دکتۆر بڵند ئەحمەد عەزیز، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ، سییەکان، غودە و شەکرە، هەرس و جگەر، ئاماژە بەوە دەدات، کە ئێستا لەنێو توێژی گەنجانیش نەخۆشییەکانی دڵ زیادی کردووە، ئەویش بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە، زیاترینیان شێوازی ژیان و وەرزش نەکردنە، هەروەها جۆری خواردن، جگەرە و زیادبوونی ڕێژەی نێرگەلەکێشان و کەمخەوتن.
هەروەها ئەو پزیشکە ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە لەم سەردەمەیەدا ژمارەیەکی زۆر گەنج ڕێژەی چەورییان بەرزە، ئەویش هەر پەیوەندیی بە جۆر و شێوازی ژیانەوە هەیە، دەڵێت: ”لەم دوو ساڵەی دواییدا ئەوەی ئێمە تێبینیمان کردووە، زۆرجار بە ناوی کیتۆ، بە نەخۆش گوتراوە دووگی ئاژەڵ بخۆن، ئەمە یەکێکە لە هۆکارە هەرە بەهێزەکانی زیادبوونی ڕێژەی چەوری، چونکە دووگ چەوری بەرز دەکاتەوە، دەبێ هەموو شتێک بە ڕێژەی پێویست بەکار بهێنرێت، بە نەخۆش گوتراوە کیتۆ بکە و دەتوانیت تەنیا گۆشت بخۆیت، ئەمەش لۆژیکی نییە و هیچ بنەمایەکی زانستیشی نییە و هەمووی هەڵەیە.“
ئەو پزیشکە ئەوەش ڕوون دەکاتەوە، کە خەڵک نەزانانە ئەو ڕێگەیە جێبەجێ دەکەن، دەشڵێت: ”تا ئێستا ئەوەی من بینیبم، کیتۆ پڕۆژەیەکی ترسناکە بۆ تەندرووستیی مرۆڤ، چەند کەسم بینیوە بەهۆی کیتۆوە چەورییان زۆر بەرز بووە و تووشی جەڵتەی دڵ هاتوون، یەکێک لەو نەخۆشانەی کە هەرگیز بیرم ناچێتەوە، دەیوت بەیانییانیش کە لە خەو هەڵدەستم دووگ دەخۆم.“ لەگەڵ ئەوەش بەردەوام هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ ڕێکلامکردن لەبارەی کیتۆوە، د. بڵند، پێی وایە هۆکارەکەی بازرگانییە و بەبازرگانیکردنی پڕۆژەکەیە.
ئەو پزیشکە، کە بۆردی ئێراقی لە نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ هەیە، باس لە کێشانی نێرگەلەش دەکات، کە ئێستا بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو لەلایەن گەنجانەوە دەکێشرێ، ئەوە باس دەکات، کە کەسێک دەچێتە شوێنێک، کە نێرگەلەی لێ دەکێشرێت، ئەگەر خۆیشی نەیکێشێت، بەپێی توێژینەوەکان، کاریگەریی زۆری لەسەری دەبێت، بەتایبەتی کاریگەریی لەسەر دڵ و چالاکیی خوێنی دەبێ، ئەمە تەنیا بە دانیشتن لەو شوێنە، بەڵام ئەگەر خۆی نێرگەلە بکێشێ، کاریگەریی زۆری لەسەر هەیە، ”بەپێی داتاکان، نێرگەلەیەک یەکسانە بە 100 جگەرە، کە جگە لە ڕێژەی نیکۆتین، ماددەی دەستکردەکان و چەندین دەرمانی دیکەی تێ دەکرێ، لەوانەشە دەرمانی نایاساییشی تێ بکرێت.“ [1]