ناونیشان: شێر کەی وەک کەر دەزەڕێت؟
نووسەر: د. #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #07-05-2023#
=KTML_Bold=بە ئەندازەی دوورکەوتنەوەیان لە حەقیقەت، کۆمەڵگەکان ڕقیان لەو کەسانەش دەبێتەوە کە باسی حەقیقەت دەکەن.=KTML_End=
جۆرج ئۆروێڵ.
شێرێک لە بێشەکەی دادەبڕن، دەیکەنە قەفەسێکەوە، ڕۆژی یەکەم گۆشتێکی بۆگەنی بۆ فڕێدەدەن بیخوات، ماندەگرێت و دەڵێت من گۆشتی فرێشی ئاسکم دەخوارد ئەم گۆشتە بۆگەنە ناخۆم، پێی دەڵێن کە برسی بوویت بەناچاری دەیخۆیت. برسێتی زۆری بۆ دێنێت و ناچار دەیخوات.
مانگی دووەم پارچەیەک ئێسکی بۆ فڕێ دەدەن، دەڵێ من بە گۆشتە بۆگەنەکە ڕاهاتبووم ناتوانم ئەم ئێسکە بخۆم، پێ دەڵێن ئەوەندە برسی دەبێت تا بە خواردنی ئەمەش ڕابێیت. برسێتی زۆری بۆ دێنێت و ئیسکەکە دەکڕێنێت و دەیخوات، تا ئیتر بە کڕوزانەوەی ئێسک ڕادێت.
مانگی سێیەم باوەشێک وێنجە و سێپەڕەی لە بەردەم دادەنێن، شێرەکە ماندەگرێت و دەڵێت بێ ویژدانینە من دەمویست کەریش وەک خۆم بکەمە گۆشتخۆر و لەم گیا تاڵە ڕزگاری بکەم، ئیدی ئەمەیان زوڵمە و نایخۆم. پێی دەڵێن برسێتی لامەزەبە و دینی نییە، کە برسیت بوو ئەمیش دەخۆیت. برسێتی زۆر بۆ شێر دێنێت و ناچار وێنجەکەش دەخوات.
پاش ماوەیەک وێنجەکەشی لێدەبڕن، دەنەڕێنێت و دەڵێت خۆ بە وێنجەکەشتان ڕازیبووم و خۆم ڕاهێنابوو ئەمەیانم ئیدی بۆچی لێدەبڕن و نامدەنێ؟ پێی دەڵێن ئێرە بەلاشخانە نییە و وێنجەی بەلاش تەواو، شێری بەستەزمان دەڵێت دەبێ چبکەم بۆ وێنجە؟ پێی دەڵێن دەبێت وەک کەر بزەڕی تا وێنجەکەت پێ بدەین. ئەم شێوازە لە گرتنەوە و برسیکردنی دیراسەکراو ئەوەندە درێژەی کێشا تا شێر بەتەواوی پوکایەوە و نابووت بوو.
ئەم چیرۆکە فۆلکلۆرییە داستانی هەزارجار دووبارەبووەوەی وردوخاشکردن و پایەماڵکردنی کەرامەتی مرۆڤانەی ئێمەیە وەک مرۆڤ لەم باشووری دونیایەدا. ئەم داستانە داستانی قەناعەت و لارەملی و ڕازیبوونە بە کەمتر لە مافی خۆت، ڕازیبوونە بە ویست و ئیرادەی زاڵم فاسد و خاوەن قەفەس. گەر شێر بەکەمتر لە مافی خۆی ڕازی بوو، عادەتی پێکرد و پێی ڕاهات بەڵێ لەبری نەڕاندن و نەعرەتە کردن دەبێ بۆ باوەشێ وێنجەی تاڵ وەک کەر بزەڕێت تا نەمرێت، دواجار وێنجەکەشی هەر لێدەبڕن و دەبێت هەر بمرێت. زۆجار مردنێکی ڕاستەقینە بە کەرامەتی شێرانەی خۆتەوە باشترە لەهەزار ژیانی درۆی کەرانە، پێش مردنە حەقیقییەکە تۆ خۆت نابێت ڕازی بیت بە مردنی کەرانە.
لە 17 ی شوبات خەڵک داوای ڕۆیشتنی سەرۆک، دیموکراسی، عەدالەت، ماف و ئازادییەکان و سەرڕێکخستنی سیستمێکی سویدی دەکرد، بە بەکارهێنانی چەکی برسیکردن و تێکشکاندنی کەرامەتی ئینسانییان ئەمڕۆ خەڵک داوای تەنکەرە ئاو، کەمێک پیتاکی ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی خۆیان، کاتژمێرێک ئاو لە 72 کاتژمێردا، چوار کاتژمێر کارەبا لە چلەی هاویندا، مووچە دەکەن، تێکشکاندن گەیشتۆتە ئاستێک خەڵک داوای کورسی و درووستکردنی چەردە و باوەشێن و سێبەر دەکەن تا خانەنشینان لە بەردەم بانکەکان لە سەرە دوورودرێژەکانی مووچەکەیاندا نەمرن.
=KTML_Bold=خاوەن قەفەسەکان دوو جۆرن:=KTML_End=
=KTML_Bold=یەکەم/=KTML_End= خاوەن قەفەسی دیموکرات: ئەو جۆرە خۆیان بە موڵکی خەڵک دزانن، ئەسڵەن ئەمان خەڵک و هۆشیارێکەی درووستیان دەکەۆ، چونکە خەڵک هۆشیارە بە مافەکانی خۆی خاوەن قەفەس هەر لەسەرەتاوە ناتوانێت و جورئەتی ئەوەی نییە گۆشتی بۆگەنیویان بداتێ، هەموو وزەیەکیان لەپێناو خەڵک و بەرژەوەندییەکانی ئەواندا بەخەرج دەدات. لێرە حکومەت خزمەتکارەو تاک پیرۆزە بۆچی؟ چونکە تاک لە بچوکترین مافی خۆی خۆش نابێت، حکومەت کاری خۆی تەنیا لە درووستکردنی ڕێگاوبان و پرد و کارەبا و بەنداو و دابینکردنی پەروەردە و ئاوی پاک و تەندرووستی بێمەرج بۆ هاووڵاتییەکانی دەبینێتەوە، کەمتر خۆی لەبیرکردنەوەی کەسیی و دین و نیشتمانپەروەری و پیرۆزییەکانی تاک هەڵدەقورتێنێت. بەرژەوەندی گشتیی سەنتەری بیرکردنەوەیەتی.
=KTML_Bold=دووەم/=KTML_End= خاوەن قەفەسی ئایدیۆلۆژی: ئەمەیان خەڵک بە موڵکی خۆی دەزانێت و خۆی بە مەرجەع. نەک حکومەت و دەوڵەتەکە و پایەکانی بگرە وزەی تاک بەتاکی خەڵکەکەش دەخاتە خزمەت خەون و وەهم و ئایدۆلۆژیایەکی تاکە کەسیی دیاریکراو تا پێی بگات، گەر پێویست بکات خراپترین چەکی تێکشکێنەری وەک برسیکردن بۆ ئەم کارەی بەکار دەهێنێت. کە پێشی دەڵێت بۆ؟ دەڵێت سەرۆک وا دەخوازێت. لێرەدا ناهۆشیاری خەڵک و ڕازیبوون بە کەمتر لە ماف بۆ بەرژەوەندی ئایدۆلۆژی سیاسی و دینی و هەشیرەتی و هتد وادەکات وردەوردە بتدەردی مام شێر بچن، چونکە ڵەم سیستمانەدا واجبات پێش مافەکانە، ئەمەش وادەکات سەرۆک پیرۆز بێت و تاک بێ ماف و مەیتەر و خزمەتکار، سەرۆک، یان بەقەولی جۆرج ئۆرێڵ:براگەورە کاری بە تەسککردنەوەی بیرکردنەوەی تاک هەیە بۆ ئەو وەهم و دینەی کە خۆی باوەڕی پێیەتی. کە پێشی دەڵێن ئاو و کارەبا و پەروەردەو تەندرووستیمان دەوێ، مەعیشەتمان خراپە، لە کەڕەنای میدیاکانییەوە جاڕت بۆلێدەدات و پێت دەڵێت تۆ دیارە گوێچکەت ئەو کوفرە نابیستێت کە زمانت دەیڵێت؟ دیارە تۆ خائین و بەکرێگیراوی، بڕوانە چواردەورمان چۆن بە دوژمن تەنراوە، ڕووبارێک لە خوێنی شەهیدان بۆ ئەوە بوو تۆ داوای ئاو و کارەباو غاز بکەیت؟ هەشتا ساڵ خەباتمان بۆ مەکتەبی منداڵی تۆ کرد؟ ئێمە کاری گەورەترمان لەپێشە جارێ، هەموو کارەکەشی تێکشکاندنی کەرامەتی تۆیە. [1]