ناونیشانی بابەت: کورد لەنێوان دوو وتاری پاشایەتیخواز و ویلایەتخواز
ئامادەکردن: #ئاراس ڕۆژهەڵاتی#
لە حاڵێکدا زیاتر لە چەند مانگێک بە سەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینەکان لە ئێراندا تێدەپەڕێت، تا ئەم ساتەش ئەم ڕابوونە بەشێوەی پەرتەوازە و پەرش و بڵاو بەردەوامە و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش بە هەموو شێوە و ڕێگەیەک هەوڵ دەدات ڕابوونەکە کۆنترۆڵ و سەرکوت بکات و لە ڕاستیدا بۆ ئەمەش سڵ لە هیچ کردەوەیەکی تووندوئاژۆ و کوشندە ناکاتەوە، بەرەیەکی بە ناو ئۆپۆزیسیۆن و نیوە یەکانگیر و نیوە پەرتەوازەی ئێرانی (فارس) دەستیان داوەتە دەستنیشانکردنی هێڵ و پێکهات و خەریتەی داهاتووی سیاسیی ئێران، لە پاش ڕووخان و نەمانی کۆماری ئیسلامی دەستنیشانکردنێکی وەها کە نامۆ و غەوارەبوونی ئەو بەرەیە بە پێکهات و گۆڕانکارییەکانی ئەم چل ساڵەی کۆمەڵگەی ئێرانی و جوگرافیای کولتووری و ئیتنیکی ئەو وڵاتە زیاتر دەردەخات. ئەمەی کە ئیرادەیەکی گشتگیر لەنێو زۆربەی هاووڵاتییانی ئێران و نەتەوە و کەمینەکانی ئێران بۆ ڕووخان و لەناوچوونی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە حاشاهەڵنەگرە، بەڵام ئەوەش کە ئۆپۆزیسیۆنی بۆینباخ لە مل و پاشایەتیخوازی فارس لەدەرەوە خەریکن لەسەر خوێن و قوربانیدانی خەڵک تیۆری سەیر و سەمەرە دادەڕێژن و لە واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و کولتووری ئێران دابڕاون و تێگەیشتنێکی ئەوڕۆییان نییە، زەنگی مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هاتنە ئارای هەرجۆرە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و نوێ لە داهاتووی ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی.
ئەگەرچی لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتی میدیایی و پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە چڕی لەگەڵ ئەم وێنا و تێگەیشتنە گشتییە لە ڕابوون و شۆڕشەکە لەشەڕدایە، میدیاکانی کۆمار و بەتایبەت میدیاکانی سوپای پاسداران (هەواڵنێریی فارس و جەوان) بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆ لە ددانپێدانانی زۆرەملی ئەو کەسانەی کە گیراون، پاشگەزبوونەوەی هەندێ کەسایەتی هونەری و …هتد. لە پشتیووانیکردنی جەماوەری، وا پیشان دەدەن دۆخەکەیان لەژێر کۆنترۆڵ دایە و هیچ شتێکی وەها لە ئارادا نییە، بەهەمان شێوە لە دوا لێدوانیدا “عەلی خامنەیی” لەبارەی ناڕەزایەتی و ڕابوونەکان وتی “هەندێ ناڕەزایەتی بچووک” هەن و نابێ خەڵک فریوی ئەمریکا و ئیسرائیل بخۆن.
بەم شێوەیە شەڕی گەورەی میدیایی دژی هەر شتێک کە ڕۆژگارێک لە ئایدۆلۆژی ئیسلامی شیعیدا لە زاری خومەیینییەوە بە لاچاوێک ئاماژەی پێ کرابێت و وەکوو دوژمن و لایەنی بەرانبەر و شەیتان ئاماژەی پێ درابێت، لەئارادایە و ئەم دوژمنە سەرەکییانەش (هەر لە ئەزەلەوە!) ئیسرائیل و ئامریکان و کورد و کوردستانیش لە میدیاکانی ئێران (کۆمار و غەیری کۆمار) وەکوو سێبەریان نیشان دەدرێت! هەر بۆیە لەو ماوەیەدا بە بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور، خامنەیی و سوپا ویستیان بە حسێبی خۆیان قامکێکی درووست و بەرهەست بخەنە سەر سەرچاوەی ئاژاوەکانی ناوخۆی ئێران! بەڵام ئەم تاکتیک و ستراتیژییە ئیتر سواوە و ئەستەمە خەڵک بە گشتی بکەونە داوییەوە، بەتایبەتی بۆ کەسێک کە لە ناوخۆی ئێران ژیا بێت و بە تایبەتی تر بۆ کەسێکی کورد وا ئاگادارە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە چ ئاقارێکدا ڕۆشتووە و ئێستە لە چ دۆخێکی ناجێگیر و داڕماودایە! هەروەکوو ڕوون و ئاشکرایە ناڕەزایەتیی ئەم دواییانە کە پاش مەرگی “ژینا ئەمینی” خەڵکی سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەربڵاو بوویەوە و بەشی زۆری ئێرانی گرتەوە، یەکەم ئەڵقەی زنجیرە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان لە ئێران نییه، ئەگەرچی جیاوازترین و تایبەتترینیانە.
خۆپیشاندانەکانی ساڵی 78 لە سەردەمی سەرۆککۆماری سەید “محەمەد خاتەمی”دا کە بوو بەهۆی ڕووداوی “کوی دانشگاه”، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 88 لە بزووتنەوەی کەسکدا و خۆپیشاندانەکانی ساڵی 98، هەموویان ئەگەرچی بە دەوری داخوازیگەلی خوێندکاری، سیاسی و ئابووریدا دەخولانەوە بەڵام بە گشتی ناڕەزایەتیگەلێک بوون کە بێ هیواییان لە ڕیفۆرم و چاکسازیی و پاشەکشێیەکی لانی کەمی ئەو دەسەڵاتە پێوە دیار بوو، لەوەی ساڵی 98 دروشمەکان ڕاستەوخۆ خومەیینی و خامنەیی و بنەمای ڕژێم و ئایدۆلۆژییەکەیان دەکردە ئامانج، بەڵام زۆر پەرتەوازە و لێکدابڕاو بوو، ئەمەیش کە لەلایەن کوردەوە بە شۆڕشی “ژینا” ناو دەبرێت سەرەڕای گۆڕانێکی پارادایمیک لە مێژووی بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەکان لە ڕووی بەشداریی ژنان و کچان بە هەموو تەمەنەکانەوە و بە زۆر ئایدۆلۆژیای جیاواز و لێک دژەوه، یەکانگیری و بەرفراونییەکی بێوێنەشی هەیە و ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکانی دانیشتووی ئیرانی لەگەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە هەموو جیهاندا زەق کردووەتەوە و وەکوو یەکێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی وتی “دەریخست ڕا و تێگەیشتنی خەڵکی ئێران لەگەڵ دەسەڵاتی کۆمار چەندە لێک دوورن!” ئەمە کۆی بەرجەوەن و پانۆرامای کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە لە ناو جوگرافیای ئێران، ساڵانێکە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەریکی خەبات و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەن دژی ئەو سیستەمە ڕزیو و گەندەڵە، سیستەمێک تەنانەت بەها ئەخلاقییەکانی خۆیشی بۆ ناپارێزرێت و لە ئاستی باڵوێز و بەڕێوەبەری گشتی وێنە و گرتەی ڤیدیویی بێئەخلاقی دەردەکەوێت و ئێستە جێگەی قبووڵی خەڵکێک نین کە لانی کەمی چاوەڕوانیان پاراستنی بنەماڵە و پێکهاتی خێزانیان بوو بە چاوساغی و چاودێریی ئەوان.
بەڵام ئەم بڵقە تەقیوە و بۆ خەڵک دەرکەوتووە کە ئەم سیستەمە جگە لە ڕووخسارێکی مەکیاجکراو بە هەندێ بەهای هاوبەشی گشتیی قبووڵکراوی خەڵک و جگە لە کارئەکتەرێکی زمانباز و عیشوەکار لەژێر سۆز و قودسییەت و نەوای دینی هیچی دیکە نییە، هیچ نییە جگە لە کۆمەڵێک بازرگان و گەندەڵ و دز کە سەرمایە و سامانی خەڵک بە تاڵان دەبەن، لە یەکێک لە دوا گەندەڵییەکانی کۆمپانیای فوولادی موبارەکەی ئیسفەهاندا 19 هەزار ملیارد تمەن گەندەڵی کراوە و دیاریش نییە لە کوێیە! ئەمە تەنیا یەک نموونەی بەسیت و سادەی دزی و گەندەڵی لە پێکهاتی ئیداریی سیستەمی کۆمارە و لە زۆربەیاندا دەردەکەێت کە دەستی بەرپرسێکی باڵای ئەمنی یان سوپا یان کوڕی بەرپرسێکیان لە پشتە، لە حاڵێکدا خەڵکانێک لە هەموو قوڕنەی جوگرافیای ئێراندا هەن و پەیدا دەبن کە پێیان دەڵێن زبڵگەر (زبالەگرد) واتە ئەوانەی کە بۆ پەیداکردانی بژێوی ڕۆژانەیان بە ناو زبڵەکاندا دەگەڕێن و هەر شتێکی بەنرخیان دۆزییەوە دەڕۆن دەیفرۆشنەوە یان ئەگەر پارووە نانێکیان بینییەوە کە تەواو نەکراوە، دەیخۆنەوە، ئەم زبڵگەڕییە تەنیا پیاوان ناگرێتەوە بەڵکوو ژنان و کچان و منداڵانی تەمەن دە بۆ دوانزە ساڵیشی تێدایە، لە ڤیدیۆیەکی دیکەی بڵاوکراوەدا کوڕی باڵوێزی ئیڕان لە ڤینزۆئیلا بوتڵێک شەراب دەکاتەوە و کەف و غازەکەی دەکات بە ناوگەڵی دوو ژنی ڕووت کە لەگەڵیدان.
ئەمانە وێنە کومیتراژیکەکانی بەرخۆرانی ئایدۆلۆژییەکن کە ڕۆحیان مردووە! ڕستەیەکی بەناوبانگی “میشیل فۆکۆ” فەیلەسووفی فەرەنسی هەیە کە هەم ئێرانییەکان و هەم دەسەڵاتدارنی ئێرانی جار نا جار ئاماژەی پێدەدەن کە دەڵێت شۆڕشی ئێران (مەبەستی شۆڕشی ساڵی 1979یە) ڕۆحی جیهانێکی بێ ڕۆحە ئەگەر ئەم چەواشە تێگەیشتن و کەوتنەداوی فۆکۆش بە ڕاست لەقەڵەم بدەین ئەوا دەگەین بە و ئەنجامە کە ئەم شۆڕشە وا گەلانی ئێران کردیان و ئیسلامی شیعی لەسەر بەروبوومەکەی خواردی و ئێستەش بووە بە مۆتەکەی ناوچەکە و دونیا، هەنووکە جگە لە جەستەیەکی شێرپەنجە لێدراو و ڕزیو هیچی دیکەی لێ نەماوەتەوە! ئەگەر کەسێک لە ماوەی ئەم چل و سێ ساڵەدا لە ئێران نەژیابێت نازانێت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی چ دۆزەخێکی درووست کردووە! نازانێت سەرەتاییترین شتێک کە مرۆڤ لە کیسی دەدات ئازادی و هەموو مافە ئینسانییەکانێتی. ئەمە ئەگەر کورد بیت ئەوا سەرەڕای ئەوەی کە ئەو مافانە لە کیس دەدەیت بەڵکوو دوو تاوانی سەرەکیشت هەمیشە لەسەر شانە؛ کوردبوون و سونیبوون، کوردبوون و قەڵخانیبوون (ئەهلی حەق) ، کوردبوونی پەتی (ئەگەرچی شیعەش بیت وەکوو ناوچەکانی ئیلام و کرماشان و …) . ئێستە دوای ئەم هەموو خوێندان و قوربانیدانە کە کورد بەردەوام کەواسووری پێش لەشکر بووه، دوو وتاری پانئێرانیستی (سەڵەتەنەت خوازەکان) و وتاری کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە و لە ئاستی میدیاییدا شەڕیکی گەرموگوڕ لە ئارادایە، هەرچی کوردیشە کە خۆی ئاخێزگەی ڕابوونەکە و قوربانیدەری ڕاسانەکەیە لای ئەوان وا پیلانی بۆ داڕێژراوە کە وەکوو بکەر و مافخواز و نەتەوە پەراوێز بخرێت! کورد بە دوو سەدە خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی و…ناوی لەپاڵ بەلووچ و عەرەبدا دێت.
ئەمە بە واتای دابەزاندنی خواستی سیاسی و مافی ئەوان وەکوو نەتەوە نییە بەڵکوو درکاندنی ئەم ڕاستییە مێژووییەیە کە کورد دەیان ساڵ زیاتر لەوان پێشەنگی خەباتی ڕزگاری و پێشکەوتنخوازانە بووە! هەرچەند ئەمە هەموو وتارەکەیان ناگرێتەوە و کورد لەلایەن بەشێک لە کۆمەڵگەی ئێرانی و وتاری هەندێ لە سیاسیی و شرۆڤەکارانیان پشتگیریی دەکرێت و واقیعبینانە دان بە خواست و ویست و شۆڕشگێڕی و قوربانیدانیان دەنرێت، بەڵام هەر دەبێ لەنێوان ئەم دوو وتارەدا ئاگادار بین. لە ماوەی ڕابردوو لە لێدوانێکی یەک کاتژمێری شازادە پەهلەوی دا (لەم ماوەیەدا کە دیارە دەیانەوێت وەکوو ڕێبەرێک بۆ داهاتووی ئێران بیناسێنن و مانیفێستی کەن) هەندێ ئاماژەی گشتی و لێڵ بە داهاتووی سیستەمی سیاسیی ئێران کراوە کە گوایە دەبێ هەموو لایەن و ڕەنگەکان تێیدا بەشدار بن بە بێ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ باسی مافی نەتەوەکان و ئەو گەلانە بە تایبەتی کورد بکات کە لە بوولێڵی مێژووە تا ئێستە کۆڵی نەداوە و بۆ مافەکانی قوربانی داوە و ئەیدا. لە ڕاستیدا نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانێکە قوربانی و خوێن دەدات بۆ بە پێوە ڕاگرتنی ڕۆحی کوردایەتی و شوناسی خۆی، ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە پیرۆزیی خەباتی پێشمەرگە و کوردایەتی ڕۆژهەڵاتە کە مەشخەڵی ئەم ڕێگایەی ڕۆشن ڕاگرتووه، بەڵام دەبێ کوردانی ڕۆژهەڵات بیری جیددی بکەنەوە لە پلانی سەڵەتەنەتخواز و لایەنە سیاسی و ئایدۆلۆژیکەکانی ئێران، ئەگینا ئەم نیشانانەی کە ئێمە لە کوڕی حەمەڕەزا شا دەیانبینین هەمان ئاماژەن کە کاتی هاتنی خومەیینی بۆ ئێران لە ساڵی 1979دا لە تەلەڤیزیۆن بینیمان و لە بڵاڤۆک و پەڕتووکە مێژووییەکان خوێندمانەوە. ئەم وتارە کلیل وشەی سەرەکیی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێرانە و ئەوەندە داکۆکی لەسەر ئەمە دەکات باسی پلانەکانی خۆیان بۆ داهاتووی ئابووری، کولتووری و ڕۆشنبیری و ئازادییەکانی تاک لەو وڵاتە ناکات ئەمەش بە واتای ئەوەیە کورد لە هەمبەر دۆزێکی دیکەی وەکوو ساڵی 1979دایە مەگەر ئەوەی هەر لە ئێستە خۆی لەگەڵ ئەو وتارە و لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی یەکلا بکاتەوە ئەگینا مێژوو دووپات دەبێتەوە. [1]