ناونیشان: لۆگۆس و ئیثۆس پاثۆس
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #07-04-2023#
شەوێک لەگەڵ چەند دۆستێک هەندێ دەردەدڵمان دەکرد، باسمان لەوەکرد ئێمە لەم جوگرافیایەدا تەنانەت لەوەش بێبەشین کە ئەم هەموو نادادی و خیانەت و بێ پەروایی و پەراکەندەییە دەبینین تەرەفێکی بیرکەرەوە و عەقڵانی و سیستماتیکت نییە تا تۆ بتوانیت ڕەخنەی بکەیت و خاڵە لاوازەکانی دەستنیشان بکەیت بۆ ئەوەی یا خۆی چاک بکات یا بڕوات و بیداتە دەست ئەوەی دوای خۆی، هەشتا ساڵە لە هەمان بازنەی سەدبارەدا ماخۆلانمانە و لەپێناو هیچ و بۆ هیچ دەخولێینەوە؛ بۆچی؟ چونکە عەقڵ بەمانای وشە حزوری نییە و نەهاتووە و غایبە.
لە یۆنانی کۆندا سێ تێرم هەن و بەکارهێنانیان زۆر بنەڕەتی دەقیق بووە. تێرمەکان لۆگۆس (LOGOS) و ئیثۆس (ETHOS) و پاثۆسن (PATHOS) ن.
لۆگۆس وەک لەناوەکەیەوە ڕوونە سەر بە دونیای لۆجیک و دەلیل و ئیستدلالی عەقڵییە، ئەم وشەیە دواتر لە ئینگلیزیدا دەبێتە لۆجیک، کەسی قسەکەر لەڕێگای قسەکانییەوە وا لە گوێگر دەکات بیربکاتەوە. واتە تۆ بۆ ئەوەی باوەڕ بە من بهێنیت کە قسەکەت ڕاستە یاخود نا دەبێت یان فاکت یان دەلیلی لۆجیکی و عەقڵانی و زانستیم بدەیتێ سەبارەت بەو قسەیەی کە دەیکەیت. بۆ نموونە ئاو لەسەد پلە دەکوڵێت بۆ ئەوەی تۆ لەم ڕستەیەی من تێبگەیت ئەوەندە بەسە من ئاوت بۆ بهێنم و لەسەر ئاگرێکی دانێم و نیشانتی بدەم کە لە پلەی سەدی سیلیزی دەکوڵێت. ئەمە پێی دەگوترێت فاکت یان دەلیلی ئەزموونکراو. یان یەک کۆ یەک دەکاتە دوو، ئەمە لۆگۆسێکی ماتماتیکی سەلمێنراوە و سەد لەسەد لە هەموو شوێنێکی سەر ئەم ئەستێرەیە هەمان ئەنجام دەدات بەدەستەوە. تۆ لە لۆگۆسدا مەحکومی بەو قسەیەی دەکرێت نەک بە کەسی قسەکەر، واتە ڕاستێتی قسەکە لە کەسی قسەکەر گرنگترە، قسەکەر بە قسەکەی نەک بە خودی خۆی دادگایی دەکرێت. دەوترێت ئیمامی مالیک گوتویەتی تەماشای چییەتی قسە بکە نەک کەسی قسەکەر، النظر الی ما قیل و لیس الی من قال.
بە کوورتی لە لۆگۆسدا ئارگیومێنتی عەقڵانی و دەلیلی لۆژیکی سەنگی مەحەکن.
هەرچی ئیثۆس (ETHOS) هەیە کرێدیت و کاریزما و ستایڵی ئەخلاقیی قسەکەر دیاری دەکات چییە و چۆنە، ئیتیک یان ئێثیکیشی پێ دەگوترێت. ئەم باسە لە فەلسەفەی دیندا پێی دەگوترێت دەلیلی ڕاستگۆیان یان بورهانی صدیقین. بەشی زۆری پێغەمبەران و عاریفان و خاوەن قەناعەتە ئەخلاقییە مێژووبڕەکان سەر بە کاتیگۆری ئیثۆسن. ڕاستە قسەی کاراکتەری ئیثۆس لە خودی خۆیدا دەلیلە بۆقسەکە و خودی کەسێتی و کاراکتەرەکە لە قسەکە گرنگترە بەڵام لە هەمانکاتیشدا کاراکتەرێکی هەڕەمەکی ئاسان نییە بۆ پێگەیشتن چونکە پێویستی بە دونیایەک موجاهەدەی ئەخلاقی و نەفسی و عەقڵانی پێشوەخت هەیە، دەبێت کەسی خاوەن ئیثۆس بە دونیایەک تاقیکردنەوە و تاقیکاری تایبەتدا ڕۆیشتبێت تا ئەوەی بەبێ لۆگۆس بتوانێت کاریگەریی ئەخلاقی لەسەر خەڵک درووست بکات و خەڵک واداری ئەوە بکات باوەڕی پێ بهێنن و داوای دەلیلی عەقڵانی لێنکەن بۆ هەموو قسەیەکی. لە قورئاندا کەم نین ژمارەی ئەو ئایەتانەی کە لەسەر زمانی پێغەمبەران باس لەوە دەکەن کە ئەوان ئەجر و پاداشتی خەڵکیان ناوێت چونکە ئەجری ئەوان تەنیاوتەنیا لەسەر خودایە
(قُلْ مَا سَأَلْتُکُم مِّنْ أَجْرٍ فَهُوَ لَکُمْ ۖ إِنْ أَجْرِيَ إِلَّا عَلَى اللَّهِ ۖ)
ئەم بێمنەتییەیان لەخەڵک و ماڵی دونیا باشترین دەلیلە بۆ ئەوەی پێغەمبەران وەک کاراکتەرێکی ئیثۆسی کاریگەر دەرکەون و خەڵکیش بەبێ لۆگۆس ئیمانیان پێ بهێنن. دیسانەوە ئیمامی مالیک کە لە مەدینە دەبێت لەبەرانبەر قەبری پێغەمبەردا قسەیەکی گرنگ دەکات سەبارەت بە کاراکتەری پێغەمبەر د.خ و دەڵێت :
هەموو کەسێک قسەی لێوەردەگیرێت و لێشی ڕەتدەکرێتەوە جگە لە خاوەنی ئەم قەبرە: کل يؤخذ منه ويرد إلا صاحب هذا القبر
ئەمە باشترین دەلیلێکە مالیک پێمان دەڵێت کەسی دیکە لە دوای پێغەمبەرەوە حوجییەتی ئەوەی نییە ببێتە کەسایەتی ئیثۆسی بۆ سەپاندینی بۆچوونەکانی خۆی بەبێ دەلیل، گەر کەسێک ویستی بۆچونی خۆی بسەپێنێت بە بۆچوونی مالیک دەبێت دەلیلی زانستی بۆ بهێنێتەوە و لۆگۆسانە مامەڵە بکات، نەوەک وەک سێبەری خودا خۆی بنوێنێت و بەناوی ئەوەوە قسە بکات.
تێرمێکی دیکە هەیە پێی دەگوترێت پاثۆس (PATHOS) یان پاشن، ئەم تێرمە زیاتر پێناسەیە بۆ دونیای هونەرمەندان و شاعیران و ئەربابانی خەیاڵ. نە لۆگۆس و عەقڵانییەتە نە سەر بە ئیثۆسیشە، چونکە لە بنەڕەتدا لەخەمی کۆکردنەوەی خەڵک و قەرەباڵخی و هیدایەت و ڕێنیشاندانی خەڵکدا نییە. دەیەوێت لە دونیای خەیاڵدا بژی و لەو ڕێگەیەوە بۆ ختوکەدانی عاتیفە و هەست و شعوری خەڵک کەمێک لە خەیاڵاتی خۆی لەشێوەی هونەر و شیعر و هۆنینەوەی شیعریدا بەیان بکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە من پێم وایە هونەر و شیعری ئایدۆلۆژی هەرگیز نابنە هونەر و شیعر چونکە لەبنەڕەتی هونەر و شیعرییەت و پاثۆسییەت لادەدەن، بۆچی؟ بۆ کۆکردنەوەی قەرەباڵخی و دەستکەوت، شیعر کاتێک شیعرە بێ مەبەست و بێ مەرام وەک کانی لە هەناوی شاعیرەوە فیشقە بکاتە دەرەوە و شاعیر یان هونەرمەند هیچ مەبەست و ئامانج و دەستکەوتێک نەکاتە خاڵی پێگەیشتن لە ڕێگەی هونەرەکەی یا ئەو شیعرەی دەیهۆنیتەوە.
=KTML_Bold=ئەم پێشەکییە بۆچی؟=KTML_End=
ئەمڕۆ ئێمە لەدونیایەکدا دەژین کە سیاسییەکانی خەریکی شیعر و شانامەن، لە دونیای خەیاڵاتی پاثۆسی خۆیاندا مەلە دەکەن، لەبری سیاسەتی عەقڵانی و لۆگۆس دەیانەوێت لە ڕێگەی ئیثۆسەوە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە دابنێن بەبێ ئەوەی خۆیان گەردێک کاراکتەری ئەخلاقی و ئیثۆسییەتیان تێدا بێت. بەبێ بوونی موجاهەدەی ئەخلاقی و کاریزمی، شەرعییەتی شۆڕشگێڕی خۆیان کردووە بەوەی خۆیان وەک ئەربابی ئیثۆس نیشان بدەن. مەگەر مەسلەکانی قائیدی زەرورە، مەڕجەع، سەرۆکی هەمیشەیی هەموویان ئەم حیکایەتە ناگێڕنەوە؟ سەدام بۆچی پەلاماری کوێتی دا؟شەڕی ئێران ئێراقی بۆچی کرد؟ ئەو دەیوت قسەی من سەنەدە، من کۆتا پێغەمبەری عروبەم، قسەکانم پێویستیان بە دەلیلی لۆجیکی نییە، من لە ئیثۆسەوە قسەدەکەم، خۆدی خۆم لە قسەکەم گرنگترە، هەرچەند بۆیان ڕوونکردەوە دادی نەدا، تا لە کۆتاییدا ئەم ئیثۆسییەتە سەری خۆی و وڵاتەکەشی خوارد.
لەسەرێکی دیکەوە دەبینیت واعیزە و دەیەوێت لە ڕێگەی ئیثۆسەوە قەرەباڵخی لەدەوری خۆی درووست بکات، کە داوای دەلیلی عەقڵانی و لۆگۆسیشی لێدەکەیت تەکفیرت دەکات بەبێ ئەوەی توانیبێتی بچوکترین کاراکتەری ئیثۆسییەتی و ئەخلاقی و خۆنەویستی لە کەسایەتی خۆیدا درووست بکات و خۆی وا نیشان بدات کە دەستی لە دونیا و ئەوەی تێیدایە شتووە تەنیا ئەجری لە خودا و لای خودا دەوێت.
ئێمە ئەمڕۆ لەبەرانبەر تێکەڵەیەکی تەمام عەیاری نەناسراوی نەزانراو و پێناسەنەکراوداین، ناتوانین پێناسە یان ڕەخنەی هیچ شتێک بکەین، بۆچی؟ چونکە هیچ شتێک بە فلتەری عەقڵ و عەقڵانییەتدا ناڕوات، تێکەڵەیەکی لۆگۆسی و ئیثۆسی و پاثۆسی ئێمە و ژیانەکەمانیان بەرەو نادیار داوەتە بەر. سیاسییە بە شیعر سیاسەت دەکات، شاعیرە دەلیلی لۆگۆسی دەهێنێتەوە و واعیزی دینییە لە ئیثۆسەوە خۆی لێبووەتە پێغەمبەر.
تا سیاسەت و پەروەردە و تەندرووستی نەبنەوە بە بابەتی لۆگۆس و دەلیلی عەقڵانی فاکتی زانستی، تا هونەرمەندان و شاعیرانمان واز لە کۆیلایەتی حیزبی و ئایدۆلۆژیی نەهێنن و نەگەڕێنەوە بۆ پاثۆسێکی بێ خەوش و هەڵقوڵاوی ناخی خۆیان، تا واعیزانی دینی و ئەخلاقی نەبنەوە بە ئەربابی ئیثۆس و بە کرداری ئەخلاقیاتیان لێ سەرڕێژ نەبێت و لێ دەرنەکەوێت، دونیاکەی ئێمە لەم دۆخەی ئێستا باشتری لێ درووست نابێت.
بە بڕیارێکی پاثۆسی و شاعیرانە بە قەولی تاڵەبانی خەیاڵی شاعیرانە ڕیفڕاندۆم دەکەین، ئیعلانی دەوڵەت دەکەین، نەوت فەرهود دەکەین، شەڕی نێوخۆیی دەکەین، ڕێکدەکەوینەوە پاشان هەمیس شەڕی یەکتر دەکەینەوە، دواتر هونەرمەند و شاعیرانمان دێن لە ڕێگەی لۆگۆسێکی فەیک و موفەبرەکەوە کە مەیدانی خۆیان نییە لە شێوەی شیعر و هونەردا دەلیل و حوجەت بۆ خەونە دۆڕاوە شاعیرانەکانی سەرکردە و سیاسەتە پاثۆسییەکەی دەهێننەوە و واعیزانیشمان لە ڕێگای دین و کاراکتەری درۆزنانەی ئیثۆسییەوە دێن دیسانەوە مارکێتینگ بۆ دۆڕانی ئەخلاق و حیزب و بزنس و سەرمایە و کۆمپانیاکانی خۆیان دەکەن، ئیدی نە دین و نە سیاسەت و نە هونەر و نە شیعر ناتوانن لەم جوگرافیایە ئێمەدا کاری خۆیان بکەن و دارێکمان لەسەر بەردێک بۆ دابنێن و ئێمە سەرمان لێدەشێوێ نازانین چی و کێ ڕەخنە بکەین، هەڵە هەیە هەڵەکار دیار نییە. [1]