ناونیشامی بابەت: کوردستان و جیهان: دیپلۆماسییەتی هاوکاریی پزیشکی
ئامادەکردن: #سامان ساڵح#
هێشتا کۆرۆنا کۆتایی پێنەهاتووە، جیهانیش لەگەڵ قەیرانەکانیدا دەژی و هەر ڕۆژە و لە شوێنێکی دنیاوە هەواڵ و زانیاری نوێ لە بارەی کۆرۆناوە بڵاودەبێتەوە. “پەتا” کە پەیوەندی بە تەندرووستیی مرۆڤەکانەوە هەیە، بەڵام سیاسییەکان زۆرتر بۆ دەستبەسەراگرتن و ڕێگرتن لە تەشەنەسەندنی قسە دەکەن، لە هەندێ وڵاتی جیهان؛ وەک: ئەمریکا، ئیتالیا، ئیسپانیا… کۆرۆنا، ڕیزی لە هاووڵاتییانی گرتووە و لە بێ هەناسەییدا، دەیانکوژێت.
سیاسییەکانی جیهان، پێشبینی ڕووداوێکی لەمجۆرەیان نەدەکرد، ڕووداوێک کە دەست و قاچی دەوڵەتە زلهێزەکانیشی بەستووە و بە جۆرێک سەرقاڵیکردوون کە گەیشتۆتە ئاستی”هەرکەس بۆ خۆی- Every Nation for It Self- کل أمە لنفسها” کە ئەم بارودۆخە هەروەک سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی پێدا لە دوای درووستبوونی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە شتێکی نوێ و بێهاوتایە لەڕووی کاریگەرییە خراپەکانی.
=KTML_Bold=جیهانی دوای کۆرۆنا=KTML_End=
قەیرانی کۆرۆنا وا لە قەڵەم دەدرێت کە، یەکێک لەو ڕووداوە گەورانە بێت کاریگەرییەکی تەواوی لەسەر سیستەمی نێودەوڵەتیی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت و هەرگیز ناتوانین چاوەڕوانی دووبارە گەڕانەوەی جیهانی پێش کۆرۆنا بکەین، بە تایبەت لەسەر ئاستی سیاسیی و پەیوەندی نێودەوڵەتییەکان، بەڵام هێشتا چەمکەکان بە تەواوی نەخەمڵیون و تیۆرە نوێکان لەژێر وردبینی خاوەن هزر و لێکۆڵەرەکاندان.
د. محەمەد عەبدوڵڵا یونس، لە سەنتەری ئاییندەیی بۆ لێکۆڵینەوەی توێژینەوە پێشکەوتووەکان لە ئیمارات، لە توێژینەوەیەکدا سەبارەت بە جیهانی دوای کۆرۆنا و چەمکە نوێکان لەو بوارەدا، ئاماژە بەوە دەکات کە؛ “قەیرانی کۆرۆنا گۆڕانکاریی لە پەیکەری سیستەمی نێودەوڵەتیدا دەکات و لە کۆتاییدا ئەو دەوڵەتانەی کە توانیان یان بتوانن، سەرکەون بەسەر کۆرۆنادا و خەڵک و ئابوورییەکەیان بپارێزن، دەبنە هێزێکی کاریگەر لە جیهاندا”.
هەر لەمبارەیەوە دەشڵێت: “قەیرانی کۆرۆنا، زیانی گەورەی لە ناوبانگ و هێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوە و بەپێچەوانەوە هەرچەندە وڵاتێکی وەک چین، کە لانکەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بوو، بەڵام مامەڵەی سەرکەوتووانەی ئەو وڵاته، توانی چین وەک هێزێکی کاریگەر دەربخاتەوە، وە سیاسەتی هاوکاریی تەندرووستی کە چین لە ئێستادا پێشکەشی وڵاتانی دەکات، وادەخوێنرێتەوە کە لەلایەکەوە بۆ جوانکردنی وێنەی چین لەسەر ئاستی جیهانی بێت و لەلایەکیتریشەوە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو دەنگۆیانەی کە چین بە لانکەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەزانن”.
=KTML_Bold=دیپلۆماسییەتی دەمامک و هاوکاری پزیشکیی=KTML_End=
بە وتەی دکتۆر فازل محەمەد زەکی، لە سەدەی 15 بەدواوه، دیپلۆماسییەت وەک کاری ئاڕاستەکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەیەکان ناسراوە. لەم مێژووەش بەدواوە دیپلۆماسییەت چەندینجار لە ڕووی جۆر و ناوەرۆکەوە گەشەی کردووە و بواری سیاسی ڕووتی بەرەو دیپلۆماسییەتی جەماوەریی -گشتیی و لایەنەکانی دیکەی ژیانی کۆمەڵگەی مرۆیی گرتۆتەبەر.
بەوتەی د.محەمەد عەبدوڵڵا یونس، لە سەنتەری ئاییندەیی بۆ لێکۆڵینەوەی توێژینەوە پێشکەوتووەکانی ئیماراتی، یەکێک لە دەرهاویشتەکانی گۆڕانی سیستەمی نێودەوڵەتی؛ بریتییە لە درووستبوونی چەمکی نوێ بۆ ناساندن و شیکردنەوە و پێشبینی دۆخەکان و حوکمدان لەسەر بارودۆخەکان و چەمکی “دیپلۆماسییەتی هاوکاری پزیشکیی”یش، یەکێک لەو چەمکانە دەبێت کە دێتە ناو بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی دوای کۆرۆنا.
هەر لەمبوارەدا وڵاتانی وەک: چین، ڕووسیا، لە قەیرانی کۆرۆنادا بەپێچەوانەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هەنگاوی خێرایان بۆ دەرخستنی هێزی خۆیان لەمبوارەدا هەڵناوە، ڕووسیا تیمی پزیشکی و هاوکاری بۆ ئیتالیا ناردووە و چینیش بە هەموو جیهاندا بڵاوەیکردووە.
عەبدولقادر محەمەد عەلی، ڕۆژنامەنووسیی تایبەتمەند بە کاروباری ئەفریقا، لە بابەتێکیدا لە پێگەی (TRT) عەرەبی نووسیویەتی: “دوای بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19 وێنەی چین لە چاو جیهاندا، بەشێوەیەکی خراپ شێوابوو، بەڵام دوای زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسی کۆڤید-19 دا ئێستا ئەو وڵاتە هەڵمەێکی پێچەوانەی بۆ هاوکاری دەوڵەتانی جیهان هەر لە یابان و ڤێتنام و ئیتالیاوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا دەستپێکردووە، بە جۆرێک کە چین 200 هەزار دەمامکی پێشکەوتووی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان ناردووە و گەورە سەرمایەداری چینی “جاک ما”ش یەک ملیۆن دەمامک و 50 هەزار پێداویستی پشکنینی کۆڤید-19 ی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان ناردووە”.
هەروەها لەبارەی دیپلۆماسییەتی چینییەوە لە بواری دەمامک و هاوکاری پزیشکی، دەڵێت: “چین، هاوکاری بۆ 54 دەوڵەتی ئەفریقا ڕەوانەکردووە، هەروەک هاوکارییەکانی چین بۆ یابان، ڕۆڵێکی شایستەی لە کەمکردنەوەی ڕقی مێژوویی و بێ متمانەیی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا گێڕاوە و چین، دەستکەوتێکی باشی لە دەمامک و هاوکاری پزیشکی دەستکەوتووە”.
بەپێچەوانەی چین، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، کە وەک هاوبەشییەکی نێوان وڵاتانی ئەوروپا لەسەرجەم لایەنەکانەوە وایە، کەمتەرخەم وبێ وەڵام مایەوە لە داوای هاوکاری ئیتالیادا، جگە لە ئیتالیا، سەرۆکی سڕبیا، ئەلیکساندەر فۆتیش، کە وڵاتەکەی بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا کاندیدە، وتی:” هاوکاری ئەوروپی بوونی نییە، تەنیا چیرۆکێکی درۆینەیە، لەبەرانبەردا سەرۆکی چینی بە (برا) ناوبرد”.
=KTML_Bold=هەرێمی کوردستان و دیپلۆماسییەتی دەرمان=KTML_End=
لە قەیرانی کۆرۆنادا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرباری نەبوونی پێشینە و بێ توانایی لە زۆر بواردا، بەڵام بە تۆکمەیی سیاسەتەکانی لەمبوارەدا و یەک بڕیاریی و دڵسۆزیی هەمەلایەنه، توانیویەتی هەتا ئێستا دەستکەوتی گەورە کە پاراستنی خەڵکی کوردستانە لە کارەسات، بەدەستبهێنێت.
لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانەکان و تێگەیشتنی بەرپرسان و کادرانی زانستیی کوردستان لەوەی کە، تەنیا کورد خۆی بە فریای خۆی دەگات، کۆمپانیای پایۆنێر بۆ پیشەسازی دەرمان، لە سلێمانی کە کارگەیەکی خۆماڵیی کوردییە بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی جیهان لە پێدانی دەرمانی چارەسەری کۆرۆنا، توانی لە ڕێگەی کادرە زانستییەکانییەوە دەرمانی چارەسەر بەرهەمبهێنێت. لەمبارەیەوە د. شوان، بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندووە، “دەرمانەکە لە چەندین وڵات وەک چارەسەر بەکاردەهێنرێت و ڕێگری لە چالاکی ڤایرۆسەکە دەکات. هەروەک وتیشی: “وەزارەتی تەندرووستی ئیراق، ئەو دەرمانەی پەسەند کردووە و بەمنزیکانە دابەشدەکرێت”.
شیاوی باسە، دەرمانەکە بریتییە لە (Hydroxychloroquine Sulphate 200 mg tablet) ، سەرباری ئامادەکراوی (Azithromycin) . بەرهەمەکە لەناو لیستی ئامادەکراوانی کۆمپانیاکەدایە بەناوی (Zitroneer 500 mg) بەخۆڕایی و بێبەرانبەر دەدرێت بەسەرجەم تووشبوانی نەخۆشەکە لە ئێراق و وڵاتانی دراوسێش، کە ئەمەش دەکرێت وەک هەنگاوێکی گەورەی گەشەپێدانی ناوی هەرێمی کوردستان لە ئاست دەوڵەتانی ناوچەکە سوودی لێوەربگیرێت و پێشکەشکردنی بەبێ بەرانبەر وەک پاکێجێکی دیپلۆماسییەتی هاوکاریی پزیشکی بەکاربهێنرێت. [1]