دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕڵەمان وەریانگرتبوو، کە بریتی بوو لە 3 ملیار و 395 ملیۆن دینار، بەڵام وەزارەتى دارایى بڕیاریداوە مووچەى ئەو مانگەش بۆ هەر 111 پەڕڵەمانتارەکە خەرج بکات. [1]