ناونیشان: شەوی قەدر
نووسەر: د. #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #13-04-2023#
جوڵە لەپڕ و پەرچەکردارییەکانی سەد ساڵی ڕابردووی ئێمە لە جوگرافیایەکدا کە بە جوگرافیای ئیسلام ناسراوە وایکردووە موسوڵمانان هەمیشە چاوەڕێی ڕووداو و سەرکردە و موعجیزەی دەرەکی بن بۆ ئەوە ژیان و ژیارە سیاسی و دینییەکەیان بۆ ئیسڵاح بکات ولە کون فەیەکونێکدا هەموو شتێکیان بۆ چاک بکات! ئەم چاوەڕوانییە نەزۆک و بێهوودە و دەرەکیانە بە جۆرێک کاریگەر بوون تەنانەت دیوە ئیمانییەکەی نێو دینەکەشیانی بەخۆیان ئالوودە کردووە و ئەمڕۆ ئیمانی دینییان لەبری شتێکی وەک گەڕان و ئومێد و چاوەڕوانی گۆڕیوە بۆ دۆزینەوە و یەقین و پێگەیشتن!
ڕیشەی ئەم باسە لە دونیای ئیسلامدا سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ یەکەمین کودەتایەک کە ئەمەوییەکان لە پەراوێزخستنی ئیمانی دینی و قەڵەوکردنی شوناس و سیاسەتی دینی لەبەرژەوەندی بنەماڵە دەیکەن، ئیدی لە دوای ئەم کودەتایەوە هەموو دیاردە ئیمانییەکان بە دیاردەی بەرژەوەندیخوازانەی سیاسی و شوناسی تەفسیر دەرکێن و لێکدەدرێنەوە.
هاتنی ئیستیعمار لە دوو سەدەی ڕابردوودا جارێکی دیکە ئەم باسەی تۆخ کردەوە و ئەوەندەی دیکە ئیمانی دینی خستەوە نێو پەرچەکرداری نالەخۆی شوناسی و ناسنامەییەوە. لە سەد ساڵی ڕابردوودا و لە جەمالەدینی ئەفغانی بۆ یوسف قەرزاویی دۆخی دین و ئیمان دۆخێکی حەرەکیی بێ تیۆر و بێ مەرجەعیەتێکی تیۆریزەکراو بێ میتۆد بووە. گەر بە تەرمینۆلۆژی کیمیایی قسە بکەین جوڵەی موسوڵمانان لە سەد ساڵی ڕابردوودا جوڵەیەکی ئینترۆپیانە بووە، ئێنترۆپی بە واتای جوڵەی گەرد و گەردیلەکان دێت لە سیستمەوە بۆ عەشوائییەت یان لە ڕێکییەوە بۆ ناڕێکی کە پشت بە هیچ ڕوئیایەک نابەستێت. بێ ڕوئییەیی و بێ ڕوئیایی دونیای ئیسلام لەبەرانبەر ڕووداوەکانی ڕۆژەوە لەلایەک و کەوتنە ژێر کاریگەریی ئەوەی بەسەریاندا دێت لەلایەکی دیکەوە کارێکی کردووە نەتوانن کاریگەریی لەسەر کۆی ئەوەی بەسەریان دێت لە ڕوودا و پێشهات بەجێبهێڵن، تۆش کاتێک دەکەویتە ژێر کاریگەریی ڕووداوێک، بە دڵنیایی لەژێر کاریگەریی ئەو ڕووداوەا بیر دەکەیتەوە و ناتوانیت کاریگەریی لەسەر دابنێیت و لە خێرایی وێرانە وخراپییەکانی کەم بکەیتەوە.
ئەم مانەوەیە لەژێر کاریگەریی ڕووداودا کارێکی کردووە دونیای موسوڵمانان ئەوەی کە لەم سەد ساڵەدا کردوویانە هەمووی لە زیهنییەت و خەیاڵدانێکی پەرچەکرداری و پانیکییەوە بووبێت نەوەک ستراتیژی کار یان جوڵەی ئیمانیی و ناوەکییەوە بووبێت. تەماشا لانی کەمی سەدساڵی ڕابردووی ئەم جوگرافیایەی کە بە جوگرافیای دینە ئیبراهیمییەکان ناسراوە نە توانیوێتی ئیمانداری باشی بەرهەم بهێنێت نە توانیوێتی کەسێکی تۆکمەی وا درووستبکات کە خوێندنەوەی درووست بۆ ڕووداوە شوناسی سیاسییەکانی ڕۆژەکەی خۆی هەبێت تا بەدەستەکانی خۆی ئەوەی دەیەوێت بینای بکات. هەمیشە چاوەڕوانیی لە کەسانێکی دیکەی درەوەی خۆی هەبووە لە فۆڕمی سەرکردەی موعجیزەییدا بینای خەون و ئارەزووە نامەدروسەکانی بۆ بکەن.
=KTML_Bold=ئەمە لە کوێوە دێت؟=KTML_End=
بیری شۆڕش و شۆڕشگێڕێتی گەورەترین تێزێک بووەکە ئێمە لەڕابردوودا باوەڕمان پێهێناوە و تەفسیری هەموو دیاردە دینی و نادینییەکانیشمان پێ کردووە. ئەم کارە تا شۆێنێک درێژ دەبێتەوە کە وابکات لە ڕابردوودا هەندێک چەپی پرۆ دینی تەنانەت کەسێکی وەک پێغەمبەریش وەک شۆڕشگێڕ و سەربە پلۆریتاریا بۆ ئێمە پێناسە بکەن، یان هەندێ لە مەدەنی و پرۆدیموکراسییەکانی ئەمڕۆ بێن بڵێن پێغەمبەر پیاوێکی دیموکراسیخواز بووە، ئەمە لەکاتێکدایە پێغەمبەر تەنیا پێغەمبەر بووە. کاتێکیش تۆ دێیت بە دیماگۆجییەتی شۆڕش و فەلسەفەی شۆڕشگێڕیی تەفسیر بۆ دیاردەیەکی ناسکی وەک ئیمانی دین یاخود تەنانەت ستراتیژییەتی کارکردن دەکەیت ئەوا یە یەکجار ماڵی وێرانت هەردوکیت لەدەست دەردەچێت.
بە پێچەوانەی کاری پێغەمبەرایەتییەوە لە شۆڕشدا هەمیشە جووڵەکان لە درەوە بۆ ناوەوەن، سەرکردە کاریزمی و موعجیزەی دەرەکی هەن کە ڕووداو دەخوڵقێنن، لەوانەیە شوڕش لە باشترین حاڵەتدا بتوانێت دەرەوەت کەمێک بۆ چاک بکات، بەڵام مەحاڵە بتوانێت ناوەوەی مرۆڤێک ڕێک و دامەزراو بکات و بیکاتە خاوەن عەدالەت و فەزیلەت و ڤالیو. هەمیشە وابووە سیستمەکانی بەڕێوەبردن هۆکاری سەرەکی درووستبوونی شۆڕشەکان بوون، شۆڕش کردەیەکی ئانییە، بە پێچەوانەی ئەو قسانەی لە سیاسییەکان گوێمان لێیان دەبێت کە دەڵێت شۆڕش دەکەین، شۆڕش شتێکە خۆبەخۆ کڵپە دەسێنێت، دەشێت ڕابەرێک یان دوانی هەبێت بەڵام بە دڵنیایی کەسێکی دیاریکراو هەڵناسێ بە ئەنجامدانی، کەشی دەرەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی چەخماخەی ئاگرەکەی لێدەدەن، شۆڕش خۆی درووستدەبێت بەکەسێک و دووان درووستناکرێت، بە پێچەوانەی ئیمانی دینییەوە کە مامۆستا و ڕابەر تێیدا ڕۆڵی کلیل دەگێڕن لەوەی پشکۆی ئاگرێک لە دڵتدا هەڵدەکەن تا ئەوەی لەبەر ڕۆشناییەکەیدا عاشق بیت، ئیتر دەرگا بە دەرگا بە دوای ئەو شتانەدا دەڕۆی کە بەهۆی ئەوەوە چاوت بە ڕوویاندا کراوەتەوه. تا ماوی ناتوانیت لە دەست ئەو مامۆستایە ڕزگار ببیت، جگە لە شۆری عیشق و عاشق بوون ئەم مامۆستایە هیچ وادەیەکی دیکەت پێنادات لە چاککردنی دونیای دەرەوە، هاتووە ئاگری خۆی کردووەتەوە، ئاژاوەیەکی لە ناختدا بەرپاکردووە بە ئومێدی شەیداکردنی تۆ. دەزانێت بە چاکبوونی تۆ دونیاکەی دەرەوە خۆی چاک دەبێت، بۆیە زۆر خەم لە دونیای دەرەوە ناخوات.
ئیمانی دینی و جوڵەی ئیمان پێچەوانەی شۆڕش لەناوەوە بۆ دەرەوەیە، هەمیشە وابووە ئیمان و میوەکانی ئیمان چونکە لە جنسی عیشقن سەرتا دەست بۆ ناوەوەت دەبەن، ناوەوە چاک دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ چاوەڕوانیی و مەرجێکیان بۆ چاکبوونی دەرەوە هەبێت. ئەم بێمەرجی و نەبوونی چاوەڕوانییە وایکردووە وەک تەحسیل حاسڵێک هەمیشە پاش چاکبوونە ناوەکییەکە دەرەوەش چاک بێت، بەقەولی دکتۆر محەمەد ئیقباڵ: ئیمان شت شتێکە کە کە ڕۆیشتە گیانێکەوە سەراپای دەگۆڕێت، کە ئەو گیانەش گۆڕا خۆبەخۆ هەموو جیهان و فەزا دەرەکییەکە دەگۆڕێت
ئەم هەیمەنە دەرکییەی شۆڕش و جوڵەی دەرەکیی بە جۆرێک زاڵ بووە بەسەر ئێمەدا بۆ خوێندنەوەی دیاردەیەکی تەواو ناوەکیی و خودیی وەک شەوی قەدر چاومان لە ڕووداوە دەرکییەکانە بۆ ئەوەی ئەو شەوەی پێ دیاری بکەین. لەکاتێکدا شەوی قەدر دیاردەیەکی تەواو ناوەکییە و لەنێو ئێمەدا ڕوودەدات نەوەک شەوێک بێت وەک ڕووداوێکی دەرەکیی ئێمە بە شوێنیدا بگەڕێین. قەدر کاتێک قەدرە کە قەدری ئێمە بێت، دەنا هەزاران قەدری دەرەکی گەر لە ئێمەدا گۆڕانکاری و ڕووداو درووستنەکەن بۆ ئێمە نابێنە قەدر.
شەوانی قەدر لە سەرەتاییترین مانایاندا شەوانێک نین لەدەرەوە ڕوو بدەن، سەگ تێیاندا نەوەڕێت، تەپوتۆز و غوبار تێیاندا نەبارێت و گەردوون لەیاسا سرووشتییەکانی خۆی لابدات، بە پێچەوانەوە شەوانی قەدر شەوانێکن ئێمە و ناخمان لەو خووە بەردەوامانە لادەدەن کە لەشێوەی یاسای سرووشتیدا تەماشایان دەکەین و دەقمان پێوەگرتوون، شەوانی قەدر لە حەقیقەتدا شەوانێکی تەواو ناوەکیین و لە گەردونەکەی ناخی ئێمەدا دەگوزەرێن. دەستنیشان نەکردن و دیارینەکرنی شەوێک وەک شەوی قەدری حەقیقی و دابەشکردنی بەسەر چەن شەوێکی نادیاردا ڕاستی ئەم قسەیە زیاتر دەسەلمێنێت. ئێمە وا فێر کزاوین کە شەوانی قەدر لەم دەشەوەی کۆتایی مانگدابن، بەڵام دیاریکراو نییە کامەیان قەدرە حەقیقییەکەیە، ئەوە خۆمانین دیای دەکەین کامەیان دەبێتە قەدر بۆ ئێمە. قەدر کاتێک قەدرە کە قەدری ئێمە بێت نەوەک قەدری دونیاکەی دەرەوە.
ئەوە خوێندنەوە فیقهی زاهیربینییەکەی سەد ساڵی ڕابردووە وای کردووە ئێمە لەدەرەوەی خۆمان وەک هەرشتێکی دیکە بە شوێن ئەم شەوانەدا وێڵ بین و بۆ خۆ دزینەوە لە موجاهەدەتی نەفس و ئیعلانی جیهادی گەورە بەرانبەری، بیانووی سادە سادەی وەک ساماڵی ئاسمان و نەوەڕینی سەگ و نەبارینی غوبار و دەیان شتێ ناپەیوەندیداری دیکەی بۆ دابتاشین، بێخەبەر لەوەی شەوی قەدر کەم و زۆر پەیوەندی بە دەرەوەی ئێمەوە نییە. لەلایەکی دیکەوە دەشێت ئەمانەش قەرینەی شەوانی قەدر بن، بەڵام ئەمە هەرگیز ناکاتە ئەوەی شەوی قەدر بەم دیاردە سرووشتیانەدا بناسرێنەوە کە تێیاندا قەدر لە ڕووداوێکی ناوەکیی نێو ناخی مرۆڤەوە ڕادەست بە ڕووداوی دەرەکیی بکرێن.
بەندە پێم وایە بە ئەندازەی ژمارەی مرۆڤەکانی سەر ئەم زەوییە شەوی قەدر بوونی هەیە. شەوی قەدر شەوێکە کەسێک تێیدا سەرکەوتوو دەبێت لەوەی جیهانە ناوەکییەکەی خۆی بەیەکجاری بگۆڕێت، نەوەک چاوەڕوانی ڕووداوێکی دەرەکی بێت تا بێت و وەک عەسای موسا ئەم بگۆڕێت لەکاتێکدا جیهانەکەی خۆی هەر وێرانەکەی ساڵی پاری بێت. شەوی قەدر بۆ حەزرەتی محەمەد ئەمە بوو، ڕووداوێک ڕوویدا کە ئەوی بۆ هەمیشە گۆڕی و ئەویش ڕەزیلی و تەقسیری نەنواند، بەڵکوو بەو مەشخەڵە دەیان ملیۆن مەشخەڵی دیکەی گۆڕانکاری لەناخی دەیان ملیۆن مورید و شوێنکەوتوویدا هەڵکرد. کاتێک کەسێک سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت لەوەی ئاڕاستەی جیهانە ناوەکییەکەی بگۆڕێت، لە کەسرتەوە ڕوو دەکاتە وەحدەت، بومەلەرزەی جیاواز لە حاڵ و دڵ و گیانی دەدەن، ئیدی هەزارا ساڵەکەی سوورەتی قەدر هێشتا کوورت دەهێنێت لەوەی وەسفی خێرایی و پڕ بەرەکەتیی حاڵ و جوڵەی گیانە نوێیەکەی ئەم بکات. چونکە ئەم حاڵە نوێیە بەتەواوی ژیانی ئەوی گۆڕیوە، ئاڕاستەکەی لە ئاڕاستەیەکی فانییەوە ڕوو کردۆتە ئاڕاستەیەکی باقی و هەمیشەیی. [1]