ناونیشان: کەفی دەریا
نووسەر: د. #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #15-04-2023#
لە سوورەتی ڕەعددا ئایەتێکی سەرنجڕاکێش هەیە بە شێوەیەکی مێتافۆر و بۆ بەراوردکردنی حەق و باتڵ باس لە دابارینی بارن و درووستبوونی سێڵاو هەستانی کەف لەسەر ئەو سێڵاوە دەکات. ئایەتەکە دەڵێت کاتێک سێڵاو درووستدەبێت کەفێک لەسەر ئەم سێڵاوە درووستدەبێت و لەدەرەوە وا دەردەکەوێت هەموو ئەوەی باریوە کەفاوە، قورئان دێت دەقیق کار لەسەر کاتیبوون و گرنگ نەبوونی ئەم کەفە دەکات و بە شتێکی ڕووکەش و کاتی دەچوێنێت کە بەرگەی زەمەن ناگرێت و خۆبەخۆ پاش ماوەیەک دەپوکێتەوە و دەڕوات و نامێنێتەوە: (أَنزَلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَسَالَتْ أَوْدِيَةٌ بِقَدَرِهَا فَاحْتَمَلَ السَّيْلُ زَبَدًا ڕَّابِيًا)
قورئان دەڵێت ئەوەی دەمێنێتەوە و گرنگە ئاوە نەوەک کەف. تەنزیلی قورئان ئەوە نییە تەنزیلێکی ماددی بێت لە شێوەی پەڕتووکێکدا لە عەرشەوە بۆسەر زەوی دابەزیبێت، بەڵکوو تەنزیلێکە بەردەوامی هەیە لە ئاسمانەوە بۆسەر دڵی مرۆڤ بەبەردەوامی دادەبەزێت. ئایەتێک کاتێک دابەزیوە کە دابەزیبێتە سەر دڵی تۆ و قسە لەگەڵ هەستەکانی تۆدا بکات نەوەک دابەزیبێتە نێو دێڕەکانی پەڕتووکێکەوە و ئێمە بێین وەک جووەکان سەری بۆ با بدەین و پرۆڤەی هونەرەکانی مەقامات و دەنگخۆشی لەسەر بکەین. دەقیق قورئان لەمەدا لە تەورات جیا دەبێتەوە، تەوارت و ئەلواح بەیەکجار درانە دەست موسا بەڵام قورئان وردەوردە بۆ سەر دڵی پێغەمبەر د.خ دادەبەزێت تا بتوانێت هەرسی بکات.
بۆ من ئەم ئایەتەی سوورەتی ڕەعد وەک ئەوە وایە خودا ئەمڕۆ بڵێت: هەموو ئەوەی ئێوە ئەمڕۆ دەتانەوێت لەڕێگا زاهیربینی و ڕوکەشانەکانی خۆتانەوە لەسەر خودا و ئیمان بیڵێن کەفی سەر ئەم سێڵاوەیە، ئێوە وازتان لە ئاوە ڕەوانەکەی ژێری هێناوە و هاتوون لەم کەفە بێ کەڵک و بێمانایە ورد دەبنەوە و لەسەریشی بەشەڕ دێن!
بەداخەوە ئەمڕۆ دین و ئیمانی دینی یەکسەرە بوونەتە قوربانی دەستی ڕۆچوون لەم کەفە و نەبینینی ئەوەی لەژێر کەفەکەدایە. سەنتەر بوونی باسە عەقیدەییەکان و پێکدادانی ئەربابەکانیان لەسەر مەسەلە ناکۆتاکانی عەرش و فەرش و کورسی، کوورتکردنەوەی دین و ئیمان لە باسەکانی حەرام و حەڵاڵی شەرعی و یەکسانکردنی هەموو دین بەم باسە تەشریعیانە کە دۆخی کەمینە و مینیماڵییان هەیە لە دیندا، قەڵەوکردنی فیقهی ژنانە و کۆباسەکانی حەیز و جیماع و حیجاب و تەڵاق لەسەر حیسابی ئیمانی دینی هەمان ئەو کەفە نەفەسە کوورتانەن کە قورئان باسیان لێوەدەکات و ماوەی لانی کەم سەد ساڵە ناتوانن ژیان و ژیانسازی لەم کۆمەڵگە دینیانەدا سەرڕێ بخەن!
هەڵەکەی دینداری کەفبین یاخود دینداری فیقﮪ سەنتەر و عەقیدەپەرەست idolarity لەوێدا لە دینداری ئیماندارانە جیا دەبێتەوە کە ئەم دین وەک کەشتییەک تێدەگات، بەڵێ کەشتییەک کە لە زەریایەکی پڕ شەپۆلدا هاتووە ئەم ڕزگار بکات و بەسەر ئەم کەفەدا بیگوازێتەوە و بیگەیەنێتە وشکانی و ئەمان! دینداری کەفپەرەست پێی وایە ئەوەی سواری ئەم کەشتییەی ئەو نەبوو ئیدی دەبێت بخنکێت چونکە خودا غەزەبی لێگرتووە، ئەم چونکە هیچ لە هونەری مەلەکردن تێناگات و نازانێت لەژێر ئەم کەفە چی دەگوزەرێت، دوڕ و مەرجانەکانی قوڵایی نەدیتووە و هەستیان پێناکات، گەر لێرەولەوێش باسێکی مەلەکردنی بیستبێت هێشتا هەر لە باسکردندا ماوەتەوە، تێناگات لەقوڵاییدا چی دەگوزەرێت.
ئیمان لە جنسی مەلەکردنە، پێچەوانەی عەقیدە و فیقﮪ و جەدەلی قال و قیل، هونەرێکی ئەزموونی و مەهارەتییە نەک تیۆری، دەبێت خۆشت و جلەکانیشت تەڕ بن ئەوسا تێدەگەیت چ باسە! بەڵام مرڤی کەفبین مەهارەتی مەلەکردنی نییە چونکە هەرگیز خۆی لە ئاو نەداوە.
ئەم بۆچوونە تێورییە کەفپەرەست و عەقیدە پەرەستانە سەبارەت بە کەشتی بوونی دین لەبنەڕەتدا هەڵەن چونکە دین و ئیمانەکەی هەرگیز کەشتی نین و ناشبنە کەشتی بۆ کەس. دین شتێکی جگە لە مەلەکردن زیاتر نییە، لە ئیمانی دینیدا کەشتییەک لە ئارادا نییە، ئەوەی هەیە خۆمان و هونەر و ئامادەیمانە بۆ مەلەکردن. دین و دینداریکردن سواربوونی کەشتی نییە، بەڵکوو مەلەکردنە بە گوێرەی تواناو تاقەت و هونەر و لیاقەتی خۆمان. ئیماندار کەسێکە لە هونەری مەلەکردن تێدەگات، نەک لە بیری کەشتی و ڕزگاریدا بێت، توانا و لیاقەت و هونەری مەلەکردن و ڕۆچوون و چاوکراوەیی بەردەوامی وایلێدەکەن لە شەپۆل و قوڵایی نەترسێت، نەک هەر ناترسێت هاتنەدەرەوە بۆ لای کەفی سەر ئاو بێتاقەتیشی دەکات. شەمسی تەورێزی لەشام مەجلیسی زانایانی بەجێهێشت چونکە لەو مەجلیسانەدا باسەکان هەمووی قال و قیلی تێوری و سەتحی بوون، دەیانوت فڵان لە فیسارەوە ڕیوایەتی کرد، شەمی پێی وابوو ئیمان ئەوەیە یەکێ بتوانێت بڵێت دڵم لە خوداوە ڕیوایەتی کرد حدثنی قلبی عن ڕبی.
بیرۆکەی کەشتی بیرۆکەیەکی ناتوانا و بێ هونەرە زیاتر بیرۆکەی ئەهلی کەف و تەمبەڵ و دەسەڵاتخواز و خەواڵووەکانە نەک کەسی ئیماندار. کەسی ئیماندارکەسێکی چاوکراوە و بێدارە، کەسی بێداریش لە ئاو ناترسێت بۆیە پێویستی بە کەشتی و قەرەباڵخی کەشتی نییە تا تێیدا پاڵی لێبداتەوە.
کەفی دەریایە وێنەی ئەم جیهانە//لەکەف گەڕێ ئەگەر ئەهلی سەفای تۆ
کف دریاست صورتهای عالم//ز کف بگذر اگر اهل صفایی [1]