ناونیشانی بابەت: دۆبلاژی کوردی؛ وێنەیەکی دیکەی نەبوونی پلانی تۆکمەی کولتووری
ئامادەکردن: #حەبیب ساڵحی#
یەکێکی دیکە لەو دیاردە کولتوورییانەی کە نەبوون و پێواری پڕۆژە و، پلانێکی تۆکمە و، نیشتمانی کولتووریی ئێمەی کورد ئاشکرا دەکات بواری دۆبلاژە. ئەگەرچی ئەم بوارە لە ناو کورددا زۆر تازە نییە و زۆریش پرۆفیشناڵ نییە و خەریکی پێڕەوکێ و باڵاکردنە، بەڵام شیوازی کارکردن و دەرهاوێشتەی ئیشکردن لەم بوارەدا قەیران و مەترسی گەورەمان بۆ دەردەخات. دەشێت دۆبلاژ وەکوو فۆرم و شێوەیەکی دیکەی وەرگێڕان ببینین، کە لە ئاستە گشتی و شەقامییەکەیدا چالاک و کاریگەرە و زۆر زیاتر لە دەقی وەرگێڕدراو کاریگەرترە و زۆر زووتریش ئەم کاریگەرییە لەسەر کۆمەڵگە خۆیا و ئاشکرا دەبێت. دۆبلاژ لە ئاستێکی بەربڵاوتر و گشتی تردا، واتە پانتا و ڕووبەری میدیا بینراو و بیسراوەکان، هەر بۆیە هەم دەشێت بەردەنگی زۆرتر بێت و هەم ئاستی بڵاوبوونەوە و کاریگەری، بە پێچەوانەی دەقی وەرگێڕدراوەوه، کە لە چاوەی گشتگیریی دۆبلاژدا بەردەنگێکی کەمینە و کاریگەرییەکی کەمتر و هەڵبەت درێژخایەنی هەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین: ئەگەر وەرگێڕان لە درێژماوەدا کاریگەرییەکانی خۆیا دەبێت، ئەوا دۆبلاژ لە ماوەیەکی کوورتدا کاریگەرییەکانی بەسەر ژیانی خێزان و کۆمەڵگەدا دەردەکەوێت و ئەم کاریگەرییانەش بە شێوەیەکی سەرپێیی و کەم و کوورت نیین، بەڵکوو وەکوو شارەزایانی بواری میدیاش دەڵێن: ئێمە لە ڕێگەی میدیای بینراو و بیسراوە زووتر و زیاتر کاریگەریی وەردەگرین و 70 لە سەدی دەیتا و زانیارییەکانمان ئەوان مسۆگەری دەکەن، بەو شێوەیە زەین و خەیاڵدانی گشتیی جەماوەر ئاڕاستە دەکەن.
ناتوانین مێژووی دۆبلاژ و سینەما و گەشەسەندنی وەکوو پیشەیەک لە یەکتر داببڕین، دۆبلاژیش وەکوو وەرگێڕان کاتێک سەری هەڵدا کە هەژموونی و ڕاکێشەری دونیای سینەما لە ناو نەتەوەکانی دیکە بە تایبەتی وڵاتانی پێشنەکەوتوودا هاتە ئاراوە و فیلمە سینەمایی و دراماییەکان لە ناو دونیای پێشکەوتووی ڕۆژاوا و لە هەناوی میدیا زل و زەبەلاحەکانیان هاتە دەرەوە و، هەناردەی دونیای ڕۆژهەڵات کرا. ئەگەرچی لە سەرەتادا سینەما وەکوو پیشەیەک باس دەکرا، بەڵام لە ڕاستیدا لایەن و ڕەهەندی ئەم پیشە پڕ دەرامەت و داهاتە و ئەرک و کارکردەکانی هەر لە سەرەتاوە دیار و ڕوون نەبوو، ئەوە وردەوردە بوو کە بە کرانەوەی کۆمەڵگەکان بە ڕووی یەکتردا و بەربڵاوبوونەوەی تۆڕی ئازادی زانیارییەکان، کارکردە جۆراوجۆر و سەیر و سەمەرەکانی دونیای سینەما و وێنەگریمان بۆ دەرکەوت. بۆمان دەرکەوت سینەما ئیتر وەکوو هەندێک تێڕوانین تیۆریزە و بانگەشەیان بۆ دەکرد، تەنیا کارێکی هونەریی بێلایەن و جوانیناسانە نییە، بەڵکوو مەبەست و ئاڕاستەیەکی دیاریکراوی هەیە و دەتوانێت بە ئاسانی یان بە ئاڵۆزی بکەوێتە خزمەت ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو و دەسەڵات بە هەموو چەشنەکانییەوە.
بێگومان ئەمڕۆ بەشێک لە سینەما بەناوی سینەمای ستراتیژیک لەو بوارەدا ڕۆڵی زۆر گەورە دەگێڕیت، هەم لە جیهانی ڕۆژاوا و هەم لە ڕۆژهەڵات، میدیا زەبەلاحەکانی ڕۆژاوا و هۆلیڤوود و بۆلیڤوود و ئێن بی ئێس و…لە بواری بڵاوکردنەوەی ئایدیا و ئایدۆلۆژییەک لە ڕێگەی وێنە و دەنگ و ڕەنگەوە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ڕای گشتی لە جیهاندا هەبووە و هەیە، هەرچی ئەو میدیایانەشە چون بەرهەمهێنەر و داهێنەری ئایدیا و سینەمان لە زۆر ڕووەوە کاریگەرییان بە ئاسانی لەسەر وڵاتانی دیکەوە کە ئەو پیشەیە تێیاندا بەهێز نییە، دەردەکەوێت، ئەگەر ڕاپرسییەک لە هەندێک کۆمەڵگە بکەین ئەمڕۆ دەبینین بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەکوو ئێرانی ئێستادا ژمارەیەکی زۆر کەم و کەمینە فیلمی ئێرانی دەبینرێت، ئەگەرچی سیاسەتی دەوڵەت بۆ پەرەپێدانی فیلم و دراما ئەمڕۆییە ئێرانییەکان زۆر چالاکانەتر لە پێشوو ئیشی کردووە بەڵام بە دڵنیاییەوە ناتوانێت ڕکابەریی فیلم و دراما بیانی و ڕۆژاواییەکان بکات، ئەگەرچی زۆرێک لەم فیلم و درامایانە دۆبلاژ ناکرێن و هەر بە شێوەی ژێرنووس بڵاو دەبنەوە و ئەمەش ڕێڕەو و پلانی نافەرمیی چالاکانی بواری فیلم، یان بینەرانی چالاک و هۆگری فیلم و درامای ڕۆژاوا لە ئێران ئاشکرا دەکات.
بێگومان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا کاتی خۆی و بەر لە کرانەوەی ڕێژەیی کۆمەڵگەکان و پەرەسەندنی تۆڕی ئازادی زانیاری تەنیا سیستەمی دەنگ و ڕەنگی فەرمیی حکوومی هەبوو (هەر وەکوو ئێستە!) بەڵام ئەو کات سەتەلایت و کەناڵە ئاسمانییەکان تەنیا لە ئاستی بەرپرسانی باڵای حکوومەت یان کەمینەیەکی زۆر کەمی دەستڕۆیشتووان و زەنگینەکانی ناو کۆمەڵگەی شارە گەورەکانی وەکوو تاران و کەرەج و شیراز و… بوو، لەو ماوەیەدا کە خەڵک لە بەردەم ئەم چوارچێوە ئەفسوونکارە بە ناوی “تی ڤی” دادەنیشتن تەنیاوتەنیا یەک ئایدۆلۆژیایان دەرخوارد دەدرا، و پێیان دەگوترا: هیچ ئێرانییەکی خراپ بوونی نییە مەگەر ئەوەی کە هۆگری ڕۆژاوا و جیهانی کوفر و ئیلحاد و بێ ئەخلاقیی ئەوان بێت، هیچ ئێرانییەکی خراپ بوونی نییە، مەگەر ئەوەی کە هاوکاریی لەگەڵ هەر هێزێک کردبێت کە سەر بە حکوومەتی ئیسلامیی کۆمار نەبووبێت، بە گشتی وێنەی “ئێمە فریشتە و ئەوان شەیتان”ن جەوهەری ئیشکردنی میدیای فەرمیی حکوومەتێکی وەکوو کۆماری ئیسلامی بوو، ئەگەرچی ئەم قاوغە شکێنرا و ئەم قەفەسە کرایەوە، ئەگەرچی هێشتاش هیچ کەناڵێکی نافەرمی لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بوونی نییە، بەڵام ئەم حکوومەتە سەرکەوتوو بوو لەوەی کە لەو ماوەیەی سنوورداربوون و نەکرانەوەی کۆمەڵگە و نەبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕای گشتی و خەیاڵدانی بەشێکی زۆری جەماوەر بە کۆمەڵێک وێنە و ڕستە و دەنگ بئاخنێت کە دواتر و ئێستەش ئەیەوێت بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە کەڵکی لێ وەربگرێت، ئەم پڕۆسە میدیایی و ئەفسوونئامێزە و سیاسەتزەدە و ئایدۆلۆژیکە لە چەمکی “نۆستالۆژی”دا خۆی بەیان دەکات.
هەر لەم ئانووساتەدا کە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی سەرانسەری ئێرانی گرتووتەوە شەڕێکی چر و پڕ لە ئاستی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەڕێوە دەچێت، هەرچی لایەنی دژبەر و شۆڕشخوازە بە ئاڕاستەی وتارێک ئیش دەکەن کە پلان و کایەکانی میدیای فەرمی پووچەڵ کەنەوە، چەند گرووپێکی هاکەری هاوکاریان دەبن بە شێوەی نەناسراو، لەو لاشەوە سیستەمی فەرمیی دەنگ و ڕەنگی کۆمار بە هەموو پەیج و ئەکاونتە فەرمی و سێبەرەکانییەوە ختووکەی ئەو هەست و ئایدیایانە دەداتەوە، کە سەردەمێک وەکوو تاقە لایەنی میدیایی ودەستڕاگەیشتن بە زانیاری لە خەیاڵدانی گشتی و زەینی جەماوەردا درووستی کردوون واتە هەمان تاکتیک و پڕۆسەی نۆستالۆژیا ئەویش دووپاتکردنەوەی ئەو وێنە کۆنەی “ئێمە فریشتە و ئەوان شەیتانن”ە، کە بێگومان لەم ئایدۆلۆژییە میدیاییەدا کورد یەکێک لە شەیتانە دیارەکانە و بەردەوام مەترسی و هەڕەشەیە بۆ سەر ئایینی فەرمی و یەکپارچەیی خاکی ئێران، کورد هاوکات مۆتەکەی سەر دیموکراسییەکی مەرجداری سەڵەتەنتخواز و سیستەمی ئیسلامی سیاسیی شیعیشە! هەموو ئەم پڕۆسە و پلانە لە ڕێگەی میدیا و سینەماوە کایەی خۆی جێبەجێ دەکات و دۆبلاژ ڕێک دزەپێدانی ئەم ئایدیا و ئایدۆلۆژییەیە، کە لە جیهانی دەنگ و ڕەنگی میدیا بینراو و بیسراوەکان دێتە ژوورەوە. بۆیە دەبێت سەرنجی جیددی ئەمە بدەین کە بەشێک لە کەناڵە ئاسمانی و ناوخۆییەکانی باشووری کوردستان، بوودجەیەکی دیاریکراو یان وەریدەگرن یان دابینی دەکەن!
بۆ دۆبلاژکردنی هەندێ دراما و فیلمی سینەمایی ئێرانی، کە نەک تەنیا لە ڕووی هونەری و ناوەرۆکەوە هیچ پەیامێکی ئەوتۆیان بۆ بەردەنگ (ئێرانی و کوردیش) پێ نییە، بەڵکوو پەرەپێدانی هەژموونیی هەیمەنەی کولتووری و ئایینیی ئێرانە، واتە پڕۆژەی فارسیزەکردن و شیعەکردنی کۆمەڵگەی کوردی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی بابەتی چێژی سینەمایی و وێنەییەوە خەریکە خۆی جێبەجێ و پراکتیزە بکات! درامای “ماڵ بە کۆڵ” کە لە باشووردا بە ئاغا ماشەڵڵا ناوی دەرکردووە جیاواز لەوەی کە هەندێ لایەنی کۆمێدی و گاڵتەجاڕانەی هەیە زەقکردنەوەی شیوەژیانی مرۆڤی فارسە، کە بە هەموو تەنگ و چەڵەمەکانی وەکوو ژیانێکی سەرکەوتوو و نموونەیی دەنوێنرێتەوە! یان دراماگەلێکی هاوشێوەی کۆمێدی کە هەندێ کەناڵ بە تایبەتی ئیسلامییەکان دۆبلاژی دەکەن، بە بێ ئەوەی ماهییەتی ستراتیژیکی پلانی سینەمایی ئێرانی بزانن بە ئاستێکی لاواز و نزم لە هونەری دۆبلاژەوە دێنە سەر شاشەکان و دەروونی تاک و کۆمەڵی کورد دەکەن، بە ئامانج و جیهانێکی خوازراو و ئایدیال لە مرۆڤی فارس و شێوەژیانیان دەخەنە ڕوو کە مەبەستی کۆتایی درووستکردنی ئەفسوونە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بۆ کۆنترۆڵکردنی، ئێستە ئەگەر چاوێک بە پەیجە سینەماییەکانی باشووری کوردستاندا بخشێنین هەواڵی مەرگی کوڕەکەی “نەسرینی موقانلوو” ئەکتەری ناسراوی ئێرانی لە هەواڵی شۆڕش و کوشتن و ئازادی گرینگترە، تەنانەت لە هەواڵی ڕێوڕەسمی ئۆسکار گرینگتر دەردەکەوێت، کە هەیمەنەی کولتووریی ئێرانی نیشان دەدات، ئەم ڕەوتە ئەگەر لە کوردستان لە چوارچێوەیەکی ستراتیژیکدا پێناسەی بۆ نەکرێت و نەکەوێتە خزمەت نەتەوەسازی و نیشتمان دۆستییەوە ئەوا هەر وەکوو ئامادەکارییەکە بۆ داگیرکاریی و داگیربوونی تەواوەتی و هەمیشەیی کوردستان لەلایەن وڵات و هێزی دیکەوە. [1]