ناونیشانی بابەت: سریلانکا؛ مروارییەکەی زەریای هیندی، بۆ وایلێهات؟
ئامادەکردن: #سامان ساڵح#
پوختە: ڕووداوە سیاسییەکانی کۆماری سۆسیالیستی دیموکراتی سریلانکا-“سریلانکا”و توندبوونی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان دژ بە بارودۆخی خراپی گوزەرانی خەڵک و ڕاگەیاندنی داڕمانی ئابووری وڵاتەکە لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە لەمایسی 2022، بوونەهۆی ئەوەی خۆپیشاندەران دوای چەند ڕۆژێکی بەردەوام لە ناڕەزایەتی و بەرکەوتن لەگەڵ هێزە ئاساییشییەکان، دەست بەسەر دامەزراوە فەرمییەکانی وڵاتەکەدا بگرن.
دەستبەسەراگرتنی کۆشکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکه و دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵی حکومەت و هەڵهاتنی سەرۆک کۆماری وڵات؛ گۆتابایا ڕاچاپاکسا، سەرنجی جیهانی بەلای وڵاتێکی بچووکی سەر پشتی زەریای هێمندا ڕاکێشا، ڕووداوەکانی ئەو وڵاتە مایەی سەرنجی هاووڵاتییانی جیهان و ناوەندە سیاسیی و زانستییەکان بوون، تا بتوانن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە بۆچی ئەم وڵاتە، لەوماوە کوورتەدا وای لێهات، ئایا چی هەڵە ڕوویداوە؟ بۆ زیاتر ناساندن و توانای خوێندنەوە و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، ئەم نووسینە بە ڕێبازێکی مێژوویی، زانیاریی لەبارەی ئەو وڵاتە و مێژووی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوریی، لە چەند تەوەرێکدا دەخاتەڕوو. کە لە کۆتاییدا گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە سریلانکا، وەک وڵاتێکی کۆڵۆنیزەکراو، قورباینی دەستی سیاسەتی وڵاتە کۆڵۆنیالەکان و فرەیی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و شەڕی ناوخۆ وخراپی بەڕێوەبردنی سیاسەتی وڵاتەکە و هەوڵی دەستبەسەرا گرتنی حوکم و پاشەکشەی دیموکراتی لەلاەین براکانی یەک بنەماڵەوەیە، ئەمە سەرباری سیاسەتی خراپی قەرز و کەوتنە “تەڵەی قەرزی چین” وە.
ناساندن: وڵاتی سریلانکا، لە کۆندا بە “سیلان” یان “سیلۆن” ناوبراوە، ناوە فەرمییەکەی بەشێوەی نووسینی درێژ بەمجۆرە دەنووسرێت “کۆماری سۆسیالیستی دیموکراتی سریلانکا” بەشێوەی ئاسایی لەسەر زاری خەڵک و ڕاگەیاندنەکانیش بە “سریلانکا” ناودەبرێت، “سیلان” ناوی کۆنی وڵاتەکەبووە کە لەلایەن کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیاوە بەکارهێنراوە، ئەم ناوە هەتا ساڵی 1972 بەردەوام بووە و لە دوای ئەوە بووە بە سریلانکا.
سریلانکا لەسەر پلێتی هیندۆ-ئۆسترالیا کەوتووە، کە پلێتێکی سەرەکی تەکتۆنییەو پێشتر بەشێک بووە لە پلێتی هیندۆ-ئۆسترالیا، دەکەوێتە ناو زەریای هیندی و باشووری ڕۆژاوای کەنداوی بەنگال، لەنێوان بازنەی پانی 5° و 10° باکوور و هێلی درێژی 79°و 82°رۆرژهەڵات، سریلانکا لە بەشی سەرەکی کیشوەری هیندستان بە کەنداوی مەنار و گەرووی پاڵک جیاکراوەتەوە (1) ، ئەم وڵاتە، دەکەوێتە کیشوەری ئاسیاو لە بەشی باشووری کیشوەرەکەدا هەڵکەوتووە و هەر چواردەوری وڵات به “ئاو” زەریای هێمن، دەوره دراوە.
ڕووبەری وڵاتەکە پێکهاتووە لە ( 65,610 ) کم دووجا، سریلانکا لە ڕووی جوگرافییەوە وڵاتێکی بچووکه، بە جۆرێک کە بۆ زیاتر نزیککردنەوە و ناساندنی بە خوێنەر ئەگەر بەراوردی بکەین، ڕووبەری سریلانکا لە ڕووبەری هەرێمی کوردستان کە (78.736) کم دووجا، کەمتره.
سریلانکا وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە ئاو، 103 ڕووباری هەیە، درێژترینیان ڕووباری مەهاوێلییە کە (335) کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە، ئەم ڕێڕەوی ئاوانە (51) تاڤگەی سرووشتی درووستدەکەن کە، درێژییان لەنێوان 10 تا 263 مەتردایه، بەرزترینیان تاڤگەکانی “بامباراکاندا”یە کە بەرزییەکەی 263 مەترە (2) .
پایتەختی سیاسیی وڵاتەکە شاری (Sri Jayewardenepura) یە، بە زمانی تامیلیی، کە یەکێک لە زمانە فەرمییەکانی وڵاتەکەیە بە (شری جە یاردن پرا) و بە زمانی سەنیهالی بە (سری جەیە وان دەنی پورا) و بە ئینگلیزی، کە یەکێکی دیکە لە سێ زمانی فەرمی وڵاتەکەیە، بە (شری جەیواردن پیرا) گۆ دەکرێت.
هەروەک پایتەختی بازرگانی و ئابووری سریلانکا، بریتییە له: شاری کۆڵۆمبۆ و دراوی وڵاتەکە ڕوپیەی سریلانکی (LKR) یە، دانیشتووانی وڵاتەکە بە “سریلانکی” ناو دەبرێن.
ژمارەی دانیشتووانی سریلانکا بە گوێرەی ئاماری ساڵی 2020 (21,413,249) بیست و یەک ملیۆن و چوارسەد و سیازدە هەزار و دووسەد و چل و نۆ کەسە (3) .
“سیستەمی سیاسی لە سریلانکا”
سریلانکا، یەکێک لە کۆنترین وڵاتانی کیشوەری ئاسیایە کە پەیڕەوی لە شێوازی دیموکراسی بۆ درووستکردنی حوکم لە وڵاتدا دەکات، سیستەمی سیاسی سریلانکا، نیمچە سەرۆکایەتی یە، پەڕڵەمان لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتی قانون دانانی هەیە و هەڵبژاردن بە سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی بەڕێوەدەچێت، لە هەمانکاتدا سەرۆکی وڵات-یش، لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) یش بە هاوکاری سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی حکومەت بەڕێوە دەبات و دەسەڵاتی سەربازیش لەژێر دەسەڵاتی سەرکۆماردایە.
ململانێێ سیاسی، به شێوازی فره حیزبی ڕێکخراوە و هاووڵاتی سریلانکی، شەش ساڵ جارێک، هەڵبژاردن بۆ حکومەتێکی نوێ دەکەن، هەتا درووستبوونی ئاڵۆزیی و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان له و وڵاتەدا کە له مانگی نیسانی 2022 سەریهەڵداوە، گۆتابایا ڕاچاپاکسا (Gotabaya Rajapaksa) ، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بوو، کە لە سەرەتای مانگی تەممووزدا بەهۆی توندبوونی ناڕەزایەتی هاووڵاتی وڵاتەکە لەباری خراپیی گوزەران لە وڵاتەکەی خۆی هەڵهات، بە وتەی سەرۆکی پەڕڵەمانی وڵاتەکە غۆتابایا بڕیاریداوە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموز7/2022 دەستلەکاربکێشێتەوە (4) .
سریلانکا، لەڕووی سرووشتی دەوڵەتەکەوە دەوڵەتێکی یەکگرتوو – سادەیە، به و مانایەی کە لە حکومەتێکی ناوەندی و چەند ناوچەیەکی دیکەی کارگێڕیی پێکدێت، زۆرینەی بڕگەکانی دەستووری سریلانکا دەکرێت بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی پەڕڵەمانی هەمواربکرێت، جگە له هەندێک بڕگەی تایبەت به؛ زمان، دین، کە جگە لە ڕێککاریی پەڕڵەمانی، پێویستی بە ڕاپرسی گشتیی نیشتمانی هەیه، ئەم بابەتە له کاتێکدایە کە دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە ئەو وڵاتە فرە نەتەوە و فرە ئایین و ئایینزایە.
پەڕڵەمانی سریلانکا، لە یەک ئەنجوومەن پێکدێت و لە 225 ئەندام پێکدێت کە 196 ئەندامیان له بازنەی جیاوازدا هەڵدەبژێردرێن و 29 ئەندامیش بە سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی هەڵدەبژێردرێن وهەڵبژاردنیش بەیەک خوول ئەنجام دەدرێت، هەروەک بەهۆی دەسەڵاتە فروانەکانی سەرۆک کۆمارەوە، ئەوا؛ دەسەڵاتی هەڵوەشانەوەی پەڕڵەمانی هەیە. دەسەڵاتی دادوەریی سریلانکا لە دادگای باڵا پێکدێت – باڵاترین و بەرزترین دادگای وڵاتە، هەروەها دادگای تێهەڵچوونەوە و ژمارەیەک دادگای تریش بەگوێرەی پسپۆڕی بوونیان هەیە.
سیستەمی قانونی سریلانکا ئاڵۆزە و ڕەنگدانەوەی کاریگەرییە کولتورییە جۆراوجۆرەکانی وڵاتەکەیە، قانونی تاوانکاریی نزیکەی بە تەواویی لەسەر بنەمای قانونی بەریتانیا درێژراوە، قانونی بنەڕەتی شارستانی لە قانونی ڕۆمانی و قانونی هۆڵەندا وەرگیراوە، قانونی هاوسەرگیریی و جیابوونەوە (تەڵاق) و میراتی…تاد ، بەهۆی پراکتیزەکردنی نەریتەکان و ئایینەوە، ئەوا قانونە نەریتی و ناوچەییەکان، وەک: قانونی نەریتی سینهالی (قانونی قەندی) ، تێزا ڤالامەیی، قانونی شەریعەت لە بارە تایبەتەکاندا پەیڕەو دەکرێن (5) .
سەرۆک کۆمار دادوەرەکان بۆ دادگای باڵا و دادگای تێهەڵچوونەوە و دادگاکانی تر دیاریدەکات. لیژنەیەکی دادوەری، کە لە سەرۆکی دادوەران و دوو دادوەری دادگای باڵا پێکهاتوون، دادوەرەکانی دادگای خوارەوە دیاری دەکەن و دەسەڵاتی گواستنەوە لە کارەکانیان دوورخستنەوەیان هەیە.
سریلانکا، لە نۆ ناوچەی کارگێڕیی لە خوار ئاستی حکومەت- پایتەخت، پێکهاتووە کە دەکرێت بە پارێزگا ناوببرێن و هەر پارێزگایەک ئەنجوومەنێکی هەڵبژێردراوی هەیە کە کارەکانی پارێزگاکە بەڕێوەدەبات و سەربەخۆیە لە کارەکانیدا، هەروەک لە هەندێ پرسی تایبەت بۆ حکومەتی نیشتمانی دەگەڕێنەوە، جگە لەم ئاستەی حوکمڕانی کە لەسەر ئاستی پارێزگاکان بوو، ئەنجوومەنی شارەوانیش هەن بۆ ناوچەکانی خوار ئاستی پارێزگاکان، ئەمەش دەرخەری ویستێکی جەماوەریی بۆ نا ناوەندێتی له و وڵاتەدا دەردەخات، کە لەهەمواری دەستووردا پێشتر ئەم دەسەڵاتانە دیاریکراون ولە ئێستادا هەوڵی بەرتەسککردنەوه و نەهێشتنی هەن.
سریلانکا، بە مرواری زەریای هیندی ناسراوە، لە ڕابردوودا پێی دەگوترا (تاپرۆپان) ، دواتر بازرگانانی کۆنی عەرەب کە لە نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە هاتبوون ناویان لێنابوو “سێرێندیب”، کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیا، ناوی لێنا “سیلۆن”، پاشان لە ساڵی 1972 ناوەکەی گۆڕا بۆ ناوی ئێستای؛ کۆماری سۆسیالیستی دیموکراتیی سریلانکا، دوای ئەوەی لە ساڵی 1948 لەژێر دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیی، ڕزگاری بوو (6) .
ئەم وڵاتە، لە سەردەمی کۆڵۆنیالیزمدا هاوشێوی وڵاتانی تری کۆڵۆنیکراو، تووشی نەهامەتی و سەختیی زۆربۆتەوە، دواکەوتن و لە هەموو بوارەکاندا و لەناو هەموو چین و توێژەکانی دیاردەی هەرە زاڵە، دەوڵەتە کۆڵۆنیالیەکان، بۆ سریلانکا، شەڕی ناوخۆ و نائارامی تایەفی و توندوتیژیی و یاخیبوونیان بەجێهێشت، بە جۆرێک نەخشەی سیاسیی و ئابووری و دیموگرافی وڵاتیان کێشاوە کە هەرگیز نەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
“مێژووی داگیرکاریی لە سریلانکا”
دەتوانین مێژووی داگیرکاریی ئەو وڵاتە لە چەند وێستگەیەکدا بە کوورتی بخەینەڕوو (7) .
یەکەم: لە ساڵی (1505 – تا 1658) ی زایینی، پورتوگالییەکان بۆ مەبەستی بازرگانی داگیریانکرد و بۆ ماوەی 150 ساڵ حوکمڕانی دوورگەکەیان کرد، جگە لە شانشینی کاندی، لە ناوەڕاستی وڵاتەکەدا.
دووەم: لە ساڵی (1685-1815) ی زایینی، هۆڵەندییەکان توانیان پورتوگالیەکان دەربکەن و کاریانکرد بۆ دەستەبەرکردنی دورگەکەو بەکارهێنانی وەک بنکەیەکی بازرگانیی لە زەریای هیندیدا.
سێیەم: لە ساڵی (1815 – 1948) ی زایینی، بەریتانیا دوای ڕووخانی شانشینی کاندی، تەواوی دوورگەکەی داگیرکرد، لەم ماوەیەدا بەریتانییەکان بە فەرمی چاندنی “چا”یان لە دورگەکە ناساند و “چای سیلان” لە جیهاندا ناوبانگێکی بەرچاوی هەیه و یەکێکە لەبەرهەمە ئابوورییە ناردەنییەکانی سریلانکا.
چوارەم: (1915) ی زایینی، گەلی سریلانکا بە بۆنەی 100 ساڵەی ڕووخانی شانشینی کاندی، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانیان ئەنجامدا، و داوای بەشداریکردنیان لە فەرمانڕەوایەتیدا کرد.
پێنجەم: لە ساڵی (1925) بەریتانیا لیژنەیەکی تایبەتی بۆ چاکسازی لە دەستوور پێکهێنا، کە یارمەتیدەر بوو بۆ سریلانکا (سیلان) تا وەک ناوچەیەکی تاجی بەریتانیا “کۆمۆنوێڵس” بیناسێنێت.
شەشەم: له ساڵی (1944) ی زایینی، بەریتانییەکان لەسەر ڕەشنووسی دەستوورێک ڕێککەوتن کە دەرفەتی پێکهێنانی حکومەتێکی دەستووری بە سیلانکییەکان بدات.
حەوتەم: لە ساڵی (1948) ی زایینی، سریلانکا، سەربەخۆیی تەواوەتی لە بەریتانیا بەدەستهێنا.
“بارودۆخی گشتیی و سیاسی لە سریلانکا”
کاروباری سیاسی وڵات و پەیوەندی نێوان دەسەڵاتەکان و هاووڵاتی سریلانکی، بە دەستووری ساڵی 1978 ڕێکخراوە، سیستەمی فرەحیزبی لە وڵاتدا نمایشی فرە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی وڵاتەکە دەکات.
لە سریلانکا چەندین پێکهاتەی ئایینی جیاواز بوونیان هەیە، کە لێرەدا بەرێژه لە کۆی دانیشتووانی وڵات دەیخەینەڕوو (8) .
یەکەم: بوزیی لە 70.19%ی خەڵکی وڵات، پێکدەهێنێت.
دووەم: هیندۆسی لە 12.61%ی خەڵکی وڵات، پێکدەهێنێت.
سێیەم: موسڵمانەکانیش 9.2%ی خەڵکی وڵاتەکە پێکدەهێنن.
چوارەم: مەسیحی “کریستیان” 7.45%ی خەڵکی وڵات، پێکدەهێنێت
ئەم فرەییە لە ئاییندا، هاوتەریبی فرەیی نەتەوەییشە کە لە وڵاتەکەدا هەیه و چەند نەتەوەیەکی جیاواز هەن، وەک: سەنیهالی کە (74.9%) و تامیلی (15.4%) و موسڵمان (9.2%) و بورگەرەکان، واتە: نەوەکانی کۆڵۆنیالی هۆڵەندی و پورتوگالی، کەمتر (1%) ، لێرەدا موسڵمانەکان کە وەک ئایین و نەتەوەش ناسێنراون، سەرچاوەی خۆیان بۆ بازرگانانی عەرەب لە سەدەی هەشتەم دەگەڕێننەوە.
تامیلەکانیش لە دووگرووپ پێکدێن؛ تامیلەکانی سریلانکا (ئەوانەی کە له کۆنەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی هیندستانەوە نیشتەجێبوون) و تامیلەکانی هیندی (کۆچبەرانی ئەم دواییە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی هیندستانەوە، کە زۆربەیان کرێکاری کۆچبەر بوون و بەهۆی بەریتانییەکانەوە هێنراونەتە سریلانکا) (9) .
هێزە چەکدارەکانی سریلانکا، پێکهاتوون لە سوپای وشکانی سریلانکا، هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی، کە لە وەزارەتی بەرگرییدا ڕێکخراون. کۆی هێزی هەر سێ جۆرەکەی سوپا، (وشکانی و ئاوی و ئاسمانی) نزیکەی 346 هەزار سەربازن، هەروەها نزیکەی 36 هەزار سەربازی یەدەگ لە سریلانکا هەیە، سیستەمی سەربازی زۆرەملێ لە سریلانکا پیادەناکرێت.
لە دوای سەربەخۆیی سریلانکاوە لە ساڵی 1948 وە، تەرکیزی سەرەکی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە لەسەر بەرقەراربوونی ئاساییشی ناوخۆ و لەناوبردنی سێ شەڕی گەورە بووە، دوو شەڕ لەلایەن مارکسییەکانی (JVP) و شەڕی 26 ساڵە لەگەڵ پڵنگەکانی تامیل- #ئیلام#، هێزە چەکدارەکانی سریلانکا لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، هاوکات بەشداریی سەربازییان کردووە بۆ یەکە هەمیشەییەکان کە لە چەندین ئەرکی ئاشتیپارێزی لە چاد و لوبنان و هایتی جێگیرکراون.
شەڕی نێوخۆی سریلانکا، یەکێک لە درێژترین شەڕە ماوەدرێژەکانی جیهان بوو کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکی خایاند (1983-2009) لەنێوان بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازی سریلانکی کە، پێشتر بە “پڵنگەکانی تامیل- ئیلام” ناودەبران، ئەم شەڕە له نێوان پێکهاتەی تامیلی و حکومەتی ئەو وڵاتەدا بوو، تامیلییەکان داوای سەربەخۆیی و پێکەوەلکانی ناوچەکانی تامیل نشینیان دەکرد، لەگەڵ شکستی شۆڕشەکەیان و کوژرانی سەرکردەی چەکداری بزووتنەوەکە، دەنگی سەربەخۆیخوازیی بۆ فیدراڵی و دواتریش کپبوونەوە لەناو سریلانکادا گۆڕدرا، لەکاتی خۆیدا کە لە هێزی سەربازیدا بووە، گۆتابایای سەرۆکی هەڵهاتووی ئێستای سریلانکا، ڕۆڵی لە کپکردنەوەی ئەو شۆڕشەدا هەبووە.
بە گوێرەی دەستووری وڵاتەکە هەر دوو زمانی سینهال و تامیل زمانی فەرمین، زمانی ئینگلیزیش لە دەستووردا وەک زمانی پەیوەندی دیاریکراوه و لە پەروەردە و بازرگانی و مامەڵەی ئابووریدا بەشێویەکی بەربڵاو بەکاردێت.
بە گوێرەی بەشی دووەم، ماددەی نۆیەم، لە دەستووری کۆماری سریلانکا، ئایینی بودی کە لەلایەن (70.2%) ی دانیشتووانی وڵات پەیڕه و دەکرێت، ئایینی فەرمییە، کە زۆرینەی بوداییەکان سینهالین و کەمینەیەکی تامیلشیان هەیە، دوای ئەمیش ئایینی هیندۆس دێت، کە لەپێش بودا له و وڵاتەدا، ئایینی باڵادەست بووە.
ڕێژەی خوێندەواریی لەسریلانکا (92.5%) یەکێکە لەخوێندەوارترین دانیشتووان لەنێوان وڵاتانی تازەپێگەیشتودا، ڕێژەی خوێندەواریی گەنجان (98.8%) ڕێژەی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر (35%) ڕێژەی وەرگرتنی خوێندکاران لە قوتابخانە سەرەتاییەکان زیاتر لە (99%) یه و سیستەمێکی پەروەردەیی هەیە کە نۆ (9) ساڵ خوێندنی زۆرەملێ وخۆڕایی بۆ هەموو منداڵێک دیاریدەکات، سریلانکا، نزیکەی (9675) قوتابخانەی گشتی و (817) قوتابخانەی تایبەتی هەیە و (15) زانکۆی حکومی هەیە، بەڵام نەبوونی دەرفەتی یەکسان بۆ گەیشتن بەخوێندنی باڵا یەکێکە لە بەربەستەکانی هاووڵاتی خوێندەواری ئەو وڵاتە. (10) .
لەبارەی مافی مرۆڤ و ڕاگەیاندنەوە لە سریلانکا، دەتوانین ئاماژە بۆ بوونی کۆنترین ئێزگەی ڕادیۆیی بکەین کە لە ساڵی 1923 بەناوی ڕادیۆی سریلانکا (پێشتر سیلان) دامەزراوە، لە سەرەتادا سەرجەم کەناڵەکان لەژێر دەستی حکومەتدا بوون، بەڵام له ساڵی 1992 وە، کەناڵە تەلەڤزیۆنییە تایبەتەکان دەستیان به پەخشکردووە.
تا ساڵی 2010، 51 ڕۆژنامە (30 ڕۆژنامەی سینهالی و 10 تامیل و 11 ئینگلیزی) بڵاوکراونەتەوە و 34 وێستگەی تەلەڤزیۆنی و 52 وێستگەی ڕادیۆیی لە کاردابوون. لەم ساڵانەی دواییدا، گرووپە ئازادەکانی میدیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە، ئازادی ڕۆژنامەگەریی لە سریلانکا، لەهەژارترین ئاستی دیموکراسیدایە.
دەستووری سریلانکا، بە فەرمی مافەکانی مرۆڤ وەکئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندی کردووە دەستەبەردەکات ، بەڵام مافی مرۆڤ کەوتۆتە ژێر ڕەخنەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ئاژانسە تایبەتمندەکانی ئەوبوارەوە.
کولتوری سریلانکا، بە پلەی یەکەم لەژێر کاریگەریی ئایینی بودی و هیندۆسدایە، سریلانکا شوێنی دوو کولتوری سەرەکی نەریتییە: سینهالی (ناوەندی لە کاندی و ئەنووراداپورا) و تامیل (ناوەندی لە جافنا) ، لەوکاتەوە تامیلەکان لەگەڵ گەلی سینهال پێکەوە ژیاون، تێکەڵبوونی مێژووی وایکردووە کە ئەو دوو نەتەوەیە بە ئاسانی لەڕووی شێوەوە لێک جیانەکرێنەوە.
لەڕووی خۆراکەوە بەرهەمی برنج و کاری و بەهاراتی هەمەجۆر و خواردنە نەریتییەکان دیارترین شێوەی باوی خواردنی خەڵکی ئەو وڵاتەن، هاوکات لەبەرانبەر مانگی نیسانی زایینی، سریلانکییەکان ئاهەنگی سەری ساڵی بودی و هیندۆسی دەگێڕن و له و وڵاتەدا چەندین فێستسڤاڵ سازدەکرێن. هەروەک سەرجەم پێکهاتە ئایینییەکان، بودی و هیندۆسی و کریستیان و موسڵمان، بۆنەی تایبەت بە خۆیان دەگێڕن، سریلانکا، یەکێکە له و وڵاتانەی زۆرترین بۆنەی کولتوری بە درێژایی ڕۆژەکانی ساڵ تێدایە.
لەڕووی هونەرەوە دەکرێت ساڵی 1947، بەهۆی سەرەتاکانی ڕزگاربوونی وڵاتەکە لە کۆڵۆنیالیزمی بەریتانییەوە بە سەرەتای سینەمای ئەو وڵاتە دابنرێت، شێوازی فیلم لەم وڵاتە لەژێر کاریگەریی ستایلی بۆلیودە، فیلمەکان گوزارشتن لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و شەڕ و نەهامەتی وڵاتەکە و هاوکات باسوخواسی خێزانیش.
چی ڕوویدا، گەوهەرەکەی زەریای هیندی بۆ وایلێهات؟
سریلانکا لە مێژووی خۆیدا بە “گەوهەری زەریای هیندی” ناوبراوە، ئەو وڵاتە کە هەر چوارلای ئاوە و بەسەر ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و باکوور و باشووری گۆی زەویدا کراوەتەوە و خاوەنی سامانی زۆری سرووشتییە، ناتوانێت دانیشتووانە زیاتر لە 21 ملیۆنییەکەی بژێنێت، دەبێت هۆکاری ئەمە چی بێت؟
لە 16ی تشرینی دووەمی ساڵی 2019، خەڵکی وڵاتەکە ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکە، لەم هەڵبژاردنەدا کە 35 بەربژێر هەبوون، سەرکردە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵیان لە کایەکەدا لاوازبوو، به پێچەوانەوە ناوی سەرکردەی بنەماڵە ناودارەکان زۆرتر دەدرەوشایەوە، گۆتابایا ڕاچاباکسا، برای سەرۆکی پێشوو کە بەهۆی حوکمی دەستوورییەوە بۆی نەبوو بۆ جاری سێیەم خۆی هەڵببژێرێتەوە، کێبڕکێی لەگەڵ کوڕی وەزیری نیشتەجێکردنی ئەوکات (2019) ، ڕاناسینگ پرێماداسا دەکرد (11) .
ئەم هەڵبژاردنانە دوای ساڵێک هات لە قەیرانێکی دەستووریی چەقبەستوو کە، لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە چارەسەرکرا، ئەویش بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکارەکانی سەرۆک کۆمار بۆ لە کارخستنی حکومەت و هەڵوەشاندنەوەی پەڕڵەمان و هەموو ئەو بڕیارانەی بەوهۆیەوە درووستببوو، بەڵام بڕیارەکەی دادگای باڵا کۆتایی بە دووبەرەکی سیاسی لەو وڵاتە نەهێنا و خەڵکی سریلانکاش بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان دەکرد بۆ کۆتایهێنان بەو قەیرانانە.
هاووڵاتییانی سریلانکا گرنگییەکی تایبەتیان بەو هەڵبژاردنە دەدا، چونکە یەکەمجاربوو دوای هێرشەکانی جەژنی “ئیستەر” کە لە 21ی نیسانی 2019 دا ئەنجامدرا و کڵێسا و هۆتێلە لوکسەکانی کردە ئامانج و زیاتر لە 250 کەس کوژران و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون، کە دواتر دەوڵەتی ئیسلامی (#داعش#) بەرپرسیارییەتی ئەو کارە تیرۆریستییەی لە ئەستۆ گرت، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی سریلانکا دەریخست کە ڕێکخراوەکە “داعش”، پێش ڕوودانی هێرشەکان ئاگاداری ئەو بابەته نەبووە، ئەو هێرشە تیرۆریستییە، ڕادەی قەیرانی نێوان هەردوو دامەزراوەی حکومەت (سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکوەزیران) ی زیاتر ئاشکراکرد. چاودێران وایان دەدایە قەڵەم کە، ئەو هەڵبژاردنانە کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لەسەر ئاشتی و ئاساییشی مەدەنی لە سریلانکا، هەروەها ڕێگە خۆشدەکات بۆ هەڵبژاردنی پەڕڵەمانیی کە چاوەڕوان دەکرا لە نیسانی ساڵی 2020 دا ئەنجام بدرایە.
لە 5ی ئابی 2020 و دوای چوار مانگ دواکەوتنی لە کاتی دیاریکراوی دەستووری، هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی چاوەڕوانکراوی سریلانکا بەڕێوەچوو، کە تێیدا 16 ملیۆن هاووڵاتی سریلانکی مافی دەنگدانیان هەبوو.
هەڵبژاردنەکە بەهۆی کۆڤید-19وە لەکاتی خۆیدا ئەنجامنەدراو، له و هەڵبژاردنەدا (7898) کەس خۆیان بۆ 225 کورسی پەڕڵەمانی بەربژێر کردبوو، لەم کاتەدا گۆتابای ڕاچاباکسای سەرۆک کۆماری هەڵهاتوی ئێستا و براکەی ماهیندا ڕاچاپاسکا، کە سەرۆکی حکومەت (2020) و سەرۆکی پێشووی وڵات لە 2005-2015 بوو، وە به دەسەڵاتە ئاسنینەکەی ناسرابوو، هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی دوو لەسەر سێی پەڕڵەمانیان دەدا، ئەویش بەئامانجی هەڵوەشانەوەی ئەو هەموارە دەستوورییانەی کە له کابینەکانی پێشووتردا ئەنجامدرابوون، له بواری فراوانکردنی دەسەڵاتی پارێزگاکان و پێدانی ناناوەندێتی زیاتر و دیاریکردنی ویلایەتی سەرۆکایەتی کۆمار تەنیا بۆ دوو خوول و دەستبەسەراگرتنی دەسەڵاتی دادوەری و چەندکارێکی دیکەش که ئەگەر ئەنجامیبدەن لە بەرژوەندی براکاندا بوو، هەر له و کاتەدا کۆسال پێرێرا، شرۆڤەکاری سیاسی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندبوو:”ئێمە ڕووبەڕووی ڕژێمێکی پاوانخوازی هەڵبژێردراو دەبینەوە”. (12) .
ئەو دووبرایە گۆڕەپانی سیاسیان کۆنتڕۆڵکرد و گۆتابایای سەرکۆمار، براکەی خۆی، ماهیندا، کرد بە سەرۆکی حکومەتی سریلانکا، بە تایبەت کە بە ڕێژەی 59% لە هەڵبژاردنە پەڕڵەمانییەکەدا پارتەکەیان سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا و توانی 145 کورسی لە کۆی 225 کورسی پەرلەمان بباتەوە.
بنەماڵەی ڕاجاپاکسا کە لە بنەماڵە خاوەن زەویە و خانەدانەکانی سریلانکان، چەندین دەیە حوکمڕانی ئەو وڵاتەیان کردووە، لەلایەن داکۆکیکارانی مافی مرۆڤەوە ڕەخنەیان لێگیراوە و بە تاوان و گەندەڵی تۆمەتبارکراون، ئەم بنەماڵەیە لەنێو کۆمەڵگەی نەتەوەیی سینهالیەکاندا زۆر بە ناوبانگن بەهۆی ئەوەی ڕۆڵی هەبووە لە کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆیدا.
باری ئابووری خراپی خەڵکی سریلانکا له ماوەی ڕابردوودا جێگەی نیگەرانی و ناڕەزایی خەڵک و دەستبژێری سیاسیی و ئایینی وڵاتەکەبووە، زیاتر لە 20%ی خەڵکی وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریدان و یەکێکە لە وڵاتە شکستخواردووەکان، ئەو وڵاتە بە دەست کێشەکانی وەک: هەژاریی، بێکاریی، گرانی و نەبوونی سوتەمەنی، … تاد، دەناڵێنێت و ناڕەزایەتییەکان لە مانگی نیسانی 2022 وە بە تەواویی زیادیکردووە و ڕووبەڕووبوونەوه لەنێوان هاووڵاتییان و هێزەکانی پۆلیس ڕوویداوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی، داهاتی تاک لە 2016 دا بریتی بووە، لە 1.90 دۆلار له رۆژێکدا، لەلایەکیترەوە کۆرۆنا، بووە بەهۆی قوڵکردنەوەی زیاتری هەژاریی و بێکاریی به ئاستێکی مەرسیدار، ڕێژەی بەرزی هێزی کار زۆرتر لە کرێکاری نافەرمی پێکدێت، کە 70%یە، ئەمەش مانای وایە لە دۆخی نا دەستەبەریدا دەژین و ناتوانن بەرگەی بارودۆخە سەختەکان بگرن (13) .
سریلانکا بە شێوەیەکی سەرەکی وڵاتێکی کشتوکاڵییە، بەرهەمی سەرەکی برنجە کە خەریکە وڵات بەو برنجە خۆبژێوی بکات، هەروەها چا و گوێزی هیندی بەرهەمی کشتوکاڵی تری هەن کە لەڕوی ئابوورییەوە زۆر گرنگن، چا، یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەکانی هاتنی دراوی بیانی، جگە لەوەش بەرهەمە گرنگەکانی دیکە بریتین لە: کاکاو و بەهاراتەکانی وەک دارچین و گوێزی هیندی و بیبەر و مێخەک، سەوزە، دواتریش میوە کە بەرهەمی هەردوو ناوچەی گەرم و مامناوەندە، لە سریلانکا بە باشی گەشە دەکات، هەروەها سریلانکا وڵاتێکی سەرەکی هەناردەکاری بەردی بەنرخ و نیمچە بەنرخە.
لە سێ دەیەی ڕابردوودا گەشتیاریی وەک پیشەسازییەکی گرنگ سەریهەڵداوە، بەڵام نەیتوانیوە لە گەشەپێدانی ئابووری وڵاتدا بەشداری بەرچاو بکات، کەرتی پیشەسازیش له دوای کەرتی کشتوکاڵ دووەمین سەرچاوەی ئابووری وڵاتە.
“قەرزی زۆر سریلانکای ماندوکردووە”
سریلانکا وڵاتێکی قەرزارە، شارەزایان دەڵێن؛ هۆکارێکی سەرەکی لە قەیرانی ئابووری ئێستای سریلانکا سرووشتی قەرزکردن و پابەندبوونی قەرزی دەرەکیی وڵاتەکەیە، ئەم قەیرانە دەرئەنجامێکی سەرەکییە لە مەیلی ڕاهاتن لەسەر قەرزکردنی وڵاتەکە لە دەوڵەتە قەرزدەرەکان و دامەزراوە داراییەکان.
لە 12ی نیساندا حکومەتی سریلانکا، ئاشکرایکرد کە پارەکانی وڵاتەکەی لە دانەوەی قەرزە دەرەکییەکاندا خەرجنەکردووە کە بڕەکەی 51 ملیار دۆلاری ئەمریکییه و چاوەڕێی یارمەتیدانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەکات.
#وەزارەتی دارایی# ڕایگەیاندبوو: کە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا، پێویستی بە بڕی نزیکەی 3 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی هاوکاری دەرەکیی دەبێت، بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ڕۆژانەی خەڵکی وڵاتەکه و بوژانەوەی ئابووریی.
ڕەگ و ڕیشەی قەیرانی قەرزی سەروەری، ئێستای سریلانکا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی 2000، کاتێک بانکی نێودەوڵەتی، سریلانکای لە وڵاتێکی کەم داهاتەوە پێشئەوەی بە سرووشتی خۆی سەرکەوێت بۆ وڵاتێکی داهات مامناوەند، بەرەو وڵاتێکی داهاتی مامناوەند، بەرزکردەوە. پشکێکی زۆر لە قەرزە دەرەکییەکان لە ڕێگەی پارەی ئیمتیازاتی دامەزراوە داراییە فرەلایەنەکانی وەک: بانکی نێودەوڵەتی، ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆن و بانکی گەشەپێدانی ئاسیا (ADB) هات. ئەم قەرزانە چەند تایبەتمەندییەکیان هەبوون، وەک: ڕێژەی سوودی نزم (1% یان کەمتر) و ماوەی درێژتر بۆ گەڕاندنەوەی (25-40 ساڵ) کە یارمەتیدەر بوون لە بەڕێوەبردنی سیستماتیکی یەدەگی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی.
ئەم ڕێژەی زۆرەی قەرزی دەرەکی سریلانکا لە کاتێکدایە کە گەشەی ڕاستەقینەی ساڵانەی ئابووری له و وڵاتەدا (0.02) دەبێت (14) .
سەرباری خراپی دۆخ و سرووشت و مەرجی قەرزە دەرەکییەکان و بەڕێوەبردنی خراپی ئابووری وڵات و دابەزینی ئاستی بازرگانی نێوخۆ، بەشداریکردنی سریلانکا لە دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگای چینی (BRI) تەڵەیەکی تربوو کە به و وڵاتەدا تەقییەوە، ئەڵقەی بەندەری هامبانتۆتای ساڵی 2017 گەواهی ئەوە دەدات کە چۆن سریلانکا قوربانی “دیپلۆماسی تەڵەی قەرز”ی خراپەکاری چینە، بەپێی تۆمارە فەرمییەکان، لە کاتێکدا چین 9.83% (3.4 ملیار دۆلاری ئەمریکی) لە کۆی قەرزە دەرەکییەکانی سریلانکا تا ساڵی 2019 پێکدەهێنێت، تەکنیکەکانی تەسفیەکردنی چین و قەرزە شاراوەکان لە پڕۆژە جیاوازەکاندا دەرئەنجامەکانی ئیمپریالیزمی ئابووریی پیشاندەدەن کە پەکین، نیشانیداوە و کێشەیان بۆ ئابووری سریلانکا، درووستکردووە.
قەیرانی ئابووری بەردەوام لە سریلانکا حکومەتەکەی ناچارکردبوو لە شوباتی 2022 داوای ڕاگرتنی قەرزەکانی چین بکات- ئەمەش جارێکی دیکە بابەتی ‘قەرزەکانی چینی کێشەداری لە دنیای دیپلۆماسی جیهانیدا وروژاندو له مانگی نیسانی 2022 پارێزگاری بانکی ناوەندیی سریلانکا، ڕایگەیاند: لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەکی دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەری قەرزە ناوخۆییەکان (وەک: دەستەبەرەکانی حکومەت و بۆندەکانی گەشەپێدان) ناکرێت، لە هەمانکاتدا بە لە بەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا، داڕشتنەوەی قەرزی دەرەکی لە پێشینەدا دەبێت (15) .
لە دوای ئەم ڕاگەیاندنەوە ناڕەزایەتی جەماوەریی زیادیکرد ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کەلوپەلە سەرەکییەکانی وەک؛ برنج و شیر و کەمیی سووتەمەنی، هەروەها لەم دواییانەدا بەشێکی زۆری هاووڵاتییان بەهۆی بڕینی کارەبا بۆ ماوەی 13 کاتژمێر لە شه و و ڕۆژێکدا تووشی کێشە بوون.
لە سەرەتای مانگی تەممووزی 2022 دا خەڵکی وڵاتەکەدا ڕژانە سەرشەقامەکان بۆ خۆپیشاندان دژی حکومەتی سریلانکا، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا توانیان بگەنەسەر کۆشکی کۆماری و سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت دەستی بەسەردا گیرا و سەرۆکی وڵاتەکە لە کۆشکی کۆماریی هەڵهات و سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن: ڕۆشتۆتە ناوچەیەکی سەربازیی پارێزراو، دەنگۆی ئەوە هەیە بڕواتە ئەمارەتی دوبەی، لە وڵاتی ئیمارات.
سەرۆکی حکومەتی پێشووتر ڕانیل ویکرمسینغ، کە لەچوارچێوی ترس لە فشارەکانی خەڵکی وڵاتەکە، دژی براکەی سەرۆک کۆمار، کە پێشتر سەرۆکی حکومەت بوو، هێنراوەتەوە ناو کایەکە بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان و تێپەڕاندنی دۆخەکه. ویکرمسینغ وتی: ناتوانین تەنانەت شایستە داراییەکانی سوتەمەنیش بۆ کۆمپانیای سیلان پیترلیۆم کە سوتەمەنی ناوخۆ دابیندەکات، دەستەبەر بکەین و هیچ وڵاتێکیش ئامادەنییە یارمەتیمان بدات و بەمشێوەیە لێدوانێکی کارەساتباریداو وتی “هیچ وڵات و ڕێکخراوێک لە جیهاندا ئامادەنییە سووتەمەنیمان بۆ دابین بکات، ئەوان دوودڵن لە دابینکردنی سووتەمەنی بە پارە” (16) .
ئێستا سەرۆکی حکومەت، ڕانیل ویکرمسینغ، بە شێوەی کاتیی جێگەی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی گرتۆتەوە و سەرۆکی هەڵهاتووی وڵاتەکەش بەڵێنیداوە له ناوەڕاستی ئەم مانگەدا تەمموزی 2022، دەستلەکاربکێشێتەوە، بە گوێرەی وتەی سەرۆک وەزیران، بەمزووانە پەڕڵەمانی وڵاتەکە کۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، هەتا کاتی هەڵبژاردنی دەستووریی، له ساڵی 2024 و بڕیاریشە حکومەتێکی بنکە فراوان بۆ ئەم قۆناغە پێکبهێنرێت.
“چەند دیاردەیەکی دواکەوتوی حوکمڕانی لە سریلانکا”
باری سیاسی سریلانکا، دەرهاویشتەی حوکمی کۆڵۆنیالیزم و داگیرکاری چەندین سەدەی مێژووییە، فرە نەتەوەیی و ئایینیەکەی نەبووەتە مایەی هێز و ئاشتی و پێشکەوتن، کولتورە جیاوازەکان هەر یەکێکیان داوای بەشی خۆی دەکات، وڵاتێکی بچوک بە قەبارە پڕاوپڕە لە کێشەی سیاسی وئابووری، زۆری ڕێژەی دانیشتووان و گرانی باری گوزەران هاوشانە لەگەڵ چەند دیاردەیەکی دوکاوتوی حوکمڕانی له و وڵاتەدا، وەک ئەمانەی خوارەوە:
1- زۆریی پشووی فەرمی له و وڵاتەدا که، کۆی هەموویان دەکاتە سێ مانگ له ساڵێکدا، ئەویش بەهۆی فرەیی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانەوە.
2- کەمی کاتی کاری بانکەکان ئەویش پێنج ڕۆژ لەهەفتەیەکدا و ڕۆژانەش لەکاتژمێر نۆی بەیانی بۆ یەک یان سێی پاشنیوەڕۆ.
3- دابەشبوونی چینایەتی لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە.
ئەنجام:
ئەوەی لەم زانیارییانەی ناو ئەم نووسینەوە دەتوانین وەک ئەنجامێک بۆ خوێندنەوەی زیاتر و بڕیاردان بەدەستی بهێنین ئەوەیە کە:
1- وڵاتی بە جوگرافیا بچووک کێشەی ئابووری زیاترە بەراورد بە وڵاتە پانوپۆڕەکان لەڕووی جوگرافیاوە.
2- سیاسەت و بەرنامەی نیشتمانی، لە وڵاتانی پاش کۆڵۆنیالیزم چەندین بەربەستی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوری هەیە، کە تێپەڕاندنی قۆناغەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان زۆرجار لەدەستی وڵاتانی زلهێزدا دەمێنێتەوە.
3- وڵاتانی ژێردەسته و داگیرکراو، توانای درووستکردنی هێزی ڕاستەقینەیان لاوازە.
4- فرەیی لە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی بۆ وڵاتانی هەژار و لاواز، دەرفەتی شەڕ و کێشه و ناسەقامگیریی هەمەلایەنە دەهێنێتە ئاراوە.
5- هەوڵدان بۆ بە خێزانیکردنی دەسەڵاتی سیاسی له و وڵاتانەدا بە پشتیووانیی وڵاتانی دەرەکیی، مایەی گێره و کێشه و ئاژاوەی نێوخۆو بەپێوە نەوەستانی وڵاتەکەیە.
6- خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئابووری و قۆرخکردنی سامانی گشتی و گەندەڵی، هۆکاری تیاچوونی گەلانە.
7- قەرزی دەرەکی و مەرجەکانی قەرز و پابەندنەبوون بە دانەوەی قەرزەوە، بناغەی ئابووری وڵات لەناو دەبات.
ئەم ئەنجامانە و چەندین خوێندنەوەی جیاوازی دیکەش دەکرێت لەم ڕووداوانەی سریلانکاوە بێتەدەرەوە، به و هیوایەی توێژەرانی دوای ئێمە ڕەهەندی جیاوازی تری ئەم بابەتەمان بۆ بخەنەڕوو.
سەرچاوەکان:
(1) سریلانکا، ئەم زانیارییە وەرگیراوە لە پێگەی (string fixer) لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە لە 11/7/2022 سەردانیکراوە:
https://stringfixer.com/ar/Republic_of_Sri_Lanka
(2) هەمان سەرچاوە، پێگەی (string fixer) .
(3) عدد سکان سریلانکا 2021 والترتیب العالمی لسری لانکا من حیث الکثافە السکانیە، پێگەی (soft Arabia) لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە، لە 11/7/2022 سەردانیکراوە: https://www.softarabia.com/sri-lanka-population/
(4) پێگەی فەرمی حکومەتی سریلانکا، لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە زانیارییەکانی تێدایە و لە 11/7/2022 سەردانیکراوە:
https://www.gov.lk/content/index.php/post/government1?gen_from=abt&appcode=cp&lang=en
(5) هەمان سەرچاوە، پێگەی (string fixer) .
(6) معلومات عامە، لە پێگەی باڵیۆزخانەی قەتەر لە سریلانکا، لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە کە سەردانیکراوە لە 11/7/2022، وەرگیراوە:
https://colombo.embassy.qa/%D8%B3%D8%B1%D9%8A%D9%84%D8%A7%D9%86%D9%83%D8%A7/%D9%85%D8
(7) هەمان سەرچاوە، لە پێگەی باڵیۆزخانەی قەتەر لە سریلانکا.
(8) COUNTRY OVERVIEW، پێگەی فەرمی حکومەتی سریلانکا، لەسەر ئەم بەستەرە کە لە 12/7/2022 سەردانیکراوە:
https://www.gov.lk/content/index.php/post/countryoverview1?gen_from=abt&appcode=cp&lang=en
(9) پێگەی فەرهەنگی (Britannica) ، Sri Lanka لە 12/7/2022 سەردانیکراوە لەسەر ئەم بەستەرە: https://www.britannica.com/place/Sri-Lanka/Plant-and-animal-liferef24279 و پێگەی فەرمی حکومەتی سریلانکا لە بەستەری سەرچاوەی پێشوو (8) .
(10) هەمان سەرچاوە، پێگەی (string fixer) .
(11) پێگە الجزیرە، سریلانکا.. انتخابات ڕئاسیە للمرە اڵولی دون کبار المسۆولین، لە 12/7/2022 سەردانیکراوە لەسەر ئەم بەستەرە: https://www.aljazeera.net/news/politics/2019/11/13/%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8
(12) پێگەی (Swiss info) انتخابات تشریعیە فی سریلانکا من ِشأنها تعزیز نفوژ الشقیقین الحاکمین ڕاجاباسکا، لە 12/7/2022 سەردانیکراوە، لەسەر ئەم بەستەرە:
https://www.swissinfo.ch/ara/%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA
(13) بانکی نێودەوڵەتی (Poverty & Equity Brief Sri Lanka South Asia October 2020) 12/7/2022، سەردانیکراوە، لەسەر ئەم بەستەرە وەرگیراوە: https://databank.worldbank.org/data/download/poverty/987B9C90-CB9F-4D93-AE8C-750588BF00QA/SM2020/Global_POVEQ_LKA.pdf
(14) SOUMYA BHOWMICK ,Fallacies in Sri Lankas external debt patterns visit at; 12/7/2022 on this link below; https://www.orfonline.org/expert-speak/fallacies-in-sri-lankas-external-debt-
(15) SOUMYA BHOWMICK، هەمان سەرچاوە.
(16) الجزیرە، ڕئیس وزرا و سریلانکا یعلن انهیار اقتصاد بلاده، لە 12/7/2022 سەردانیکراوە، لەسەر ئەم بەستەرە: https://www.aljazeera.net/ebusiness/2022/6/22/%D8%B1%D8%A6%D9%8A%D8%B3-
پەراوێز:
دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگا چییە؟
دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگا، وەک دەزانرێت، چین هەوڵی داوە و هەوڵدەدات کاریگەریی خۆی لە ئاستی جیهانیدا لە ڕێگەی “دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگا” فراوان بکات، کە چەند ملیار دۆلارێکی بۆ تەرخان کردووە و لەسەر بنەمای بیرۆکەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گرووپی وڵاتانی بەشداربوو دامەزراوە لە ڕێگەی زنجیرەیەک پڕۆژەی ژێرخانی.
پەکین، لە ساڵی 2013دا “دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگا”ی ڕاگەیاند و بەخێرایی بوو بە شێوازی- ستایلی شی جینپینگ سەرۆکی چین، لە بەرەی سیاسەتی دەرەوەدا، لە ساڵی 2017دا ئەم دەستپێشخەرییە خرایە ناو دەستووری حزبی شیوعی چینەوە و 138 وڵات و 30 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ڕێککەوتن لەسەر بەشداریکردن، لەگەڵ وەبەرهێنانەکان بۆ بەستنەوەی ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپا.
لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی ئایدداتا، کە دامەزراوەیەکی بیرکردنەوە لە کاروباری گەشەپێدانی نێودەوڵەتییە، لەم دواییانەدا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەرکەوتووە کە کۆی قەرزەکانی چین لەدەرەوەی وڵات دەگاتە 843 ملیار دۆلار، لەو ژمارەیەش 385 ملیار دۆلار “قەرزی ڕانەگەیەنراو یان کەمکراوە”.
بەم شێوەیە هەندێک لە شارەزایان مەبەستەکانی پەکین بە “دیپلۆماسی تەڵەی قەرز” ناودەبەن. لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە 42 وڵات زیاتر لە 10٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی چین قەرزارن. لەڕاستیدا، شەش لە کۆی هەشت وڵاتی باشووری ئاسیا- پاکستان، سریلانکا، بەنگلادیش، ئەفغانستان، نیپاڵ و ماڵدیڤ- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ چین سەبارەت بە دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگا، واژۆ کرد. بەڵام لە ماوەی چەند ساڵێکدا ئەم وەبەرهێنانانە نموونەیەکی نموونەیی دەرچوون کە چۆن وەبەرهێنانی گەورە دەتوانێت بۆ وڵاتانی قەرزدار بە هەڵەدا بچێت. بڕوانە:
https://aawsat.com/home/article/3619946/%D9%86%D8%B8%D8%B1%D8%A9-
[1]