#پارتی دیموکراتی کوردستان# و #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و #لاهور شێخ جەنگی# و #نەوەی نوێ#، هەر یەکەیان بە لیستێکی جیاواز بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای #کەرکووک# دەکات. بەو پێیە کورد لە کەرکووک بە چوار لیستی جیاواز بەشداری دەکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر زاری کەمال کەرکووکییەوە ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئامادەیە لەگەڵ هەموو حیزبە کوردییەکان لیستی هاوبەش درووست بکات بۆ هەڵبژاردن تەنیا لەگەڵ خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر نەبێت، کە مەبەستی پارتی ئەوەیە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ یەکێتی لیستی هاوبەش درووست ناکات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ڕێگەی سەردانەکانی سەرۆکی حیزبەکەیەوە بۆ لای لایەنەکانی دەرەوەی پارتی داوای هاوپەیمانێتی لەسەرجەم حیزبەکان کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنی وەرنەگرتووەتەوە. بەڵام بەپێی زانیارییەکان، #بافڵ تاڵەبانی# لەنێو هەموو لیست و حیزبە کوردییەکان تەنیا ڤیتۆ لەسەر لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی هەیە.
نەوەی نوێ، لەسەرجەم ئەو هەڵبژاردنانەی بەشداریکردووە ڕەتیکردووەتەوە لەگەڵ هیچ هێزێکی دیکە هاوپەیمانێتی ببەستێت یا لیستی هاوبەش درووست بکات. بۆ ئەم هەڵبژاردنەش ڤیتۆی لەسەر سەرجەم هێزە کوردییەکان هەیە و دەیەوێت لیستی سەربەخۆی خۆی هەبێت.
لاهور شێخ جەنگی، لە دوای ڕووداوەکانی 8ی تەمووزی ساڵی 2021، یەکەم ئەزموونی بەشداریکردنی هەڵبژاردنییەتی بەشێوەیەکی سەربەخۆ، بەڵام لە ماوەی ڕابردوو پێشنیاری پێکهێنانی لیستی هاوبەشیکرد لەنێوان خۆی و هەر یەک لە #بزووتنەوەی گۆڕان# و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری، بەڵام هەر سێ حیزب بەدەم داواکەی لاهور شێخ جەنگییەوە نەچوون. [1]