ناونیشانی بابەت: ڕۆڵی پەروەردە، لەکەمکردنەوەی توندوتیژی
ئامادەکردن و نووسین: #ڕەئوف ئالانی#
(ئەگەر دڵێکی ئارامت هەبێت، شەڕ لەناوناخی خۆتدا ڕونادات- ماهاتما گاندی)
سەرەتا بابزانین توندوتیژی چییە و جۆرەکانی چین و کاریگەرییەکانی بۆ سەر تاک و کۆمەڵ چ ڕەنگدانەوەیەک درووست دەکەن؟
هیچ کەس لە توێژەران و شارەزایان و نووسەران، لەسەر پێناسەیەکی دیاریکراو ڕێکنەکەوتوون، بۆ توندوتیژی، هەریەکەو بە جۆرێک دەیناسێنێت، ئەمەش ئەوەدەگەیەنێت ئەم زاراوەیە زیاد لەپێناسەیەک هەڵدەگرێت.
دەکرێت بڵێین توندوتیژی دەرچوونە لە حاڵەتی تایبەت و هەڵچوونێکی دەروونییە، زۆرجار دەبێتە ڕوودانی خەم و ئازار بۆ کەسانی بەرانبەر، بەهۆی ئازاردانیان بەشێوازی ئازاردانی دەروونی یان جەستەیی.
توندوتیژی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر، جیاوازی هەیە کە چەند فاکتەرێک ڕۆڵی سەرەکی لەو جیاوازیەدا دەبینن.
گرنگترین فاکتەر بۆ زانینی جیاوازیەکە ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگەیە، بێگومان ئەوەی ڕۆڵ دەگێڕێت بۆ گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری گەلان، چەند هۆکارێکن لەوانە (شێوازی سیستەمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت (جۆری حومڕانی) ، سیستەمی پەروەردە، ئابووریەکی زانستی وگەشەکردوو....)
ئەمانە بەشێکن لەو فاکتەرانە، دیارە زۆری تریش هەن، بەڵام ئەمانە کاریگەرترینیانن بۆ سەر ژیان بەگشتی لەڕووی کاری توندوتیژیەوە.
کۆمەڵگەی دواکەوتوو هەمیشە وابەستەی عەقڵی نەریتییە، هیچکات خۆی لە بۆتەی خۆخوازی و بەرژەوەندپەرستی ڕزگارناکات، لەناوبازنەیەکی بچووک خوول دەخوات ولێی دەرناچیت، بۆیە کاتێ توندوتیژی لەلایەن کەسێکەوە سەرهەڵدەدات وەک ئاگر لەناو پووش و پاوانێک بکەوێتەوە، زووتەشەنە دەسێنێت و زۆرشوێنی تریش دەسوتێنێت، لەتاکەوە بۆخێزان و گوند و ناوچە و هۆز و خێڵ و عەشیرەت، زۆرجارئەم ڕووداوە بچووکانە واگەورە بوون دەیان کەس بوونەتە قوربانی و دەیان ساڵ درێژەیان کێشاوە.
بەڵام لە کۆمەڵگە شارستانیەکان و پێشکەوتووەکاندا، بەئاسانی بەهۆی دادگایەکی پڕ لەدادەوە زوو گرفتەکە چارەسەر دەکرێت و کەمترین کەس لەوکارە زیانی بەردەکەوێت، یان تەنیا ئەوکەسە سزا دەدرێت کە هۆکاری ئەوڕووداوەیە.
ئەمەوێ هەندێک جۆر لەتوندوتیژی باس بکەم و لە دواییدا هەوڵ ئەدەم گرنگترین فاکتەر بۆ چارەسەرکردنیان بخەمەڕوو، ئەوانیش ئەمانەن:
1-توندوتیژی فیزیکی (جەستەیی) ئەوجۆرەیە کەکەسی بکەر ئەبێتە هۆی ئازاردانی بەشێک لەجەستەی کەسێکی تر
2- توندوتیژی سێکسی و دەست درێژی کردنە سەرکەسانی تر بەزۆر، ئەم جۆرە زیاتر دەکرێتە سەرمنداڵان و ڕەگەزی مێینە، ئەم توندوتیژیە هۆکاری تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتییە.
3- توندوتیژی دەوروونی، جۆرێکی ترە لە ئازاردانی کەسی بەرانبەر، بەهۆی بەکارهێنانی شێوازێکی نادرووست و دوور لەمرۆڤایەتی.
4-توندوتیژی زارەکی (دەمپیسی) واتە بەکارهێنانی زمان بۆ وشەی نەشیاوبریندارکەروەک جنێوودرۆوبوهتان بەکارهێنان
5-توندوتیژی ئابووری، ئەمجۆرە بەکارهێنانی سامان وماڵ وسەروەتە بەشێوازێکی نەشیاو بێبەشکردنی کەسانی ترە لێی، یان نەڕەخساندنی هەلیکارە و چەوساندنەوەی کەسانی تر، زۆرجار جیاوازی چینایەتی و بێنرخ کردنی مافی مرۆڤی لێدەکەوێتەوە.
6-توندوتیژی ڕەگەزی، ئەمجۆرە زیاتر لەو کۆمەڵگەیانە سەرچاوە دەگرێت کە عەقڵی پیاوسالاری و بڕوانەبوون بەمافی ژنان بوونی هەیە.
7-توندوتیژی ئایینی، ئەمەش لەئەنجامی پیرۆزکردنی یەک بیروباوەڕ و ڕێنەدان بەئازادی بیروڕای تری ئایینی، زۆرجار لەم جۆرەدا ئەگەر بەووریایی و ئاگایی پیاوانی ئایینی مامەڵە نەکەن، کاری توندوتیژی دەگاتە هانابردن بۆتیرۆر و کوشتن و سڕینەوەی کەسان و ئایینەکانی تر، لەسەر توندڕەوی ئایینی (زەبرانی) دەڵێت: (توندڕەوی ئایینی و ستەمکاری سیاسی دوو دیوی یەک دراون، ئەوە بەس نییە کە دراوەکە لێبدەین، دەبێت بیگۆڕین) .
8-توندوتیژی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە، جۆرێکی مەترسیدارە بەتایبەت بۆ منداڵان کاتێ لەلایەن دایکان و باوکان و مامۆستایان بەرانبەر بە هەندێ منداڵ دەکرێت و دووردەخرێنەوە لە بەخشینی سۆز و میهرەبانی و بەشداریپێکردن.
من تەنیا بۆ سەرنجدان وئاماژە و خستنەڕوو ئەوجۆرە توندوتیژیانەم هێناوەتەوە، دەکرێ لەسەر هەریەکێک لەوانە دەیان توێژینەوە ئەنجام بدرێت، ئەرکی هەموو مرۆڤێکە ڕووبەڕووی توندوتیژی ببێتەوە و هەڵوێستەی لەسەر بکات و خۆی و خەڵکی تریشی لێ دووربخاتەوە، هەروەک (ئیبراهیم المحلاوی) دەڵێت: (وەستانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی توندوتیژی ئەرک و فەزیلەتە) .
بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەمان دووربخەینەوە لەتوندوتیژی پێویستە گیانی ئاشتی زاڵ بکەین بەسەر گیانی شەڕەنگێزیدا، سیاسەتزان و شۆڕسگێڕی ناودار (ماهاتماگاندی) ئاماژەی بەگیانی ئاشتی کردووە و وتوێتی (هیچ ڕێگایەک بۆ ئاشتی نییە، بەڵکوو ئاشتی خۆی ڕێگایە) .
هەر لەمبارەوە پیاوی شۆڕشگێڕ و سەرکردەی ئەفەریقا (نیلسۆن ماندێلا) وتوێتی: (ئاشتی ئەوەیە کە هەست بە تێگەیشتن لە کەسانی تر دەکەیت و فێر دەبیت بە ئاشتی لەگەڵیان بژیت) .
هیچ گۆڕانکارییەک بەئاڕاستەی باشکردن و چاکسازی بەبێ پلان وتوێژینەوەی زانستی و ئاشنابوون بە تەواوی گرفتەکە، ئاکامێکی نابێت، بەبۆچوونی زۆربەی پسپۆڕان و شارەزایانی هەردووبواری کۆمەڵناسی و دەروونناسی، پێیان وایە زۆرهۆکار دەبنە لەمپەڕی توندوتیژی و توندڕەوی، وەک میدیا و کەسانی بەرپرس لە ئایینەکان، پەروەردە، بەڵام لە هەمووان گرنگترپەروەردەیە، بۆیە ناکرێت هەروا بەسانایی و سادەیی لەپەروەردە بڕوانین، حکومڕانی باش و بائاگا و خەمخۆر هەمیشە دڵی لەسەر فەلسەفەی پەروەردەکەیەتی، نەک خەمی گیرفانی بەرپرسان و تاڵانکردنی زەوی نیشتمان بۆبازرگانیەکانی خۆیان.
پرۆگرامەکانی خوێندن پێویستە خاڵی بکرێنەوە لەو بابەتانەی گیانی شەڕەنگێزی و تۆڵەکردنەوە و ئاژاوە لەناو منداڵاندا درووست دەکەن، چونکە ئەمانە دەبنە ئاژاوە و ناخۆشی لەسەر کۆمەڵگە، لەجێی ئەوانە سۆز و میهرەبانی و هاوکاری و خۆشەویستی دابنرێن، ئەمانەش خۆشنوودی بە ژیان دەبەخشن.
ئەم وتارە بەووتەی ناودارێک کۆتایی دەهێنم، وەک چۆن بەووتەیەکی گرنگ دەستم پێکرد، بەهیوام هەموولایەنە پەیوەندیدار و بەرپرسەکانی ئەم بوارە، سەرنج و بۆچوونەکانمان بەهەند وەربگرن، لەبەرخاتری نەوەی داهاتوو کە ژیانێکی پڕ لەئاشتیان بۆ دابین بکەین، شەڕ و ئاشووب و کوشتن و نەخۆشی و ناخۆشی بکەین بە ئاشتی و ڕێزگرتن.
(تیتاڕۆنی) دەڵێت: (ئاشتی تەنیا نەبوونی ململانێ نییە، بەڵکوو بوونی دادپەروەری و لێبوردەیی و ڕێزگرتنی یەکترە) . [1]