ناونیشانی بابەت: ڕۆڵی بیمە لە پێشخستنی ئابووری وڵاتدا؛ هەرێمی کوردستان بەنموونە
ئامادەکردن: #دابان عەبدولواحید حەسەن#
ئەوەی لێرەدا من مەبەستمە کاریگەریی (بیمە - تامین - (Insurance لەسەر ڕەوشی ئابووری بەگشتی و کەرتی دارای بەتایبەتی بکەم. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، هەر لە دێرینە وە؛ مرۆڤەکان پەیڕەوی ڕێسای بیمەیان کردووە، لە یەکێک لە پەڕتووکەکانی تەلموود - Talmud) دا، نووسراوە “ئەگەر یەکێک گوێدرێژەکەی لەدەست بدات، ئەوە دەبێت گوێدرێژێکی تری بدرێتی” دوای ئەوەش لە یاساکانی حاموڕابیدا (18) سەدە پێش زایین ئاماژە بە ڕێساکانی تەئمین کراوە و، تیایدا هاتووە “پێویستە کاروانچی و بازرگان پێکەوە قەرەبووی ئەو زەرەرو زیانانە بدەنەوە، کەڕەنگە بەهۆی هێرشکردنی ڕێگا-گرەکانەوە تووشی کاروانەکان دەبێت” دواتر لە ساڵی (916) ی پێش زایین، لەیۆنانی کۆن بۆ یەکەمجار سیستەم و میکانیزمی بیمەکردن و بڕی قەرەبووکردنەوەی بازرگانەکان داڕێژراوە. کەبەهۆی نووقم بوونی کەشتییەکانەوە، یاخود هێرشی چەتە دەریاییەکانەوە تووشیان دەبێت، بە جۆرێک هەندێک لەو پرەنسیپانە تاکوو ئێستاکەش لەپڕۆسەی بیمەکردندا پەیڕەو دەکرێت. قۆناغێکی تری گەشەکردنی بیمەکردن دەگەڕێتەوە؛ بۆ سەردەمی ڕۆمانەکان، ئەو کاتە لە ڕۆما چەندان دەزگاو ڕێکخراوی هاوبەش و کۆمەکی دامەزران ئامانجی سەرەکیان بریتی بوو لە تەئمینکردنی ئەندامەکانی و، قەرەبوو کردنەوەیان لەکاتی ڕووداوە سرووشتییەکان و مردنی خانەوادەکانیان و …هتد.
بەهۆی گەشەکردنی باری ئابووری و پەیدابوونی شارەکانەوە لەسەدەکانی ناوەڕاستدا بیمەکردنیش هەنگاو، بە هەنگاو گەشەی کرد، بە جۆرێک چەندان کۆمپانیا و ڕێکخراوی پیشەیی لە بواری بیمەکردن پەیدابوو وەک؛ ڕێکخراوی بازرگان و پیشەگەران- ڕێکخراوی جوتیاران- ڕێکخراوی دز و چەتەکان. ئەرکی سەرەکی ئەم ڕێکخراوانە بریتی بوو؛ لە کۆکردنەوەی بڕە پارەیەک لە ئەندامەکانیان بۆ ئەوەی لەکاتی هاتنەپێشەوەی هەرحاڵەتێکی نادیار بەسەر موڵک و، مومتەلەکات و، باری کەسێتیان هاتبێت قەرەبوو بکرێنەوە. لە قۆناغی دواتردا بەهۆی گەورەبوونی شارەکان؛ کە زۆربەیان لەتەختە درووستدەکران بۆیە مەترسی و، سووتان زیاتر دەبوو بۆیە پڕۆسەی بیمە کردن ئەکتیڤ تربوو. ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە، کە زۆرینەی سەرچاوە باوڕپێکراوەکان قۆناغەکانی گەشەکردنی بیمە لە ئەوروپادا بەسەر سێ قۆناغی سەرەکیدا دابەش دەکەن.
یەکەم: قۆناغی کەڵەکەبوونی سەرمایە.
دووەم: قۆناغی سەرهەڵدانی سیستەمی سەرمایەداری و پەیدابوونی کێبڕکێ.
سێیەم: قۆناغی پەیدابوونی مۆنۆپۆڵی و چڕبوونەوەی سەرمایە.
بەمشێوەیە دەتوانیین بڵێین؛ پلە بە پلە بازاڕی، یاخود بزنسی بیمە هاتە کایەوە و فۆرمی نێودەوڵەتی وەرگرتووە. لە قۆناغی یەکەمدا؛ خزمەتگوزاری بیمەکردن وەک کاڵایەک مامەڵە، کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرا بە مەبەستی دەستکەوتنی قازانج و چالاکییەکانی تەئمینکردن بوو، بە سێکتەری گرنگی ئابووری و دارایی. بۆ نموونە لە ساڵی (1393) لە ئیتاڵیا ئەوکاتە بیمەکردنی کەشتییەکانی بار گواستنەوە و بارەکانی یەکێک بوون لە جۆرە سەرەکییەکانی بیمە کردن، بە جۆرێک لە ماوەی هەفتەیەکدا زیاد لە (80) گرێبەستی بیمەکردن ئەنجام دراوە. دواتر هەمان جۆری بیمەکردن لە ئیسپانیا و، پورتوگال بە شێوەی بەرفراوان بڵاوبۆوە. بەمشێوەیە بیمە وەک کەرتێکی سەربەخۆی بواری دارایی هاتە کایەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە ساڵی (1468) دا بڕوانامەی سەنتەری بیمەکردنی گواستنەوەی ئاوی پەیدابوو. دواتر لە ساڵی (1559) سەنتەری بیمەکردنی گواستنەوەی ئاوی و، جۆرەکانی تری بیمەکردن بۆ ئینگلتەرا گواسترایەوە لەبەر بایەخ و گرنگی بیمە وەک جۆرێک لە چالاکییە بزنسییەکان لە ساڵی (1601) دا پەڕڵەمانی بەریتانی بەفەرمی چەند یاسایەکی تایبەتی دەربارەی بزنسی بیمەکردن هەموار کرد و، لیژنەیەکی هەمیشەیی بۆ چاودێرکردن و ڕێکخستنی بیمە پێکهێنا. بەهەمان شێوە لە ساڵی (1668) دا فەرەنسادا یەکەم گردبوونەوە ڕێکخراوە، بیمە گواستنەوەی ئاوی درووست بوو. ئەوەی شایەنی ئاماژە پێدانە ئەوەیە کە ئەوکاتە گەورەترین کۆمپانیای بیمە لۆدس-Lioyds لە ئینگلتەرا دامەزرا بە جۆرێک بووە مەزنترین کۆمپانیای جیهانی لە بواری بیمەکردندا.
=KTML_Bold=دەکرێت ڕۆڵی بیمە لەسەر ڕەوشی ئابووری لە چەند خاڵکدا کۆبکەینەوە:=KTML_End=
یەکەم: ئاسانکردنی پارەدارکردنی پڕۆژەکان.
دووەم: بیمە کاریگەریی لەسەر هەڵگرتنی بارگرانی هۆشداری دژ بە زیانەکان هەیە.
سێیەم: تەئمین پلەیەکی بەرزی دڵنیایی بۆ وەبەرهێنەران دابین دەکات، لە قەرەبوکردنەوەی ئەو زیان و، زەرەرانەی کە بەهۆی دیاردە سرووشتییەکان و، هەڵەکانی مرۆڤ و ئاسەوارە زیانبەخشەکانی پیشەسازی نۆێ و، ئاکامی وەستانی کار و ڕەوشی سیاسییەوە درووست دەبن. بەمەش تەئمین ئەرکێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدات.
چوارەم: تەئمین ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ئاسانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێودەوڵەتی، بۆ نموونە (بەڵگەنامەکانی بیمەی دەریایی یاخود ئاسمانی یاخود زەمینی لەسەر کڵاو شتومەک لە بواری هەناردە و هاوردەدا) .
پێنجەم: بیمە ڕۆڵی هەیە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری خۆپاراستن لە زیانەکان و سنووردانان بۆ ئاسەوارەکانی دەکات، بەم ڕۆڵەش دە بێتە چەمکێکی تەواو کەر لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی مەترسیدا و دەستنیشانکردنی سەرچاوەکانی مەترسی.
شەشەم: لە ڕێگەی گێڕانەوەی تەئمین، وڵاتان بە تایبەتی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو دراوی قوورسیان دەست دەکەوێت، ئەم ئەرکەش ئەو کاتە دێتە دی کە بڕی ئەو قەرەبووانەی کە لە تەئمین وەریدەگرنەوە لەبەرانبەر بارستایی ئەو قستانەی کە بە دراوە قوورس دەیاندەدرێتێ.
=KTML_Bold=“تەئمین لە هەرێمی کوردستاندا”=KTML_End=
سەرەتا دەتوانم بڵێم؛ کە هەرێمی کوردستان تاکوو ئێستاش پیشەسازییەکی تەئمینی سەربەخۆی بەخۆوە نەدیوە و، ناتوانین باس لە کۆمپانیای تەئمینی کوردی بکەین. هەرچەندە زۆر بەی هەلومەرجەکان لەڕووی داراییەوە لەبارە بۆ ئەم مەبەستە. ئەو مەرجانە چین؟ ئەگەر لە ڕوانگەی ئابوورییەوە سەیر بکەین.
دەبینیین پڕۆسەی کەڵەکەبوونی سەرەتایی سەرمایە کۆتای پێهاتووە و، دۆخێکی تا ڕادەیەک گونجاو بۆ بزنس هاتۆتە پێشەوە و پڕۆسەی وەبەرهێنانیش سەراپای گشت کەموکووڕییەکانی لە گەشەکردندایە. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا جگە لە کەرتی (نیشتەجێبوون و بیناسازی زۆرینەی کەرتە ئابوورییەکانی تر بە سستی گەشەدەکەن، یاخود زۆر لاوازن یان هەر بوونیان نییە. ئەوەی پەیوەندی بە بابەتەکەی ئێمەوە هەیە کەرتی داراییە. لەسەرووبەندی ئەو بووژاندنەوە ئابوورییەی لە هەرێمی کوردستاندا بەدی دەکرێت، سیاسەتی دارایی کەوتۆتە دەرەوەی ئەو پڕۆسەیە، هەر پڕۆسەیەکی ئابووری لە هەر وڵاتێکدا پێویستی بە کارایی کەرتی دارایی و سستەمی بانکی و تەئمین هەیە، بە بۆچوونی من، ناکارایی و سستی و نەبوونی ئەم کەرتەش پێش هەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سیاسەتێکی ئابووری نەتەوەەیی و پشتبەستن بە ژێدەری نەوت وەک بنەمایەکی ئابووری و تەخشان و پەخشانی دارایی و، ئیدارەیەکی ناتەندرووستی ئابووری. هەموو ئەو فاکتەرانەش دەگەڕێتەوە؛ بۆ قوربانیکردنی ئابووری بە فاکتەری سیاسیی، بۆ نموونە پەڕڵەمانی کوردستان ئەوەندەی سەرقاڵی ململانێی سیاسیی و، ئیشی لاوەکین، بەتەواوەتی ئاگایان لە دەرکردنی یاسا ئابوورییەکان نییە، بۆ نموونە تاکوو ئێستا یاسایەک بۆکارکردنی بانکەکان یاخود تەئمین لە کوردستاندا بوونی نییە و بە پێی یاسا نەگونجاوەکانی ئێراق کاردەکەن کە لەگەڵ دونیای ئەمڕۆی پێشکەوتن و سستەمی دارایی و ئابووریی یەکناگرنەوە، هەروەها پێشتریش ئاماژەمان پێدا سەرجەم مەرجە ئابوورییەکان لە بارن بۆدامەزراندنی کەرتی دارای بەشێوەیەکی مۆدێرن. لەکۆتایدا دەتوانین بڵێین کە گەشەی ئابووری سەردەم پێش هەموو شتێک وەستاوەتە سەر ئاستی سەرکەوتنی سستەمی دارایی (بانک و تەئمین) لەکۆکردنەوە و پاشەکەوتەکان بۆ پارەدارکردنی چالاکی بەرهەمهێنان و، زیاد کردنی قەبارەی بەرهەمهێنان و، زیاد کردنی لێهاتوویی پڕۆسەی دابینکردنی دەرامەت بۆ پڕۆسەی پەرەپێدان.
=KTML_Bold=دەرئەنجام:=KTML_End=
بەپوختی دەتوانین بڵێین؛ تەئمین وەک چالاکییەکی ئابووری بریتییە لە “میانگیرییەکی دارایی و ڕۆڵی هەیە لە کۆکردنەوەی پارە و پول بۆ پاراستنی سامانی مرۆیی و، مادییەکانی نیشتمانی و بەشداریکردن لە درووستبوونی سەرمایەی ڕاستەقینە”. ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە سەرجەم وڵاتان بازاڕی داراییان هەیە، بەڵام بارستە و کاریگەرییان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازە. لە ڕاستیدا دامەزراوە داراییەکان لە ئابوورییە پەرەسەندووەکاندا جگە لەو ئەرکانەی پێی هەڵدەستن، وەک قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی سەبارەت بەکۆمپانیاکانی تەئمین ئەرکی کۆکردنەوە و ئامادەکردن و، تەرخانکردنی سەرچاوەکانی دارایی دەگرنە ئەستۆ، بەمەش بەشدارییەکی ڕاستەقینە لە پێکهێنانی سەرمایەی ڕاستەقینە و گەشەی ئابووریدا دەکەن. یەکێک لە سوودە دیارەکانی دڵنیایتجۆری سوودمەندبووی کەسی زیان لێکەوتووە بەنموونە؛ خاوەن باڵەخانەکان - شوفێرەکان - گەشتەکان - کۆگاکان - نەخۆشەکان. لەکاتی دانی پارەی دڵنیایتبە شوێنی مەبەست کەرتی (حکومی-تایبەت) سوودمەند دەبێت ئەگەر هاتوو زیانی بەرکەوت خاوەنی یەکێک لەوانەی باسمان کرد بە بڕەپارەیەکی دیاری کراو، کە سوودی زۆرە بۆکەسی زیان لێکەوتوو لەکاتی (ڕووداوەکان) دا.
بەپێی ئامارەکانی گۆڤاری (فۆربس) سەرمایەی کۆمپانیای تەئمینی (Allianz) ، گەیشتۆتە (915.48) ملیار دۆلار ئەوەمان بۆ دەردەخات جێبەجێ کردنی تەئمین لە وڵاتدا سوودێکی زۆر دارای هەیە. [1]