ناونیشان: چ کاتێک مردن جوانە!
نووسەر: د. #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #30-04-2023#
ئەخلاقیانە ژیان و ئەخلاقیانە مامەڵەکردن جوانترین تەمرینکردن و خۆڕاهێنانە بۆ مردن. زانایانی ئەخلاق و لێکۆڵەرەوانی بواری مەرگزانی پێیان وایە ئەوانەی نزیک دەبنەوە لە مردن و تێدەگەن ئیدی ژیان بەجێدەهێڵن گەورەترین پەشیمانییان ئەو مامەڵە نائەخلاقیانەیە کە لە ڕابردوودا کردوویانە.
دین زۆر جار لادانی ئەخلاقی وەک گوناﮪ و تاوان هەژمار دەکات، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی بەدیلی یەک بن. هاوبەشی تەعالیمی دینی و یاسا ئەخلاقییەکان زۆرن، ئەم هاوبەشییە کارێک دەکات هەندێک بەهەڵەدا بچن و بڵێن تەعالیمی دینی و ئەخلاق یەک شتن، زۆرجار دین زۆر لادانی ئەخلاقی وەک گوناە لێکدەداتەوە.
ئایەتێک هەیە لەباسی نزیکبوونەوە لەمردندا دەڵێت (أَن يَأْتِيَ أَحَدَکُمُ الْمَوْتُ فَيَقُولَ ڕَبِّ لَوْلَا أَخَّرْتَنِي إِلَىٰ أَجَلٍ قَرِيبٍ فَأَصَّدَّقَ وَأَکُن مِّنَ الصَّالِحِينَ) کە نزیکدەبێتەوە لەمردن دەڵێ خودایە کاتم پێ ببەخشەرەوە، وادەکەی کەمێک دواخەتا بتوانم ئەوەی دەستمخستەوە لێی ببەخشم و بچمە زومرەی ساڵحانەوە. ئەم ئایەتە بەڕوونی کەسی بەخشەر هاوتای کەسی ساڵح دەکات، دیارە ساڵحیش لە تێرمینۆلۆژی قورئاندا هاوڕێی پێغەمبەران و شەهیدان و ڕاستگۆیانە. بە بۆچوونی ئیمانوێڵ کانت بەرزترین مامەڵەی ئەخلاقی ئەو بەخشینەیە کە ئیسلام لە دوای نوێژەوە بە پایەیەکی سەرەکی خۆی دەناسێنێت، تەماشا تۆ بێیت بەبێ مەرام و بێ منەتکردن لە ماڵی حەڵاڵی خۆت و منداڵەکانت ببەخشی بە نەناس و نەدیوەکان، ئەمە لوتکەی مامەڵەی ئەخلاقییە.
مامەڵەی نا ئەخلاقی چەندە کەمتر بووبێت لە نزیکبوونەوەی مەرگدا ئەوەندەش پەشیمانی و پەنجە گەستن کەمتر دەبێت. ئەوانەی ئەخلاقیانە ژیاون بەبەراورد بەوانەی لەپێناو دەستکەوتی کەسی و شەخسی ژیانێکی نائەخلاقییان هەڵبژاردووە کۆتاییەکەیان باشتر و خۆشترە، لێرەداباسەکە باسی بەراوردە نەک شتی دیکە. لەم بارەیەوە مارک توەین لە ڕۆمانی هەڵپەی شەیتاندا دەڵێت: ترس لە مردن درێژکراوەی ترسە لە ژیان، ئەوەی ژیانێکی بێ ترس و بێ سترێسی گوزەراندبێت ترسی لەمردن نابێت دیارە ژیانی بێ سترێس لە چوارچێوەی مامەڵەی نائەخلاقیدا هەرگیز مەیسەر نابێت.
پزیشکی دەروونزان دکتۆر ئیلیزابێث کۆپلەر ڕۆز (1926-2004) چل ساڵ تەمەنی خۆی دەدات بە توێژینەوە و تێگەیشتن لە مردن و کۆتاییەکانی مرۆڤ لە ژیانیدا. پەڕتووک و نووسینەکانی دکتۆر ڕۆز لە بواری مردن و نزیکبوونەوە لە مردن زۆر گرنگن بە تایبەتی پەڕتووکە پڕ فرۆشەکانی وەک لەبارەی مەرگ و مردنەوە، مردن وەک کۆتا قۆناغی پێگەیشتن. دکتۆر ڕۆز لە پەڕتووکی (On Death and Dying)
پێی وایە مرۆڤ لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا کە دەزانێت دەمرێت و لێی نزیک بۆتەوە بە پێنج قۆناغیی سەرەکیدا تێدەپەڕێت:
=KTML_Bold=یەکەم/=KTML_End= قۆناغی ئینکاری کردنی مەرگ و مردن، لەم قۆناغەدا پێی وایە هەڵەیەک لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەی ئەمدا هەیە، پزیشکەکان نازانن.
=KTML_Bold=دووەم/=KTML_End= قۆناغی توڕەیی و ناڕەزایەتی دەربڕین، کەسەکە دەکەوێتە دۆخێکی وجودییەوە پرسیاری ئەوە دەکات بۆچی ئەم دەبێت بمرێت، لەم دونیایەدا بۆچی تەنیا ئەم؟
=KTML_Bold=سێیەم/=KTML_End= قۆناغی پەیمان بەستن، کەسەکە پەیمانێکی نوێ لەگەڵ خودا یان ئەو دین و ئایدۆلۆژیا و باوەڕەی کە هەیەتی دەبەستێت و بڕیاردەدات گەر کاتێکی زیاتری پێ ببەخشرێت قەرەبووی هەموو ئەو زوڵم و مامەڵە نائەخلاقیانە دەکاتەوە کە کردوونی.
=KTML_Bold=چوارەم/=KTML_End= قۆناغی ڕادەست بوون و نائومێدی. کەسەکە وەک شەپۆلێکی بەرزی دەریا کە زۆر لەدەرەوە نامێنێتەوە دەچێتەوە نێو خۆی و ئەمیش دەچێتەوە نێو خۆی، ئیدی هیچ شتێک نایبەستێتەوە بە دونیای دەرەوە.
پێنجەم/قۆناغی قەبوڵکردن دێت، وردەوردە کەسەکە ڕازی دەبێت بە مردن و بگرە هەندێ جار لەزەت لە هاتنیشی دەبینێت. لەم قۆناغەدا نەک هەر ڕەفتار و ئاکارەکانی، خودی خۆشی و ڕووخساریشی دەگۆڕێن.
لەسەرێکی دیکەوە حەکیمانی دونیای ئیسلام باوەڕیان وابووە پێغەمبەران دوو کاری زۆر سەرەکییان هەبووە، یەکەمیان قسەکردن بووە سەبارەت بە خودا و دووەمیان قسەکردن سەباەت بە مەرگ. خودا و مەرگ هەمیشە لەسەرەکیترین ڕەکیزەی پەیامە ئاسمانییەکان بۆ مرۆڤ بووە.
پاوڵ جۆهانس تیلیچ (1886-1965) یەکێکە لە کاریگەرترین فەیلەسوفانی پرۆتستانتی لۆتەری، خاوەنی بیرۆکەیەکە بەناوی (ultimate concern) لوتکەی نیگەرانیی مرۆڤ یان نیگەرانیی ناکۆتای مرۆڤ. تیلیچ تەنانەت دین بەو دۆخە پێناسە دەکات کە مرۆڤ دەگەیەنێتە نیگەرانیی ناکۆتا:
(The state of being ultimately concerned)
لەم تیۆرییەیدا تیلیچ باس لەو نیگەرانییانە دەکات کە ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە، نیگەرانیی لە پەیداکردنی قووتی ڕۆژەکەی، نیگەرانی لە تەواوکردنی خوێندن بڕوانامە، نیگەرانی لەوەی چ بپۆشێت چۆن بپۆشێت، نیگەرانیی لە داهاتووی خۆی منداڵەکانی، خەمخۆری بۆ ئێستا و داهاتووی پیشەیی ..هتد. ئەمانە هەموو دەغدەغە و نیگەرانین، بەڵام هیچ یەکێک لەوانە نیگەرانیی ناکۆتا نین کە گینگڵ بە مرۆڤی دیندار بدەن، وەک ڕەشمارێکی نزیک لە کۆتاییەکانی ژیان ئازار پێچی پێ بدات لەوەی ڕۆژێک دێت دەبێت ئەم بڕوات، ئازارێک هەستی ئەوەی بۆ درووست دەکات ئەم دەبێت بمرێت و بارگە و بنە بپێچێتەوە، گەر مرۆڤ لەم جۆرە نیگەرانییە ناکۆتاییە بووبە میوانیی بەردەوام پرسیار لەخۆی دەکات کە ئایا ئامادەی ئەو سەفەرەم؟ بیر لەوە دەکاتەوە پاش مردن خۆشبەختیی هەیە؟ دەبێت من خۆشبەخت بم؟ ئەسڵەن خۆشبەختی بۆ پاش مەرگ مانەیەکی هەیە؟ ئایا ژیانی پاش مردن هەیە؟ گەر هیە چۆنە؟ بەهەمان ئەم هەستانەی ئێرە هەستیان پێدەکەین؟ پێناسەکانی خۆشبەخی و بەدبەختی لەو ژیانەدا چۆن دەکرێن؟ تیلیچ پێی وایە ئەم خەمانە لوتکەی خەمێکی ناکۆتان کە بشێت مرۆڤ پێی بگات و ئایینەکانیش هەر بۆ ئەمە هاتوون مرۆڤ بەم خەمە ناکۆتاییە بگەیەنن.
تیلیچ پێیوایە بەڵێ ڕاستە دین دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەر ببینێت لە سەرڕێکخستنی ئەخلاق و تێڕوانینی ئەخلاقی لە کۆمەڵگەدا بەڵام کوورتکردنەوەی دین بۆ چەند مەفهومێکی ئەخلاقی لای تیلیچ کوورتکردنەوەیکی بێمانا و ناپێویستیشە، دەشێت مرۆڤێک هەبێت و هەڵگری ئەو مەفهومە ئەخلاقیانە بێت و بێدینیش بێت. تیلیچ پێی وایە کەسی دیندار کەسێکە تا کۆتایی دەبێت بیربکاتەوە و بگات بەوەی ئەو ناوی لێدەنێت لوتکەی خەمی ناکۆتا، بە پێچەوانەوە تیلیچ دەڵێت کەسێک کە ناگات بە خەمی ناکۆتا ناشێ پێی بوترێت کەسی دیندار، مەحوی نەوەک هەر دینداریی، گومان لە مەردایەتی کەسی بێخەمی لەمجۆرە دەکات:
عەجیبم دێ لە عەقڵی ئەو کەسە وا تێ دەگا مەردە//کە چی وەک خان و خانم دائیما دڵخۆش و بێ دەردە
بەپیری مەرگەوە فرسەخ بە فرسەخ ڕۆیون مەردان//ئەوی باکی لە مردن بێ دیارە بڵح و نامەردە
گەر ئەو تیۆریایە تیلیچ وەک پێشەکییەک وەربگرین دەشێت بڵێن چونکە کەسی دیندار لە نیگەرانیی ناکۆتا یا لەخەمی ناکۆتادا دەژیت، خۆبەخۆ دەبێت بە بەشێک لە ناکۆتا، پێی وانییە ڕۆژێک لەڕۆژان سفر ببێتەوەو نەمێنێت. نیگەرانییە کوورت و کەمخایەنەکان توینێتی ئەم ناشکێنن. مرۆڤێک کە ئیدیعای دینداریی دەکات و هەموو خەمەکانی لە بەدەستهێنانی ماڵ و سامانێکی سنووردار و بڕوانامەیەک و کورسییەکدا کوورتدەکاتەوە، هەموو دینەکەی دەکاتە بەردەباسێک بۆ ئەژێندایەکی سیاسی، ئایدۆلۆژی، زانستی، یا ئەخلاقی ناتوانێت تەفسیرێکی درووستی بۆ مەرگ و مردن و ناکۆتا هەبێت، گەر هەشیبێت زیاتر خۆی لە چێژێکی مەرگدۆستیی و نیگەرانییەکی ڕەش دا دەبینێتەوە، مردن بۆ ئەم لە ئازار و سزای گۆڕ و گۆڕەوشار و مار و مێرو بۆ جەستەیەکی بێ هەست و بێ گیان زیاتر نییە. ئەم دیدە زۆر بێمانا و مادییە، گەر مارێک لەژێر ئەو زەوییە قوڵەدا هەبێت ئەوا جیاوازی لەنێوان کەسدا ناکات، وەک یەک خۆی لە هەموومان دەئاڵێنێت، بەڵام زانستی بایەلۆژی پێی وایە مار ئەوەندە قوڵ زەوی نادڕێت، لەسەرێکی دیکەشەوە وەک یەک هەموومان شی دەبینەوە و دەبینە خۆراکی بەکتریا و مشەخۆرەکان. ئەم مردنە ئەوەیان نییە کە لەناو هەناوی خەمە ناکۆتاکەی مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەمەیان دۆخێکی شیزۆفرینییە هەندێک کەس لەترسدا و هەندێکی دیکە لەبرسدا بۆدەستکەوت سەرڕێی دەخەن. بەقەولی مارک توەین ترسی لە مردن هەیە چونکە لە ئەساسەوە ترسی لە ژیانە بێخەمەکەی هەبووە و تەواو ئەو ژیانە نەژیاوە کە دەبوو بژی.
ئەمڕۆ زیاتر چینی دیندار خۆی بەخاوەنی مەرگ و مردن و تێگەیشتن لێیدەزانێت. کارەکەی گەێشتۆتە شوێنێک هەندێکیان سەرمایەگوزاری ماددی و ئیعلامی لەسەر دەکەن. لەڕاستیدا هەموو ئەو چێژانەی دیندارەکانی ئەمڕۆ بۆ مردن هەیانە هاوشێوەی خەمەکانیان بۆ ژیان چێژی کوورت و کەمخایەنن، هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ ئە چێژە کوورتخایەنانەی کە لە ئالوودەبوون بە خواردنەوە ڕۆحییەکان یان ماددە هۆشبەرەکان مرۆڤ دەستیدەکەوێت، ئەوەی ئیدیعای دەکەن و وەک چێژی ڕۆحی وێنای دەکەن لە وەهمێکی ڕەش و چێژێکی کاتیی زیاتر نییە، چونکە لە بنەڕەتەوە نەبەستراونەتەوە بە ناکۆتاوە تاوەکوو چیژەکانیشیان ناکۆتابێت. ئەم جۆرە لە ژیان نابێتە ژیانی ئیماندارانە بۆتێگەیشتن لە مردن و مەرگ، چونکە نەبەستراوەتەوە بە ناکۆتاوە، دیکارت هەمیشە دەیوت دەمەوێت ناکۆتا بدۆزمەوە تا خۆم ڕادەستی ئەو بکەم، ئیدی لە شادی کاتیی و خەمی کاتیی ڕزگار ببم. ناکۆتاییەک توانای هەبێت فانییەکی وەک ئەم بباتە نێو خۆیەوە و بیگەیەنێت بە ناکۆتا. هەروەک ئەو دڵۆپە ئاوەی دەڕژێتە دەریاو دەبێتە بەشێک لێی. بەقەولی نالی:
عیشقت لە دڵ و دیدەیی پڕ ئەشک و ئەلەمدا//گونجایش و تەسکینی نییە زۆرە لەکەمدا
کە باسی ناکۆتاش دەکرێت مرۆڤ دەبێتە سێ جۆر: مرۆڤێک کە بێخەبەرە لە ناکۆتا و خۆی پێوە خەریک ناکات، مرۆڤێک کە لەڕووی زیهنیی و تیۆرییەوە هاوشێوەی فەیلەسوفان پەی بە ناکۆتا دەبات، مرۆڤێک کە لەنێو ناکۆتادا ژیان دەکات هەر لێرە تێیدا دەژیت، ئەم هۆکارە وادەکات مردن بۆ ئەم بە قەولی ئەحمەدی موفتیزادە گواستنەوەیەکی زۆر سانای ئەم ژوور بۆ ئەو ژوور بێتِ کارێک بکات هەر لەسەرەتاوە کە زانی دەمرێت وەک قۆناغی پێنجەمی تیۆریاکەی دکتۆر ڕۆز مامەڵ لەگەڵ مەرگ بکات. [1]