ناونیشان: ئەم هەموو بۆنی خوێنە لەکوێوە دێ؟ ئەم نەزیفە کەی دەوەستێ؟
نووسەر: د. #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #27-04-2023#
محەمەد ماغوت لە یەکێک لە ستونەکانییدا دەنووسێت: هیچ شتێک من نابەستێتەوە بە نیشتمانەکەمەوە، پێڵاوەکانم نەبێت، ئەوەشی دەست بۆ گوڵێکی دەبات وادەزانم دەست بۆ دڵم دەبات.
ئەم ڕاگرتنی باڵانسە لەلایەن ماغوتەوە جوانترین و زەریفتیرن وەسفە من تا ئێستا دژی دوژمنانی ناوەکی و دەرەکی نیشتمانێک خوێندبێتمەوە.
شتێکی بەدیهی و دیارە کە دوژمنی دەرەکی چۆن کاردەکات لەسەر تێکشکاندنی هەستی نیشتمانی و نیشتمانسازی لای گەلێک، ئەوەی ناڕوون و نادیارە دوژمنە ناوخۆییەکانن کە چۆن کاردەکەن لەسەر ئەم پرسە و چۆن وادەکەن ئێمە ڕقمان لە نیشتمان و یەکتر و ئەو زەوییە بێتەوە کە لەسەری دەژین و تێیدا هاتوینەتە بوون؟
بە بۆچوونی شکەستەنەفسیانەی بەندە لە سادەترین قسەدا دوژمنی نێوخۆیی لەڕێگای تەرویجدان بە نەزانی لە فۆڕمی زانین و خەساندنی زانینی حەقیقیدا ئەم کارە دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش لەشکرێک لە ئەکادیمیسیانی نا ئەکادیمی، خاوەن بڕوانامەی بێسەواد، جەیشێکی ڕووسی لە میدیا و میدیاکاری زبڵدان، دەیان ملیۆن دۆلار بۆ مێزگرد و دیدار و پانێڵ کردنەوەی زانکۆ و ناوەندی ئەکادیمی بێکەڵک، لیوایەک لە ڕۆژنامەنووس، نووسەر، شاعیر و بازرگانی دەربار و چاپلوس سەرڕێ دەخەن.
خۆ گەر زانینی ڕاستەقینە لە جوگرافیایەکدا قەدەغەکرا ئیدی پرسیار کردن نامێنێت، کە پرسیارکردن نەما فەلسەفە وەک نوکتەیەکی بێ لەزەتی لێدێ و کەس پێشی پێناکەنێت، کە فەلسەفە نەما ئیدی کلتور و هونەر و ئەدەبیاتیش خۆبەخۆ دەپوکێنەوە و نامێنن، کە ئەوانەش نەمان مەیدانەکە لەمسەر بۆ ئەوسەری بۆ ویست و خۆخۆری و ڕق و کینە چۆڵ دەبێت و هەر ڕۆژەی لە فۆڕمێکدا خۆیان لە کوشتن و ئاژاوە و نەفرەتکردن لە نیشتمان و لەبار بردنی بیری نیشتمانسازیدا بەرجەستە دەکەن. جیاوازیکردن لەنێوان نەزانی و زانیندا شتێکی ئاسانە، ئەوەی قوورسە بۆ ئێمە لێکی جیابکەینەوە جیاوازی نێوان زانین و وەهمی زانینە زانینی درۆینەیە (PSEUDO) (KNOWLEDGE) .
ئێمە و جیلی ئێمە ئەمڕۆ بۆچی ڕقمان لە نیشتمانە؟ ڕقمان لەیەکە؟ بۆچی ڕقمان لە هەموو شتێکەو بەهەموو شتێکدا هەڵدەشاخێین؟ بۆچی لەبری بەشی پێشەوەی مێشکمان (Prefrontal cortex) کە شوێنی قەزاوەتی حەکیمانە و بیرکردنەوە و بڕیاردانی درووستە، هەمیشە لیمبیک سیستم (limbic system) مان ئاکتیڤە کە شوێنی هەڵچوون و نیشاندانی ئاکتی پەرچەکرداری توڕەبوونە؟ زۆر بە سادەیی چونکە زانین و مەعریفەمان بە یەکتر و بە نیشتمان و بە هیچ شتێک نییە.
مەعریفە و زانین و ناسین هەمان ڕووی حەقیقەتێکن بەناوی خۆشەویستی و قەبوڵکردن. دوو خۆشەویستی ڕاستەقینە پاش ناسینی ڕاستەقینەی یەکتر ئیدی ناتوانن یەکتریان خۆش نەوێت، ئەم قسەیە بۆ پەیوەندییە ڕۆمانسییەکانی نێوان دوو مرۆڤیش هەر ڕاستە، واز لە هەیەجان و هەڵچوونی یەکەم دیدار و ژوان بهێنە، بەبێ زانین و ناسینی یەکتر دووکەس چۆن دەتوانن تەمەنێک بژین پێکەوە هەڵکەن؟
ئێمە ئەمڕۆ بۆچی وەک ملیۆنان تەماشاچی ئەمریکی تەماشای یارییەکی وەک یاری ڕەگبی ناکەین، هەڵناسن و هەیەجان نامانگرێت، بەڵام لە فتبۆڵ و کلاسیکۆدا هەیەجانێکی وا دەمانگرێت کە ڕەگی ملمان ڕەپ دەکات؟ لەبەر یەک هۆکاری سادە: ئێمە یاری ڕەگبی ناناسین، یاساکانی نازانین، مەعریفەمان سنووردارە سەبارەت بەو یارییە بۆیە حەزمان پێی نییە، بەڵام بۆ فتبۆڵ و مۆندیال چونکە دەزانین یاساکانی یارییەکە چ باسە و مەعریفە و زانینمان هەیە بۆی تا سنووری تەقەکردنی خۆشی دەڕۆین لەبردنەوەی هەڵبژاردەی دڵخوازماندا. دەیان هەزار کەس لە دونیادا هەزاران میل دەبڕن بۆ تەماشاکردنێکی ڕولان گارۆس، بەڵام ئێمە چونکە لە یاری تێنس و یاساکانی تێناگەین و نایانزانین گاڵتەمان لە عەقڵی ئەوانە دێ دەڕۆن لەبەر ئەو هەتاوە تەماشای دەکەن.
خۆشویستنی واقیعی پاش زانین و ناسینی واقیعی درووستدەبێت، گەر خەڵکی ئێمە ئەمڕۆ وڵاتەکەیان خۆشناوێت بەهۆکاری ئەوەیە نایناسن، مەعریفەو زانیانیان کەمە سەبارەت بە نیشتمان، حیزبی کوردی هەشتا ساڵە کار لەسەر فرۆشتنی نەزانی لە فۆڕمی زانیندا دەکات و دواتریش هەر خۆی گلەیی لە نەبوونی ئینتیما دەکات ودەیەوێت لەڕێگا مەحاڵەکەی دیکتاتۆریەتی پارەوە دەسەڵاتەوە ئەم خۆشەویستییە بەزۆربسەپێنێت، بێخەبەرە لەوەی خۆشەویستی نە بە هیممەت و نە بەقیمەت، نە بە پارە و نە بەدەسەڵات درووستناکرێت، ئەوەی درووستی دەکات تەنیاوتەنیا زانین و مەعریفەیە.
چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش هەیە کە پزیشکێک هەبووە پێشبینی ئەوەی کردووە و بە نەخۆشەکەی گوتووە تۆ بە نەخۆشییەکی کوشندە دەمریت. کەسی نەخۆش هەرکە هەڵامەتێکی لێ دەهات زەرد هەڵدەگەڕا چونکە پێی وابوو دەمرێت، کە چاک دەبوویەوە کاکی دکتۆر دەیوت من گوتومە بە نەخۆشی کوشندە دەمریت نەوەک هەمووجۆرە نەخۆشییەک، جارێک کەسەکە نەخۆشدەکەوێت و دەمرێت، پزیشکەکە دێت سنگ دەردەپەڕێنێت و دەڵێت من نەموت بە نەخۆشییەکی کوشندە دەمرێت؟ کەواتە پێشبینییەکەم ڕاست گەڕا!
لەڕاستیدا پێشبینی و زانینی پزیشکی گەر بەم جۆرە بێ هەموومان دەتوانین ببینە پزیشک، ئەمە ئەو جۆرە زانینە درۆینەیەیە سەبارەت بە بوون و خۆمان و نیشتمانەکەمان کە دوو سەدەیە ناهێڵێت ئێمە بیر بکەینەوە، پرسیار بکەین، ڕێگا چارە بدۆزینەوە و هەستینەوە. حاڵی ئەم پزیشکە دەقیق حاڵی دەسەڵاتدار و سیاسی و شۆڕشگێڕی ئێمە بووە لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا.
=KTML_Bold=زانین وەک هۆکاری بنەبڕکردنی تاوان=KTML_End=
ئەوەی سەبارەت بە مێژووی هەشتا ساڵەی ئێمە هەیە لە عەمالەت و خیانەت، ژنهەڵگرتن، خەلەوخەرمان سووتاندن، کوشتن، دزی و تاڵانی و جەردەیی لە فۆڕمە لۆکاڵی نێودەوڵەتییەکەشیدا هیچ نییە جگە لە قەیرانی زانین و وەهمی زانین. کێشەی ئێمە ئەوەیە زۆرجار نازانین کە نازانین، بەڵام ئیدیعای زانینمان هەیە. سوکرات گەورەترین پیاوی مێژووی مرۆڤایەتییە کە مەسەلەی زانینی چارەسەر کردبێت. ئەو پێی وابوو سەرەکیترین هۆکار بۆ نەهێشتنی خراپەکاری بەهەموو فۆڕم و جێکەوت لێکەوت و دەرکەوتەکانییەوە زانینە.
سوکرات دەڵێت: گەر بێتو یەکێک لە ڕاستیدا بزانێت و باوەڕ بەوە بهێنێت کە شتێک خراپە، هەرگیز ئەو کارە ئەنجام نادات، ئەوانەی خراپەکاری دەکەن بەدڵنیایی مەحرومن لەزانین، ئەوانەشی ئیدیعای زانین دەکەن و هێشتا هەر خەریکی خراپەکارین ئەوا درۆ دەکەن و لەقوڵاییدا وەهمی زانینیان هەیە نەوەک زانین.
بەبۆچوونی سوکرات ئەوانەی پێیان وایە کارێک خراپە و بەردەوامن لە ئەنجام دانی درۆ دەکەن، نازانن بەڵکوو لە وەهمی زانیندا دەژین نازانن کە نازانن، بەڵام وا هەڵسوکەوت دەکەن کە دەزانن. ئەم میتۆدە پێی دەگوترێت میتۆدی سوکراتی و ئەمڕۆ زانایانی ئەخلاق هەرچەندە بە کامڵی نازانن بەڵام وەک بناغەو میتۆدێکی نەگۆڕ بۆ ئەخلاق چاوی لێدەکەن. زانین و مەعریفەی یەقینی بە شتێک مرۆڤ والێدەکەن لەو شتە تێبگات، کە تێگەیشت ئیدی خۆبەخۆ خراپە ئەنجام نادات.
ئەم ڕۆژانە ئێمە بەردەوام بە هەواڵەکانی تەخوین کردنی یەکتر، کوشتن، خوێنڕشتن، دزینی ماڵی گشتی، هەژاری ودەیان دەردی دیکەوە دەناڵێنین، ڕۆژانە چەند هەواڵی نێگەتیڤ وەک تەزووی کارەبای بوژانەوەی دڵێکی لەکار وەستاو بە ئەنەرژییەکی زۆر شۆک لەسەر شۆک ڕاماندەچڵەکێنێت و ئەم دڵە وستاوەی ئێمە هەر تەزووی تێناگەڕێتەوە. دۆخەکە بە جۆرێک ئالوودەی کردووین بە خۆیەوە وای لێهاتووە خراپەکاری ئەمڕۆ گەر دۆزەکەی زیاتر و تراژیدیتر نەبێت لەوەی دوێنێ ناتوانێت ڕامانچڵەکێنێت، کێبڕکێی نیشاندانی خراپەکاری و ناشیرینییە لە پێرفێکتترین و جوانترین فۆڕمی خۆیدا، بۆچی؟ چونکە نازانین.
=KTML_Bold=هونەر و ئەدەبیات وەک دوو میوەی زانین=KTML_End=
جوانترین میوەکانی زانین کە بشێت مرۆڤ لە قۆناغی تراژیدیاپەرەستی و چێژی مەرگدۆستی بهێننە دەرەوە کولتووری هونەر و ئەدەبیاتن. هیچ شتێک لەم جیهانەدا هێندەی ئەم دوو بەهایە مانا نادەنە ژیان و تەفسیریان پێ نییە بۆی، هاوکات هیچ شتێکیش هێندەی ئەمانە ناتوانن جوانی میللەتێک و کلتوورەکەی نیشان بدەن.
ئەو کاتەی دەسەڵات، ئابووری بەهێز، نەوت، سوپا و دامەزراوەی بەهێزی دەوڵەتی دەستەوسان دەبن لە گواستنەوەی جوانی و بەهاکانی گەلێک بۆ دەرەوەی خۆی، مەیدان بۆ هونەر و ئەدەبیات دەکرێتەوە تا ڕۆڵی ئاوێنە بگێڕێت لە نیشاندانەوەی ئەم بەهایانە بۆ دەرەوەی خۆیان، هاوکات گرنگترین ئامراز و دەداتیشن بۆ بەستنەوەی مرۆڤ بە ڕیشەکانی ڕابردووی خۆی و شوناسە ڕاستەقینەکەیەوە تا ون نەبێت، نەک هەر ون نابێت بەڵکوو جارێکی دیکە لەگەڵ خۆی ئاشتیشی دەکەنەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ من بە سێسەد ساڵ پێش ئێستاوە گرێ دەدات هۆقە مێوژ و لیرەی ڕەشاد و دۆنمە زەوی و برایم پاشای بابان و میری بۆتان و باخەکەی ئیرەم و دینار و درهەمی بێ ئیعتبار نییە، ئەوەی وادەکات من بە ڕابردووی خۆمەوە ببەسترێمەوە و هەمیشە بۆی بگەڕێمەوە جیهانبینی و شیعرەکانی مەلای جزیری و نالی و مەحوین، چوارینەکانی بابا تایەری عوریانن:
مننەت ژ خودایە کو بعەبدێ خوە مەلایێ//ئیکسیرێ غەمێ عیشق نە دینار و درەمدا
دینار و درەم دیارە لە هەموو سەردەمێک و هەموو شوێنێک بە شەرعی و ناشەرعی دەشێ دەستبکەون بەڵام ئیکسیری غەمی عیشق جگە لە هونەر و ئەدەبیات لە کوێی دیکە دەستدەکەوێت؟ چی دەتوانێت وابکات سەرباری کەڵک و بەرژەوەندی من ڕقم لە تۆ نەبێت؟ لێت نەدەم، خوێنت نەڕژم؟ دەی هەر ئەم غەمەیە دەتوانێت من ببەستێتەوە بە ڕابردوومەوە، زمان و کلتوور و ژیانەکەم بۆ داهاتوو هەڵبگرێت و خۆشم لە فەوتان بپارێزێت. شاعیری تورک یەحیا کەمال لە ڕێگەی دەربڕینێکی شیعرییەوە دەڵێت:
نەخەرابەم و نەخەراباتیم،
داهاتوویەکم کە ڕیشەکەی
لە ڕابردوویەکی زۆر دوورەوە ئاو دەمژێت.
بەڵێ ئەدەبیات و هونەرە وەک دو میوەی زانین لەڕێگای بەستنەوەی مرۆڤ بە ڕیشەکانی ڕابردوویەوە گارانتی داهاتووی بۆ مسۆگەر دەکەن. [1]