ناونیشانی بابەت: تەڕەزانی کورد لەنێوان سرووشت و سیاسەتدا
ئامادەکردن: #حەبیب ساڵحی#
دوای ئەوەی لە هەواڵەکاندا تەڕەزانی کورد وەکوو هۆگر و سرووشتخوازێک ناسرا، کەوتە بەر سەرنجی خەڵک و میدیاکان دەرکەوت کە ئەو جگە لەو گۆشتە خاوەی کە بە وتەی خۆی لە ڕاوی ئاژەڵانی کێوی دەستی دەخات و بە شێوەیەکی ناتەندرووست دەیخوات، بە شێوەی نائاشکراش سەرێکیش دەدات لە ڕیستۆرانتەکان و بە شاورمه، مێوانداریی لەخۆی دەکات، لەڕاستیدا ئەم لایەنە هێندە گرینگ نییە کە ئەو درۆی کردووە یان نیوە ڕاستییەکی وتووە، بەڵکوو ئەوەی جێگەی تێڕامانە دۆخەکانی پەیوەندیگرتنە لەگەڵ سرووشت، دەشێت بڵێم دۆخی یەکەم ئەو حەز و ئارەزووە دێرینەی مرۆڤە بۆ سرووشت و دونیا بێبنەکەی و دۆخی دووەم لێرەدا ئەو خورافییەت و وەهمەیەتی لە تێگەیشتن و تێکەڵبوون لەگەڵ سرووشتدا، کە بێگومان ئێمە هەم وەکوو مرۆڤی سەردەمی زیرەکیی دەسکرد و هەم وەکوو کورد، وەکوو نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و بێ کیانی سەربەخۆ کە دەسەڵاتێکی قایم و پتەوی بە سەر جوگرافیاکەیدا نییە، لە دۆخێکی جیاواز و سێیەمداین واتە بەدەر لەو دوو دۆخ و حاڵەتەی سەرەوە کە ئاماژەم پێدا لە پەیوەندی لەگەڵ سرووشتدا دەجووڵێینەوە.
هۆکارەکەش بەر لەوەی ئانترۆپۆلۆژیانە و زانستیی بێت، سیاسی و مێژووییە، کورد لەم قۆناغەدا لە پەیوەندیگرتن بە سرووشتەوە بەر لەوەی وەکوو سەردەمی شاخ لەژێر سێبەری گوزارەی “چیاکان تاقە هاوڕێمانن” ژیان و فەلسەفە و ڕێبازێک مانیفێست بکات، لەم قۆناغەدا زیاتر لە داوی خەون و وێنەی هۆلیڤۆدی و ڕۆژاواییە، لە حاڵێکدا گەڕانەوەی مرۆڤ لە ڕۆژاوا بۆ ئامێز و دامێنی سرووشت بنەمایەکی زیاتر ڕۆحی و شاربێزانە و ژینگەپەرستانەی هەیه، لە قۆناغی ئێستای ئێمە کە خێزانێکی چوار کەسی چوار ئۆتۆمۆبێلیان هەیە، کە بەشێکی زۆرمان کاتێک دەچینە سەیرانگاکان و داوێنی سرووشت کۆڵێ زبڵ و خاشاک بەجێ دێڵین، هەموومان ئەم وێنەیەمان بینیوە کە لە جامی ماشێنەکانەوە شت فڕێ دەدرێتەوە دەرەوە، لە ئاوەها حاڵەتێکدا ئەم پەیوەندییە لەگەڵ سرووشت کە خەون بە ڕیتمی ڕۆحی سرووشت ببینین و حەز بکەین وەکوو تەڕەزان لە ئامێزیدا ئارام بگرین (با شەوانەش بگەڕێینەوە بۆ جیگە گەرم و نەرمەکەی خۆمان!) ، یان جۆرە تێگەیشتنێکمان وەکوو فەلسەفە کۆنباوەکان لێیەوە بە ئیلهام بدرێتێ، بە ئاسانی ئاسایی و هاوسەنگ ناکرێتەوە.
واتە ئەم پەیوەندییە لەسەر کۆڵەکەیەکی خوار و خێچ و پووکاوە ڕۆنراوە تاکوو خواستێکی قووڵ بۆ داسەکنان لە هەناوی سرووشت و تێگەیشتنێکی ڕۆحانی لە سرووشت، پێویست بە گوتن ناکات لە سەردەمی پێشمۆدێڕنی کۆمەڵگەی ئێمە و سەردەمی شاخ ئەو پەیوەندییە لەگەڵ سرووشت ڕەسەنتر و تەندرووستتر بوو، بە هەموو ئەو بارەی کە بە سەر سرووشت داماندەدا هەمدیس شتێک بەناوی ژینگەی سرووشتی و ژیان لە ئامێزی سرووشت بۆن و بەرامەیەکی ڕاستەقینە و ڕۆحانی هەبوو، بەڵام دوای ڕزگاربوونی بەشێک لە باشووری نیشتمان کە دەرفەتی ژیانی شارییانەی ئەمین و ئەمڕۆیی زیاترمان بۆ خولقا، زیاتر لەو دابڕان و خەسارە گەورەیەی کە لەنێوان ئێمە و سرووشتدا درووست بووە تێگەیشتین، ئەگەر لە شارەکانەوە و لە ناو حەشامەت و ناوەندەکانییەوە بمانەوێت سرووشت پێناسە بکەین، سرووشت بە واتای شێوەژیان و ژیارێک ئەوا دەبێت بڕوانینە نەریت و شێوەژیان و پێکهات و هەموو شتێکی گوند و گوندییان، واتە لە ژیاری مرۆییدا سرووشت لە کڵاوڕۆژنەی گوندەوە بەڕوی ئێمەدا دەکرێتەوە، ڕووە مرۆییەکەی کائیناتە، بەڵام داخۆ ئێستە گوند و دۆخی گوند لەم نیشتمانە سووتێنراو و بۆردومانکراو و هەڵکڕووزاو و بەسووتماککراوە کامەیە و چۆنە؟ من هەوڵ ئەدەم لە درێژەدا تیشک بخەمە سەر هۆکارەکانی ئەم لێکترازاوییە و کاریگەریی سیاسەت و جەنگ لەسەر سرووشت و بە پێی ئەوەش شکڵگرتنی جۆری پەیوەندی ئێمە بە سرووشت و دەرکەوتنی تەڕەزان لەم فۆرمە ناڕەسەن و پەشێوەیدا.
لەم شیکارییەدا هەوڵدەدەم باس لەوە بکەم کە پەیوەندیکردنی ئێمە بە سرووشتەوە و ژینگە دۆستیی ئێمە دەرئەنجامی ئارەزوو و ئاواتمەندییەکی ڕەسەن و ئۆرگانیکی نییە کە لە پڕۆسەیەکی گەشە و پەرەئەستاندنی سرووشتی و دوور لە شێواندنە بنەڕەتییەکانی مێژوو هاتبێتە ئاراوە ئەوەندەی جۆرە قۆپییەکردن و لاساییکردنەوەیەکی کرداری ڕۆژاواییانە و نواندنەوەی پاڵەوانەکانی ناو ئەو ژیارەیە. سەرەتا دەبێت لەسەر سرووشت هەلوێستە بکەین و پاشان ئەو دۆخەی کە لەلایەن مرۆڤ بە گشتی و لەلایەن داگیرکەرانی کوردستان بە تایبەتی بەسەر کورد و کوردستان سەپێنراوە، شی دەکەمەوە و دواتر دیمەنی ئەو دۆخە خواروخێچ و نائۆرگانییکەی پەیوەندیی ئێمە بە سرووشت و فیچقەکردنی نیشانەکانی ئەم ناتەندرووستییە (لە قەوارەی تەڕەزان وەکوو ڕەمز و نیشانە نەک کەس) زیاتر ڕون دەبێتەوە بۆمان.
سرووشت پانتاییەکی لێکدابڕاو و لەت لەت نییە، بەڵکوو یەکە و پانتاییەکی یەکانگیر و پێکەوە پەیوەستە کە بەپێی یاساکانی خۆی پەیوەستبوون و هاوکات هەڵبڕان و جودایی پێناسە دەکات، سنووری نێوان دوو پانتای وشکانی بە ڕووبار یان دەریا و دەریاچەیەک لێک هەڵدەبڕێت یان سنووری نێوان دوو پارچە زەوی سەربەرزاییەکان بە خەرەند یان کەندڕێک لێک جودا دەکاتەوه، بەڵام بە هەموو ئەمانەشەوە ئەو ڕۆحە یەکانگیرەیە کە هەر برینێک لەسەر جەستەی بکەوێت بەکۆ پێیەوە دیارە و وەکوو وڵاتان و دەوڵەتان نییە کە سنوورێکی سیاسیی دەسکردی زۆرەملی دیاری کردبێت و لەو چوارچێوەیەدا ڕووداوەکانی ناو جیهان و کۆمەڵگە دەستنیشان بکات. بەڵام ئەم تێڕوانینە هێندەی کە زانستییانە و مووچەڕەدە هێندەش ئایدیال و خەونئامێزە، چونکە لەو ڕۆژەوەی کە مرۆڤ هاتە سەر ئەرز ڕووبەرەکانی سرووشت و سیحر و داهات و دەرکەوتەکانی هۆی مشتومڕ و ململانێی مرۆڤەکان و نەتەوەکان و دەوڵەتان و ئیمپراتۆرییەتەکان بوونە. ناوەندبوونی سرووشت لە مانابەخشی یان ماناکوژیی شارستانییەتەکاندا بەڕادەیەکە دەتوانین بڵێین بێشکەی بوون و نەبوونی هەموو مرۆڤایەتییە. ئەم ناوەندارێتییەی سرووشت بە ڕادەیەک بووە کە هەر لە سەردەمانی کۆنەوە بە شێوەی جیاواز و جۆراوجۆر پەرستش کراوە، لە دیاردەیەکی بچووکی وەکوو درەخت و ڕووبارێکەوە تاکوو وەکوو کۆیەک لە هەیکەلی خودایەکی تاقانەدا.
ئەم چەقبوونەی سرووشت لە زانست و فەلسەفە لە سەردەمانی کۆنیشدا هەر هەبووە و دەتوانین بەشێکی زۆری فەلسەفەی پێش سوکراتییەکان و سوکراتییەکان بە فەلسەفە و مەعریفەی سرووشتناسی یان فیزیا بە واتا فەلسەفییەکەی بخوێنینەوە، واتە سرووشت ئەو شوێنە بووە کە حەقیقەت و (مادةالمواد) یان مادەی مادەکانی هەموو جیهانی لەخۆیدا هەڵگرتووە و مرۆڤ دەبوو لە کرۆک و جەوهەری ئەمە تێبگات. ئەم تێڕوانینە سرووشتتەوەرە هەر ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کەونارا، بەڵکوو لە جیهانی نوێشدا پاش مۆدێڕنیزم و شۆڕشە پیشەیی و زانستییەکان و جەنگەکان سرووشت بە شێوە و جۆری دیکە خوێنرایەوە و بە هەموو ئەو کارەساتانەی کە مرۆڤی سەردەمی نوێ هێنایە کایەوە و دەستی لە سرووشت وەردا، دیسان سرووشت ناوەندێتی خۆی پاراست و ڕایگەیاند چارەنووسی هەموومان هاوبەشە و ئێوەی مرۆڤی خاوەن ئاوەز و هەست بەشێکن لە من و وانەزانن چون هەوڵتانداوە بە سەر من و کانزا و مادەکانی هەناومدا زاڵ بن ئەوا لەدەرەوەی ئامیز و سەرزەمینی منن! ڕەنگە هەر لێرەوە بێت کە لەنێوان سرووشتی مرۆڤ و سرووشت بە مانا گشتییەکەی پێوەندییەکی مانایی و چەمکیانە لە زانستەکانی مرۆییدا باس دەکرێت، بێگومان تێکچوونی سرووشت بە واتا کەونییەکەی جۆرێک دەنگدانەوەی تێکچوونی سرووشت دەبێت لە ناخی مرۆڤیشدا.
هەر بۆیە نابێ بە بێ هۆی بزانین کە پاش ئەو هەموو دەستێوەردانەی مرۆڤ لە سرووشت لە ڕێگەی زانست و دواتر جەنگە ماڵوێرانکەرەکانەوە چاوەڕوان بین سرووشت وەکوو سەردەمانی کۆن بە دەممانەوە پێ بکەنێت و بوومەلەرزە و دیاردە نەناسراوە و سەیر و سەمەرەکانی لە وەڵامدا نەنێرێتە سەرمان! ئەمە دیمەنێکی گشتیی خواست و ئارەزووی مرۆڤی کۆن و مۆدێڕن بوو بۆ زاڵبوون بە سەر سرووشت و پلە بەخشینێکی تایبەت بە مرۆڤ لە کائینات و بووندا، بەڵام ئەم تێڕوانینە هەر لەم ئاستە ژیاری و سارستانییە نەمایەوە و ڕەهەندی تەواو سیاسیی پەیدا کرد. ڕاستە سرووشت خۆی وەک دەڵێن بەخشندە و کراوەیە بەڵام دەستێوەردانی مرۆییش لە فۆرمە سیاسییەکەی و نەخشەبەندیی زۆرەملیی سیاسی و سەربازی و جەنگ و شەڕ و شۆڕەکانی دەرهاوێشتەی ئەم ململانێیانە جۆرە دابەشکاریی و هەڵاواردنێکی لە سرووشتی یەکپارچە و یەکدەستدا درووست کرد و هەندێ وڵات سرووشتیان زیاتر خەساری بەرکەوت و هەندێ وڵات کەمتر! کوردستان لە سەرانسەری جوگرافییە گەورەکەیدا بە سرووشت سنووری لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری خۆی جوێ کردووەتەوە بەڵام دوای ڕێکەوتنەکانی لۆزان و سایکس پیکۆ و بەدواداهاتەکانی، ئەم سرووشتە زیاتر لە پێش کەوتە بەر ئارەزووی داگیرکاری و دەستێوەردانی هێزی داگیرکەر و ڕۆژ دوای ڕۆژ لە بێگەردی و بێخەوشیی درا، هەزاران لوغم لە سەردەمی شەڕی نێوان دوو وڵاتی داگیرکەری ئێراق و ئێران لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نموونەیەکی زەق و دیاری ئەمەن! دونیایەک تۆپباران و مووشەکباران لە سەردەمی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانەوە تاکوو ئێستە هەر لە کیمیاییەوە بگرە تاکوو بۆردومانی ئاسایی خەساری بەر ژینگەی کوردستان دا و ئەمە تەنیا تایبەت نییە بە باشوور، بەڵکوو هەر چوار پارچەی کوردستان دەگرێتەوە.
قووڵایی ڕەهەندی سیاسیی ئەم بابەتە بەڕادەیەک بووە کە هێشتا ئێمە فریای ئەوە نەکەوتووین داوا لە حکوومەتی ئێراق بکەین قەرەبووی ئەو هەموو زیانەی کە گەیاندوویە بە سرووشتی کوردستان بکاتەوە. بەدەر لە دونیایەک ئەنفال و کوردقڕان و پاکتاوکردن کە ئەوەش تێکدانی سرووشتی مرۆڤی کورد بووە. لەم ڕۆژانە کە ڤیدیۆی تەڕەزانی کورد وەکوو کەسێک کە چەندین ساڵە لە ناو سرووشت دەژی و بەشێک لە پێداویستییەکانی لە ڕێگەی سرووشتەوە دابین دەکات (ئەگەرچی شەوانە دەگەڕێتەوە ماڵەوە) بینی، سەرنجی ئەوەم دا کە ئەو کەسە ئارەزووی تێکدراوی ئێمەیە بۆ یەکانگیربوون و یەکگرتنەوە لەگەڵ سرووشتی کوردستان و وڵاتەکەمان. حەزی مرۆڤی ئێمەیە بۆ لەئامێزخەوتنی سرووشت و گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمانەی کە مرۆڤ بەربەرییەتی مۆدێڕنی نەخستبووە ڕوو، واتە مرۆڤێک کە ئەنفال دەکات و مرۆڤێک کە ئەنفال دەبینێت و چاوی بەسەردا دەنووقێنیت و دەچێت نوێژەکانی دەکات و خودا شوکر دەکات، کە جیهان باش و بێگەردە و بەپێی حەدیس دەبێت ئەو لە سرووشتدا زۆر بگەڕێت و سەیر بکات تاکوو بیری قیامەت بکەوێتەوە! کوردستان بە سرووشتە سەوز و جوان و سیحراوییەکەیەوە دەناسرێتەوە.
ڕۆژێک لە ڕۆژان هەموو ئەو داگیرکەرانەی کە خەساریان بە سرووشت گەیاندووە دەبێ وەڵامدەرەوە بن لە بەردەم مێژوو و دادگای مرۆیی و سرووشتدا، بەڵام بە و هەموو جوانی و سیحراوییەی سرووشتی کوردستان نابیت دان بەمەدا نەنێین کە جەنگ و شەڕەکان و دەستێوەردانی داگیرکەران بەشێک لە سرووشتی ئێمەشی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە و دەبێ بۆ ئەمەش وشیارییمان هەبێت و پڕۆژەیەکی بنەمایی پیادە بکەین، تەڕەزانی کوردی ئەگەرچی ئاماژەیەکە بۆ ئەو شپرزەییەی کە بە سەر سرووشتی ئاسایی و سرووشتی مرۆییدا سەپێنراوە، بەڵام جۆرە ڕاستبوونەوە و وشیارییەکی سەرەتاییشە تا لەگەڵ سرووشتدا ئاشت بینەوە و لایەنە ڕۆحانییەکەی سرووشتی خۆمان لەبیر نەکەین با لەژێر کاریگەریی دراماتیک و نومایشی هۆلیڤوود یان سینەماش بێت بە گشتی، خۆی نیشانەیەکە و وەکوو بیرمەندێک دەڵێت لە نیشانەیەکدا دەشێت ڕێگا و کڵاوڕۆژنەی ڕزگاریی ببینرێتەوە! [1]