ناونیشانی بابەت: پەروەردە لە هەرێمی کوردستان، ڕابردوویەکی خراپ و ئاییندەیەکی مەترسیدار
ئامادەکردن: #سامان ساڵح#
ناوەرۆکی ئەم نووسینە دەیەوێت ئەو زانیارییانە بخاتەڕوو کە لەسەر پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەن لەسەر هەرسێ ئاستی کارگێڕیی، سیاسەتی گشتی حکومەت، ئاییندەی کەرتی پەروەردە، بۆ دەرخستنی زانیارییەکانیش پشتمان بەمێژووی کەرتی پەروەردە وبەرهەمی پەروەردە لە کوردستان وبارودۆخی هێزی مرۆیی کەرتی پەروەردە لە کوردستان بەستووە وشیکاریی دەکەین.
سیاسییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، کەسانی دەوڵەمەند وبازرگانن، منداڵی هیچ کەسێکیان لەکەرتە گشتییەکانی حکومەت سوودمەندنابن.
ناوەرۆکی ئەم نووسینە دەیەوێت ئەو زانیارییانە بخاتەڕوو کە لەسەر پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەن لەسەر هەرسێ ئاستی کارگێڕیی، سیاسەتی گشتی حکومەت، ئاییندەی کەرتی پەروەردە، بۆ دەرخستنی زانیارییەکانیش پشتمان بەمێژووی کەرتی پەروەردە وبەرهەمی پەروەردە لە کوردستان وبارودۆخی هێزی مرۆیی کەرتی پەروەردە لە کوردستان بەستووە وشیکاریی دەکەین.
یەکەم: کەرتی پەروەردەی کوردستان
مەبەست لەکەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان، لەئاستی یەکەمدا دەزگەکانی #وەزارەتی پەروەردە# ودواتر خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی دەگرێتەوە کە لە ساڵی 1992وە دامەزراون. بەشێوەیەکی گشتیی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، خویَندنی “حکومییە” لەپاڵ بوونی کەرتی “تایبەت” کە لەلایەن کەرتی گشتیی -حکومەت- بەڕێوەدەبرێت وسەرپەرشتی وچاودێریی دەکرێن.
لەڕووی مێژووییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی شەممەی 4ی مانگی تەمموزی ساڵی 1992پێکهات، ئەمڕۆژە کەیەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی تێدا ڕاگەیەنرا، یانزە ڕۆژ درەنگتر بوو لەکاتی خۆی بەهۆی ڕێکنەکەوتنی هەردوو پارتی سیاسیی سەرەکی “پ.د.ک” و “ی.ن.ک” تەنیا لەسەر ناوی وەزارەتەکە، واتە وەزارەتی پەروەردە، نەک ناوڕۆکی پەروەردە وبنەما فەلسەفییەکانی پەروەردە لە کوردستان، ئەو درەنگکەوتنە لە ڕاگەیاندنی یەکەمین کابینەی حکومەت لەکاتێکدا بوو کەحکومەتی ئەوکاتی ئێراق بەسەرکردایەتی ڕژێمی #بەعس# لەسەر سنووری #کفری# تا نزیک شارۆچکەی خەبات لە پارێزگای #هەولێر# و بەرەو #دهۆک# لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا لەشەڕدا بوون، خۆئەگەر بێتوو هێرشەکانی بەعس بیتوانیایە شارەکانی کوردستان لەدەرەوەی ناوچەی ئارام ببڕێت، ئەوا پێدەچوو حکومەتێکمان بەناوی هەرێمی کوردستان هەر نەبووایە.
ئەم پوختە مێژوویە بۆ ئەوەیە کەخوێنەر وبڕیار درووستکەری سیاسیی کوردستان، لەوە تێبگات ڕێبازی درووستکردنی دەزگا وفەرمانگەی خزمەتگوزاریی کەتێکەڵاو بەململانێی حیزبی ببێت وپێوەری زانستی وبەرژەوەندیی نەتەوەیی نیشتمانی تێدا ڕەچاوانەکرێت، ئەنجامەکەی هەر بەجۆری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، کەبێگومان وەزارەتی پەروەردە، وێنە بچووککراوەکەی حکومەتە گەورەکەی هەرێمی کوردستانە لەڕووی ناکارایی ولاوازییەوە.
دووەم: وەزارەتی پەروەردە وەک دەزگەیەکی خزمەتگوزاریی
بەگوێرەی یاساى ژمارە 4 ی ساڵی 1992 وەزارەتی پەروەردە وەک دەزگەیەکی خزمەتگوزاریی، بە مەبەستی دابینکردنی خوێندن وفێربوون بۆ منداڵ وگەوران، دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن، دامەزراوە. لەمادەی پێنجەمەی یاساکە “پێش هەموارەکانی” چواردە ئامانجی بۆ دانراوە تا کار بۆ بەدیهێنانیان بکات.
شێوازی پێکهاتەی حکومەتی هەرێم کە لەسەر هەمان بنەمای پەیکەری کارگێڕیی حکومەتی بەعس دامەزرایەوە، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لەپێکهاتەی وەزارەتی پەروەردە نەکرد، لەسەر هەمان بنەمای کارگێڕیی بەعس بەردەوامیی بەکارەکانی خۆیدا، “ناوەندێتیی زیاد لەپێویست و هێزکوژ” وبیرۆکراتییەتی بەمەبەست لەبنەما وتایبەتییەکانی دەزگەی وەزارەتی پەروەردەیە بەئێستاشەوە، ئەم دۆخە لەپینەکردن و بەڕێوەچوونی کارەکان، بەبیانووی نەبوونی توانا بۆ چاکسازیی، مەترسی ڕژێم لەسەر هەرێم، دواجار بوو بەنەریتی فەرمانڕەوایی ولەگەڵ شێوازی مانەوەی هەمیشەیی پارتە سیاسییە سەرەکییەکانی کوردستان دەگونجا، بۆیە هەرگیز دەستبەرداری نەبوون.
ئەوەی لە حکومەتەکانی هەرێم لەیەکەم کابینە تا ئێستا چاوەڕواندەکرا، گۆڕینی ڕیشەیی سیستەمی پەروەردەی بەعس بوو بۆ سیستەمێکی نیشتمانی، کەتێیدا بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە لەئاستی یەکەمدا بێت، نەوەی دوای ڕاپەڕینی کوردستان بەسیستەمێکی نوێی کوردستانی پڕ زانست وزانیار بکرێت وڕۆڵی خۆی لە بوارە جیاوازەکاندا بگێرێت. بەڵام بێباکیی هەر دوو پارتی سیاسیی سەرەکی “پ.د.ک” و “ی.ن.ک” هیچ ئاواتێکی لەوجۆرەی بەدی نەهێنا، بەپێچەوانەوە کاتێک بەهۆی شەڕی ناوخۆوە کوردستان بەش بوو، وەزارەتی پەروەردەش کەوەزارەتێکی ناسیاسییە، کرایە دوو وەزارەت ودوو وەزیر ودوو سیستەمی جیاوازیی کارگێڕیی وڕێنمایی جیاواز کاری پێکرا، تەنانەت لەکاتی ڕاستدۆزیی “تسیح”ی دەفتەری تاقیکردنەوەکانی پۆلەکانی سێی ناوەندی ئەوکات وشەشەمی ئامادەیی” بەپەنجا بەپەنجا ڕێککەوتن”.
ئەم پێکهاتە کارگێڕییە حیزبییە سیاسییە بۆ وەزارەتێک کەئاییندەی بەشێکی هەرە زۆری هێزی مرۆیی نەتەوەیەکی وەک کوردی لە باشووری کوردستان لەسەر درووستکرابوو، بوو بەخۆرەی هێزی مرۆیی، وەزارەتەکە هێندەی بووەتە شوێنی کۆکردنەوەی هێزی حیزبیی، نیوهێندە نەبووەتە پردێک بۆ ڕزگاری منداڵی کورد بەبیری نەتەوەیی نوێ وپێشکەوتنخواز وزانست وزانیار، بەڵکوو هەمیشە هەردوو حیزب لەسەر وەزارەتەکانی پەروەردە وخوێندنی باڵا ململانێی سەختیان بووە تابتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن، نەک بنەمایەکی کارگێڕیی کارایی بۆ دابنێن، تەنانەت هەرەمی دەسەڵات لەو وەزارەتە هێندە ناکارایە بۆ ئەوەی قوتابخانەیەک خوولێک بکاتەوە دەبێت وەزارەت بڕیار بدات، لەکاتێکدا وەزارەتی پەروەردە زیاتر لە 4000قوتابخانە وخوێندنگەی هەیە.
سێیەم: سیاسەتی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکەرتی پەروەردەدا
بەشێوەیەکی ساده، سیاسەتی گشتی “بریتییە لە هەموو ئەو بەرنامە حکومییانەی کە لە بوارێکی دیاریکراو یان چەند بوارێکدا دەردەکرێت وگوزارشتە لەتوانا وخواستی حکومەت لەو بوارەدا، دەکرێت بەچەند شێوەیەک دەستنیشانی بکەین، وەک: یاسا، ڕێسا، ڕێنمایی، بڕیاری کارگێڕییو…” (الفهداوی، 2016، س40) .
لەم پێناسەوە ڕووندەبێتەوە کەدەسەڵات بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی خۆی، لە ڕێگەی سیاسەتی گشتییەوە چوارچێوەی یاسایی ورێککاری کارگێڕیی بۆ بەدیهاتنی خواست وبەرنامەکانی خۆی دادەنێت، وەک زانای بەناوبانگی ئابووری سیاسیی، “هارۆڵد دی. لاسوێڵ، دەڵێت: “سیاسەت دیاریدەکات کەکێ چی دەست دەکەوێت؟ کەی و چۆن؟” (الفهداوی، 2016، س31) .
ئەم پێناسەی لاسوێڵرێگەکەمان بۆ ڕۆشندەکاتەوە تاڕوونتر لەسیاسەتی حکومەتی هەرێم لە بواری پەروەردە تێبگەین وبزانین کێ چی دەست کەوتووە؟ کەی ؟ هەروەها چۆن دەستی دەکەوێت؟.
بنەمای شیکاریی بۆ کاری هەر دەزگەیەک، لەڕوانگەی بوونیادییەوە، یاسا وڕەوایەتی پێکهاتەیی و لەلایەنی ڕەفتاریشەوە، گرووپ وتاکە دەسەڵاتدارەکانی ناوی وشێوازی حوکمکردنییەتی لەڕوانگەی بنەمای یاساییەوە وەزارەتی پەروەردە وەزارەتێکی یاسای و پێداویستییەکی ژیاری کۆمەڵگەی کوردستانە، بەشێکی گەورە لەخەڵکی کوردستان کە دەکاتە نزیکەی 40%ی کۆی دانیشتووانی هەرێم وەک خوێندکار ومامۆستا و فەرمانبەر، لەم کەرتەدا ڕاستەوخۆ بەشدارن، ئەمەش گرنگی کەرتەکە هەم بۆ دەسەڵاتی سیاسی، هەم کۆمەڵگە دەردەخات. ئەم هۆکارە یەکێکە لەو هۆکارانەی وایکردووە وەزارەتی پەروەردە ببێتە چەقی ململانێێ سیاسیی پارتە سیاسییەکانی کوردستان، تابتوانن لە ڕێگەی گرتنەدەستی وەزارەتی پەروەردەوە کاریگەریی لەسەر زۆرینەی دانیشتووانی خەڵکی کوردستان دابنێن، ماوەی زیاتر لەسێ ساڵیشە، پارتەکانی پاشکۆی ی.ن.ک و پ.د.ک، ئەوانەی لەناو ڕای گشتیی وڕاگەیاندن، پێیان دەوترێت “ئۆپۆزسیۆن” گرە و لەسەر هێنانە سەرهێڵی توێژی مامۆستا، وەک توێژی کاریگەریی ناو وەزارەتی پەروەردە دەکەن بۆ ڕوخاندنی حکومەت، بەڵام بەدەستی بەتاڵ لێی دەرچوون، بێئاگا لەوەی کە ئەم توێژە بووەتە بەشێکی پێکهاتەی هێزی پارتە سیاسییەکان لەناو حکومەت وڕێکخستنەکانی ئەو دوو حیزبەدا، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کەسیاسەتی گشتیی حکومەت لەم بوارەدا زۆرتر ئاڕاستەی کۆنتڕۆڵکردنە، نەک ئاڕاستەکردن، بەمانای ئەوەی هەر دوو پارتی دەسەڵاتدار وپاشکۆکانیان ڕێگەی حیزبیانە بۆچوونە ناو پەروەردە دەگرنەبەر نەک ڕێگەی پەروەردەییانە، دوا هەوڵی ناکاراکردن وخراپکردنی ناوەندەکانی خوێندنیش، پێشنیازی پارتە پاشکۆکانی ی.ن.ک و پ.د.ک بوو کەئەویش: دانانی بەڕێوەبەری قوتابخانە وخوێندنگە بوو بەشێوازی هەڵبژاردن، کەئەم هەوڵە دەمانباتە سەر شیکاریی لایەنی ڕەفتاری کەسەکانی ناو کەرتی پەروەردە، کە بەچەسپاندنی بەشێکی کەمی ئەو بنەمایە وبەشبەشێنەی حیزبی لەبچووکترین ناوەندی خوێندن کەقوتابخانە وخوێندنگەکانە، بۆ گۆڕەپانی ململانێێ حیزبی ودوورکەوتنەوە لەبنەما پەروەردەییەکان ونەبوونی دیدی پەروەردەییانە بۆ دوارۆژی نەوەی کوردستان، کەبنەمای کاری وەزارەتی پەروەردە وسیاسەتی گشتی حکومەت لەم بوارەدا ئەوەیە کەحکومەت لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە نەوەیەکی هۆشیاری ڕەخنەگری خاوەن دیدی فراوانی تێگەیشتوو پڕ زانست بەپێداویستییەکانی ڕۆژگار ودیموکرات پێ بگەیەنێت. بەڵام سەیر لەوەدایە لە هەرێمی کوردستان، وەک هەڵسەنگاندنێکی سادەی ئەنجامەکانی دیدی حکومەت لە ساڵی2012 ڕێژەی بێکاری 7% بوو، ئێستا 2018 ڕێژەی بێکاریی لەنێو دەرچووانی زانکۆ وپەیمانگە کەتوێژی خوێندەواری کۆمەڵگەی کوردستانن 20% زیاترە. ئەمەش ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێت کە:ئەوەی کەحکومەت لەبەرنامەدا وەک سیاسەتی گشتیی لە بواری پەروەردە نووسیویەتی، بە و هێزە مرۆییە حیزبیە بێ بەرنامە ودید تەسکەی دەسەڵاتداری ناو پەروەردەی هەرێمی کوردستان نایەتەدی.
چوارەم: ئاییندەی کەرتی پەروەردە
بەگوێرەی زۆربەی پێوەرەکان “ئەم پێوەرانە دیدی حکومەت و وەزارەتی پەروەردەن بۆ ساڵی 2020” لەناویاندا ڕێژەی وازهێنان لەخوێندن، پێوەری بینای باش، هاوئاستی سەردەم، پێوەری کاتی وانە خوێندن، پێوەری بەراوردی خوێندن وخواستی بازاڕ، پێوەری ئاستی مامۆستا کەبەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی یونیسێف لە 65% ی مامۆستای کوردستان شیاوی مامۆستایەتی نین و پێویستیان بەشیاندنە، کەرتی پەروەردە بەرەو ئاییندەیەکی مەترسیدار دەڕوات، بەتایبەت کە لە هەرێمی کوردستان دوای 27 ساڵ تەمەنی حکومەتی هەرێم “یاساى خوێندن بەزۆر- تەوزیمی” کەجاران شەش ساڵ بوو لە دوای 2009 ەوە بووەتە نۆ ساڵ، جێبەجێ ناکرێت، لە هەموو ئاماژەکان مەترسیدارتر تێکەڵبوونی حکومەتی هەرێمە بەبەرنامەی چاکسازییەکانی! بانکی نێودەوڵەتی وسندوقی نێودەوڵەتیی دراو، کە هەردووکیان مەرجیان بۆ هاوکاریی! حکومەت، گرتنەوەی بەخشینی حکومەتە لەکەرتی گشتی وئاڕاستەکردنییەتی بۆ کەرتی تایبەت، لەم نێوەندەشدا کەرتی تایبەتی کوردستان کە، کەرتێکی سیاسی- حیزبی- بنەماڵەیی - ناوچەیی یە، بەسوود وەرگرتن لە ڕێگەدانە نایاساییە کارگێڕییەکان وئاسانکاریی “برادەرانەی فەرمانگەکان” دەستپێشخەری بازرگانی ودارایی بێ چاودێریی بەناوی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی ونموونەیی وتایبەت، دەکەن. لەپاڵ ئەمانەشدا منداڵی چینی هەژار ومامناوەند وناوچەکانی دەرەوەی شار، بەهۆی بێ کوالێتی وخراپیی جۆری خزمەتگوزاریی بێبەشن لەسەرجەم دەرفەتەکانی ئاییندە، وەک: فێربوونی زمانە بیانییەکان، کۆمپیوتەر، مۆسیقا، هونەر و …هتد، ئەمە سەرباری هەوڵەکان بۆ بنکۆڵکردن و لەناوبردنی زمانی دایک”کوردی” لەسەرجەم قۆناغەکان، هەر لەباخچەی ساوایان تا دوا قۆناغی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.
ئەنجام:
سیاسییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، کەسانی دەوڵەمەند وبازرگانن، منداڵی هیچ کەسێکیان لەکەرتە گشتییەکانی حکومەت سوودمەندنابن، سیاسەتی حیزبەکان بۆ مانەوە ڕوو لەدەرەوەیە وپشت بەهێزی ڕەوایەتی ناوخۆ نابەستن، چونکە ناتوانن ببنە هەڵگری خەونە نەتەوەیی ونیشتمانییەکان، بۆیە بۆ پشتبەستن بەدەرەوە، پێویستیان بە زمانی بیانی وتێکەڵبوون بەتەکنۆلۆجیای زانیاریی وبیرۆکراتی ئاڵۆز وپەیوەندی نهێنی کۆدکراوە، لەمبوارەشدا دەتوانین بڵێین: ڕێگەکانی سەرکەوتن ودەرفەت لە کوردستان، لە ڕێگەی خوێندنگە وزانکۆوە نییە، بەڵکوو لە ڕێگەی شتێکەوەیە کەلێرەدا بە”یانەی سیاسییە دەوڵەمەندە خاوەن چەکەکان” ناویدەبەم، کەدەکرێت کەسێکی خوێندەواری دەرچووی زانکۆ وپەیمانگەکانی کەرتی گشتی کوردستان، لەم یانەیەدا ببێتە چاودێر و خزمەتکاری لاوەکی. [1]