ناونیشانی بابەت: کورد و فاشیزمی ئێرانی
ئامادەکردن: #ئاراس ڕۆژهەڵاتی#
کۆماری ئیسلامیی وەکوو مۆدێلە سیاسییەکەی چل و سێ ساڵە دەناسرێت و سەدان ملیۆن دۆلار پارەی لەپێناو پەرەپێدانی ئایدۆلۆژییەکەی سەرف کردووە.
کوشتنی #ژینا ئەمینی# لە تاران، یەکەم ڕابوونی لە #سەقز# و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر لە بەردەم نەخۆشخانەی کەسرای تاران (ئەو شوێنەی ژینا بە وتەی بەرپرسانی ئێرانی چارەسەری بۆ کرا) بەدوای خۆیدا هێنا، دواتر شارەکانی دیکەی ئێران؛ یەک لە دوای یەک هەر یەکە و بەپێی دۆخ و زەمینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ئیتنیکییان پشتگیرییان لێکرد و بوو بە ڕابوونێکی بێوێنەی جەماوەری، ڕۆژ دوای ڕۆژ بە پڕۆسەی ڕەمزسازیی و ئاڕاستەکردنێکی خۆڕسکی جەماوەری و مەدەنییانەدا تێدەپەڕێت و زیاتر پەرە دەسێنێت، بەڵام لە پشت ئەم خرۆشان و لێشاوەی خەڵکی ناڕازیدا مەکینەیەک ئیش دەکات، ئێمە ئێستە ڕاستەوخۆ نایبینین، مەکینەیەک کە هەر جۆرە دەسبەسەرداگرتن و دەسەڵاتپەرستییەکی تێدایە و دواڕۆژی نەک ئێران بەڵکوو کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت تووشی شەڕ و خوێنڕشتن کات. ئەم مەکینەیە بەر لەوەی ڕۆحی دەسەڵاتانێکی تووندئاژۆ و ئایدۆلۆژی بێت، ڕۆحی کەونینە و دوورەدەستی کولتوورێکە، کولتوورێک کە دەیەوێت وەکوو خودا بجووڵێتەوە.
لەم قۆناغەی ئێستای ڕابوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا سەیر و سەرنجڕاکێشە بزانین لە زۆربەی ڕابوون و ناڕەزایەتییەکانی پێشووتر دژی دەسەڵات و حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارانێکی وەکوو قوروە، دێگولان، ئابدانان، دێلوڕان و بە گشتی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتی دەربڕین و ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک و دەسەڵات هەرگیز بە و شێوەیە نەهاتووەتە ئاراوە، ئەمە بۆ زۆر شاری فارسنشینی ناوەندی ئێرانیش ڕاستە شارانێکی وەکوو: یەزد، کرمان، شیراز و قوم شارانێکی ئارام و هێمن و نووستوو بوون بەڵام خشتەی ڕاپەڕینەکە نەزم ونۆرمێکی نوێ دەخاتە بەردەممان و هاوکێشەی نوێ و جیدیی لە پەیوەندیی دەسەڵات و حکوومەت پێناسە دەکات. پەیوەندییەک کە تاڵەکانی ڕزیون و هەر چرکەساتێک تاڵێکی لێ دەپچڕووکێت. دەتوانین بڵێین ڕابوونی ئەم جارە بۆنی “ئینقلاب” و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لێوە دێت، ئەگەر سێ قۆناغ لە ڕەوتی هەر ناڕەزایەتی دەربڕینێکدا بە گریمانە بگرین دەتوانین سێ قۆناغی ڕابوون، ڕاسان و ئینقیلاب ناو ببەین، کە دیارە دیواری نێوان ڕابوون و ڕاسان و ئینقلاب بە درێژایی چل و سێ ساڵ قەڵشت و درزی گەورەی تێکەوتووە، بە ڕادەیەک کە ئیتر ڕەوتی ڕیفۆرمخوازیی کە نۆژەنکەرەوە و ماڵەکێشی درز و قەڵشتەکانی ئەم دیوارە ناسکە بوو لە لای خەڵک و جەماوەرەوە، هیچ متمانە و ئیعتبارێکی نەماوە و ڕیفۆرمخوازی وەکوو ڕەوتێکی خائین دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە. ڕەنگە شکستی ڕیفۆرمخوازەکان کە لە ساڵی 76 هەتاوی و سەردەمی سەرکۆماری سەید محەمەد خاتەمی و بە تیۆری و بیروڕاکانی سەعیدی حەجارییان و هاوڕێیانی، ڕەوتێکی هەشت ساڵەیان ئەزموون کرد لە سەردەمی سەرکۆماری ئیبراهیمی ڕەئیسی و ئەندازیاریکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن عەلی خامنەییەوە کە هەموو دەسەڵاتی یەکدەست کردەوە لە ڕێگەی مەجلیسی خوبرەگانی ڕەهبەرییەوە، دوا هەناسەی خۆی کێشا بێت و جەستەی ئیتر ڕزیوە و بۆگەنی کردووە.
هەرچەند لێرە و لەوێ، لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و هێورکردنەوەی خۆپیشاندان و ڕابوون و ڕاسانەکان باسی هەندێ ڕیفۆرمی بە ڕوالەت جیدی دەکرێت و ئاماژە بە پاشەکشێی دەسەڵات لە هەمبەر داخوازییەکانی خەڵک دەکرێت، بەڵام زایەڵەی خرۆشانی جەماوەر ئەمەی پێی قووت ناچێت و دەزانێت ئەمە کایە و ماددەیەکی سڕکەری کاتیی دیکەیە و دواتر هیچ شتێک ناگۆڕێت و خراپتر لە جاران دۆخەکە دەچێتە پێشێ! یەکلابوونەوەی چارەنووسی ڕیفۆرمخوازان کە زۆربەی دەسکەوتەکانیان لە ئاستی بڵاڤۆک و هەندێ ڕەخنەی بە ڕواڵەت ڕادیکاڵ لە دەسەڵات و چاپی پەڕتووک بە شێوەی ئاسانتر و کەمتر سانسۆرکراو خۆی دەبینێتەوە، لەنێوان بناژۆخوازان و شەقامدا ڕووی داوە، بناژۆخوازان بە ڕێبەری مەعنەوی عەلی خامنەیی نەک تەنیا لە ساڵی 88 هەتاوی دا ڕێبەرە دیارەکانیان بەهۆی ناڕازی بوون لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان واتە میر حسێنی موسەوی و مەهدی کەڕووبییان دەسبەسەرکرد و لە بەندیکردنی ماڵی و لە چاودێریدا دایاننان، بەڵکوو وەکوو تیشکیشم خستە سەر لە سەردەمی ڕەئیسەیدا دوا هەناسەی لەبەر بڕا و وەکوو ڕەوتێکی کولتووری یان سیاسی و کۆمەڵایەتی مرد و لە گۆڕ نرا! خودی ئەمەی کە چارەنووسی ڕیفۆرمخوازان لەلایەن جەمسەرە دژەکەیەوه، واتە بناژۆخوازان یەکلایی کرایەوە ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکرایە بە خەستی و بەهێزیی ڕۆحی دەسەڵاتخوازیی و ڕەهاخوازی و تووتالیتاریزمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران! و ئەمە جۆرێکی تایبەت لە فاشیزممان پێ دەناسێنێ کە کۆماری ئیسلامیی وەکوو مۆدێلە سیاسییەکەی چل و سێ ساڵە دەناسرێت و سەدان ملیۆن دۆلار پارەی لەپێناو پەرەپێدانی ئایدۆلۆژییەکەی و دەسبەسەراگرتنی ناوەندە ئابووری و سەربازییەکانی ناوخۆ و ناوچەکە و تەنانەت دونیاش سەرف کردووە، خەمێکی گەورە و دڵتەنگییەکی ڕۆژهەڵاتییانەیە، گەر دان بەم ڕاستییە تاڵەدا بنێین وا ئەم فاشیزمە تەنیا لە حکوومەتدا، نییە بەڵکوو لە ئاستی کولتووری، جەماوەری، پێکهات و ڕۆشنبیری مرۆڤی ئێرانیشدا هەیە، ئەگەرچی فاشیزم ماوەی دوو دەیەیە بە پێشانگەیەتی تورکیا و ناسیونالیزمی تورک گوڕوتینێکی دیکەی وەبەرکەوتووە و کاژی خستووە، بۆ ئەمەش ڕژێمێکی وەکوو #ڕەجەب تەیب ئەردۆغان# دەسبەداوێنی هەموو فیگەر و فۆرمێک لەوانە ئایینی، هونەری، ئابووری و مێژوویی و سەربازی دەبێت، تاکوو فاشیزمەکەی وەکوو مافێکی ئینسانی و مافێکی سەردەمییانەی تورکانی دونیا و وڵاتی تورکیا بناسێنێت.
بەڵام ئێمە شاهیدی دەرکەوتنی فاشیزمێکی نوێ بووین کە لە ناو ئیسلامی، ڕاستی تووندڕەو، پارێزکار و میانەڕۆدا هۆگر و لایەنگری هەبوو و هەن بە بێ ئەوەی گومان لەوە بکەن کە پێیان ناوەتە چ سەرزەمینێکی خوێناوییەوە. ئەم جۆرە فاشیزمە کە لەگەڵ ڕۆحییەت و ناهۆشیاری کەونینەی ڕۆژهەڵاتیدا لەدایکبووە، وەکوو ئاوێکی لێڵی ژاراوییە کە هەموو لەمپەڕ و ئاوبەندەکان دەبەزێنێت و بە ژێر یان تەنیشت یان سەریاندا تێدەپەڕێت و ڕێگای خوێناوی خۆی دەپێوێ، ڕواڵەتیشی لە ئاو دەچێت بەڵام کوشندە و دژە ژیانە. فاشیزمێک کە لە ئێراندا زاڵە کۆماری ئیسلامی تەنیا یەکێک لە فۆرم و فیگورەکانێتی، پێش دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێمە دوو دەسەڵاتی پەهلەوی یەکەم و پەهلەوی دووەممان هەیە کە حکوومەتێکی پاشایەتی بە خەونەکانی ئیمپراتۆریای هەخامەنیشی و ساسانی بوون و هەر لەو دوو قۆناغە سیاسییەدا هەر دەرکەوتنێکی نەتەوەخوازیی جگە لە فارس بە تووندوتیژترین شێوە سەرکوت کران و ڕێبەرەکانیان لە سێدارە دران، هەموو ڕەمز و هێماکانیشیان قەدەغە و پەردەپۆش کران.
بابەتی سەرنجڕاکێش ئەوەیە؛ هەر ئەوەی دوو سیستەمی سیاسی پاشایەتی واتە ڕەزا خانی میرپەنج و حەمەڕەزای کوڕی دەرهەق بە کورد و چەپەکان کردیان ئێستەش لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەر لە سەرەتای دەسبسەراگرتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979ز هەر بە و شێوە تووندوتۆڵ و تووندوتیژە بەردەوامە، واتە ئەم فاشیزمە تەنیا بە کۆماری ئیسلامییەوە مانا پەیدا ناکات، بەڵکوو سەرچاوەکەی لەمێژینەترە و وەکوو پێکهات بۆ مێژوویەکی کۆنی کولتوور و کۆمەڵگەی جوگرافیای ئێرانی دەگەڕێتەوە، چون ڕژێمی پاشایەتیش بە ئایدۆلۆژیای ئێرانشاری و ئێرنگەرایی و گەڕانەوە بۆ ساڵە پڕشکۆکانی ئیمپراتۆریی بەهێزی کوروشی هەخامەنیشی هەمان سەودای هەیە و لەم ئانووساتەی قوربانیدانی خەڵکی ئێران بە پێشانگەیەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێمە میدیاکانی پەیوەست بە ڕەزای پەهلەوی کوڕی حەمەڕەشا دەبینین، چۆن لایەندارانە هەواڵ و ڕووداوەکان ڕووماڵ دەکەن و هەموو شتێک لەپێناوی ئێران و ئێرانخوازیدا بەکار دەهێنن، بۆ ئەوانەی لە ئەدەبیاتی سیاسی ئێران کەمتر شارەزان، دەبێ بزانن کە مەبەست لە “ئێران” واتە یەک نەتەوە یەک دەوڵەت یەک زمان و کولتوورە کە ئەوە زمان و نەتەوە و دەوڵەت و کولتووری فارسە! ئەم پێکهاتە فاشیستییە هەموو شتێک بەخۆوە دەگرێت لە چەپ، ڕاست، ئازادیخواز! نەتەوەخواز، ئالوودەبووی ماددەسڕکەر و…تەنیا بۆ ئەوەی خەونی سەردەستی کوروش و کەونینەگەرایی باپیرانی کۆنی هەخامەنشیان زیندوو و جاوید بمێنیتەوە! ئەمەش بە چ نرخێک؟ کەس نازانێت دەبێ چەندیتر خوێن بڕێژرێتە میحرابی ئەم خودا زەوینیانەوە، تاکوو هەر گەل و نەتەوەیەک لەژێر سێبەری نەگریس و شوومیان بێتە دەرەوە و کیان و سەربەخۆیی خۆی درووست بکات. [1]