ناونیشانی بابەت: شکست لە دیموکراتیبووندا
ئامادەکردن: #زکرى موسا#
بوونی ئۆپۆزیسیۆن لەناو سیستەمی سیاسیدا پڕۆسەیەکی ئەرێنی و بنیاتنەرە و یارمەتیی سیستەمی سیاسیی و دەستەڵات دەدات بە هەڵەکانی خۆیدا بچێتەوە. ئامانجی ئەو جۆرە ئۆپۆزیسیۆنە ئەوەیە لە ڕێگەی شەرعیەوە دەستەڵات بگرێتە دەست بەڵام هەرگیز نییەتی ئەوەی نییە بنەماکانی فکری و سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی وڵات هەڵتەکێنێ، لە ڕاستیدا ناشبێ بە هیچ شێوەیەک بەو ئاقارەدا بڕوات. بوونی ئۆپۆزیسیۆن جوانی و عەقڵانییەت و لۆژیک و کێبڕکێی مەدەنیانە و دیالۆگ لەناو کۆمەڵگە بەهێز دەکات. هەر بەم پێیەش بۆ ئەوەی لە پڕۆسەی سیاسیی وڵاتێک بە باشی تێبگەیت سەیری ڕەفتاری دەستەڵات و سەیری ڕەفتاری ئۆپۆزیسیۆنیش دەکرێ. سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان دیاردەیەکی تەندرووست و دڵخۆشکەر بوو.
بۆ ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان ئۆپۆزیسیۆنبوون و ڕەفتاری ئۆپۆزیسیۆنانە و بیروڕای ئۆپۆزیسیۆنانە و نووسینی ئۆپۆزیسیۆنانە لەنێو ناوەندە سیاسی و کولتووری و ئاکادیمی و تەنانەت جەماوەرییەکانی هەرێمی کوردستان بووە باو و تا ڕادەیەک بووە مارکە و ببوو بە بابەتی خۆهەڵکێشان. بەشی زۆری نووسەر و توێژەر و ئەهلی قەڵەم و مەعریفە لە دەربڕین و نووسینەکانیاندا ورد و وریا بوون بۆ ئەوەی نەکا بۆچوون و نووسینەکانیان بچێتە خانەی مەدحی دەستەڵاتداران و لەلایەن کۆمەڵانی خەڵک و چاودێرانەوە توانجی تێ بگیرێت. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەش بەحاڵی خۆیان یارمەتیی ئەوەیان دا بیرکردنەوەی نەیاربوون و ئۆپۆزیسیۆنبوون پەل بهاوێژێت و گەشە بکات.
ئەوە هەر هەمووی پڕۆسەیەکی ئاساییە و دەبێ پێشوازی لێ بکرێ و پشتیووانی بکرێت و بەهێز بکرێت. بەڵام جێگەی داخێکی زۆرە ئۆپۆزیسیۆنبوون لە هەرێمی کوردستان نەیتوانی بکەوێتە سەر ڕێگەیەکی وا بتوانێ خزمەتی کولتووری سیاسی و دەوڵەمەندتربوونی سیاسەت و مەدەنییەت و نیشتمانپەروەری لە هەرێمی کوردستان بکات. ئۆپۆزیسیۆن یان ڕەفتاری ئۆپۆزیسیۆنی نەیتوانی ببێتە ئاوێنەیەک بۆ دەستەڵات کە هەڵەکانی خۆی ببینێت و نەشیتوانێ ببێتە فاکتەرێکی کارامە بۆ گۆڕینی ڕەفتاری دەستەڵات، هەروەها لەوەشدا تووشی شکست و لادان هات بتوانێ کولتووری سیاسیی وڵات بەهێز بکات و بەرچاوڕوونی و هۆشیاریی درووست بداتە هاووڵاتییان.
بەشی هەرە زۆری ئەوانەی دەکەوتنە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن یان خۆیان لە بەرەی دژە دەستەڵات وێنا دەکرد وردەوردە بەرەو دوو ئاڕاستەیەکی مەترسیدار و ناعەقڵانی شۆڕ بوونەوە. هەردوو ئاڕاستەکە نەک تەنیا هیچ پڕۆژەیەکیان بۆ باشترکردنی دۆخی کوردستان پێ نەبوو بەڵکوو بوونە هۆی زیاتر لێکهەڵوەشاندنەوەی چوارچێوە فکری و ئەخلاقی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان. ئاڕاستەی یەکەم، بریتی بوو لە گرتنەبەری ڕێڕەوی جنێوفرۆشی و چەواشەکاری و سووکسەرنجدانی ئەو بەها مێژوویی و سیاسی و ویژدانی و کۆمەڵایەتییانە کە کۆی کیانی هەرێمی کوردستانی لەسەر بنیاتنرابوو. ئەم ڕێڕەوە دواتر لە ئەدەبیاتی سیاسیی هەرێمدا ناوی ئیرهابی فکری لێنرا. ئیرهابی فکری پڕۆژەی ژیان و پێکەوەهەڵکردن و چاکسازی و بنیاتنان نەبوو، پڕۆژەی ڕق و ناوچەگەری و چەواشەکردن و ئاوەژوکردنی ڕاستییەکان بوو. ئیرهابی فکری بێ بەزەیی و نانیشتمانی بوو، دژی هەموو ئەو مەفاهیمانە بوو کە دەبووە هۆی یەکگرتنی وڵات و پێکەوەنانی نەتەوە.
ئیرهابی فکری مژدەی تێکدانی پێ بوو بەڵام بەرنامەی بۆ ژیان نەبوو. هاوتەریب لەگەڵ ئاڕاستەی ئیرهابی فکریدا دیاردەیەکی ناتەندرووستی تریش بە تایبەت لە دوای 2010 وردەوردە پێی گرت و دەرکەوت و لە پاش ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر گەیشتە لووتکە. ئەم جۆرە سیاسەتە بە هیچ جۆرێک نەدەچووە چوارچێوەی چەمکی ئۆپۆزیسیۆنبوون یان ڕکابەرایەتیی سیاسی. کرۆکی ئەو ئاڕاستەیە بریتی بوو لەوەی چۆن بتوانرێ لە ڕێگەی بەغداوە زەبر لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوەشێندرێت و #هەولێر# لاواز و گۆشەگیر بکرێت. دەرئەنجامەکە هەر چییەک بێت گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە پارتی پێ سەغڵەت ببێ و هەرێمی کوردستان بکەوێتە سەر ئەژنۆ. ئەم خووە بەدکارانەیە کە بەداخەوە ئێستایش هەر بەردەوامە زیانێکی زۆر گەورەی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و هێز و تواناکانی خەڵکی کوردستان داوە.
هەرێمی کوردستان بە نەیار و دوژمن دەور دراوە و خاکی لەژێر داگیرکارییە، ئایا ڕەوایە کورد بیت و بێباکانە لە دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەت بجووڵێیتەوە؟ بەڵام بۆچی ئۆپۆزیسیۆنبوون و ڕکابەریی سیاسی کە دیاردەی تەندرووست و پێویستی کۆمەڵگەن، لە هەرێمی کوردستان گۆڕا بۆ ئیرهابی فکری و سیاسەتی دژایەتیکردنی هەرێم لەلایەن هەندێ لایەن؟ لە ژیانی مۆدێرن و دەوڵەتداری و مەدەنییەتدا ئەو دوو سلووکە نامۆ و دژەکولتووری و نابەجێن. ڕەنگە بتوانرێ بە دەیان وتار لەسەر هۆکارە سیاسی و مێژوویی و سایکۆلۆژییەکانی ئەو سلوکە نابەجێ و نامۆیە بنووسرێت بەڵام دەکرێ لە هەردوو ئاڕاستەدا خاڵێکی هاوبەش بدۆزرێتەوە، خاڵە هاوبەشەکە ئەوەیە کە هەردووکیان ڕەوتی نادیموکراتین و نایانەوێ و ناتوانن بەشێوەیەکی سرووشتی و دیموکراتیانە کاری سیاسی بکەن بۆیە تووشی ئەو لادانە هاتوون و لەوەدا هەم خۆیان و هەم کۆمەڵگەی کوردستانی و هەمیش دەستەڵات تووشی زیان بوونە. [1]