ناونیشانی بابەت: پۆپۆلیزم: فرە بەکارهێنان و کەم تێگەیشتن لێی
ئامادەکردن: #داهۆ سالم#
پێیان وابوو کە دەبێ چینی بژاردە بنەما سەرەکییەکانیان لەڕێساکانی گەلەوە وەربگرن، نابێ گەل ڕێسای بەها و بنەما لەو چینە بژاردەیەوە وەربگیرێت.
دیارە ئەم کارە هاوکات بوو لەگەڵ ڕاپەڕینی کرێکاران لە دژی خاوەن دامەزراوە گەورەکان لە ئەمەریکا، وە زۆربوونی پاڵپشتیکردن لە خەڵک لە دژی خاوەن سەرمایەکان لەو کاتەدا، کەواتە مانا بنەڕەتییەکەی هەڵگری پەیامێکی خراپ نییە.
پۆپۆلیزم دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیە کە پاڵپشتی ئایدۆلۆژیا دەکات لە دژی زانست و زانین، لە چەندێتی لە دژی چۆنایەتی.
مەیلێکە بۆ بیرۆکەی دەمارگیری تەنیا بۆ ئارەزووی ناخی کەسەکان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی لە ئاگاهی هەندێکی تردا.
ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە، پۆپۆلیزم هیچ بنەمایەکی زانستی نییە. بەڵکوو بەر ئەنجامی ئەو بیرۆکە گشتیانەیە کە بە مەبەستی سازان لەگەڵ ئەو بیروباوەڕانەدا بڵاودەکرێتەوە کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەناو خەڵکدا پاڵپشتی لێدەکرێت.
لە ڕووی سیاسیەوە، پۆپۆلیزم چەکێکی دووڕووییە، چونکە کاردەکات بۆ سەرنج ڕاکێشانی ڕای گشتی بەرەو ئایدۆلۆژیای خۆپەرستی یان ئاڕاستە ئایدۆلۆژییەکان وە یان بەرەو ئەو بیروباوەڕە نەریتیانەی کە لەلایەن توێژێکی بەرفراوانی خەڵکەوە پێشوازی لێدەکرێت.
ئامانجی پۆپۆلیزم چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان نییە.لە ڕێگەی شرۆڤەکردن و شیتەڵکرنیان و کۆتای پێهێنانیان لە ڕێگەی گەیشتن بە ئەنجامێکی زانستی و پۆلێنکراو.
ئامانج لێی ڕووماڵکردنی گشت دیاردەکانە بەدەمامکێکی سادە و ساکار، سوود لە ڕووکەش و ڕوکاری دەرەوەی ئەو ڕووداوانە وەردەگرێت کە هەستیار و وروژێنەرن، لەپێناو ڕاکێشانی جەماوەر و بەدەستهێنانی پاڵپشتییان بۆ ئەو ڕێبازەی خۆی ئەیەوێت.
=KTML_Bold=بەگشتی پۆپۆلیزم:=KTML_End=
ڕەوتێکە لە بیروباوەڕی ڕووکەشیانە.
ڕەوتێکە بە ئاڕاستەی ئایدۆلۆژیای بارگاویکردنی خەڵک.
بیرێکە کاردەکات بۆ قۆستنەوەی لاوازی هۆشیاری و شێواوی دەروونی.
بیرێکە توانای بڵاوبوونەوەی هەیە، چونکە پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوونی ژیری و ئاگاهییانە نییە.
چەکێکی کارای ململانێی سیاسی و ڕکابەری ئایدۆلۆژییە, توانای هەڵوەشاندنەوەی یەکگرتووی کۆمەڵگە و تێکدانی پڕۆسەی سیاسی هەیە.
بەڵام پۆپۆلیزم کوورتنابێتەوە تەنیا لە کۆمەڵگە دوواکەوتووەکان و ئەو کۆمەڵگەیانەی لە ڕووی سیاسیەوە دەچەوسێندرێنەوە.
زۆرێک لەو کۆمەڵگە پێشکەوتووانە ( کە بەوە ناسراون خاوەن سیستەمێکی دیمۆکراتین و لایەنگری ئازادییەکانن) کە مەیلی پۆپۆلیستی تێیدا ڕوو لە زیادبوونە، بەتایبەت لەکاتی هەڵبژاردنە سیاسییەکاندا، هەر وەک ئەوەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکادا تێبینیمان کرد.
هەندێ لە کۆمەڵگەکان بە زانست و هۆشیاری و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوە دەدەن لەبەرانبەر پۆپۆلیزمدا، وە هەندێکیتر یارمەتیی تەشەنەسەندنی دەدەن لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بیری ئەفسانەیی و ڕۆشنبیری خواروخێچ و دۆگمایی ئایینی و سیاسی، وە مراندنی سەرچاوەکانی داهێنان و تۆوی ئازادییەکان.
پۆپۆلیزم پاشەکشە ناکات تەنیا لەو هەلومەرجانەدا نەبێت کە پاڵپشتی لە داهێنان و ئەفڕاندن دەکرێت، مەوداکەی کوورتنابێتەوە جگە لە هاندان بۆ هونەر و بڵاوکردنەوەی ئەدەب و بوونیادنانی شانۆ و ڕۆڵی سینەما و ئاهەنگە موزیکییەکان.
هونەر جیهانە خەیاڵیەکان لەناو هزردا درووستدەکات و جۆشوخرۆشی گشتی بەرزدەکاتەوە و ئاسۆی تواناکان فراوان دەکات، وە ئەدەبیش پەیوەندی بە پەڕتووک و خوێندنەوەوە توندوتۆڵدەکات و کەسەکان ڕادەهێنێت لەسەر ئەندێشە و بیرکردنەوە، وە بژاردە هزرییەکان بۆ خوێندنەوە دەوڵەمەند دەکات.
شانۆش ژیان لەناو ژیاندا درووستدەکات، لە جیهانە بچوکەکەتەوە دەستپێدەکات بۆ جیهانە هەمەچەشن و جۆراۆجۆرەکان و بە پەڕتووکی نوێ و کلتورە جیاوازەکان ئاشنات دەکات و چەندین دەرگات بۆ دەکاتەوە بەڕووی دید و بۆ چونە ڕاست و درووستەکاندا.
موزیکیش ڕۆحی ژیانە و ئەو “بوون”ەت دادەڕێژێتەوە کە لە ڕووداوێکی بۆشەوە بەرەو پربوون لە سەمفۆنیایەک هاوشانی گەردوون دەتبات، بەهەمان شێوە تەواوی ئەو هونەرانەی کە دەرگا بەڕووی فرەی و جیاوازی و خۆشبەختیدا دەکاتەوە ئەبێتە هۆی لاوازبوونی پۆپۆلیزم.
ئێمە پێویستمان بە بڵاوکردنەوەی بەھاکانی قەبوڵکردنی ڕای جیاواز وخۆنەپەرستی و بەھاکانی لێبوردەیی و گۆڕینەوەی ڕاوبۆچوونە لەپێناو وەلانانی ئەو پۆپۆلییستییەی بەرۆکی گرتووین کە بەشێکە لە دەمارگیریمان.
ناکرێ باوەڕمان بە زانست و بنەما و بەھا بەرزەکان نەبێت لەپێناو بەربەرەکانێی مەیلی بڵاوکردنەوەی ڕوکەشیانە و ئارەزووی پاڵپشتیکردن لە ھزری وشک، پۆپۆلیزم بە مانا نەرێنییەکەی، بریتییە لە کلتوری کۆکردنەوە و ھاندانی خەڵک، نەک ھاندانی بەھا.
ئەو وڵاتانەی تێچووی مادی بۆ بوارەکانی خوێندن و زانست و ھونەر لە ئەستۆ دەگرن، ئەوانەن ھەوڵدەدەن بۆ خۆشگوزەرانی و شارستانییەت.
ئەگەر ئەرکەکانمان کوورت بکەینەوە لە ھۆشیاری سەرپێی و ڕۆژانەدا، وە بەدوای ھزر و ئەدەب و ھونەر نەکەوین، واتە گوێی خۆمان کەڕکردووە لە ئاست گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری سیاسی.
ئەرکی ھەندێکیان ئەکەوێتە ئەستۆی ھەندێکیتریان، وەبەرھێنان لە ھۆشیارکردنەوە و زانست و ھونەری باڵا ئەو کارەیە کە دژایەتی نەزانی وھوشیاری بەسەرچوودەکات، ڕووبەڕوی پۆپۆلیزم و بەکارھێنانی زانیاری نادرووستی ڕۆژانە دەبێتەوە.
بە ھونەر و ئەدەب و زانست دەتوانرێ ڕووبەڕووی میراتییە بەجێماوە ڕزیوەکان و ئاگاھییە ئاست نزمە بێ بنەماکان ببینەوە، ڕۆشنبیری ئاسۆی ھزر و بازنەی گریمانەکان فراوان دەکات، وە جۆرێک لە ئەزموونی ھەمەچەشنە دەبەخشێتە مرۆڤ کە لە توانایدایە ڕووبەڕووی ئەو مەیلە بەربڵاو و ھۆشیارییە ڕووکەشە ساکارە ببێتەوە.
=KTML_Bold=دێمۆکراتی و مافی مرۆڤ=KTML_End=
ئێمە پێویستمان بە دێمۆکراتی و مافی مرۆڤ ھەیە، بەڵام لەوەش گرنگتر پێویستمان بە ھۆشیارییەکی پێشکەوتوو و ئاگاھییەک ھەیە کە بە زانست پاڵپشتی لێکرابێت، وە بە ھزرێکی سەنگینی ڕاستەقینە، چونکە ڕێبازی پۆپۆلیزم ھەموو ئەمانە بەگەڕدەخا و تاڵەکانی بە بۆچونە باو و خێڵەکیە فریودەرەکان دەھۆنێتەوە.
بەڵام ڕەوتی پۆپۆلیستیش لایەنگری خۆی ھەیە، نەخاسمە لە بواری سیاسیدا، کە بەکاردەھێنرێت بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو چینە کۆمەڵایەتییە زۆرینەیەی کە بیرکردنەوەیان لە ئاستێکی ساکاردایە.
بۆیە ڕەنگە ببێتە ھۆی توندبوونەوەی ناکۆکی لە ڕکابەریکردن بۆ دەستگرتن بە سەر ئەو چینانەی کۆمەڵگەدا، ململانێیە لەنێوان جیھانێکی نموونەیی و خۆشگوزەران ئەوەی کە پۆپۆلیستەکان بانگەشەی بۆ دەکەن ئەو جیھانە پڕ گوڵ و گوڵزار و سوودبەخشەی کە خەڵکانی بژاردەی ئەکادیمی شکستیان ھێناوە لەوەی بیکەن بەخەونێکی تایبەتی گەلان.
بەمجۆرە نەیارانی پۆپۆلیزم زیاددەکەن وە بۆچونێکی نا لۆژیکیە و ناشکرێ ھەموو تاکێکی ئاسای بخرێتە ژێر کاریگەرییەکانی ھزری زانستی وعەقڵانی و لەھەموو ھۆشیارییەکی بوونیادنراو و داناییە قوڵەکاندا بە ئاگا بھێنرێنەوە.
لە کۆتاییدا ناکرێ ئاماژە بەوە نەکەین کەوا دەستەواژەی “پۆپۆلیزم” بەزۆری لە چوارچێوەی ھاندان و سەرکۆنەکردن بەکاردێت، بەڵام لەھەندێ باری دەگمەندا، وەک چەمکێکی کرداری دەستنیشاندەکرێت لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکاندا، ئەمەش وەک پێویستییەک بۆ ڕۆچوون بەناو دید و بۆچوون و بەراوردکارییە زانستی و ھەوڵە ئەکادیمییە ڕژدەکاندا. [1]