ناونیشانی بابەت: شافیعییە تازەکان
ئامادەکردن: #سامان ساڵح#
مەبەست لە شافیعی، مەزهەبێکی دیاریکراوی دینی ئیسلامە کە بەناوی داهێنەرەکەیە و ناونراوە و لە ناوچەکەدا، واتە: “کوردستان” زۆرترین شوێنکەوتە- پاشکۆی هەیە، لە کاتێکدا ئەم مەزهەبە لقێکی بچووکی سەرچاوە ڕەسەنەکەی “ئایینی ئیسلامە”، گومانم وایە کە شوێنکەوتەی تێگەیشتن لە مەزهەبی شافیعی لە تێگەیشتن لە ئایینی ئیسلام زۆرتربێت!.
ئەم بارودۆخه؛ سەرلێشێوان و پاشکۆییە بۆ سەرچاوەیەکی لاوەکیی، لەبەرانبەر سەرچاوە ڕەسەنەکەدا و زانای پایەبەرزی کورد د.مستەفا زەڵمی بەجوانی لەبیروەریەکانیدا باسی ئەم بارودۆخە دەکات. بەڵام شوێنکەوتنی لق و چڵ و پاشکۆیەتی، چێژێکی کاتیی بۆ مرۆڤی گەمژە تێدایە کە لە سەرچاوە بنەڕەتیییەکەدا نییە، چونکە لقە لاوەکییەکە بواری شیکردنەوەی کەسیی و دەم کوتان لە خۆ نواندن بۆ خۆپەرستی دەهێڵێتەوە.
مەبەستی من لەم وتارەدا باسی دین و مەزهەب و ئایینی ئیسلام نییە، بەڵکوو دەمەوێت ئەم شێوازە “پاشکۆیەتی”، وەک تیۆرێک بەکاربهێنم بۆ شیکردنەوەی دۆخی بەشێکی زۆر لە گرووپی بەناو “رۆشنبیر، نووسەر، ڕۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار، هونەرمەند، مامۆستا، پارێزەر، ئەندازیار، پیاوی ئایینی، بازرگان و سەرمایەدار و… .”ی کوردستان کە لە دۆخی پاشکۆیەتی کەوتوونەتە گەوزاندنێکی خۆشەوە و بارودۆخەکەشیان بە جۆرێک بارهێناوە، ئەوەی لە ناو ئەو دۆخی پاشکۆیەتی و ڕێگە ونکردنەدا نەبێت و وەکوو ئەوان نەگەوزێت بواری کاری بۆ ناهێڵنەوە.
دیارە کایەکانی ڕۆڵبینین لەناو کۆمەڵگەدا پڕن لە مجۆرە ناونیشانانەی سەرەوە کە نووسیمان و لەلایەکی دیکەیشەوە هەر گرووپی پاشکۆکان بەرپرسن لە ڕەخساندنی دەرفەتی ڕۆڵپێدان بۆ هەر کەسێک کە بێتە ناوکایەی ژیان و بەرپرسیارییەتییەوە و چونکە پاشکۆکان بەکرێ گیراون بۆ بەڕێوەبردنی کایە گشتییەکان.
کورد، وەک نەتەوە لە زۆر لاوە قوربانیی دەستی پاشکۆیەتییە، قوورسترینیان پاشکۆیەتی سیاسی یه، کە تا ئێستا نەیتوانیوە ببێتە خاوەن قەوارەیەکی سەربەخۆی سیاسیی بە ناوی دەوڵەت، واتە؛ “ئەو شتەی هەر میللەتێک هەیەتی و بووەتە مایەی مانەوە و گەشەکردن و بوونی لەسەر ئەم گۆی زەوییه، کورد نییەتی”.
لە پاشکۆیەتی سیاسیی قوورستر و ناخۆشتر، پاشکۆیەتی بیرکردنەوە و هەستکردنە بە نەبوونی خود، لە کایەی ژیاندا، هەندێک ئەم پاشکۆیەتییە دەگێرنەوە بۆ بوونی پاشکۆیەتی سیاسیی و هەندێکیتر، بەپێچەوانەوە پاشکۆیەتی سیاسی بۆ پاشکۆیەتی لە بیرکردنەوە دەگێڕنەوە.
من لایەنگیری ڕای یەکەمم، کە سەرچاوەی هەموو پاشکۆییەک لەسەر ئاستی نەتەوە، پەیوەندی بە نەبوونی سەربەخۆیی سیاسییەوە هەیە و سەرچاوەی هەموو پاشکۆیەتییەکیش لەسەر ئاستی تاک، پەیوەندی بە نەبوونی سەربەخۆیی ئابوورییەوە هەیە، چونکە لەو کاتەوەی مرۆڤ هەیە، سیاسەت- دەسەڵات شێوەی ژیانی گرووپ و پەیوەندییەکان و پارە- سەرمایەش، ڕادەی سەربەخۆبوونی کەسەکان دیاریدەکات و لەسەردەمی ئێستاشدا هەردووکیان (دەسەڵات و پارە) بنەڕەتی سەرەکیی و تەنیای هێزن و “بیرکردنەوە و هۆشیاریی” لەم دووانەوە سەرچاوە دەگرن.
لەبەرئەوە گەلی کورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو هیچ کام لە “دەسەڵات- پارە”ی نەبووە، بۆیە دۆخی ملکەچی و پاشکۆیەتی، وەک دۆخێکی ڕاستەقینە و بەڵگەنەویستی لێهاتووە.
لە دیارترین دەرهاویشتەکانی دۆخی پاشکۆیەتی لە سەرجەم ڕووەکانەوە چەند شتێکن کە دەکرێت بەوردی لەناو دەستەبژێر و پارتەسیاسییەکانی کورد بیانبینیت و هەستی پێبکەیت، وەک:
1- دووبەرەکیی و نەگونجان: چونکە پێکەوەبوون دیاردەیەکی بیرکردنەوەی شارستانییە، شارستانییەتیش دەرەنجامی سەربەخۆییە، پاشکۆ هەرگیز ناگونجێت، چونکە ناتوانێت گفتوگۆ بکات، لەبەرئەوەی خاوەنی بنەمای هزریی خۆی نییە، گفتوگۆ وەک بنەما وەرناگرێت بۆ گونجان، بەڵکوو دوولایەنی پێباشترە لەیەک لایەنی و یەکێتیی و یەکگرتن.
2- کوورتبینی و نەبوونی پلان: دۆخی پاشکۆیەتی، وەک پێشتر ڕوونمانکردەوە، دۆخی بیرنەکردنەوەیە، دۆخی خۆدانە پاڵ شیکردنەوەی لق و نیوە لقە ”وەک لە ئەزموونی شافیعی مەزهەبەکاندا هەیە و زۆربەی جارەکان بۆ پەنابردنەبەر چارەسەرێکی ئایینی، لەپاڵ بوونی قورئانێکی ڕاست و ڕەواندا، پەنا بۆ شیکردنەوە و ڕای ئیمامی شافیعی (خوای لێ ڕازیبێت) دەبەن، لەکاتێکدا ئیمامی شافیعی، خۆی لە قورئانەوە ڕاکەی هەڵهێنجاوە” دووربینی و خوێندنەوەی دواڕۆژ کاری بەرپرسیارییەتییە، تەنیا سەربەخۆکان دەتوانن بەرپرسیارییەتی هەڵبگرن، لەبنەڕەتدا پاشکۆیەتی ڕاکردنە لە بەرپرسیارییەتیی و خۆ خەریکردنە بەشتی لابەلاوە.
3- دابڕان و جیابوونەوە: پاشکۆ پارچەپارچە یە، دەبێت کەسێک پێکەوەی بنێت، بڕوانە: وەستا “سەربەخۆ” لە بلۆک “پاشکۆ” “دیوار- دۆخی سیاسی (هێز) ” درووستدەکات، کە دەکرێت هەرکات وەستا یان خاوەن بڕیار ویستی بلۆکەکان تێکبدات و بەبلۆکی تر، یان سەرە پارچەی بلۆکی یەکەم، دیوار- سیاسەتی نوێ درووست بکات. بۆیە نابینی و ناتوانێت ببینیت “ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن حیزبی کوردی، وەک: یەکێتی و پارتی و پاشکۆکانیان وەک: گۆڕان و ئیسلامی و نەوەی نوێ و ئەوانیتر” سیاسەت-هێز، درووست بکەن، بەڵکوو لەباشترین دۆخدا لەیەک دادەبڕێن و جیادەبنەوە و دەبێت وەستا-سەربەخۆیەکی خاوەن بڕیار بێت و یەکیانبخات، “سەدان نموونەمان هەیه، ئێراق، تورکیا، ئێران، ئەمریکا و ئەورووپا ئەو ڕۆڵە دەگێڕن”.
4- پەکخستنی فەرمانڕەوایەتی: پاشکۆ، ناتوانێت فەرمانڕەوایەتی بکات، چونکە فەرمانڕەوایی کاری سەربەخۆکانە، دۆخی پاشکۆیەتی تیایدا فەرمانڕەوایەتی پەکدەخرێت، کاری سیاسەت فەرمانڕەوایەتیکردنە، نموونە لە باشووری کوردستان، دوو ئیدارەیی و نەبوونی حکومەت و پەڕڵەمان و لە هەمانکاتدا بەڕێوەچوونی کاروبارەکانیش!، ئەمە نیشانەی نەبوونی فەرمانڕەوایەتییە.
5- نەبوونی سەرمایە: پاشکۆکان، ناتوانن و نازانن سەرمایە درووستبکەن، نە سەرمایەی سیمبولێک و نە سەرمایەی ماددیی، ناتوانن شانازی بە سەرمایەکانی خۆیانەوە وەک: زمان، مێژوو، سەرکردە، کولتور، پاڵەوان، زیرەکیی و توانای خەڵک بکەن، چونکە پاشکۆ، خۆی کەرەستەیە بۆ درووستکردنی سەرمایە بۆ خاوەنەکەی - کەسێکی تر، بۆیە هیچ وەرناگرێت و دەست و پێ سپییە، هەروەک؛ پارچەکانی وردە ئاسن پێکەوە نانووسێن، بەڵام هەمیشە هەموویان ئامادەن بچووکترین پارچە موگناتیش سەدجار زیاتر لە قەبارەی خۆی گەورەتر بکەن، بەڵام بێ موگناتیس هەر یەکێکیان هیچ بەهایان نییە و پەرت و بڵاون.
6- ناسەقامگیریی و بەردەوام نەبوون: گەورەترین دۆخی ناسراوی پاشکۆیەتی نا سەقامگیریە، چونکە بڕیار لەلای خۆی نییە، سەقامگیریی پێویستی بە بڕیارە، بڕیار پێویستی بە خوێندنەوەی دۆخی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووەوە هەیە، کەواتە: پێویستی بە دەزگای بیرکردنەوە و گرووپی کار هەیە، پاشکۆ ناتوانێت هیچ کام لەمانە بکات، بەڵکوو بەپێچەوانەوە تایبەتمەندی “جیوە”ی هەیە و هەمیشە ناجێگیرە.
7- کارکردن لە دژی بەرژەوەندی خود: پاولۆ فرێری، فەیلەسوفی بەڕازیلی، لە شیکردنەوەی دۆخی داگیرکراو- ستەملێکراودا (پاشکۆ) ، زۆر بەجوانی باسی دەروونزانی پاشکۆیەتیی دەکات، کەسی داگیرکراو و پاشکۆ، بە جۆرێک خۆی لێگۆڕاوە بەهەمانشێوەی خاوەنەکەی مامەڵە دەکات، نایەوێت یان ناتوانێت بیربکاتەوە بگەڕێتەوە سەر دۆخی بنەڕەتی خۆی.
لەڕاستیدا ئەو دۆخە هەمووی پەیوەندی بە ناهۆشیارییەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە پاراستنی بەرژەوەندی کەسیی تایبەتەوە هەیە، کە نایەوێت لەخۆی تێکبدات، بەڵام هەمیشە ئەم کارە دژی بەرژەوەندی ڕاستەقینەی خودی گەل و نەتەوە یان مرۆڤایەتی دەشکێتەوە، حکومەتی هەرێم نموونەیەکی “ڕوونی” لە مبوارەدا هەیه، بەڵام بەپێچەوانەی پەندە کوردییەکە کە دەڵێت:”حەز بەتۆپینی خۆیی و زیانی خاوەنەکەی دەکات” لێرەدا حکومەتی هەرێم حەز بەتۆپینی خۆی دەکات بەڵام نەک زیانی خاوەنەکەی.
ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە تەماشایەکی هەندێک بواری حکومەتی هەرێم بکەیت نموونەی زۆر ڕوونی تێدایە، وەک: ساڵانە ملیۆنان دۆلار بۆ خوێندن لە زانکۆ و ناوەندەکانی تری خوێندن خەرج دەکرێت، بەڵام “مەرجی ئەوەیان داناوە بە زمانی کوردی نەبێت” ولە زانکۆکاندا ساڵانە ملیارەها دۆلار بۆ توێژینەوە خەرجدەکرێت، ئەوەیش بەهەمانشێوە مەرجیان داناوە کە بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بێت”، هەروەک جلوبەرگی کوردیش قەدەغەیە!.
بۆ زیاتر گفتوگۆ لەسەر بیری پاشکۆیەتی و خۆدانەپاڵ گەورەیەک بۆ شانازیی پێوەکردن، وەک دیاردەیەکی سەردەم، زۆر نموونە هەن، لەناو گەلانی تریش بەهەمانشێوە هەن، بەڵام لەناو کورددا بەهۆی داگیرکاری سیاسییەوە زۆر بەقووڵی چەقیبەستووە، کە وا هەستدەکرێت ئەوە دۆخی ڕاستەقینە بێت، ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستەم لەنێو مەلا و دواتر لەنێو هۆنەر و پاشان لەنێو سیاسی و دواتر لەنێو سەرباز و سەرجەم چین و توێژەکاندا بەکارهێنانی زمانی بێگانە (عەرەبی و تورکی و فارسی) و خۆراک و جلوبەرگ و زۆرشتی تر، لە ئێستاشدا خوێندن بە زمانی بێگانە و پەیڕەوکردنی سیستەمی بیانی و قسەکردن و نووسین بە عەرەبی و تورکیی و ئینگلیزی و … . بوونەتە نەریتی سەردەم، تەنانەت بەرپرسە پاشکۆ ملکەچەڵان ناوێرن باسی قوربانییەکانی خۆیشیان بکەن، کاتێک لە ڕێوڕەسمی ئەمساڵی یادی #هەڵەبجە#دا، هونەرمەندی پێشمەرگەی کورد نەجمەدینی غوڵامی وتی: “ئێران داگیرکەرە”. پارێزگارەکەی هەڵەبجە، وەک کەڵەشێری قومارچی، بۆی چووە سەربەرزاییەک و وەڵامی دایەوه.
پاشکۆکان بە کەسانی ورە بەرز و خاوەن هەڵوێست و شۆڕشگێڕ دەڵێن تێکدەر و نەزان، چەندین ناویان لە خاوەنەکانیانەوە بۆ ناشیرینکردنی ڕزگاربوون لە کۆیلەیەتی داهێناوە و خواستووە. [1]