ناونیشانی بابەت: ڕێککەوتنی مۆندرۆس تا لۆزان (1918-1923)
ئامادەکردنی: کارزان گلی
لێرەدا بە پێویستی دەزانم ڕۆشنایی بخەمە سەر ڕێککەوتنی مۆندرۆس، کە لەگەڵ ڕێککەوتنی لۆزان پێنج ساڵیان نێوان هەبووە و ئەو ڕێککەوتنە لە سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانییەکاندا ئیمزا کراوە و لۆزانیش لە سەردەمی کۆماری تورکیادا.
دەکرێت بڵێین دوای مۆندرۆس، ڕێککەوتنی سیڤەر کراوە و پاشان لۆزان هاتووەتە بەرباس، لە سیڤەردا کورد مافەکانی دیاری کراوە، لە مۆندرۆسیش، عوسمانییەکان دەسەڵاتیان بەسەر باکووری #کوردستان#ەوە نەبووە، بە تەواوی لەژێر هەیمەنەی ئینگلیزدا بووە، بەڵام لە لۆزاندا کورد بووەتە قوربانی و ئیدی کۆمەڵکوژ کراوە و ئاسیمیلاسیۆن کراوە. بە کوورتی ''لە مۆندرۆس مافی کورد دراوەتە دەست ئینگلیز، چونکە عوسمانی شکستی هێناوە و خاکەکەی لەدەست داوە، لە سیڤەردا باس لە مافی کورد کراوە و تەنانەت باس لەوەش کراوە کە کورد ببێتە خاوەن کیانی خۆی، لە لۆزاندا و دوای سەرکەوتنی ئەتاتورک، کورد بووەتە قوربانی و لە دەوڵەتبوون بێبەش کراوە.''
ڕێککەوتنی مۆندرۆس، لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم دەوڵەتی عوسمانی لەگەڵ وڵاتانی ئیمپریالیست ئیمزای کرد، کە ڕێککەوتنێک بوو بە ئاگربەست ناوی دەرکردبوو و ڕەئووف ئۆربای وەکوو نوێنەری دەوڵەتی عوسمانی ئیمزای لەسەر ئەو ڕێککەوتنە کردووە. لە ڕێککەوتنەکەدا عوسمانییەکان لەسەر چەند دوورگەیەک لەگەڵ یۆنان ڕێک دەکەون کە دەستبەرداری دەبن و پاشان لە مادەی 7ی ئەو ڕێککەوتنەدا کە کۆی گشتیی مادەکان 25مادەیە، باس لە کورد دەکرێت و بەتایبەت باس لە باکووری کوردستان دەکرێت.
$هۆکارەکانی ئەم ڕێککەوتنە$
1. بۆلگارستان لە شەڕ کشابووەوە، بۆیە ئەو ڕێگە وشکانییەی لەنێوان عوسمانییەکان و ئەڵمانیادا هەبووە، پچڕێنرا.
2. بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر سوپای عوسمانی لە شەڕدا بووە، بۆیە ماندوو ببوو و پێویستی بە پشوو هەبوو.
3. دوای ئەوەی تەڵعەت پاشا دەستی لەکار کێشایەوە، ئەوەی هاتە شوێنی ئەو، ئەحمەد عیزەت پاشا بوو، کە ئەو پاشایە لایەنی ئاشتیی زۆر دەگرت و لەگەڵ شەڕ نەبوو، بۆیە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیەی ئەنجام دا.
کاتێک دێتە سەر مادەی 7، لەوێدا باس لە ناوچەی ئەنادۆڵ دەکرێت، کە مەبەستیان باکووری کوردستانە و دەڵێت بەتەواوی لەژێر دەستی هێزی داگیرکەرە، کە مەبەستیان فەرەنسا و بەریتانیایە.
مادەکە بەم شێوەیەیە: ''وڵاتانی هاوپەیمان، کاتێک ئاساییشیان دەکەوێتە ژێر هەڕەشە، ئەو ستراتیژییەی هیوای بۆ دەخوازن، داگیری دەکەن.''
لێرەدا ڕوون دەبێتەوە، کە عوسمانییەکان دەستیان لە ناوچەی ئەنادۆڵ شووشتووەتەوە، دەوڵەتی عوسمانییش بە کردار بەرەو کۆتایی ڕۆیشتووە، چونکە زۆربەی خاکەکەی لەدەست داوە و تەنانەت ناوچەی ئەنادۆڵیش، بۆیە ئەو ڕێککەوتنەی بە گرنگ زانیوە.
بەڵام کاتێک ئەتاتورک شەڕی ڕزگاری ئەنجام دەدات و لەوێدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، کە کوردەکان هێزێکی گرنگی ئەو سەرکەوتنە بوونە و بە شەڕی چانکایا ناوی دەرکردووە، ئیدی لەوێوە هاوکێشەکە گۆڕانی بەسەردا دێت.
کەمال مەزهەر، مێژوونووسی گەورەی کورد، پێی وایە ئینگلیز دەوڵەتی بۆ کورد درووست دەکرد، بەڵام کاتێک ئەتاتورک لە شەڕدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، ئیدی هاوکێشەکە گۆڕاوە و ئەتاتورک هۆکار بووە کە کورد نەبێتە دەوڵەت.
ئەتاتورک کوردی هەڵخەڵەتاند، ئەمەش لە چەندین سەرچاوەوە باس کراوە، کە لە شەڕی ڕزگاری تورکیادا، کورد ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە، بەڵام بەو مەرجەی دوای شەڕ و سەرکەوتن، ببێتە خاوەنی دەوڵەت، یان خۆی خۆی بەڕێوە ببات و ئەتاتورک و هاوڕێکانی کە عیسمەت ئینۆنووی بەڕگەز کوردیش ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە هەڵخەڵەتاندنی کورد، بەڵێنەکەیان نەبردووەتە سەر و کوردیان لە دەوڵەت بێبەش کردووە.
واتە لە ڕێککەوتنی مۆندرۆس، کورد لە دەستی عوسمانییەکان هاتووەتە دەرەوە و باسیش لەوە نەکراوە کە ئەو ناوچەیە بدرێتەوە دەستی تورکیا، بۆیە مافی کورد لەو ڕێککەوتنەدا بەلای عوسمانییەکانەوە گرنگ نەبووە، بەو مانایەی لەدەستیان دەرچووە و نەیانتوانیوە هیچ بەڵێنێک، یان هیچ هەنگاوێک بۆ کورد بهاوێن، جا ئەو هەنگاوە باش بێت یان خراپ.
لەبەرانبەر ئەوەی وڵاتانی ئەورووپا هەموو هەوڵێکیان دا تا دەوڵەتێک بۆ ئەرمەنەکان درووست بکەن، کورد نیگەران بوو و پەشۆکا، بۆیە پاڵپشتیی لە خەباتی نەتەوەی تورکیا کرد بۆ شەڕی ڕزگاری و قەدەری خۆی لەگەڵ قەدەری تورک جیا نەکردەوە، هەڵخەڵەتاندنەکە لێرەوە دەستی پێ کرد. جەلال تەمەل، پەڕتووکی (1918-1923) لە ڕێککەوتنی مۆندرۆسەوە بۆ لۆزان و کوردەکان ئاماژەی داوە، کوردەکان وایان زانیوە کە ئینگلیز هەڵیان دەخەڵەتینن و دەوڵەت بۆ ئەرمەنەکان درووست دەکەن، کوردیش فەرامۆش دەکەن، ئەمەش پڕوپاگەندەیەکی زۆری بۆ کراوە و ئەتاتورکچییەکان و میدیایەکەی، وایان لە کورد گەیاندووە، بۆ ئەوەی مافی کورد پارێزراو بێت، پێویستە لەگەڵ تورک قەدەرتان جیا نەکەنەوە، چونکە ئەگەر تورکیا لەو شەڕەدا واتە چانکایا، سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، نەتەوەی کوردیش بە مافی خۆی دەگات.
کورد بە سەر و ماڵەوە چوونە خزمەتی سوپایەکەی ئەتاتورک و شەڕێکی مەردانەیان کرد، بەڵام ئەنجامی ئەو پاڵپشتییەی کورد، وێرانکردنی گوندەکانی کوردستان و کۆمەڵکوژکردنی کورد و سڕینەوەی ناسنامەی بووە.
ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە بەر لە لۆزان، کوردەکان یەکێتییەکی توندیان لەگەڵ تورکدا درووست کرد، ئەم یەکێتییەش کاری تورکیای ئاسان کرد تا بەشداریی شەڕ بکات، جا نوێنەرانی کورد هەستیان پێی کردووە، یان نا، ئەوە بابەتێکی ترە، بەڵام گوتوویانە ئێمە لەگەڵ تورکدا میللەتێکی جیا نین و ئەرووپییەکان چییان لە ئێمە دەوێت.
زۆر جار کاتێک کورد گوتوویەتی ئێمە لەگەڵ میللەتی تورک یەکین، بەو مانایە بووە، کە تورک هیچ جیاوازییەک لەنێوان کورد و تورک ناکات، چۆن تورکێک مافی هەیە، کوردیش هەمان مافی هەیە، بەر لە #ڕێککەوتنی لۆزان#یش، ئەتاتورک سەرۆک عەشیرەت و پەڕڵەمانتارە کوردەکانی بەوە هەڵخەڵەتاندبوو.
دوای نەمانی ئەتاتورکیش، کاتێک کۆمەڵکوژیی کورد توندتر بوو و ئاسیمیلاسیۆن زیاتر برەوی سەند، محەمەد سەگبان، پزیشک و نووسەر و سیاسەتوانی کورد، لە پەڕتووکێکدا بە ناوی ''کوردەکان تورکن''، باس لەوە دەکات کە کورد و تورک یەک میللەت و نەتەوەن.
لەسەر ئەو پەڕتووکە سەگبان، زۆر سەرزەنشت کرا و وەکوو خاین و نۆکەری تورک ناوی هێنرا، ئێستاش سەگبان ناوێکی ناشرینە لەلای کورد، چونکە لەو پەڕتووکەدا کوردی زۆر بچووک کردووەتەوە.
بەڵام #مووسا عەنتەر#، نووسەری گەورەی باکووری کوردستان، لە پەڕتووکی بیرەوەرییەکانییدا دەڵێت: سەگبانم بینیوە و هەمان گلەییم لێی کردووە، ئەو گوتوویەتی، بۆیە پەڕتووکێکی لەو شێوەیەم نووسیوە، لەو سەردەمەدا کورد زۆر دەکوژرا و بەدەستی سوپای تورکیا کۆمەڵکوژ دەکرا، ویستم لە ڕێگەی پەڕتووکێکی لەو شێوەیەوە، وا لە تورکیا بکەم دەست لە کوشتنی کورد هەڵگرێت، چونکە کورد و تورک یەک نەتەوەن.
واتە کۆمەڵکوژکردنی کورد بە دەستی سوپای تورکیا، لە سەردەمی ئەتاتورک و دوای ئەتاتورک، ئەوەندە قێزەون بووە، بەشێک لە نووسەرە کوردەکان، بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژیی کوردان بوەستێنرێت، کوردیان بە تورک ناساندووە، بەڵام سوودی نەبووە و ئاسیمیلاسیۆن بەردەودوام بووە.
لە دوای ڕێککەوتنی مۆندرۆس، ئیدی ئینگلیزەکان داگیرکارییان دەست پێ کردووە، ئەمەش وای کردووە کە تورک بیر لە خەباتی میللیی دژی ئیمپریال بکاتەوە، ئەمەش بۆ ماوەی سێ ساڵ دوای جەنگی جیهانیی یەکەم بەردەوام بوو.
لە سەدەی 19دا، ئینگلیزەکان کاریگەریی و دەسەڵاتیان بەسەر جوگرافیای دەوڵەتی عوسمانیدا زۆر زیاتر بوو، بەتایبەت بۆ بابەتی پیشەسازیبوون. ئەوەی گرنگیش بوو بەلای ئینگلیز، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، کە یەکێک لە ئامانجە هەرە گەورەکەیان درووستکردنی دەوڵەتی کوردستان بووە، بۆ ئەمەشیان ویستوویانە دەسەڵاتێکی تەواویان بەسەر ئەو ناوچانەدا هەبێت کە کوردی لێ بووە، بۆیە کەسێکیان بە ناوی (نۆیل) کە لە دەزگای هەواڵگریی ئینگلیز کاری کردووە ناردووەتە ئەو ناوچەیە و ئەو کاری کردووە تا دەوڵەتی کوردستان درووست بکات.
واتە سەرەتا ستراتیژیەتیی بەریتانیا بۆ کورد، درووستکردنی دەوڵەتێکی کوردی بووە، پاشان ئەتاتورک هاوکێشەکەی تێک داوە، ئەویش بە ڕاکێشانی کورد بۆ لای خۆی و بەشداریپێکردنی لە شەڕی ڕزگاری و پاشان ڕێککەوتنی لۆزان لەگەڵ ئینگلیز و لەوێدا ویلایەتی مووسڵی کردووەتە قوربانی تا کورد نەبێتە خاوەن وڵاتی خۆی.
کاتێک دەستووری تورکیا دوای لۆزان نووسرایەوە، لەوێدا کورد حیسابی هیچی بۆ نەکرا، ناوی کورد و نەتەوەی کورد و زمانەکەی، بە یەک وشەش باسی لێوە نەکرا، ئەمەش درێژەی کێشا تا ئێستا کە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لەسەر دەسەڵاتە، واتە لە دەستووری تورکیادا، کە لە 100 ساڵی ڕابردوو و ئێستادا، کورد وەکوو نەتەوە نەناسێنراوە و حیسابی بۆ نەکراوە.[1]