ناونیشانی بابەت: ڕۆڵی ئەرێنی و نەرێنی (نەوت و غاز) لەئابووری کوردستان
ئامادەکردن: #ڕێبوار محەمەد#
لە ساڵی 1994 تا ڕووخاندنی ڕژێمەکەی #بەعس#، بەهیمەتی ڕەوانشاد سەرۆک “#مام جەلال#” و حکومەتی هەرێم توانرا؛ سێ گرێبەستی نەوتی ئەنجامبدرێت لە کێڵگەکانی (تەق تەق) لە جۆری گرێبەستی خزمەتگوزاری لەگەڵ کۆمپانیای (جینڵ ئینێرجی) کە یەکێک لەگرێبەستەکان خودی سەرۆک “مام جەلال” واژۆی لەسەرکردوو و، ئەمە گرێبەستانە بوونە بنەما بۆ ئەوەی نەوت وغاز ببنە سەرچاوەی داهاتی “هەرێمی کوردستان”. لە دوای ڕووخاندنی ڕژێم و پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی لە “ئێراق” لە ساڵی 2005 و سەلماندنی مافی وەکوو یەکی (کورد و عەرەب) لە بەڕێوەبردنی نەوت و غاز لە ئێراق و جێگیرکردنی ئەم مافە لە ماددەکانی (111 ، 112) ی دەستووری هەمیشەیی “ئێراق” کە بەهیمەتی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور کە ژمارەیەکیان کوردبوون و دیسانەوە سەرۆک “مام جەلال” پشکی شێری هەبوو.
لە ساڵی 2007دا پەڕڵەمانی کوردستانی بە پشتبەستن بەو دوو ماددەی دەستوور یاسای (نەوت و غاز) ی هەرێمی کوردستانی ژمارە (22) ی ساڵی 2007 دەرکرد، پاڵپشت بەم یاسا؛ حکومەتی هەرێم توانی (57) گرێبەستی لەگەڵ پەنجا و حەوت دەوڵەت و کۆمپانیا ئەنجامبدات و، بۆری نەوتی کوردستان بەندەری “جەیهان” ببەستێتەوە و “هەرێمی کوردستان” بە نەخشەی وزەی جیهانەوە ببەستێتەوە، دیسانەوە ڕۆڵی ڕەوانشاد سەرۆک “مام جەلال” بەرچاو و، دیاربوو لە ڕۆژی دەستپێکردن و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆری کوردستانەوە.
بە بۆچوونی بەندە؛ هەنگاوەکانی پرۆسێسی نەوت تا نەخۆش کەوتنی سەرۆک “مام جەلال” بە شێوازێکی ئاسایی ڕۆیشت و بێ کێشە بوو، لە داگیرکەرانی کوردستان دەیوت؛ دەوڵەتی کوردستان خەونی شاعیرانەیە، بەڵام لەپاڵ ئەمەدا، بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتی دادەنا کە سەرچاوەی ئابوورییە و، ئامادەکردنی ژێرخان و سەرخانی بەهێز بۆ هەرێمی ئێستا و دەوڵەتی ئاییندە، بەڵام بەداخەوە دوای نەخۆشکەوتنی ئاڕاستەکە گۆڕا و بە بۆچوونی من پەلەکرا لەڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ و ئەوکێشانەی کەبەدوای خۆیداهێنای. بگەڕێینەوە بۆ ناونیشانەکەمان، ئایا ڕۆڵی نەوت ئەرێنی بووە یان نەرێنی؟ ئایا ئەم قەیرانەی ئەمڕۆ نەوت هێناویەتی؟ یان بێ پلانی و کەمتەرخەمی حکومەتە بۆ سەرچاوەکانی ئابووری تر وەک تەواوکاری ئابووری کوردستان؟ بە بۆچوونی من؛ ڕۆڵێکی گرنگی بینی، لەڕوانگەی پەیداکردنی داهات بۆ “هەرێمی کوردستان” و پشتیووانی سیاسی و دەستووری بۆ “هەرێمی کوردستان”، لە ئەمڕۆدا هاووڵاتییانی “هەرێمی کوردستان” نەوت و غاز وەکوو سەرچاوەی نەهامەتی و هەژاری سەیردەکەن، بەڵام بە بۆچوونی من؛ پێچەوانەکەی ڕاستە و، نەوت ڕۆڵێکی ئەرێنی بینیووە و، توانیویەتی پشکی شێری هەبێت لە ئابووری کوردستان، بەڵام کێشەکە لەوەدایە؛ بڕیار بەدەستانی حکومەتی “هەرێمی کوردستان” تەنیا پشتیان بە تاکە سەرچاوەی داهاتی نەوت بەستووە، نەوتیش ناتوانێت جێگەی سەرچاوەکانی تر بگرێتەوە.
ئەگەر ئێمە شیکارییەک بۆ بودجەی هەرێم بکەین، ئەوجا دەزانین کە نەوت پشکی شێری گرتووە و خزمەتێکی باشیکردووە، ڕۆڵەکەی ئەرێنییە، نەرێنی نییە کە بەم شێوەی لای خوارەوەیە:-
هەرێمی کوردستان لەئێستادا پێویستی مانگانەی تەنیا بۆ مووچە نزیکەی ملیارێک دۆلارە، جگە لە پڕۆژەکان. با تەنیا باسی مووچە بکەین؛ هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی (یەک ملیار دۆلار) هەیە و ساڵانە (دوانزە ملیار دۆلار) بۆ ئەوەی ئەم دوانزە ملیارە پەیدا بکات، دەبێت بەگوژمەی نزیکەی (بیست و چوار ملیار دۆلار) نەوت بفرۆشێت بۆ ئەوەی مافی کۆمپانیا نەوتییەکان بدات. لەئێستادا بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ وردبینی فرۆشتنی نەوت، (دە) مانگی دیاریکردووە و ئەگەر ئێمە لەڕوانگەی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت-ەوە شیکاری بکەین؛ ئەوا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هەرێم لە ساڵی 2020 دا بەبڕی (چوار ملیار دۆلار) نەوتی فرۆشتوە و دەردەکەوێت ناتوانێت بەگوژمەی (بیست وچوار ملیار دۆلار) نەوت بفرۆشێت، کەواتە بۆمان ڕوون بووەوە؛ ئەوە تاوانی نەوت نییە کە “هەرێمی کوردستان” تووشی قەیرانی دارایی وئابووری بۆتەوە، بەڵکوو بێ پلانی حکومەتە، کە پشتی کردۆتە سیانزە کەرتەکەی تری سەرچاوەی ئابووری، کە کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، پیشەسازی، پترۆکیمیایی، پیشەسازی، بازرگانی، بانک، تەندرووستی، پەروەردە و، خوێندنی باڵا، هونەر و وەرزش…هتد.
چارەسەر
پێویستە حکومەتی “هەرێمی کوردستان” بۆ پڕکردنەوەی بودجەکەی و ڕزگاربوون لەکوورتهێنانی بودجە، بیر لەپلانێکی تۆکمەی ئابووری بکاتەوە، ملە ڕێگەی وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆییەوە، چەندین سەرچاوەی ئابووری تر بۆ هەرێمی کوردستان پەیدابکات و، خۆی ڕزگار بکات لە پاشکۆیەتی ئابووری و سیاسی بەغدا و وڵاتانی دراوسێ، ئەمەش؛ چەند نموونەیەکە لە پشت بەسەتن بەنەوت و، دیاریکردنی داهاتی نەوت بۆپڕکردنەوەی بودجە:-
1- ڕووسیا: بە گشتی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت، چل لەسەد پشت بەداهاتی نەوت دەبەستن بۆ پڕکردنەوەی بودجە جگەلە (هەرێم، بەغدا، نایجیریا، کۆنگۆ) . ڕووسیا ئەگەر نەوت چل دۆلار بکات تووشی کوورتهێنانی بودجە نابێت.
2- سعودیە: ئەگەر نرخی یەک بەرمیل نەوت بگاتە (هەشتا دۆلار) پاشان سعودیە ڕزگاری دەبێت لەکوورتهێنانی بودجە.
3- هەرێمی کوردستان: دەبێت نرخی نەوت بگاتە 300 دۆلار، ئینجا “هەرێمی کوردستان” دەتوانێت بودجەیەک ئامادە بکات بۆ مووچە و بودجەی بەکارهێنان جگە لەوەبەرهێنان، ئەمەش مەحاڵە و، بەم حاڵەوە هەتاهەتایە نایەتەدی، هەر بۆیە دووبارە دەڵێم؛ ئەوە تاوانی نەوت وغاز نییە کە هەرێم تووشی قەیرانی دارایی و ئابووری بووە، بەڵکوو بێ پلانی و پشتکردنە کەرتەکانی ترە. پەندێکی پێشینانی کورد دەفەرمووێت (ئەوەی بەتەمای خاڵۆ و، مامە بێت بەبێ شێو سەردەنێتەوە) ئەگەر هەرێمیش بەتەمای بەغدا بێت ئەوا دڵنیابن بەبێ شێو و لەسەرما ڕەقدەبینەوە و، هەرێم بەغدا بە فریادڕەس دەزانێت ئەویش هانای بۆ بانکی دەولی بردووە، بۆ دووبارە شەش (ملیار دۆلاری) تری قەرز، ئێمەی لێ قەوماو هانا بۆ لێ قەوماوێکی تر دەبەین، کە بەدوای قەرزا دەگەڕێت. [1]