ناونیشانی بابەت: بۆچی کوردی باکوور بەرەو دواوە هەنگاو دەنێن
ئامادەکردن: #کاوە ئەمین#
دەزانم کادری قورمیشکراو و چەپڵەلێدەر، ئەم قسانەیان بەدڵ نییە، شرۆڤەکارەکانیش کە تا ئێستا یەک قسەیان ڕاست دەرنەچووە دەکەونە بیانوهێنانەوە بۆ دۆڕاندنی کورد لە هەڵبژاردنی دوێنێدا، بەڵام ئەم جارە دەبێت ڕاشکاوانە قسە بکرێت و بپرسین بۆ، کێ بەرپرسە؟
لە ساڵی 1990 وە کە هەتاوەکوو دوێنێ دەیان پارتی کوردی مۆڵەتپێدراو بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە، کە دەڵێم دەیان پارت مەبەستم یەک بیروبۆچوون و یەک ئایدۆلۆژیاییە تەنیا ناوەکانیان جیاوازە کە بە (هەپ) دەستی پێ کرد و ئێستاش بەناوی پارتی چەپی سەوز- یەسەپە درێژە بەکاری سیاسی خۆیان دەدەن، بەردەوام دەنگەکانیان لە هەڵبەزودابەزدا بووە، بەڵام هەڵبژاردنی دوێنێ کە هەم کورسییەکانیان کەمی کردووە و هەم دەنگەکانیش، ئاخر سەرەڕای ئەوەی پێنج ملیۆن دەنگدەری نوێ کە بۆیەکمینجار دەنگیان داوە، هادەپ یان یەسەپە زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگیان کەمی کردووە.
کێشەی #هەدەپە#یی و #پەکەکە#ییەکان ئەوەیە کە ڕەخنە قبووڵ ناکەن و بەردەوام لەسەر یەک تاکتیک و ئایدۆلۆژیا دەڕۆن، ئەوان هەموو هێلکەکانی کوردیان خستۆتە سەبەتەی چەپ و کۆمۆنیستە تورکەکانەوە کە بەهەموویان ناتوانن دوو کورسی بێنن، مەبەست لەمە دژایەتی چەپەکان نییە، بەڵکوو ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و بەئامان و زەمان پەکەکە دەستبەرداری نابێت، نەتیجەکەشی ئەوەیە کە دەیبینین، بەڕاستی لەم هەڵبژاردنەدا کوردەکە لە هەردوو جەژنەکە بووە، لەلایەک ژمارەی کورسییەکانیان کەمی کردووە، کەچی ژمارەی کورسییەکانی ڕاستڕەو و فاشیست و ئەکەپەییەکان زیادی کردووە، بۆیە ئەگەر سیستێم پەڕڵەمانیش بێت ئەوان بە ئارەزووی خۆیان هەموو پێشنیازێک کە بەدڵیان بێت تێیدەپەڕێن کە بەدڵنیاوە هیچی لە قازانجی کورد دا نابێت، لاولاوە ئەگەر کریچداڵئۆغڵوش دەربچێت وەکوو خۆی دەڵێت دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار کەمدەکاتەوە، ئەوەش هەر بە قازانجی تورکەکانە چونکە زۆرینەی پەڕڵەمانیان لەدەستدایە.
ئینجا دەبێت جیاوازی کەمال و ئەردۆغان بۆ کورد چی بێت لە کاتێکدا بەیەک دێریش باسی کورد ناکات، باسی زمانی کوردی ناکات، باسی عەسکەرتاریەت لە باکووری کوردستان ناکات، بەڵام لاولاوە بەسەر پشتی دەنگدەری کورد دەبێت بەسەرۆککۆمار ئەگەر لەگەڕى دووەمەدا سەربکەوێت کە ئەوەش مەتەڵێکە ڕەنگە بە قازانجی ئەردۆغان هەڵبێت!هەروەها نابێت کیسەباخەڵ بۆ ڕێکەوتنە فشۆڵەکەی شەش پارتەکە ەکەهەڵبچنرێت، زۆر سەیر نابێت یەکێک لەو شەش پارتە بابداتەوەو بچێتە پاڵ ئاکەپە و، حکومەت درووست بکەن، بۆ ئەوان چ کێشەیەکە، خۆ دوژمنی باوە کوشتە نین؟
#سەڵاحەدین دەمیرتاش# کە بەناهەق لە زینداندایە دەڵێت ئەگەر من بمویستایە دەبووم بە جێگری ئەردۆغان، بەڵام من چۆن دەبم بە شەریکەدز! دەی قوربان خۆ لەسەردەستی ئەجەویت و پارتەکەی کەمال کلیچدائۆغڵو بەڕێز ئۆجەلان دەستگیرکرا و خرایە زیندانەوە، ئەی چۆن دەبن بە شەریکەبرا لەگەڵ میراتگرانی ئەجەویت؟ ئەی سەرکردەکانی پەکەکە ئەوەیان لەیداچووەتەوە وا داوا دەکەن ماڵ بە ماڵ دەنگ بۆ کاک کەمال کۆبکەنەوە؟
لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا هەموو کوردی دنیا جگە لە پەکەکە داوایانکرد بە داخوازی ئاکەپە ڕازیببن و لەگەڵیاندا بچنە حکومەتەوە، بەڵام ڕەتانکردووە، ئەوە نەتیجەکەیمان بەچاوی خۆمان بینی. خۆ کەس ناڵێت تورکیا دەبوو بە شامی شەریف. بەڵام ڕەنگە بتانتوانیایە فوویەک بە سکڵی بەرەوخامۆشبوونی پڕۆسەی ئاشتیدا بکەن و زیندوتان بکردایەتەوە، ئەوە لە قازانجی کورد دەبوو، دەنا چەقەڵ هەر چەقەڵە.
ئێستا کە گڵۆڵەکە کەوتۆتە لێژی یان دەبێت بە سیاسەت و ستارتیج و تاکتیکتاندا بچنەوە، خۆتان لەدەست باڵی سەربازی دەربهێنن یان دەبێت ڕێگا بۆ خەڵکانی وەکوو #عوسمان بایدەمیر# و ئەوجۆرە سیاسیانە بکرێتەوە، ئەڵتەرناتیف - بژاردەیەکی دیکە بدۆزرنەوە کە بەدوای بەرژەوەندییەکانی کوردەوە بێت، نەک ئایدۆلۆژیای سەقەت و تاقیکراوە. [1]