ناونیشانی بابەت: ئایا گفتوگۆ لە نێوان کوردستان و ئێراق بوونی هەیە
ئامادەکردن: #سامان ساڵح#
لەم وتارەدا دەمەوێت وەڵامی ئەو پرسە بدەمەوە کە، ئایا بابەتێک بەناوی گفتوگۆی ڕاستەقینە لەنێوان کوردستان و ئێراقدا بوونی هەیە؟
لێرەوە دەگەینە ئەوەی کە بەریتانیا و هاوپەیمانانی، لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیان، نیشتمانی کوردستانیان دابەشکرد و خاک و وڵاتێکیان بەناوی “ئێراق” بۆ عەرەبی سوونە لە میسۆپۆتامیا بنیاتنا.
بنەمای هزریی درووستکردنی ئێراق، لەسەر پاشکۆیەتی باشووری کوردستان بنیاتنراوە، بە فێڵ و بە زۆر، پێکەوەلکاندنی ویلایەتی موسڵ- باشووری کوردستان، بە ئێراقی درووستکراوە وە، لەوپێناوەدابوو.
هەر لەخۆوە نییە کە، میس بێڵ-ی ژنە سیخوڕی بەریتانی و ئەندازیاری درووستکردنی ئێراق، لە ڕۆژانی کۆتایی شوومی مەرگیدا، لە نامەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە که، دەڵێت: “بڕوابکەن؛ درووستکردنی مەلیکەکان هێندە ماندووی کردووم، کە جارێکی ترهەرگیز دووبارەی نەکەمەوە”وەک ئاماژەیەک بۆ درووستکردنی مەلیک و مەملەکەتی ئێراق.
درووستکردنی دەوڵەتی ئێراق، بڕیارێکی ستەمکارانەی بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی بوو، قوربانی ئەوبڕیارەش گەلی کورد و خاکی کوردستان بوو، لەو پێناوەدا گەلی کورد لە باشووری کوردستان، هەزاران قوربانی داوە و نەسرەوتووە، لەپێشی هەمووانەوە خەباتی کوردستانیانەی شێخ مەحمود، پاشای کوردستان، لە سێ قۆناغی جیاوازدا مایەی شانازییە، بەڵام هێزی نا هاوسەنگ و نابەرابەری نێوان کوردستان و بەریتانیا، تەرازوی بەختی دەوڵەتی، بەلای ئێراقدا خست.
=KTML_Bold=“ئایا ئێراق گفتوگۆ دەکات”=KTML_End=
یەکێک لە بنەماکانی گفتوگۆی ڕاستەقینە، بریتییە لە بوونی دوو لایەنی وەکیەک، مەبەستمان لە وەکیەک، ڕوانینی لایەنەکانە بۆ یەکتری لە ڕوانگەی خاوەندارێتی بۆ پرسێکی دیاریکراو، کە هیچ لایەک خۆی لەوەی تر بە گەورەتر نەزانێت، چونکە لەبنەڕەتدا “گفتوگۆ (مفاوەزات) بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گەیشتنە بە خاڵێکی جێگەی ڕەزامەندی هەردوولا.
بەڵام، لەوەتەی ئێراق درووستکراوە، هیچ کاتێک، نە لەسەردەمی سەرپەرشتیارێتی بەریتانیا 1921 و دواتریش لە دوای ڕزگاربوون لە (ئینتیداب) ی بەریتانیا 1930، بڕیار بەدەستی ئێراق، وەک خاوەن پرس، لە گەلی کوردستانیان نەڕوانیوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ستراتیژیی گۆڕینی “پرسی کورد” لە “پرسی ڕەوای نیشتمانی” بۆ”کێشە” گۆڕیوە وبەرگی ئابووری و تێکدەریی و ئاساییشییان، بە بەردا کردووە، ئەم ڕوانگەیە لە ئێراقدا هەتا ئێستاش بە بەردەوامی درێژەی هەیە.
هەرچەند لە ڕووداوێکی دەگمەندا لە دوای پڕۆسەی داگیرکردنی ئێراق 2003، بەڕێز د. عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئێراق لە مانگی 9/2019 دا، وتی:” پرسی کورد، پرسێکی دورو درێژی مێژووی ئێراقە”.
لەسەردەمی کۆنداو لە دوای 1920یشەوه، کورد زۆر هەوڵیداوە کە وەک لایەنی بەرانبەر لەگەڵ بەریتانیا و دواتریش ئێراق گفتوگۆ بکات، بەڵام هیچ کات ئەوان لەڕوانگەی خاوەن ماف و پرسەوە، لە کوردیان نەڕوانیوە، زۆرجار پرسی کوردیان لە بابەتی ئابووریدا کوورت و تەنگ کردۆتەوە.
گوزارەی “ئەی توتنەکەتان لە کوێ دەفرۆشن” لە مێژووی ئەو ماوەیەدا قوورسترین قسەبووە کە بەرانبەر نوێنەری کوردستان کراوە، هەر بۆیە هۆنراوەی “وەفدی کوردستان، میللەت فرۆشان”ی هۆنەری کورد، حاجی تۆفیق- پیرەمێرد، نموونەیەکی زیندووە لەو مێژووەدا کە سەرکۆنەی نوێنەرانی کورد! دەکات کە هەندێکیان لەسەر پرسی ئابووری لەگەڵ ئێراق ڕێک کەوتوون، بەڵام دەبێت لێرەدا گەمژانە نەکەوینە ناو دۆخێکەوە کە وەک جەهەنەم بۆمان درووستکراوە، چونکە پیلانی نەگریسی ئینگلیز بە جۆرێک بووە، کە پرسی کوردی لەدەست نوێنەری نوێنەر و خەباتکاری ڕاستەقینەی کورد کە شێخ مەحمود بوو، دەرکرد و بۆمبارانی شاری #سلێمانی# پایتەختی حوکمڕانییەکەیشی کرد و دواتر لەگەڵ بازرگانەکان کۆدەبوویەوە و ناوی دەنان نوێنەری کورد.
گوزارەی “چۆن مووچەی فەرمانبەران دابین دەکەن” بۆ سەردەمی ئێستا دیسانەوە ناخۆشترین و قوورسترین قسەیە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی تووشی دۆخێکی نەخوازراو کردووە، لێرەدا دیسانەوە گەر لە ڕوانگەی ئێراقی بدوێین، هەمان ڕوانگەیە کە کۆن هەبووە، ئەویش تەنگ کردنەوەی پرسی کوردە لەبابەتی ئابووری لەوە بچووکتریش بۆ بابەتی تەنیا مووچە.
حکومەتەکانی ئێراق، لە یەکەم حکومەتی عەبدولڕەحمان نەقیبەوە بۆ حکومەتی مستەفا کازمی، یەک فەلسەفەیان هەیە، ئەویش: ڕوانینە بۆ کوردستان، وەک بەشێک لە گرفتی نا سەقامگیریی ئێراق و سەرئێشەی فەرمانڕەوایی، هەموو حکومەتەکانی ئێراقیش دەزانن ناتوانن بەبێ کورد حوکمی کوردستان بکەن.
ئەم ڕوانگە ئێراقیی - عەرەبییە، ڕەگی لە ناو بیرکردنەوەی عەرەبیی خێڵەکیدایە، کە بەهەموو بنەماکانی حوکمی دیموکراتی نامۆیە، چونکە ئێستا بڕوانە، لە ئێراقدا دەستوور هەیە، سەرجەم هێڵە گشتییەکانی تێدایە، بەڵام کاری پێناکرێت و لۆجیکی هێز، جێگەی لۆجیکی دەستووری گرتۆتەوە، بۆە لەم دۆخەدا بەهیچ جۆرێک گفتوگۆ ناکرێت.
=KTML_Bold=“کوردستان لە ئێراقدا چی دەکات”=KTML_End=
کوردستان، وەک خاک، وەکوو چەمکێکی جوگرافیش لەلایەن عەرەبەکانەوە وەرناگیرێت، هەر کەسێک لە ئێراقدا دەسەڵات بگرێتەدەست کار لەسەر ڕازیکردنی شەقامی عەرەبی نەتەوەپەرست، لەسەر بنەمای لاوازکردنی کوردستان دەکات.
گرفتی نوێنەری کوردستان لە گفتوگۆدا، گرفتێکی ڕاستەقینەیە، پڕە لەکێشە و دووفاقیی چارەسەرنەکراو، کێشەی ناوەکیی و دەرەکیی، کێشەی دەرەکیی لەوەی کە ئێراق، نوێنەرانی کوردستان، وەک خاوەن پرس تەماشا ناکات.
کێشەی ناوەکیش، وەکئەوەی کە نوێنەرانی کوردستان، بەڕاستی لە ئاستی پرسی ڕەوای کوردستاندا نین و هەڵگری بیروباوەڕی حیزبین، کە ناتوانن وەک نوێنەری کوردستان گفتوگۆ بکەن، چونکە لە دیوەی ناوەوە، ناکۆکیی نێوخۆیی هێندە لاوازی کردوون، ناتوانن پێداگریی لەسەر بەرنامەکانیان لە گفتوگۆدا بکەن، چونکە گفتوگۆ لە ناوەرۆکدا مامەڵەیە لەگەڵ هێزی پشتەوەی نوێنەراندا کەخاوەنی چین، ئێراق چۆن حساب بۆ شاندێک دەکات کە لە بەغداوە هەندێک لە نوێنەرانی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان دژی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان کە دێن بۆ گفتوگۆ بەیاننامە دەردەکەن، گفتوگۆ چۆن لەگەڵ نوێنەری هەرێمی کوردستان سوودی دەبێت کە لەناو سنووری جوگرافی حکومەتی هەرێمدا دوو حکومەتی حیزبی هەن؟ حیزبەکان لە حکومەت بەهێزترن؟ بەڵام دیسانەوە دەبێت ئاگامان لەپیلانی دوژمنی ئێراقی و هاوپەیمانەکانی بێت، کە ماوەی چەندین ساڵە کار لەسەر ترازاندن و لەناوبردنی هەرێمی کوردستان دەکەن و حیزبەکانیان لێکجیاکردۆتەوە و وتاری کوردیان دابەشکردووە، بەڵام نابێت لێرەدا ئەمە وەک پاکانەیەک بۆ هەرسێ حیزب: پ.د.ک و ی.ن.ک و #بزووتنەوەی گۆڕان#، هەژمار بکرێت، کە بەرپرسی یەکەم و ڕاستەوخۆن لەم دۆخەدا.
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە وەبیر بهێنینەوە که، باشووری کوردستان، بە زۆر لەناو ئێراقدا هێڵراوەتەوە، جەهەنەمی جیۆپۆلەتێک، خاک و ژیان و سامانی ئەم وڵاتە دەسووتێنێت، هەر مامەڵەیەک لەم نێوەندەدا لەسەر بنەمای هێز دەبێت و هیچ کات حکومەتی ئێراقی ئامادە نییە کە وەک خاوەن پرس دان بە کوردستاندا بنێت، بۆیە هیچ کات گفتوگۆی ڕاستەقینەش بوونی نابێت و هەر لەسەر هاتوچۆی بێ ئەنجام، بەردەوام دەبین، هەتا کاتێک کە لەناوخۆدا بەراستی لەسەرئامانجێکی باڵارێکدەکەوێن و بڕوا بە ئێراق دەهێنین کە دەبێت گفتوگۆ بکات. [1]