ناونیشانی بابەت: زەوی ئاگر
ئامادەکردن#خالید سولەیمان#
=KTML_Bold=وێنەکان لە فایلی پەیوەندیدار دانراون، =KTML_End= ئەو وێنانە کە دوێنێ 22-01-2023 ئاژانسی بۆشایی ئەوروپی (کۆپەرنیکۆس) دوێنێ گرتوویەتی، دوورگەکانی خوارووی کێشوەری ئەمریکای لاتین پیشان دەدات کە پێکهاتووە لە هەزاران دوورگەی بچووک و گەورەترینینان (زەوی ئاگرە) . ئەم دوورگانە نزیکترین زەوین لە جەمسەری باشوورەوەو بەشێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەرجەنتین و ئەوی تریان بۆ چیلی. نزیکەی 1800 هەزار کەس لەهەردوو وڵات لەم دوورگانەدا دەژین و ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دووای سەردەمی دووای کریستۆفەر کۆڵۆمس.
گەرووی ماگێلان ئەم دوورگانە لە کێشوەری ئەمریکا جیادەکاتەوەو ڕووبەریان دەگاتە 70000 کم. پێش گەیشتنی ئەوروپییەکان (12 هەزار ساڵ پێش ئێستا) ، دانیشتووانە ڕەسەنەکانی ناوچەکە ڕاوشکارو گەریدە بوون. لەسەردەمی گەیشتنی ئەوروپییەکانیشدا ساڵی 1520 لە زەریاوە ئەو ئاگرانەیان بینیوە کە دانیشتووان ڕەسەنەکان هەڵیانکردووەو لێرەوە ناوی ناوچەکە دەنێن زەوی ئاگر.
یەکەم کەشتییەوانی ئیسپانی کە دەگاتە ئەم شوێنە ناوی فێرناندۆ دۆ ماگێلان دەبێت و دووای ئەو گەشتە شای ئیسپانیای ئەو کاتە چارڵزی پێنج ناوی ئەو گەرووەی دوورگەکان لە بەشەکانی تری کێشوەرەکە جیادەکاتەوە لێدەنێت (گەرووی ماگێلان) . لەسەرەتادا ئەوروپییەکان وەک کێشوەرێک تەماشای زەوی ئاگریان دەکرد، بەڵام لە ساڵی 1600 بەدوواوە بۆیان دەرکەوت کە بەشێکە لە ئەمریکای لاتین.
شاعیرو نووسەری ئۆرۆگوایی ئێدواردۆ گالیانۆ شاکارێکی ئەدەبی هەیە کە لە سێ بەش پێکهاتووەو ناونیشانەکەی (یادەوەری ئاگر) . بەدووری نازانم ناونیشانی ئەم شاکارە ئەدەبییە کە لەسەر دانیشتووانە ڕەسەنەکانی ئەمریکای لاتین نووسراوە پێش ئەوەی بکەونە بەردەم هێڕش و لەناوبردنیان لەلایەن ئەوروپییەکانەو، لە ناوی ئەم دوورگانەوە وەرگیرابێت. [1]