ئەگەرچی جەستەی مرۆڤ توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ کەشوهەوای جیاوازدا هەیە، بەڵام پلەی نزمی گەرما و سەرمای توند کاریگەریی مەترسەیدار بۆ سەر سییەکانی مرۆڤ درووستدەکەن.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکیی نوێ کە لە ئەمریکا ئەنجام دراوە و میدیاکانی ئەم وڵاتە ئەنجامەکەیان بڵاو کردووەتەوە، پلەی نزمی گەرما مەترسی بۆ سەر تەندرووستیی هەموو کەس هەیە، بەتایبەتییش بۆ ئەوانەی کێشەی سییەکانیان هەیە.
سەرمای زۆر مەترسیی گەورە بۆ سەر تەندرووستیی ئەو کەسانە درووست دەکات کە نەخۆشیی درێژخایەنی سییەکانیان هەیە، کە بە (COPD) ناسراوە، دەشێ هەوای سارد لە کاتی هەڵمژینیدا، ببێتە هۆی ئەوەی هەناسەدان قوورس بێت و کێشەی هەناسەدان بۆ ئەو کەسانە درووست بکات کە لە کاتی سەرمای زۆردا بۆ ماوەیەکی درێژ لەدەرەوە دەمێننەوە.
هەروەها ئەو کەسانەی نەخۆشییان هەیە لە کۆئەندامی هەناسە یان ڕەبوویان هەیە، زیاتر مەترسییان لەسەرە لە چوونە دەرەوە لە کاتی پلەی گەرمای نزمدا.
باسیش لەوە کراوە کە وا باشترە لە کاتی پلەی نزمی گەرمادا، کەمتر بچنە دەرەوە، کە چوونە دەرەوەش، بە لووت هەناسە هەڵمژن و لە زارەوە دەریکەن، چونکە لە ڕێگەی لووتەوە، هەواکە تا ڕادەیەک گەرم دەبێتەوە بەر لەوەی بگاتە سییەکان، هەروەها وا باشترە ملپێچێک ببەسترێت کە بگاتە زار و لووتەوە، تا لەم ڕێگەیەشەوە لە ساردیی هەواکە کەم بکرێتەوە. [1]