ناونیشان: پەڕتووک و خوێندنەوە وەک ئافەت بۆ ژیان!
نووسەر: د. #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #23-04-2023#
لە ڕۆژی جیهانی پەڕتووکدا وەک خوێنەرێک پێم وایە ئەو وشانەی لەبارەی وەسف و پێداهەڵدان بۆ پەڕتووک و خوێندنەوە تا ئێستا نووسراوان بەشێکی زۆریان دەرهاویشتەی بیرکردنەوەیەکی نالۆژیکی و عاتیفی و شاعیرانەی بێ جەدوان. ئەو ڕستانەی کە باس لەوەدەکەن کە: باشترین هاوڕێ پەڕتووکە، بەهەشت پەڕتووکخانەیەکی گەورەیە، وەک چۆن چەقۆ بۆ تیژکردنەوە هەسانی دەوێت مێشکیش پەڕتووکی دەوێت، ماڵی بێ پەڕتووک وەک جەستەی بێ ڕۆحە... هتد هیچ نین جگە لە پێداهەڵدان و دۆخێکی کەسێتی کە نووسەرێک وەک شیعر لەپاش خوێندنەوە تێیکەوتووە. ناتوانم لەو ڕاستییە خۆم ببوێرم ئەو ڕاستییە نەڵێم کە کە گەورەترین چێژی ماددی و مەعنەوی ژیانم لەپاش تەواوکردنی پەڕتووکێک دەستدەکەوێت بەڵام ئایا چێژ بەتەنیا میتۆدێکی درووستە بۆ دەستخستن و دۆزینەوەی حەقیقەت؟
بەڵێ ڕاستە پەڕتووک توانیوێتی لە قۆناغێکدا ڕەچەڵەکی ئێمە و شارستانێتەکەمان وەک مرۆڤ لە لەناوچون بپارێزێت، بەڵام هەر خودی ئەم پەڕتووکەخۆشی کەم ئافات نەبووە، کەم نین ئەو ڕوخاندن و وێرانانەی پەڕتووک خوڵقێنەریان بووە. لە پاش شۆڕشی درووستبوونی چاپخانە و زۆبوونی پەڕتووک و ڕزگار کردنی پەڕتووک لەوەی بەتەنیا بۆ چینی نوخبە و دەستەبژێر بێت وەک یەک بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی بەردەستبێت ئیدی دەرکەوتە و ئافەتەکانی پەڕتووکیش زیاتر و زیاتر دەرکەوتن.
لەسەرەتای دامەزراندنی چاپخانە لە ئەڵمانیا و چاپکردنی هەزارن پەڕتووک لە بابەتی ڕۆمان و حیقایەتی ئەفسانەیی لەسەر دێو و درنج و باسەکانی شەوە وشەولەبان، پۆل پۆل خەڵکێکی زۆر شەوانە گرددەبوونەوە و دەیانوت دەڕۆین بۆ ڕاوە دێو، خۆ گەر یەکێک ملەجەڕێی لەسەر نەچوون بکردایەو گومانێکی هەبوایە لەسەر بوونی خێو یان دێو، خێراو و دەستودەم بەوە بێدەنگیان دەکرد ئەم شتە لە پەڕتووکەکاندا نووسراوە چۆن دەبێت گومانی لێبکەیت و بڵێیت نییە. بەتەنیا بوونی شتێک لە پەڕتووکەکاندا وەک حەقیقەت واقیعی دەرەکی لێکدەدرایەوە.
کۆتاییەکانی سەدەی شازدە و سەرەتای سەدەی حەڤدە لە ئەوروپادا قۆناخی بەپیرۆز و ڕاست زانینی ئەوە بوو کە لە چاپخانە دێتە دەرەوە، هەرشتێک لە پەڕتووکدا بنووسرایە ئەوە حەقیقەت بوو جا ئەگەر ئەو شتە دێوی نێو چیرۆک و ڕۆمانە ئەفسانەییەکانیش بووبا جیاواز نەدەکرد لە زیهنییەتی دەستەجەمعی خەڵکدا!
لە ئێستادا و لە وڵاتی خۆماندا ئێمە دەتوانین دەیان نموونە لەمەڕ جۆرێکی دیکەی پەڕتووک پەرەستی و وابەستەکردنی حەقیقەت بە پەڕتووک و خەساندنی بیرکردنەوە و لادانی ڕوانین لەحەقیقەتەوە بۆ دێڕی نێو پەڕتووکەکان دەستنیشان بکەین. لەبری درووستکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و هۆشیاری، پەڕتووک ئەمڕۆ ڕۆڵی سەرەکی لە دۆگماکردن و وابەستەیی دەگێڕێت. کەم نین ئەو تەوژم و بۆچوونە سیاسی و دینی و ئاکادیمی و ئایدۆلۆژیانەی کە ژیان تەسک و تەنگەبەر دەکەنەوە، بیرکردنەوە تیرۆر دەکەن، مرۆڤ لە ژیری و بەها مرۆییەکانی بەبیانووی ئەوەی پەڕتووکەکان چی دەڵێن. ئەمڕۆ ژیان لای ئێمە دۆخی هەمان ئەو ژیانەی هەیە کە ئەوروپییەکان چەند سەدەیەک پێش ئێستا سەبارەت بە پەڕتووک و ناوەرۆکەکەی باوەڕیان پێی هەبوو بەڵام لە سیاقێکی دیکەدا و بۆ ئەژێندایەکی ئامانجدارتر. دیکتاتۆرییەتی پەڕتووک ئەمڕۆ حاکمی کۆمەڵگەیە، دیندار لەڕێگای پەڕتووکەوە، زانکۆ و ئاکادیمای لەڕێگای پەڕتووکەوە، ئایدۆلۆژیاکانیش هەر لەڕێگای پەڕتووکەکانەوە هەژموونی دیکتاتۆریانەی خۆیان بەسەر ژیان و کۆمەڵگەکاندا دەسەپێنن. مەگەر قاڵ و قیلەکانی نێو پەڕتووکەکان و گەڕانەوە بۆیان لە بچوکترین ئادابی دەستشۆردنەوە بۆ خۆبەکوشتدان و خۆ قوربانیکردن چیرۆکی شتێک لەمە زیاتر دەگێڕنەوە؟
درووستبوونی چاپخانە و بەردەستبوونی پەڕتووک بۆهەمووان و ڕزگارکردنی لەدەستی نوخبەی حاکم و خوێنەواردا بە ئەندازەیەک بوو کەجگە لە پەڕتووک حەقیقەتەکەی شتێکی دیکە بوونی نەبێت. زۆری ویست تا مرۆڤایەتی تێبگات مەرج نییە ئەوەی لە چاپخانە دێتە دەرەوە حەقیقەت بێت، میسداقیەتی دەرەکیی و ناوەکیی هەبێت.
ڕاستە پەڕتووک دەتوانێت ببێتە ئاوێنە بۆ بەهاکانی وەک عەقڵی باڵا، خۆشەویستی، وەفا، فیداکاریی و بەرجەستەکردن ئازاری ئەوانی دیکە وحەقیقەت ویستی، بەڵام لە هەمانکاتیشدا بەهەمان ئەندازە دەتوانێت ببێتە ئاوێنەی خۆویستی و خۆپەرەستی و ڕق و دوژمنایەتی درووستکردن و خوێنڕێژی و شەیتان ویستی، خۆی لە خۆیدا پەڕتووک پیرۆز نییە، ئەوەی دەیکاتە شتێکی باش وەرچەرخاندنی ئەم ئاوێنەیەیە بۆ وێنە و بەهای گەردوونی و باسە ئەخلاقییەکان دەنا بە ئەندازەی ڕاستی چاپخانە درۆ وبە ئەندازەی حیکایەتەکانی حەقیقەت یکایەتەکانی شەیتانیش چاپدەکات.
🔹قۆناغی پۆست پەڕتووک!
هاتنی تەکنەلۆژیای و بەتایبەتییش ئینتەرنێت لە کۆتایی نەوەدەکان و درووستبوونی سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیا لە سەرەتای دووهەزارەکان و هاتنە مەیدانی ئەلگۆریتمەکانی وەک بڵۆک چەین و پەرەسەندنی بازاڕەکانی پارە و دارایی لە دوای داڕووخانە ئابوورییەکەی 2008 هەمان حەقیقەتی چاپ و چاپخانەی سەدەی هەژدە بەبیر دەهێنێتەوە. مرۆڤایەتی لە سێبەری تەکنەلۆژیای زانیاریدا ئەمڕۆ بەهەمان بەرزەخی پەڕتووک و چاپخانەدا تێدەپەڕێتەوە. ئەمڕۆ ئەوەی لە ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیاکەیدا دەنووسرێت و بڵاودەکرێتەوە خەڵک وەک حەقیقەت دەیبینێت. ئەو دونیایەی بڵۆک چەین درووستی دەکات نەک هەر مەجاز نییە، بەڵکوو بە جۆرێک بووەتە هەژمونی درووستکدرووە کە تەنیا خۆی بە حەقیقەتی ڕەها دەبینێت، ئەوەی سیستمە ئالگۆریتمییەکان و بڵۆک چەین و ژیری دەستکرد AI دەیڵێن وەک ئامانج نەک ئامراز تەماشا دەکرێن. تەماشا ئەمڕۆ دونیا چۆن لە بەردەم هەواڵێکی فەیکدا دەستەوسانە، درۆ چەندە زوو دەبێتە ڕاستی و وەک ئاگرە سوورە بە یەک هەناسە دەیان ملیۆن مرۆڤ واداری باوەڕهێنان دەکات بەخۆی! بەهەمان شێوەی چیرۆکی چاپخانە و پەڕتووک لە سەدەی هەژدە، کاتێک گومان لە ڕووداوێک یان جوڵەیەکی نێو ئەم ئالگۆریتمە ئاڵۆزانە دەکەیت و دەتەوێت نیشانەی پرسیاری لەسەر دابنێیت، خێرا پاساوی ئەوەت بۆ دەهێننەوە ئەم باسە لە ئینتەرنێتدا دانراوە چۆن دەشێت گومانی لێبکرێت! بەهەمان جۆری دێوەکەی نێو پەڕتووکەکان ئەمڕۆ قسەی فەیسبووک وتویتەر و یوتیوب وەک حەقیقەت و سەنەدی بێ چەند و چون لێکدەدرێتەوە.
هەرچەندە چاپخانە سەدهەزار ساڵی ڕووناکی مرۆڤایەتی لە قۆناخێک بۆ قۆناخێکی دیکە گواستەوە و پەڕتووکی لە ئامانجێکی پیرۆزی دەستەبژێر و نوخبە و دەسەڵاتدارەوە گۆڕی بۆ ئامرازێکی ناپیرۆز بۆ هەمووان، بەڵام مرۆڤی کۆن سەد ساڵێکی ویست تا لەرزوتای پەڕتووک و چاپخانە بەریدا و توانی تێبگات دونیا میساڵییەکەی پەڕتووک شەرت نییە ڕەنگدانەوەی واقیع و ڕووی ڕاستەقینەی ژیان و شتەکانی نێوی وحەقیقەتیان بێت.
دەبێت لە سەدەیەک کە بە سەدەی خێرایی ئاڵوگۆڕی داتاکان ناسراوە چەندی بوێت بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیا و ئەلگۆریتمە ئاڵۆز و زیرەکانەکەی لە خوایەتی و حەقیقەتی موتڵەق بکەوێت و مرۆڤ لەوە تێبگات تەکنەلۆژیا سێبەرە نەک ڕاستیی، ئامرازە نەوەک ئامانج ، توانای نیشاندانی دوێنێی هەیە نەک سبەی. تەکنەلۆژیا و سیستمە ئەلگۆریتمییەکان ئەم جارە مرۆڤ و مێژووەکەی بە کوێ دەگەیەنن؟
دونیا لە بەرزەخێکی وا هەستیار و مۆلەقدایە کە هیچ شتێکی داهاتووی بۆ پێشبینی ناکرێت و مرۆڤایەتییش لەسەروبەندی تێپەڕاندنی گەورەترین دۆخی پەرەسەندنی خۆی و عەقڵی مرۆڤەکانی نێویدایە، دونیا وا دەبێتە گوندێکی تەواو بچووک بەڵام وەک خراپییەکانی پەڕتووک لەم گوندە بچووکەی ئەلگۆریتمەکاندا هەموو شتێک باش و ئەرێنی نییە، هەندێکی خراپەکار کە مەیلی براگەورەیی و کوێخایەتی ئەو گوندە دەکەن شەڕیانە لەسەر کۆنترۆڵی هەموو شتێک بۆ ئەم مەبەستەش سڵ لە ڕژاندنی ڕوبارێک لە خوێن ناکەنەوە، نەک هەر سڵی لێ ناکەنەوە زۆر جار ئارەزووشی دەکەن، . مرۆڤە کلاسیکییەکەی جاران لە فۆڕمە کۆنەکەی خۆیدا ئیدی یا لەنێو دەچێت و نامێنێت یا لە بێهوودەیی و بێ کاری دا خۆبەخۆ دەپوکێتەوە، دونیا نوێیەکەی ئالگۆریتم و بلۆکچەین و AI زۆر لەوە زیرەکترە ئیدی بە فێڵە کلاسیکییەکان گەمارۆبدرێت. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چارەنووسی پەڕتووک و دۆخە کلاسیکییەکەی لەم دونیایەیدا چی لێدێت؟ [1]