ناونیشانی بابەت: تۆڵە سەندنەوە لەنێوان ئاشتەوایی و یاسادا
ئامادەکردن: #لوقمان مستەفا ساڵح#
هەڵبەتە دیاردەی تۆڵە سەندنەوە بەگشتی و کێشەی خوێن داری بەتایبەتی و حاڵەتەکانی دوژمنداری، لە زۆربەی وڵاتانی دواکەوتوو، ڕەگ و ڕیشەی قووڵی داکوتاوە و بوونی هەیە و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت کەم تا زۆر بەردەوامی هەیە، کۆمەڵگەی ئێمەش بەدەر نییە لەو کارەساتە قێزەوونە، ئەگەرچی دیاردەکە خۆشبەختانە تاڕادەیەک ڕووی لە کەمی کردبوو، وەلێ ئێستا لە سایەی زیندووکردنەوەی ھۆز و ھۆزگەرێتی واخەریکە لەحاڵەتەوە دەبێتەوە بە دیاردە، بۆیە بنەبرکردنی ھەروا ئاسان نییە. بەهۆی ئەنجامی ڕۆتیناتی دادگاکانەوە خەڵک پەنا بۆ تۆڵەسەندنەوە دەبات، پاش خوێن ڕشتنێکی زۆر و ناوبژیوانیکردن پەنا بۆ سوڵحی عەشایری و مەکتەبی کۆمەڵاتی لایەنە سیاسییەکان دەبەن. کۆتا شوێن کە پەنای بۆ دەبەن دادگاکانە. یۆنانییەکان باوەڕیان وا بوو؛ کە ئەرک و کاریگەریی سەروەریی یاسا، تەنیا ڕێگری لە گەندەڵیی حوکمڕانان نییە، بەڵکوو لە کونتڕۆڵی مەیلی مەترسەیداری تۆڵەسەندنەوە لەلایەن خودی مرۆڤەکان خۆیانەوە سوودمەندە.
بابەتی تۆڵەسەندنەوە، بە نیسبەت کۆمەڵگەی ئێمە و کۆمەڵگە هاوشێوەکانییەوە نامۆ نییە، کاتێک دەزگەی دادوەری، توانای پاراستنی بێلایەنیی خۆی لەدەست دەدات، هاووڵاتییان باوەریان بەم دەزگەیە نامێنێت و، لە ئامڕازی نایاساییی تۆڵەسەندنەوە بۆ مەبەستی گەییشتن بە مافی خۆیان کەڵک وەردەگرن، چونکە یاسا هێزی لێپرسینەوەی لە تاوانبار نییە، یان تاوانلێکراو باوەری بە دەزگەی دادوەری نەماوە. تۆڵەسەندنەوە لە سیستەمی نادادپەروەرانەدا گەشە دەکات و شیرازەی کۆمەڵگە تێک دەدات. بۆیە تاکە ڕێگە لە بەرگریکردن و نەهێشتنی زنجیرەی تۆڵەسەندنەوە، سەروەریی یاسایە، لەم ڕێگەوە تاوان و سزا و بەرپرسیارییەتیی شارستانی دیاری دەکرێت، دادگا بەبێ ڕەچاوکردنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، تاوانبار سزا دەدات و دەبێتە هۆی گەڕانەوەی باوەری هاووڵاتییان بۆ دەزگای دادوەری و گەڕانەوەی ئاساییشی کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگە و جێگیرکردنی سەروەریی یاسا. مەبەست لەسەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری؛ بە و مانایەیە کە هیچ لایەنێکی سیاسی یان کارگێڕی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆی نییە.دەست وەربداتە نێو کاروباری دەسەڵاتی دادوەری یا بە هەرشێوەیەک کاریگەریی هەبێت و هیچ کەسێک یا دەزگایەک لە دەزگاکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، هەتا ئەگەر وەزیری داد بێت یان سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) بێت، نابێت دەست وەربداتە کاروباری دادگاکان یان فشار بخاتەسەر دادوەرەکان لەکاتی حوکم و بڕیارداندا.
ئەوەی لەمڕۆدا سەروەریی دەزگای دادوەری دەخاتە مەترسییەوە، دەستێوەردانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکارە، بەتایبەت کاتێک یەکێک لەلایەنەکانی “کێشەکە”، لە بەرپرسانی سیاسی، یان پەیوەندار بەوانەوە بێت. لەم کاتەدا، ئەگەر دەزگای دادوەری و خودی دادوەر سەربەخۆ نەبێت، لە جیاتی کارکردن بە دەقی مادە یاسایەکان، داواکاریی لایەنی سیاسی، دەکاتە بنەمای دەرکردنی بڕیاری خۆی، دەرەنجام سەروەریی یاسا. پێشێل دەکرێت. هەر لەبەرئەم هۆکارانە و بوونی ڕۆتینیاتی کاری دادگاکانە خاوەن کێشەکان متمانەیان بەدادگاکان نامێنێت و بە ناچاری پەنا بۆ تۆڵە سەندنەوە و یان سوڵحی عەشایەری دەبەن. چونکە خاوەن کێشەکان باش دەزانن یاسا هەڵدەستێ بەچارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانە ئەگەر ڕۆتینیان بهێڵێ، کورد وتەنی هەتا مەقاش وەستابێ دەستی خۆیان ناسوتێنن، ئەوەشیان لەپێش چاوە هەر کەسێک هەڵبستێ بە کاری تۆڵەسەندنەوە لەبەرانبەر کێشەی خوێنداری، بەپێی یاسا بە تاوانبار دادەندرێ، چونکە لە هەر کۆمەڵگەیەک تەنیا کاری تۆڵەسەندنەوە هەبوو، دەبێتە کۆمەڵگەیەکی جەنگەڵی و یاسای دارستانی تیا جێبەجێ دەکرێت و یەکتر کوشتن دەبێتە کارێکی ئاسایی.
لەم حاڵەتەشدا خەڵک ناتوانێ ژیانی ڕۆژانە بەئارامی بەرێتە سەر، لە هەمان کاتیشدا یاسا تووندە بەرانبەر بەو کەسانەی کە هەڵدەستن بە کاری تۆڵەسەندنەوە و دوژمنداری، پێویستە کێشەکە لە دادگا چارەسەربکرێت، حکومەت خۆی مافی ئەو کەسە دەستێنێ و ئەوکات دوژمنداری درووست نابێ کە بەپێی یاسای سزادانی ژمارە (111) ی ساڵی 1968 لە ماددەی 406 دەڵێت کاری تۆڵەسەندنەوە بە تاوان دادەندرێ و سزاکەشی قوورسە، بۆیە پێویستە خەڵک بۆ سەندنەوەی مافەکەی پەنا بۆ یاسا بەرێ، نەوەک تۆڵەسەندنەوە، هەروەها ئەوە ڕاستە کە سوڵحی عەشایری بەشێکە لە چارەسەری کێشەکە، چونکە لە مێژا وتراوە (السلح سەید الاحکام) بەڵام یاسا دانی پێدانانێت ئەگەر پێچەوانەی یاسابێت و دژبێت لەگەڵ دەقەیاساییەکاندا، بۆیە دەبێت دادگا ئاگاداری ئەو ئاشتەواییەبێت، پاش تاوتۆی وردی ئاشتەواییەکە، ئینجا ڕەزامەندی لەسەر دەدات، بەڵام لە ئەنجام دا هەر دادگایە بە بڕیار کۆتایی بە کێشەکە دەهێنێت. [1]