ناونیشانی بابەت: لیبڕاڵیزم و ئاساییشی نیشتمانی
ئامادەکردن: #محەمەد حسێن زادە#
“پێشەکی”
مێژووی ژیانی مرۆڤایەتی دەرخەری ئەوەیە کە هەوڵدان بۆ خۆپاراستن و دابینکردنی ئاساییش یەکێک بووە لە کردە و ڕەفتارە سەرەکییەکانی مرۆڤ. گرووپەکانیش بە هەمان شێوەن. لە سەردەمی دەوڵەت-شارەکانی یۆنانەوە بگرە تا ئیمپراتورییەکان و تا سەردەمی دەوڵەت-نەتەوەکانی ئێستا، هەموویان هەوڵی دابینکردنی ئاساییشی خۆیان و ئەو تاکانەیان داوە کە لەناو سنوورەکانیاندا ژیاون. بە تایبەت دوای سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە وپەرەسەندنی ئەرکەکانی، دابینکردنی ئاساییشی نیشتمانی وەک یەکێک لە سەرەکیترین و گرنگترین ئەرکەکانی دەوڵەت دەستنیشان کرا. لەو ئاڕاستەیەدا زۆربەی شارەزایان لەو بڕوایەدان کە هۆکاری سەرهەڵدانی دەوڵەتەکان دابینکردنی ئاساییشی ناوخۆیی و دەرەکییە. بە کردەوەش، لە جیهانی ئێستادا، ئاساییشی نیشتمانی یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانە کە دەوڵەتەکانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و بێگومان دابینردنی ئاساییش، بە ئامانجی سەرەکی دەوڵەت بەهەژمار دێت. دەکرێت بە شێوەیەکی گشتی، ئاساییش وەکوو نەبوونی هەڕەشە لەسەر گیان و ماڵ پێناسە بکرێت. بەڵام لە ڕووی زانستییەوە پێناسەی ئاساییش و بە تایبەت ئاساییشی نیشتمانی لە قۆناغە جیاوازەکاندا گۆڕانکاری قووڵ و بەرچاوی بەسەردا هاتووە. بۆیە؛ ئێستا چەندین پێناسەی جۆراوجۆر لە ئاساییشی نیشتمانی خراونەتە ڕوو. ئەوەی کە ئێمە چۆن دەڕوانینە جیهان و تێڕوانینمان چۆنە و لەژێر کاریگەریی کامە دیسکۆرس و تیۆریداین، کاریگەرە لەسەر جۆری پێناسەمان لە ئاساییش. بۆیە ناکرێت پێناسەیەکی پڕوپەرداخت لە ئاساییش بێتە ئاراوە. هەر بۆیە؛ بۆ تێگەیشتن لە مانای ئاساییشی نیشتمانیش پێویستە بگەڕێینەوە بۆ تیۆرە جیاوازەکانی سیاسەت و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان.
ساڵانێکی زۆر “تیۆری ڕیالیزم” لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا زاڵ بوو و ڕەنگە ئێستاش هەر وا بێت. ئەو تیۆرە ئاساییشی نیشتمانی بە ئاساییشی دەوڵەت پێناسە دەکات و خاوەندارێتی هێز و بەتایبەت هێزی سەربازی بە مەرجی سەرەکی دابینکردنی ئاساییش دەوڵەت [ئاساییشی نیشتمانی] دادەنێت. ئەو خوێندنەوەیە تا ئێستاش بەسەر لێکۆڵینەوەکانی سیاسەتی نێونەتەوەییدا باڵی کێشاوە. بەڵام هاوکات “تیۆری لیبڕاڵیزم” وەکوو سەرەکیترین تەحەدا و بەدیلی “ڕیالیزم” بەردەوام لە ئارادا بووە و تەنانەت هەندێ لە دەوڵەتان و سیاسەتوانانیش، بەپێی ئامۆژگارییەکانی ئەو ڕوانگەیە هەڵسوکەوتیان کردووە. لێرەدا هەوڵدەدەم باس لەوە بکەم “لیبڕاڵیزم” بە گشتی وەکوو تیۆری بەدیلی “ڕیالیزم” ناو دەبرێت، چۆن پێناسەی ئاساییشی نیشتمانی دەکات و گریمانە سەرەکییەکانی ئەو تیۆرە، سەبارەت بەو پرسە کامانەن. بۆ ئەو مەبەستە، سەرەتا بە کوورتی باس لە “تیۆری لیبڕاڵیزم” و گریمانە سەرەکییەکانی لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا دەکەم.
“لیبڕاڵیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا”
لیبڕاڵیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا وەکوو باقی تیۆرەکانی زانستە مرۆییەکان، پێکهاتووە لە کۆمەڵێک بیروبۆچوونی جیاجیا. هەڵبەت لیبڕاڵیزم وەکوو ئایدۆلۆژیا، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی زانستیی سەدەکانی حەڤدە و هەژدە و سەردەمی ڕۆشنگەریی لە ئەورووپا و هەروەها شۆڕشەکانی فەرەنسا و ئەمریکا کە پەرەیان بە باسەکان سەبارەت بە مافە سرووشتییەکاندا. لەپاڵ ئەوانەدا؛ شۆڕشی پیشەسازیی پەرەی بە ئاوەزمەندیی یا ئەقڵانییەت وەکوو توخمێکی گرنگی لیبڕاڵیزم-دا. بە گشتی؛ ئایدۆلۆژیای لیبڕاڵیزم تا ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەهەم، وەکوو ئایدۆلۆژیای مرۆڤی بۆرژوا یان ئایدۆلۆژیای چینی ناوەڕاست جێگای خۆی گرت و جەخت لەسەر هەندێ بنەما و لەوانە، ئازادی دەربڕینی بیروڕا، ئازادی ئایین، ئازادی بازرگانی و بەشداری لە ژیانی سیاسیدا دەکاتەوە. بەڵام پێویستە ئاماژە بەو خاڵە بکەم “تیۆری لیبڕاڵیزم” لە پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکان کە من لێرەدا دەمەوێت باسی لێ بکەم، دەقاودەق وەکوو ئەو لیبڕاڵیزمە نییە، گەرچی ڕەچەڵەکی زۆرینەی گریمانەکانیشی هەر دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ئایدۆلۆژیایە.
بە گشتی؛ ڕیشە و ڕەچەڵەکی گریمانەکانی تیۆری لیبڕاڵیزمی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دەگەڕێتەوە بۆ گەشبینییەکانی سەردەمی ڕۆشنگەریی لە سەدەی هەژدە، لیبڕاڵیزمی ئابووری سەدەی نۆزدە و ئایدیالیزمی ویلسۆنی سەدەی بیستەم. بەڵام لیبڕاڵیزم وەکوو ڕوانگەیەکی ئاکادێمیک و زانستییانە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا [کە ڕەخنەگرانی، واتە ڕیالیستەکان، بە ئایدیالیزمی خەیاڵی ناویان دەبرد و ئێستاکەش زۆر جار بە ئایدیالیزم دەناسرێتەوە]، لە ساڵانی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی سەریهەڵدا، ئەگەرچی چەند دەیەی خایاند تا وەکوو تیۆرێکی یەکپارچە خۆی بنوێنێت. بە هەر حاڵ؛ لیبڕاڵیزم سەرەتا دوای شەڕی یەکەمی جیهانی باڵی بەسەر سیاسەتی نێونەتەوەییدا کێشا و زیاتر گرنگی بە چۆنییەتی جێگیرکردن و پەرەپێدان بە ئاشتی و سڕینەوەی شەڕ دەکرد. بەتایبەت لایەنگرانی “لیبڕاڵیزم” بڕوایان وابوو کە لە ڕێگەی دامەزراندنی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانەوە، دەکرێت کۆتایی بە شەڕ و نەهامەتی و کارەساتەکان بهێنرێت، ئەو ڕوانگەیە بە تایبەت لە سەردەمی پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و دەرکەوتنی نەهامەتی و مەینەتییەکانی ئەو شەڕە زۆر باو بوو. هەر ئەو ڕوانگەیە وایکرد لیبڕاڵەکان لایەن ڕیالیستەکانەوە بە ئایدیالیزمی خەیاڵی ناو ببرێن. هەر جۆرێک بێت لەژێر گوشاری لیبڕاڵەکاندا کۆمەڵەی گەلان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و جێگیرکردنی هەتاهەتایی ئاشتی دامەزرا، بەڵام دوای شکستی ئەو کۆمەڵگە و دەستپێکردنی شەڕی دووەمی جیهانی لە کۆتاییەکانی دەیەی 19030 و سەرەتای دەیەی 1940، (لیبڕاڵیزم/ ئایدیالیزم) تەنگی پێ هەڵچنراو و ڕیالیزم بەسەریدا زاڵ بوو.
بەڵام لیبڕاڵیزم هەرگیز لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا پشتگوێ نەخراو. تەنانەت لە سەردەمی شەڕی سارد و بەتایبەت دوای شەڕی سارد و هەڵوەشانەوەی سۆڤییەت، هەمدیسان پەرەی سەندەوە و پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا. بەڵام بەهۆی بەربڵاوی باسەکان و سەرهەڵدانی دیاردە جیاوازەکان لە ئاستی جیهانیدا، قوتابخانەی لیبڕاڵیزمیش وەک زۆربەی قوتابخانەکانی تر، هێدی هێدی چەندین لق و پۆی لێکەوتەوە. بۆ نموونە، لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا لانی کەم باس لە چوار تیۆری لەژێر ناوی لیبڕاڵیزمی کۆماریخواز (Republican liberalism) ، لیبڕاڵیزمی دامەزراوەگەرا (Institutional liberalism) ، لیبڕاڵیزمی کۆمەڵگەگەرا (Sociological liberalism) و لیبڕاڵیزمی پێکەوەبەستراوەیی (interdependence liberalism) ، دەکرێت. (1) دیارە هەر یەک لەو ڕوانگانە وەڵامی جیاواز دەدەنەوە بە پرسیارە سەرەکییەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و هۆکاری دابەشبوونیشیان هەر ئەوەیە. بۆ نموونە، لیبڕاڵیستەکان لە وڵامدانەوە بەو پرسیارانە کۆدەنگ نین؛ بۆچی شەڕەکان ڕوو دەدەن؟ ڕۆڵی ئیمپریالیزم، هاوسەنگی هێز یا حکوومەتە نادێموکراتەکان لە سەرهەڵدانی شەڕدا چۆنە؟ ئایا ئامانجی سیاسەتی نێونەتەوەیی ئاشتییە یا بەرابەریی؟ ئەو ئامانجە چۆن دابین دەکرێت و دوڵتە لیبراڵەکان دەبێ چۆن لەگەڵ دەوڵەتە نادیموکراتەکاندا ڕەفتار بکەن. (2) بەڵام سەرەڕای ئەو جیاوازییە، تیۆرە جیاوازەکانی لیبڕاڵیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، هەموویان لە چەند گریمانەی سەرەکیدا، هاوبەشن کە دەکرێت بەو شێوەی خوارەوە، ئاماژەیان پێ بکەم:-
1. مرۆڤ، بوونەوەرێکی پاکسرووشت و چاکەخوازە. ئەگەر مرۆڤەکان لە ئێستادا خۆخواز، دەسەڵاتخواز و شەڕخوازن، ئەوە بە جۆرێک لادانە لە سرووشتی ڕاستەقینەی خۆیان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگە تاوانبارن و دەکرێت مرۆڤ بە گۆڕینی ڕێکخراوەکان و لە ڕێگەی پەروەردەوە، بگۆڕدرێت.
2. دەوڵەتەکان دەتوانن لە ئاڕاستەی بەرژەوەندی مرۆڤایەتی و جیهانیدا هەڵسوکەوت بکەن و تەنیا بەرژوەندییەکانی خۆیان ڕەچاو نەکەن.
3. دەوڵەتەکان “تاقە” گەمەکەریی سیاسەتی جیهانی نین. ڕەنگە ڕاست بێت کە دەوڵەت “سەرەکیترین” گەمەکەری سیستەمی نێونەتەوەییە، بەڵام باقی گەمەکەرەکان، بۆ نموونە تاکەکان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، کاریگەریی بەرچاو لەسەر سیاسەتی نێونەتەوەیی دادەنێن.
4. کەڵەکەکردنی هێزی سەربازی، بەو جۆرەی ڕیالیستەکان دەڵێن، تاقە ڕێگای دابینکردنی ئاساییش نییە. دەوڵەتەکان ڕێگای گونجاوتریان بۆ دابینکردنی ئاساییش هەیە. هەموو فاکتەرەکانی هێز گرنگن و هێزی ئابووری بەرجەستەترین ڕۆڵ دەگێڕێت.
5. بە پێچەوانەی ڕوانگەی ڕیالیستەکان، پێکهاتەی ئانارشی (Anarchic Structure) سیستەمی نێونەتەوەیی خۆی لە خۆیدا نابێتە هۆی شەڕ و ململانێی هەتاهەتایی نێوان دەوڵەتەکان، بەڵکوو دەوڵەتەکان بۆ خۆپارێزی لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئانارشی [فەوزا] هەوڵدەدەن پێکەوە هاوکاریی بکەن.
6. ڕەفتاری دەوڵەتەکان بە ڕادەیەکی زۆر [لانی کەم بەهۆی بەرژەوەندی خۆیان] لەژێر کاریگەریی یاسا و دامەزراوە و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکاندایە. تەنانەت ڕێکخراوەکان دەتوانن کۆتایی بە شەڕ بهێنن. (3)
7. دەوڵەتەکان گرنگی بە دەستکەوتی ڕەها دەدەن نەک دەستکەوتی ڕێژەیی، بۆیە، دەرفەت و ئەگەری هاوکاریکردن لەنێوان دەوڵەتەکاندا فراوانە.
8. لەکاتێکدا کە ڕیالیستەکان سەبارەت بە پێشکەوتنی سیاسی ڕەشبینن، لە ڕوانگەی لیبڕاڵیستەکانەوە ئەگەری پێشکەوتن لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی مرۆڤایەتی و لە کۆمەڵگەکاندا هەیە. (4)
9. بەپێچەوانەی ڕیالیستەکان کە گرنگییەکی زۆر بە بەرژوەندییەکان دەدەن و دەڵێن سیاسەت واتە هێز و بەرژەوەندیی، لیبڕاڵەکان پێیان وایە بابەتە ئەخلاقیەکان، ماڤەکانی مرۆڤ و نۆرمەکان [Norms] لە سیاسەتی جیهانیدا کاریگەریی بەرچاو دادەنێن.
ئەوانە، بنەما سەرەکییەکانی ڕوانگەی لیبڕاڵزمن لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا و بەپێی ئەو بنەمایانە تێڕوانینێکی جیاوازیشیان بۆ پرسی ئاساییش هەیە. بۆیە پێویستە ئێمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گریمانانە هەوڵ بدەین لە ناوەرۆکی ڕوانگەیان سەبارەت بە پرسی ئاساییشی نیشتمانی تێبگەین.
=KTML_Bold=“لیبڕاڵیزم؛ پێکەوەبەستراوەیی ئاساییشی نیشتمانی و ئاساییشی نێونەتەوەیی”=KTML_End=
لیبڕاڵەکان ئاساییشی نیشتمانی بە ئاساییشی ئاساییشی نێونەتەوەییەوە گرێدەدەن، واتە بەبێ جێگیرکردنی ئاساییشی نێونەتەوەیی، ناشێت ئاساییشی نیشتمانی دابین بکرێت. لەو ڕوانگەوە، ئاساییش وڵاتان بەرهەمی ئاشتی نێونەتەوەییە. لیبڕاڵەکان پێیان وایە شەڕ و تێکهەڵچوون لە شانۆی نێونەتەوەییدا، بەرجەستەترین دەرکەوتەی نەبوونی ئاساییشە، بۆ لەناوبردنی شەڕیش پێویستە هەوڵی داماڵینی وڵاتان لە چەک و کۆتاییهێنان بە پێشبڕکێ بۆ بەرهەمهێنان و کڕین و کەڵەکەکردنی چەکی جۆراوجۆر بدرێت و وڵاتان هان بدرێن پێکەوە هاوکاریی بکەن. هاوکاریی نێونەتەوەیی گونجاوترین ڕێگای جێگیرکردنی ئاشتییە. ئاشتی نێونەتەوەیش، سەرەکیترین مەرجی دابینکردنی ئاساییشی نیشتمانی هەموو وڵاتانە، ئەوەش ڕوو نادات مەگەر بە ڕازیبوونی هەموو لایەنەکان. (5) دیارە سەبارەت بە مکانیزم و ڕێوشوێنی جێگیرکردنی ئاشتی لە ئاستی نێونەتەوەییدا، لیبڕاڵەکان ڕوانگەی جیاوازیان هەیە. یەکێک لەو میکانیزمانەی کە زۆر باسی لێ دەکرێت، تایبەتە بە لیبڕاڵیزمی کۆماریخواز کە دەڵێت؛ جێگیرکردنی دیموکراسی لەناو وڵاتان، یارمەتیدەرە بۆ جێگیرکردنی ئاشتی لە ئاستی جیهاندا. هەڵبەت، ڕەچەڵەک و ڕیشەی ئەو تیۆرە دەگەڕێتەوە بۆ هزر و بیرۆکەکانی “ئیمانۆئێل کانت”. (6) بەڵام خوێندنەوەیەکی نوێی ئەو بیرۆکەیە لەژێر ناوی تیۆری “ئاشتی دیموکراتییانە” ناوبانگی دەرکردووە و ناوەرۆکی سەرەکی ئەو تیۆرە ئەوەیە کە وڵاتانی دیموکرات هەرگیز پێکەوە شەڕ ناکەن، بۆیە بۆ جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ئاستی جیهاندا، پێویستە پەرە بە دەسەڵاتە دیموکراتەکان بدرێت. (7) بەڵام، سەبارەت بەوەی کە بۆچی دیموکراسییەکان پێکەوە شەڕ ناکەن، لانی کەم ئاماژە بە سێ خاڵ دەکرێت:-
یەکەم؛ بەهۆی کولتووری ناوخۆیی ئەو وڵاتانە کە لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی ئاشتیخوازانەی گرژیی و ناکۆکییەکان دامەزراوە.
دووەم؛ بەهۆی بەها ئەخلاقییە هاوبەشەکانیانی نێوان وڵاتانی دێموکرات.
سێیەم؛ بەهۆی بەرژوەندی و سوودێک کە لە هاوکاریی ئابووری وەری دەگرن و پێکەوەیان دەبەستێتەوە. (8) بە گشتی لە ڕوانگەی لیبڕاڵیزمی کۆماریخوازەوە، دەسەڵاتە سەرەڕۆکان دەبنە هۆی سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکان، بەڵام دەوڵەتە دێموکراتەکان مەیلی زیاتریان هەیە بۆ ئەوەی مافی هاووڵاتییانی خۆیان بپارێزن، بۆیە نایانەوێت، لەگەڵ باقی وڵاتانی دیموکرات شەڕ بکەن.
کەوا بێت، یەکێک لە سەرەکیترین ڕێگاکانی جێگیرکردنی ئاشتی لە سیستەمی نێونەتەوەییدا، بریتییە لە پەرەپێدان بە دیموکراسی و زیادبوونی ژمارەی وڵاتانی دیموکرات. لیبڕاڵیستەکان وەکوو ڕەخنە لە ڕوانگەی هێز-تەوەری ڕیالیستەکان، دەڵێن ئاشتی و سەقامگیری لە ڕێگای پەرەپێدان بە حکومەتە دێموکراتەکان لە جیهاندا دەستەبەر دەبێت، نەک لە ڕێگای هاوسەنگی هێز و خۆپڕچەککردنەوە. بیرمەندانی لیبڕاڵیزمی دامەزراوەگەرا، دەڵین؛ گونجاوترین چارەی جێگیرکردنی ئاشتی لە ئاستی نێونەتەوەییدا، ئەوەیە کە دەوڵەتەکان دەسەڵاتی خۆیان دابەش بکەن و بەشێک لە دەسەڵاتی خۆیان بە دامەزراوەکان بدەن. بۆ نموونە یەکێتی ئەورووپا یەکێکە لەو دامەزراوانە کە بە مەبەستی پەرەپێدان بە هاوکارییە فرەچەشن و فرەلایەنەکان سەریهەڵدا و ئێستاش ئاشتی ئەورووپا بەرهەمی ئەو هەوڵەیە. لەم ڕوانگەوە؛ بۆ جێگیرکردن و پاراستنی ئاشتی و بەدیهێنانی ئاساییش پێویستە ڕەفتاری دەوڵەتەکان سنووردار بکرێت و بە واتایەک لەغاو بکرێن، ئەوەش لە ڕێگەی دامەزراندنی دامەزرواوە و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەکرێت.
دامەزراوە و ڕێکخراوەکان لانی کەم بە دوو شێواز لە بەدیهێنانی ئاساییشدا ڕۆڵ دەگێڕن؛ یەکەم، پەیوەندیی و کارلێکەکانی نێوان تاکەکان، گرووپەکان، دامەزراوەکان و کۆمپانیا تەکنیکی و پیشەییە ناحکوومییەکان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەیان زۆر دەبێت و ئەو جۆرە پەیوەندیانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە شانۆی نێونەتەوەییدا پەرە دەستێنن. دووەم ڕێکخراوە و دامەزراوەکان لەدەرەوەی ئیرادە و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتەکان، واتە بە شێوەی سەربەخۆ، لە شانۆی نێونەتەوەییدا ڕۆڵ دەگێڕن. ئەو ڕێکخراوانە لە ڕێگەی دانانی یاسا و ڕێسا و نوورمە گشتییەکان، فەراهەمکردنی زانیارییە پێویستەکان بۆ دەسەڵاتدارانی وڵاتانی جیاواز، ڕەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ لەنێوان گەمەکەرە جیاوازەکانی شانۆی نێونەتەوەیی، درووستکردنی پێکهاتەی هاوچەشنەکان، شەفافسازی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان و هەروەها لە ڕێگەی چارەسەرکردنی مەتەڵۆکی ئاساییش (Security dilemma) لە شانۆی نێونەتەوەییدا، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری نێونەتەوەییدا، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاساییشی نیشتمانی هەموو دەوڵەتەکان.هەروەها لیبڕاڵیزمی کۆمەڵگەگەرا و لیبڕاڵیزمی پێکەوەبەسترایی، زیاتر جەخت دەکەنەوە لەسەر پەیوەندییە بان-نیشتمانییەکان. بۆ نموونە، پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکان و گرووپەکان. لەم چوارچێوەیەدا پێکەوەبەستراوەیی ڕۆڵی سەرەکی لە جێگیرکردنی ئاشتی نیونەتەوەیی دەبینێت. (9) بە تایبەت، پێکەوەبەستراوەیی ئابووری ڕێگایەکی هەرەباشە بۆ قووڵکردنەوەی هاوکارییەکان و جێگیرکردنیی ئاشتی. گەرچی ئەو ڕوانگەیە تەنیا بۆ پەیوەندی ئابووری کوورت ناکرێتەوە. بە هەر حاڵ؛ بۆچوونێکی سەرەکی ئەوەیە هەم پەیوەندیی تاکەکانی کۆمەڵگە جیاوازەکان لە ڕێگەی بازڕگانی و گەشتوگوزار و هەم پەیوەندییە ئابوورییەکانی دەوڵەتەکان، ئاسانکاریی بۆ جێگیرکردنی ئاشتی دەکات. واتە، تۆڕێکی پێکهاتوو لە تاک و گرووپ و دەوڵەتەکان، جیهان بەرەو فرەچەشنگەرایی دەبات، ئەوەش وا دەکات جیهانێکی ئاشتیخوازانەتر بەدی بێت. لەو جیهانەدا، هەر دەوڵەتێک بیەوێت تاکلایەنانە بڕیار بدات و سیاسەت بکات، تێچوویەکی زۆر دەدات. دیارە تێچووی شەڕکردنیش ئێجگار زۆر دەبێت و هیچ وڵاتێک ئامادە نابێت تێچووی دەستپێکردنی شەڕێکی گەورە بدات. دەرئەنجام، کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخوازانە بەدی دێت.
=KTML_Bold=“لیبڕاڵیزم و ئاساییشی نیشتمانی کورد”=KTML_End=
بە گشتی، ناوەرۆکی تیۆرە سەرەکییەکانی سیاسەتی نێونەتەوەیی بە جۆرێکە کە زیاتر گرنگی بە گەمەکەرە فەرمییەکان، واتە دەوڵەتەکان، دەدەن. بۆیە ئەو تیۆرانە و بە تایبەت ڕیالیزم و نووسخە نوێکانی لیبڕاڵیزم، شتێکی ئەوتۆیان بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەفتاری گەمەکەرە نادەوڵەتییەکان نییە. کەوا بێت، دەبێ بەپارێزەوە باس لەو تیۆرانە و ڕێنوێنییەکانیان بۆ ئەو گەمەکەرانە بکرێت. هەڵبەت بە پێچەوانەی ڕیالیستەکان، لیبڕاڵەکان لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا لە ڕووی تیۆرەوە پێیان وایە جگە لە دەوڵەتەکان، باقی گەمەکەرەکانیش لەسەر سیاسەتی نێونەتەوەیی کاریگەریی دادەنێن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانیش، بەتایبەت لە پرسی ئاساییش و پێشنیارەکان بۆ دابینکردنی ئاساییش، زیاتر فۆکوس دەکەنە سەر دەوڵەتەکان. واتە، ئەگەرچی لیبڕاڵەکان دەوڵەت بە تاقە مەرجەعی ئاساییش دانانێن، بەڵام لە کۆتاییدا هەر دەوڵەتەکانن کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوە و دامەزراوە نێونەتەوەییەکاندا، بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوە سەبارەت بە سیاسەتی نێونەتەوەیی و پرسە جیاوازەکان دەدەن. لەم ڕوانگەوە، نەتەوەی کورد کە بە گشتی خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ نییە لە خوێندنەوەی لیبڕاڵیشدا جێگە و پێگەیەکی ئەوتۆی نابێتەوە و گرنگی پێ نادرێت، چونکە دەرفەت و ئیرادەی بڕیاردانی لە ئاستی نێونەتەوەییدا نییە.
ڕەنگە هەرێمی کوردستان [بە بەراورد لەگەڵ باقی پارچەکانی کوردستان] خاوەن دەسەڵاتێکی نیمچە سەربەخۆیە و لە ڕووی کاریگەریدانان لەسەر بڕیارەکانی “”ئەوانی تر” و کەوتنە ژێر کاریگەریی بڕیارەکانیشیان، بە کردەوە گەمەکەرێکی ناوچەیی بە هەژمار دێت، تا ڕادەیەک بتوانێت کەڵک لە هەندێ لە ڕێنوێنییەکانی “لیبڕاڵیزم” وەربگرێت. واتە، ئەگەرچی هەرێمی کوردستان ڕەنگە لە خوێندنەوەی لیبڕاڵیزمی دامەزراوەگەرا جێگایەکی نەبێتەوە، بەڵام هەوڵەکانی لە ئاڕاستەی جێگیرکردنی دێموکراسی لە ناوخۆدا، دەتوانێت یارمەتیدەرە بێت بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی خاوەن سیستەمی دیموکراسی کە لە ئێستادا لە ڕیزی وڵاتانی زلهێزی جیهاندان و لانی کەم بە درووشم یان وەکوو بنەمایەکی سیاسەتی دەرەوەی خۆیان، گرنگی بە فاکتەری دێموکراسی دەدەن و جەخت لەسەر پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گەمەکەرە دیموکراتەکان دەکەنەوە. واتە هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاڕاستەی پەرەپێدان بە دیموکراسی، دەتوانن ڕێگایەک بن بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی جیهان کە گرنگی بە دیموکراسی وەکوو پێشمەرجێکی دابینکردنی ئاساییشی نیشتمانی خۆیان دەدەن. ئەوەش لەسەر ئاساییشی خۆدی هەرێم کاریگەریی دەبێت.
هەڵبەت نکۆڵی لەوە ناکرێت کە لە کاتێکدا کە زۆرینەی وڵاتانی دەوروبەری هەرێم بۆ دابینکردنی ئاساییشی خۆیان ڕوانگەی هێز-تەوەری ڕیالیستەکانیان گرتووەتە بەر و ئاساییشی خۆیان لە خۆپڕچەککردن و تەنانەت لاوازکردنی لایەنەکانی تر دەبیننەوە، هەرێمی کوردستانیش ناچارە پێش هەموو شتێک گرنگی بە فاکتەرە مادییەکانی هێز و کەڵەکەکردنی هێزی بەرچاو (عەینی) بە مەبەستی دابینکردنی ئاساییشی خۆی بدات. بەڵام ئەزموونی زۆرێک لە وڵاتانیش دەریدەخات کە خۆبەهێزکردن لە ڕووی توانای سەربازیی-ماددیەوە، ڕێگر نییە لەوەی لە ئاستی ناوخۆدا پەرە بە دیموکراسی بدرێت و مافی هاووڵاتییان لە بەرزترین ئاستدا ڕەچاو بکرێت. ئەمە خۆی هەنگاوێکە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی زیاتری هاووڵاتییان و پشتببەستن بە لەخۆبردوویی و یارمەتییدانیان بە دەسەڵات لە کاتە هەستیارەکاندا. هەر ئەوە خۆی [متمانەی دەسەڵات و هاووڵاتییان بە یەکتری] یەکێکە لە پێشمەرجەکانی دابینکردنی ئاساییشی نیشتمانی. بەهەر حاڵ لە جیهانی فرەچەشنی ئێستادا، گەرەنتیکردنی ئاساییشی نیشتمانی، ئەویش بۆ نەتەوەی کورد کە هێشتا خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر گۆی زەوی نییە، بە پشتبەستن بە گریمانەکانی تاقە تیۆرێک دابین ناکرێت. بۆیە، پێویستە بە گەڕانەوە بۆ ڕوانگە جیاوازەکان، ستراتیژییەکی توکمە بە مەبەستی دابینکردنی ئاساییشی نیشتمانی دابڕێژرێت. ئەوەش بابەتێکی جیاوازە و لەم باسەدا ناگونجێت.
=KTML_Bold=“ئەنجام”=KTML_End=
لێرەدا، بۆ خوێندنەوەی ڕوانگەی لیبڕاڵەکان سەبارەت بە پرسی ئاساییشی نیشتمانی، چەندین جار ئاماژەم بە ڕیالیزم کردووە، ئەوە تا ڕادەیەک ناچارەکییە، چونکە زۆرینەی گریمانەکانی لیبڕاڵیزم تەحەدای ڕیالیزم دەکەن. سەبارەت بە پرسی ئاساییش بە تایبەت تێگەیشتن لەو خاڵە گرنگە کە بەپێچەوانەی ڕیالیستەکان کە ئاساییشی نیشتمانی بە ئاساییشی دەوڵەت دەزان و هێزی سەربازی بە گرنگترین کەرەستەی دابینکردنی ئاساییش دادەنێن، لیبڕاڵەکان ئاساییشی نیشتمانی گرێ دەدەنەوە بە ئاساییشی نێونەتەوەییەوە و پێیان وایە کەڵەکەکردنی چەک یان میکانیزمی هاوسەنگی هێز نەک هەر ئاساییش دابین ناکەن، بەڵکوو زەمینە بۆ سەرهەڵدانی شەڕ فەراهەم دەکەن. لەم ڕوانگەوە، جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیریی نێونەتەوەیی مەرجی دابینکردنی ئاساییشی نیشتمانییە. هەڵبەت بەو جۆرەی کە وتمان، تیۆرە جیاوازەکانی “لیبڕاڵیزم” پێشنیاری جیاواز بۆ جێگیرکردنی ئاشتی دەخەنە ڕوو. بۆ نموونە، پەرەپێدان بە دیموکراسی لە ئاستی جیهان، پێکەوەبەستراوەیی وڵاتان لە بوارە جیاوازەکان و بەتایبەت لە بواری ئابووری و دامەزراندن و پەرەپیدان بە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی دەسەڵاتیان بەشێکن لەو پێشنیارانە.
بە گشتی، زۆرێک لەلایەنگرانی قوتابخانەی لیبڕاڵیزم پێیان وایە؛ ئاساییش و تەنانەت دادپەروەریی لە ناوخۆ، بەبێ چاکسازیی لەدەرەوە نالوێت. واتە، ئەگەر شانۆی نێونەتەوەیی ناسەقامگیر بێت و دەوڵەتەکان بەردەوام لە ململانێ و شەڕدا بن، ئاشتی و پێشکەوتن لە ئاستی نیشتمانیدا بەدی نایەت. سەرەڕای هەموو ئەوانە، لیبڕاڵیزمیش [بە تایبەت ڕوانگە نوێکانی] وەکوو ڕیالیزم، زیاتر ڕوانگەی دەوڵەت-تەوەرن. ڕەنگە باقی گەمەکەرەکانی سیاسەتی جیهانی، خۆیان لە چوارچێوەی تیۆرەکانی تردا ببیننەوە. ئەوەش بابەتێکی جیاوازە و دەکرێت لە نووسراوەیەکی تردا بکەوێتە بەر باس.
=KTML_Bold=سەرچاوەکان و یادداشتەکان:=KTML_End=
1.بۆ خوێندنەوەی زیاتر دەربارەی تیۆرە جیاوازەکانی لیبڕاڵیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، سەیری ئەو سەرچاوانەی خوارەوە بکە:
– ڕابرت جکسون و گئورگ سورنسون (1385) . درێمدی بر ڕوابگ بین الملل، مترجمان: مهدی ژاکریان، احمد تقی زادە و حسن سعید کلای، تهران: نشر میزان، چاپ دوم، زمستان، بنگرید بە: 145 تا 174.
عبدالعلی قوام (1389) . سیاست شناسی: مبانی علم سیاست، تهران: انتشارات سمت، چاپ اول، زمستان، ص 312
Andrew Moravcsik, “Liberalism and International Relations Theory, Harvard University and University of Chicago, paper No,92-6, see pp: 16-29, Available at: https://www.princeton.edu/~amoravcs/library/liberalism_working.pdf
2. بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەم بارەوە، بڕوانە:
تیم دان (1383. “لیبڕاڵیسم”، در: جهانی شدن سیاست: ڕوابگ بین الملل در عصر نوین (جلد اول) ، جان بیلیس و استیو اسمیت، تهران: انتشارات موسسە فرهنگی مگالعات و تحقیقات بین المللی ابرار معاصر تهران، دی ماه، چاپ نخست. بنگرید بە: ص 370
3. بۆ نموونە پێشتر ئاماژەم کرد کە کۆمەڵەی گەلان کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بە هەوڵی لیبراڵەکان دامەزرا، لەو ئاڕاستەیەدا و بۆ ئەو مەبەستە بوو، ئەگەرچی شەڕی دووەمی جیهانی سەلماندی ئەو بۆچوونە وەهم و خەیاڵە و خوێندنەوەی ڕیاڵیستەکان بۆ سیاسەتی جیهانی واقعیانەترە.
4. لەو بارەوە، جۆن لاک، فەیلەسووفی سەدەی حەفدەهەم، لەو بڕوایەدا بوو کە زەمینەی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی لە سرووشتی ئابووری سەرمایەداری و کۆمەڵگەی مودێرندایە، بۆیە گەشەکردنی ئابووریی سەرمایەداری و مودێرنیزم بەستراوەی ئەوەیە کە دەوڵەتەکان، لیبڕاڵیزمی تاکەکەسی گەرەنتی بکەن. داڕشتنی پلان بۆ نوێبوونەوە و بەمەدێرنبوونکردنی ژیانی نوێ و ژیانی باشتر، دەبێتە هۆی ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی دەوڵەت، ئەوەش دەبێتە هۆی بەدیهاتنی خۆشبژێوی فراوان. بە گێڕاانەوە لەو سەرچاوە: ڕابرت جکسون و گئورگ سورنسون، همان، 142.
5. ئەمە دەری دەخات کە ئاشتی لە دیدی لیبراڵەکانەوە چی دیکە دیاردەیەکی سرووشتی نییە. هەروەها کە ئاماژەم کردووە، شەڕی یەکەمی جیهانی هزری لیبڕاڵی بەرەو ئاڕاستەیەک برد کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئاشتی دیاردەیەکی سرووشتیی نییە، بەڵکوو هەلومەرجێکە کە پێویستە بەدی بهێنرێت یان ساز بکرێت. لئوناردۆ ولف (Leonard wolf) ، ڕۆژنامەنووس و نووسەر، وەکوو ڕەخنە لەو ڕوانگەیە کە گوایە ئاشتی و بەختەوەری بەشێکی نهێنی سرووشتە، ڕایگەیاند کە ئاشتی و بەختەوەری پێویستیان بە “ڕێکخراوێکە کە وشیارانە بۆ ئەو مەبەستە داڕێژرابێت”. بەڵام ڕەنگە ناسراوترین بەرگریکاریی دامەزراندنی ناوەندێکی نێونەتەوەیی بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، وۆدرۆ ویلسۆن، سەرۆکی ئەمریکا لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانی بووبێت. بەپێی ڕوانگەی ویلسۆن، جێگیرکردنی ئاشتی تەنیا دوای دامەزراندنی ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی بە مەبەستی سڕینەوەی ئانارشی (فەوزا) مسۆگەر دەبێت. ئاساییش لە کاتێکدا کە دیپلۆماسی نهێنی لە نیوان دەوڵەتەکان باوە و سیستەمی هاوسەنگی هێز لە ئارادایە، بەدی نایەت. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی وەکوو کۆمەڵگەی ناوخۆیی پێویستە سیستەمێکی حوکمڕانی هەبێت کە سیستەمێکی دیموکراتیانە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و گرژییەکان بەکار بهێنێت (بۆ خوێندنەوەی زیاتری ئەم باسە، بڕوانە: تیم دان، همان: صص 378 و 379) .
6. لە ڕوانگەی کانتەوە، بەدیهاتنی ئاشتی هەتاهەتایی، پێویستی بە گۆڕینی وشیاری تاکەکان، یاساگەرایی کۆماریخوازانە و گرێبەستی فیدرالیانە لەنێوان دەوڵەتەکاندا بە مەبەستی سڕینەوەی شەڕ هەیە. ئەو فیدراسیۆنە کە دادەمەزرێت، لە جیاتی ئەوەی ببێتە مەزنە-دەوڵەتێک یان دەوڵەتێکی جیهانی، دەتوانێت گرێبەستێکی ئاشتی هەتاهەتایی لێ بکەوێتەوە. بۆ خوێندنەوەی زیاتری ڕوانگەی کانت سەبارەت بە ئاشتی و گرنگیی دامەزراندنی فیدراسیۆنی دەوڵەتەکان سەیری ئەو سەرچاوەی خوارەوە بکە:
Benjamin O. Fordham (2005) . “Kantian Liberalism, Regime Type, and Military Resource Allocation: Do Democracies Spend Less?”, International Studies Quarterly, pp: 141–157, available at: https://www.gvsu.edu/cms4/asset/54A33349-DDB5-9122-52D039391EF8BB6C/dem_mil_spending_isq_05.pdf
7.بۆ خوێندنەوەیەکی کوورت و پوخت سەبارەت بە تیۆری ئاشتی دێموکراتیک، سەیری ئەو سەرچاوە بکە:
Henrique Weil Afonso (2011) . “Democratic Liberal Peace: from peace to war ”, Revista Ética e Filosofia Política – Nº 13 – Volume 1 – Janeiro de, available at: https://www.ufjf.br/eticaefilosofia/files/2011/01/13_1_henrique.pdf
8.لەم بارەوە بڕوانە: جکسون، همان، ص 163.
9. ئەمە بە جۆرێک ڕەنگدانەوەی گریمانەکانی لیبڕاڵیزمی بازرگانییە (Commercial liberalism) کە پێی وایە بازڕگانی ئازاد و ئابووری بازار یا سەرمایەداری دەبنە هۆی پێشکەوتن و جێگیربوونی ئاشتی. ئەمڕۆکە ڕێکخراوە بازرگانییەکانی جیهان و کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان پشتیوانی لەو ڕوانگە دەکەن. بۆ خوێندنەوەی زیاتر بڕوانە: استوین، ال. لمی (1383) . ڕویکردهای معاصر و جدید: نئورئالیسم و نئولیبڕاڵیسم”، در: جهانی شدن سیاست: همان، ص 425.
[1]