ناونیشان: لە کێ بترسین بۆچی بترسین؟
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #31-05-20232#
کاتێک پشیلەیەک لەشوێنێکی کراوەدا کەسێک دەبینێت هێرشی بۆ دەبات، خێرا و بە پڕتاو لێی هەڵدێت وڕادەکات، هەر ئەم پشیلەیە لە شوێنێکی داخراودا قەتیس بکە ئەم جارە لەبری هەڵهاتن هێرشت بۆ دێنێت و بەوپەڕی دڕندەیی خۆیەوە لەبری بەرگریکردن و ڕاکردن پەلامارت دەدات بۆ ئەوەی لەخۆیت دوربخاتەوە.
گەر بە زمانی سایکۆلۆژیا بمانەوێت ئەم قسەیە فۆڕمولە بکەین هاوکێشەی پەلاماردانی پشیلەکە وایلێدێت: تەسککردنەوەی مەودای ئازادای لەهەر بوونەوەرێکدا گرێی خۆبەکەمزانی و خۆبەسووک زانی تێدا درووستدەکات، کاتێک بوونەوەرێک والێدەکەیت خۆی لە هاوچەشنەکانی بە کەمتر بزانێت ئیدی هیچ بوارێکی دیکەی بۆ نامێنێتەوە جگە لەوەی بەوپەڕی بێڕەحمییەوە دەست بۆ توندوتیژی ببات.
گرێی بێقیمەتی و خۆبەکەمزانی لاوازترین دۆخێکی سایکۆلۆژییە کە بشێت بوونەوەرێک تێیبکەوێت، لەم کاتە لاوازەدا بەناچاری ئەوەی لەدەستی دێت لە پەلاماردان و توندوتیژی بەرانبەر ئەوانەی ئەم پێی وایە بەرپرسیارن لە سوککردن و بێقیمەتکردن ئەم و دەزانێت دەرەقەتیان دێت درێخی لێناکات و ئەنجامی دەدات.
ئەو سیستم و حکومەت و مەنزومە دیکتاتۆریانەی کە دەست بۆ خراپترین جۆرەکانی ئیستیبداد و داپڵۆسین و بێقیمەتکردنی هاونیشتمانییەکانیان دەبەن و مەودای ئازادییان لێ بەرتەسکدەکەنەوە، لە بەهێزییانەوە ئەم کارە ئەنجام نادەن، بەڵکوو لەقوڵاییدا بەم خراپەکاریانەیان دۆخی ئەو گرێ سایکۆلۆژییە بیمارە لاوازەی خۆیان نمایش دەکەن کە تێی کەوتوون. بەپێچەوانەی ئەوەی تێیگەیشتووین کەسێتی دیکتاتۆر کەسێتییەکی زۆر لاوازە، ئەوەشی ئەنجامی دەدات لە خراپەکاری پەرچەکرداری ئەو دۆخە نزم و بێقیمەت و بێ ئەرزشەیە کە خۆی تێیکەوتووە یان بەهێزەکانی سەروو خۆی بۆیان درووستکردووە.
سرووشتی مرۆڤ و سیستمەکانی بەڕێوەبردنیش بەتایبەتی ئەو سیستمانە کە شەخسپەرەستن وان، کاتێک متمانەیان بەخۆیان نییە ئیدی ناتوانن خۆیان بەبەهێزی ببینن، کە هەست بەم بێقیمەتی و زەبوونی و کەم و کەسەرەش دەکەن ناتواننن پەنا بۆ کۆتا چەکی تووندوتیژی و پەلاماردان و تیرۆری بێڕەحمانەی فیزیکی و مەعنەوی بەرانبەرەکان نەبەن. هەر قسەیەک لە هەر قوژبنێکی ئەم دونیایە بکرێت ئەم جۆرە لە مرۆڤ یان سیستمی ترسنۆک ترسی لێدەنیشێت و بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر خۆی و قەوارەکەی و ناتوانێت نەیباتەوە سەرخۆی، هەر دارێک هەڵبڕدرێت ئەم خێرا گومانی لەخۆی بۆ درووستدەبێت و بە قەولی قورئان یحسبون کل صیحة علیهم پێی وایە هەموو ڕەشەباکان لە دژی خەلەو خەرمانەکەی ئەم هەڵدەکەن. لەم جۆرەسیستمانەدا هیچ بوارێک بۆ چاکسازی نییە، هەموو هەوڵێکی چاکسازی لە دژی سیستمەکە بە شۆڕش و تووندووتیژی و بە قڵپکردنەوە و کوودەتا کۆتایی دێت. سیستم لێرەدا مکوڕە لەسەر ئەوەی کەسی یەکەمی هەڕەمەکە سێبەری خودایە، هەڵەناکات و هەرگیز نابێت کەس پێبڵێت هەڵە دەکات، دۆخە سایکۆلۆژییە بیمارەکەی کارێک دەکات هەموو پیشاندانەوەی هەڵەیەک وەک کەچبوونی کەعبە و کوفرکردن لێکبداتەوە. لەم جۆرە سیستمانەدا لایکی پۆستێک، نووسینی کۆمێنتێک، گردبوونەوەی چوار خوێندکار و چەند ژنێکی گەڕەکێک بۆ مافێکی سەرەتایی بەسە بۆ ئەوەی سوپاسالاری وڵات هێز بجوڵێنێت و دادگاکان بکەونە کار بۆ سەرکوتکردنی ئەوانەی دەیانەوێت وڵات و ئەزموونەکە بڕوخێنن.
بەپێچەوانەوە ئەو سیستمانەی کە لەسەر ئەساسی شەخسپەرەستی دانەمەزراون، ئەساسەکەیان کێشەکانی خەڵکن نەک کەسەکان، خاوەن دامەزراوەی لێکدابڕاوی ئازادن زیاتر سیقەیان بەخۆیان هەیە، کەمتر گرێی دەروونییان بۆ درووستدەبێت، کەس کەمترین ڕۆڵی هەیە تێیاندا بۆیە کەمترین گرێی سایکۆلۆژیش درووستدەبن، سیستم نەک هەر پێی وایە هەڵە دەکات بەڵکوو کۆی مەنزومەکە بەهۆی چاودێرکردنی هەڵەکانی خودی خۆی و ئەزموون وەرگرتن لە هەڵەکانییەوە سەرڕێدەخات، هەموو ئەمانە وادەکەن سیستمە هەم مرۆڤسەنتەر و نەرم و هەمیش بەهێز دەربکەوێت. لە ئازادی بەیان و گردبوونەوە گەڕێ، لەم جۆرە سیستمانەدا گەر ملیۆنان کەسێش بێنە سەرجادە و داوای کودەتا و ڕووخاندنی ئەم بکەن، لە کۆتاییدا هەر بە ئیسڵاح و ڕیفۆرم لەبەرژەوەندی سیستمەکە کۆتایی دێت، چونکە هەناوی سیستمەکە شۆڕشپەوەر و کودەتاپەروەر نییە. [1]