ناونیشانی بابەت: پرچی ژن لە نێوان ئیمان و سیاسەتدا
ئامادەکردن: #ئاراس ڕۆژهەڵاتی#
“خوێندنەوەی ڕاپەڕینی سەرتاسەریی لە ئێران”
لە حاڵێکدا، کە زیاتر لە چل ساڵە بەسەر تەمەنی حکومەتی ئایینی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا تێدەپەڕێت، جیهان و ناوچەکە بە دەست دەستێوردەانەکانی ئایدۆلۆژیای شیعەگەرێتی و میلیشیا فیداییەکانی کۆماری ئیسلامی گیرۆدە بووه، ڕابوونی ژنان دژی ئەم شێوە حوکمڕانییە ئاماژە بۆ پارادایمێکی نوێ لە سەرهەڵدانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەکات. لە درێژەی چل و چەند ساڵدا ئێمە دەیان ڕەوت و حیزب و ئایدۆلۆژی سیاسیمان بینی، کە لەم ماوەی حوکمڕانییەدا یان بە توندی سەرکوت کران و لە ناو بران، یان ڕێبەرەکانیان تیرۆر کران، لە پشت مێزی دانوستان یان کەمپنشین و پەڕیوەی تاراوگە بوون و لە ڕێگەی دیاسپۆرا و نیشیمان لە غوربەت خەون و ئامانج و خەباتی خۆیان بۆ وڵات دەربڕیوە و مانیفێستیان کردووە، لەم کاروانە دوورودرێژەدا، ئەگەر بڵێین:
هەموو ئەم بزووتنە و حیزب و دژبەرانەی کۆماری ئیسلامی ئێران پیاو ڕێبەرایەتی دەکرد و ئایدۆلۆژیاکەی دادەڕشت، ڕەنگە زێدەڕۆییمان نەکردبێت، بەڵام ئێستا توخم و ئیلیمێنتێکی دیکە هاتووەتە ناو کایەکەوە و بە شێوەیەکی پێشبینی نەکراو کۆڵەکە و بنەماکانی دەسەڵاتی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیی نەک تەنها بە شێوەی ئایدۆلۆژیک، بەڵکوو بە شێوەی کردەکی و پراکتیکییانەش لەرزاندووە و ئەم ڕۆژانە ئێمە شاهید و چاودێری کۆنترۆڵ و ئاڕاستەکردنی شەقامین لە لایەن ژنانەوە. دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، کە بێگومان لە لایەن زۆر ڕەوتی چەپ و ڕاستەوە گەیشتە ئەنجام و هەر زوو یەکەمین دەنگ کە سەرکوت کرا، دەنگی ژنان و داواکارییەکانیان بوو، دەسەڵاتی ئیسلامیی کۆماری ئیسلامی لە هەموو بەڵێنەکانی کە لە لایەن شەخسی خومەینییەوە درابوو، پاشگەز بوویەوە و حوکمڕانیی بە حەق و مافی ڕەوای ئاینییەکان لەقەڵەم دا و هەر جۆرە زانست و تێگەیشتنێکی سیاسی لە دەرەوەی لێکدان و زاراوەی “کۆماری ئیسلامی” بە توندی ڕەت کردوە و لەم پێناوەشدا ئیعدام و لەسێداردانەکانی ساڵی 60 پەڵە و بەڵگەیەکی ڕەشە نەک تەنها بە نێوچەوانی ئه و دەسەڵاتەوە، بەڵکوو بە نێوچەوانی ئه و وڵاتەنەش کە بە ئاگاداری له و کارەسات و کۆمەڵکوژییەی زیندانییە سیاسییەکان(خاوەران) هەموو جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا چڕ و پڕتر کردەوە و هیچ هەڵوێستێکی دیپلۆماتیک و ئینسانییان بۆ بابەتەکە نەبوو.
خەباتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە لە سەرەوەی هەموویان حیزب و ڕەوتە کوردییەکان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران خەباتێکی نەپساوە و بەردەوام بووە و لەم ڕێگە دوور و درێژ و خوێناوی و پڕ هەوراز و نشێوەدا ئاڵای درەوشاوەی ناڕەزایەتی و مافخوازی و “نەخێر”گوتن بە دەست کوردەوە شەکاوەتەوە. دەبێ ئاماژە بەوە بکەم؛ لایەنە کوردییەکان سەرەڕای کۆمەڵێک گێرمە و کێشە و ململانێی نێوخۆیی بەردەوام، لە سەر مافە نەتەوەییەکانی خۆیان سووربوون و سوورن و یەکێک لە کۆسپەکانی بەردەم یەکگرتوویی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دژی کۆماری ئیسلامی داواکاریی ڕەوای کورد بووە بۆ مافە نەتەوەییەکانی خۆی، هەم لە ئاستی سیاسی و هەم لە ئاستی کەلتووری و جوگرافیدا، ئەگەرچی ئێستا هەست بە جۆرە ڕێککەوتن و سازانێک دەکرێت لە نێوان زۆربەی بەرە سیاسییەکان کە سەر بە جوگرافیایەکی دیاریکراو بە ناوی ئێرانن، بەڵام بێگومان ئۆپۆزیسیۆنی فارس لەوانە سەڵتەنەت تەلەب و ڕووخێنەر و سۆسیالیست و پان ئیرانسیتەکانیان هیچ کات بە ئاسانی مل نادەن بۆ داوا نەتەوەییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات، ڕەنگە کورد چەندین داواکاریی بخاتە ڕوو لەوانە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان یان دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان یان ڕەنگە باسی جیابوونەوە و سەربەخۆیی بکرێت، لە هەر کام لەم حاڵەتانەدا کە بێگومان لانیکەمی داواکاریی نەتەوەی کوردن.
ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی وەکوو کۆماری ئیسلامی و تەنانەت وەکوو دەوڵەتەکانی پەهلەوی یەکەم(ڕەزا شا) و پەهلەوی دووهەم(حەمەڕەزا شای کوڕی ڕەزاشا) دەجووڵێنەوه، بۆیە سەرەڕای وشیاریی سیاسیی و کۆمەڵایەتی کورد لەم قۆناغەدا، دەبێ هێزە کوردییەکان بە هەستیاری و باوەڕبەخۆبوون و لووتبەرزییەوە خاوەندارێتی بکەن لە چل ساڵ زیاتر لە خەبات و قوربانیدانی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەیان و بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بڵێن: کە کاتێک ئەوان بە نیوە و ناتەواو یان بە ڕاست و سیاسییانە دەنگیان بە “بەڵی” دا بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، ئەوا تەنها کوردستان بوو کە دەنگی “نەخێر”ەکەی گەیشتە سەرتاسەری ئێران و ناوچەکە و دوونیا و چل ساڵ زیاتریشە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران خەریکن ئه و نەخێرە کپ کەنەوه، کەچی پێیان ناکرێت!. لە درێژەی ئەم کاروانە دوور و درێژەی خوێن و خەباتدا ئێستە ژنانی کوردستان بوون بە سەرپشکی هەموو ژنانی ئێران و لە ئازەربایجانی تورکەوە تاکوو تارانی فارس و هەمەڕەنگ و تاکوو بەلووچستانی بەلووچ و ڕەشت و گیلان و…بە زمانی کوردی دەڵێن “ژن، ژیان، ئازادی”. خەباتی مەدەنی لە کوردستان پێشکەوتنێکی بێوێنە و بەرزی بەخۆوە بینیوە و لە درێژەی زیاتر لە چل ساڵ هەم پاشخانێکی سیاسی و ڕۆشنبیریی باشی پەیدا کردووە و هەمیش ئەزموونێکی دەوڵەمەند و تۆکمەی بەدەست هێناوە. دوای کوشتنی “ژینا” لە لایەن گەشتی ئیرشادەوە لە تاران و خاوەندارێتی کردنی کوردستان لە ڕۆڵە غەریبەکەی باوەشی تارانی مەرگدۆست، ڕووداوەکان وەکوو زنجیرەیەکی یەک لە دوای یەک، دۆمینەئاسا بەدوای یەکدا هاتن و ڕۆحی مافخوازیی ژنانیان لە سەرتاسەری ئێران هێنایە سەر شەقام و ڕابوون. خاڵی جێگەی سەرنج و زۆر گرینگ ئەوە بوو کە سەرپشک و خاوەندارێتیی ئەم ڕابوون و ڕاسانە کوردستان و ژنانی بوێر و دلێر و مافخوازی بوون. ئەگەرچی فیمینیزمی کوردی بەردەوام لە لایەن فیمینیزمی تاران و ناوەندەوە بەوە تۆمەتبار کراوە، کە بەشێک لە کەڵکەڵەکانی نەتەوەخوازییە و لە بەرامبەریشدا لە لایەن فیمینیستە کوردەکانەوە باس لە دۆخ و شوێنگەی ژنانی کورد لە ناو کەلتوورێکی نەتەوەییدا کراوە، که جیاواز لە پێکهاتی ناوەند و تاران هاوکێشەی ژنانی دروست کردووە.
بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دواییە دەریخست بزاڤی شوناسخوازیی ژنانی کوردستان بە بێ ملدان بە تیۆرە و لێکدانەوە جیاوازەکان دەنگی خۆی هەڵبڕی و زمانی کوردی وەکوو زایەڵەی شۆڕش دژی ستەم و ناعەدالەتی و دەسدرێژی، هەژموونی و هەیمەنی زمانی فارسی شکاند و له و سنوور و بازنە فەرمی و حکوومەییەی دەسەڵاتی زمانی فارسی پەڕییەوە و لە زۆربەی شوێنەکانی ئێران زایەڵەی “ژن، ژیان، ئازادی” بە زمانی کوردی تێکەڵ بە زمانەکانی تورکی و فارسی و …دەبوو، تەنانەت ئەگەر ئەم دروشمە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی و لە ژێر ناوی”زن، زندگی، ێزادی” خراوەتە ڕوو، ئەوا ڕەگ و سەرچاوە سەرەکییەکەی کوردستان و زمان و خەباتەکەیەتی، لەبیرمان نەچێت کە گوتاری خەبات و بەرخۆدانی سیاسیی ژنان و پیاوانی کوردستان ئەم گوزارە شۆڕشگێرانەیەی بەرهەم هێناوە و ئێستە کردوویە بە سەری ڕمی گۆڕانکارییەکان لە هەموو ئێران و پارادایمی خەباتی سیاسیی و مەدەنیی، بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە ئێران و کوردستان و بگرە ناوچەکەش بە تەواوەتی گۆڕی. بێگومان ئێستە زووە هەموو لایەنەکانی ئەم ڕابوونە بخەینە بەر باس و لە سۆنگەی جیاواز و جۆراوجۆرەوە و لە ڕەهەندی سیاسی، کۆمەڵایەتی، چینایەتی، نەتەوەیی و جێندەرییەوە هەڵیسەنگێنین، بەڵام ئەوەی کە حاشاهەڵنەگرە سەرپشگی و پێشەنگایەتیی ژنانە لەم ڕابوونە سەرتاسەرییە دژی ڕژێمێک کە زیندان و تاریکخانەکانی لێوانلێون لە پیاوانی جەنگاوەر و دلێر و شۆڕشگیڕ، ئەم ڕابوونە ڕێبەرایەتی و پێشەنگایەتی ژنانی کوردستانە لە سەقز و سنه و مەریوان و قوروە و کامێران و #کرماشان#ەوە، تاکوو پاوە و #ئیلام# و شاباد و…، ژمارەی قوربانییەکان و گیراوانی کوردستان بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان لە کوردستان چەند قاتی شوێنەکانی وەکوو تاران و کەرەج و تەورێزە و پشکنینی ماڵ بە ماڵ لە سنە و سەقز و مەریوان و…بەردەوامە.
گرینگیی پێشەنگایەتیی ئەم خەباتە لە لایەن ژنانەوە ئەوەیە کە ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامیی لەسەر ملکەچبوون یان نابکەربوون و بەرکاربوونی ژنان لە کۆمەڵگادا دامەزراوە، ژنان لە دیدی ئەودا هێمای گوناه و شەیتانن و دەبێ بە هەر شێوەیەک بووە بوار نەدرێت لە ڕێگەی جەستەیانەوە شەیتان داخڵی دڵی پیاوان و باوەڕداران بێت و ئیمانیان سست و لاواز بکات و حکوومەتی ئیسلامی و داهاتووی ڕزگاریی جیهان، بکەوێتەوە مەترسییەوە!. ئەم وێنە کەونارا و پاشکەوتووە کە لە ئەفغانستان و وڵاتانی پێشنەکەوتوو لە ژن هەیە لە ڕاستیدا بە بارە پێچەوانەکەیدا دەرخەری خاڵی ڕزگاریی ئێمەیە کە ئەویش ژنانن!. شتێک کە ئەوان وەکوو خاڵی ڕەش لە جیهانێکی تاریکی سەر بە شەیتان وێنەیان کردووە!. نابێ بیر لەوە بکەینەوە کە دەسەڵاتگەلی ئاواهی خاڵی لاوازی خۆیان هەر لە سەرەتاوە دیاری کردووە و ڕژێمێکی وەکوو کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران کە تاقمێک لە ژنان دژی باڵاپۆشیی زۆرەملیی هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕی، بە توندی سەرکوت کرد و لەم ڕۆژانە ڤیدیۆکانی ئه و ساڵانە بڵاو بووتەوە کە بەشێک لە ژنانی ئێران هەر له و سەردەمەدا دژی ئەحکامە زۆرەملییەکان وەستانەوە، بەڵام عەمامە لەسەرە سپی پۆشەکانی تاران و قوم هەر زوو لەم شەیتانە! تۆقان و بۆ ماوەی چل ساڵ دەنگ و خەون و زایەڵە و مافخوازی و شوناسیانی سەرکوت کرد و ڕۆحیانی بنپێ خست، بەڵام ئێستە نوور لە ئەشکەوەتە تاریکەکەوە هاتووە دەرەوە و بانگەوازی گۆڕانی بنەڕەتی دەکات بە زایەڵەیەکی بەرزی بوێرانە و نەترسانەوە کە پیاوان لێی حەپەساون!.
کێ بە خەیاڵیدا دەهات تاڵە قژ و مووەکانی کچان و ژنان لە حوجرەی شاعیران و ئەدیبان و لە ژێر فەتوای ئاخوند و مەلاکان بێنە دەرەوە و بە ئازادی با بیانشەکێنێت و مژدەی ئازادیمان بدەنێ و خەونی ئازادی بە گوێماندا بچرپێنن؟ ئیتر لە ئێراندا داماڵینی لەچک و سەرپۆش و ڕووسەری تەنها کەمتەرخەمیی لە بەڕێوەبردنی ئەحکامە دینییەکان نییە، یان نیشانەی بێ باوەڕی بە ئایین نییه (وەکوو ئاخوندەکان دەیڵێن!) بەڵکوو هاوارێکی زەرد و ڕەش و لەت لەتکراوە دژی ستەم و زوڵم و چەوسانەوەی سیستەمێک کە گەیشتووەتە بنبەست!. سیستەمێک کە تێیدا ڕۆژانە دەسدرێژی دەکرێتە سەر ژنان لە ئیدارە و فەرمانگەکانی!. ڕۆژانە ژنان دەگرێتە خزمەت لە قەوارەی سیغە و مارەکردنی کاتی بۆ زیارەتکەرانی نەجەف و کەربەلا!. سیستەمێک کە… ئەمە سەرەتای ڕێگایەکی مانادار و ڕەمزییە کە لە جوانترین و هێماییترین بەشی جەستەی ژنان واتە قژیانەوە دەست پێدەکات!. ئایا پرچ و کەزیەی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران مژدەی ئازادییەکی ڕەنگاوەڕەنگ وەکوو زەردی و سووری و ڕەشی و سپێتیی قژ و پرچیان دەدات؟ دەبێ چاوەڕوان بین بزانین ئەم کاروانی خوێنە لە کوێدا دەگاتە نوور و تاریکی لەگۆڕ دەنێت. [1]