- ڕۆژ قادری
ڕێککەوتنی 11ی مارس کە لەنێوان حکوومەتی ناوەندیی ئێراق و پارتی دێمۆکراتی کوردستان واژۆ کرا، 15 خاڵی لەخۆ دەگرت کە بەشێکی زۆر لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی باشووری کوردستانی گەرەنتی دەکرد، بەڵام موناقەشە لەسەر سنوورەکانی ناوچەی خودموختاری کوردستان و جیبەجێ نەکردنی ئەو 15 خاڵە لەلایەن بەغداەوە، دیسانەوە دۆخێکی قەیراناویی لە باشووری کوردستان خوڵقاند.
خاڵی 14ی ڕێککەوتننامەی 11-03-1970، لەبارەی ڕێکاری کۆتاییهێنان بە ململانێی کەرکووک و دیاریکردنی چارەنووسی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرکانی تر بەم شێوەیە بوو:
دوای ڕاگەیاندنی ئەم بەیاننامەیە، بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای چاوەدێری و جێبەجێکردن و بەپێی سەرژمێریی فەرمی کە لەمەودوا جێبەجێ دەکرێت، دەبێ هەوڵی پێویست بۆ یەکیەتیی پارێزگاکان و ناوچە ئیدارییەکان کە زۆرینەی دانیشتووانیان کوردن، جێبەجێ بکرێت. لەمەودا دەوڵەت هەوڵەکانی خۆی بە ئاڕاستەی گەشەی هەمەلایەنەی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی مافی نەتەوەی کورد بۆ خودموختاریی کوردستان، درێژە پێ دەدات. هەتا کاتێک کە یەکیەتیی ئیداری پێک دێت، کاروباری نیشتمانیی کوردستان لە ڕێگای دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی باڵا و پارێزگارانی ناوچەکانی باکوور، ئیدارە دەکرێت. بەهۆی ئەوەی خودموختاری لە چوارچێوەی کۆماری ئێراق پێک دێت، کەوایە مافی دەرهێنان و کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەو ناوچانە، لەژێر دەسەڵاتی ئەم کۆمارەدا دەبێت.
حکوومەتی بەعس چەند مانگ دوای ڕێککەوتنی 11ی مارس، ئامانجە ڕاستەقینەکانی خۆی نیشان دا. لەوانە، حکوومەتی بەعس بە دوای پیلانێکەوە بوو کە سەرژمێریی کەرکووک و دەوروبەری دەستکاری بکات، چونکە پێشتر ڕاگەیەنرابوو کە 85 لەسەدی حەشیمەتی ناوچەی کەرکووک و دەوروبەری، کوردن.
گرژییەکان لەسەر کەرکووک و دواخستنی سەرژمێرییەکە، ڕێککەوتنەکەی تووشی کێشە کرد بەعس نەیدەویست سامانەکانی کەرکووک لەدەست بدات، بۆیە دەستی کرد بە بەعەرەبکردنکردنی ئەو شارە و ناوچەکانی دەوروبەری.
دەوڵەتی ئێراق بەبێ بەشداری و ڕەزامەندیی پارتی دێمۆکراتی کوردستان، ڕێکەوتی 11ی مارسی 1974، یاسای پێوەندیدار بە خودموختاریی کوردستانی بڵاو کردەوە. ڕۆژی دواتر دەفتەری سیاسیی پارتی دێمۆکراتی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، هەڵوێستی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ ناوچەی خودموختار ڕاگەیاند و پەردەی لەسەر خاڵە ناکۆکەکان لا دا کە گرینگترین کۆسپی دانوەستانەکان، دیاریکردنی سنوورەکان ناوچەی خودموختار و چارەنووسی کەرکووک و سیاسەتی بەعەرەبکردنکردنی ئەو ناوچەیە بوو.
ڕێژیمی بەعسی ئێراق لە دەیەی 70ی زایینی، چەندین جار بڕیاری تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانیی دا. ئامانجی ئەوان لە تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی ئەوە بوو کە ئیمتیازێکی کەمتر واتە خودموختاریی دڵخوازی خۆیان بە کوردەکان بدەن و بە ئاسانی ناوچە نەوتییەکانی کوردستان بکەن بە ناوچەیەکی عەرەبی. لە دەیەی 70دا، گرینگترین ناکۆکیی نێوان مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ ڕێژیمی بەعس، بەعەرەبکردنکردنی ناوچە نەوتییەکانی کوردستان لەلایەن بەعسەوە بوو.
#مەلا مستەفا بارزانی# ڕێکەوتی 10-03- 1974 بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک، ئەم پێشنیارانەی خوارەوەی بە دەوڵەتی ناوەندیی ئێراق گەیاند:
1- پارێزگای کەرکووک وەک خۆی بمێنێتەوە لەگەڵ سیستەمێکی تێکەڵاو لەژێر دەسەڵاتی ناوچەی خودموختار.
2- پارێزگای کەرکووک بکرێتە دوو بەش: حەویجە و قەرەتەپە لەژێر دەسەڵاتی ناوەندیدا بێت، شاری کەرکووک و ناوچەکانی تر لەژێر دەسەڵاتی ناوچەی خودموختاردا بێت.
هەڵبەت ئەم پێشنیارگەلە لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە ڕەت کرانەوە و دانوەستانەکان گەیشتن بنبەست.
لە مارسی 1974دا، ئەنجوومەنی فەرماندەیی شۆڕشی ئێراق، یاسای پێکهاتنی ناوچەی خودموختاری کوردستانی بە پایتەختیی هەولێر دەرکرد و گۆڕانکاریگەلێکی لە یاسادا جێبەجێ کرد و ناوچە نەوتییەکانی کوردستانی لە سنوورەکانی ناوچەی خودموختار هێنایە دەرەوە، لە ئاکامدا پارتی دێمۆکراتی کوردستان دژی ئەم یاسایە ڕاوەستا و شەڕ هەڵگیرسایەوە.
ئەوەی کە ڕوونە، گرینگترین هۆکاری شکستی ڕێککەوتننامەی مارسی 1970ی نێوان بەغدا و پارتی دێمۆکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی مەلا مستەفا، بێگومان پرسی دیاریکردنی سنووری ناوچەی خودموختاری کوردستان بوو کە پارێزگای کەرکووکی لەخۆ نەدەگرت. ئەمە بووە هۆی ئەوەی دانوەستانەکان شکست بخوات و شەڕ دەست پێ بکاتەوە.
دوای شکستهێنانی دانوەستانەکان، ئەرتەشی ئێراق بە 120 هەزار سەرباز و 700 تا 800 تانک (ئەوکات ئێراق 900 تانکی هەبوو) و 20 گوردانی تۆپخانەیی و هەموو هێزی ئاسمانی (11 هەزار کەس) و بە 20 هەزار پۆلیس، پەلاماری کوردستانی دا. لەهەمبەر ئەم هێزە زەبەلاحەدا، 50 هەزار پێشمەرگە خەباتیان دەکرد.
مەلا مستەفا بارزانی و هاوپەیمانەکانی لە بزووتنەوەی کوردستان، بە هیوای پشتیووانیی ئێران و ئەمریکا، شەڕ دژی بەغدای پەرە پێ دا. وێڕای سەرکەوتنی کوردەکان لە شەڕ دژی بەغدا، بەڵام هێزەکانی بەغدا توانییان چەند شاری کوردستان، لەوانە زاخۆ، لە هاوینی 1974دا، داگیر بکەن.
لە سەرەتاکانی ساڵی 1975، شەڕەکە گەیشتە شوێنێک کە ئیتر ئێراق نەیدەتوانی بەبێ پچڕانی پشتیووانیی ئێران، لەو شەڕەدا سەر بکەوێت.
لە فێڤرییەی ساڵی 1975، ئێراق چرا سەوزی بە هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی دا کە دەیەوێت ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئێران لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە چارەسەر بکات. ڕێکەوتی 6-03- 1975، محەمەدڕەزا شای ئێران و سەدام حسێن جێگری سەرۆککۆماری ئێراق، لە ئەلجەزیرە پێکەوە کۆ بوونەوە و ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە کۆتایی بە دوژمنایەتیی هەر دوو وڵات هێنا. ئەم ڕێککەوتنە بووە هۆی ئەوەی ئێران چیتر پشتیووانی لە کوردەکانی باشووری کوردستان نەکات.
پەیماننامەی ئەلجەزایەر کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر خەباتی چەکدارانەی بزووتنەوەی باشووری کوردستان دانا و بۆ ماوەیەک ئەم بزووتنەوەیەی سڕ کرد، بەڵام پارتی دێمۆکراتی کوردستان و کوردستانییان لە باشووری کوردستان هەرگیز دەستهەڵگری خەبات و تێکۆشانی خۆیان نەبوون و لە ساڵانی دواتردا ئەو خەبات و تێکۆشانە بە هەندێک لە ئامانجەکانی خۆی گەیشت و خەبات بۆ ئامانجی کۆتایی کە سەربەخۆیی کوردستانە، بەردەوامە.[1]