ناونیشانی بابەت: سەرسامیی هەندێک بۆ بیانییەکان لەنێوان حاڵەت و دیاردەدا
ئامادەکردن: #کازیوە مەجید#
“بە بۆنەی هاتنی تاتڵیساس بۆ #هەولێر#”
لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا؛ (حاڵەت) توانستی هێزەکی و ئاوسی دیاردەیەکە واتە کاتێک حاڵەتێک زۆر دووپات ببێتەوه، ئێمە لەگەڵ دیاردەیەکدا ڕووبەڕووین، بەڵام دووپاتبوونەوەی حاڵەتێک و دۆزینەوەی دەرکەوتنەکانی هەروا بەم ئاسانییە نییە، بۆ نموونە ئەگەر ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا تووندوتیژیی خێزاینمان دەرهەق بە ژن بەزۆری بینی و وەکوو دیاردە باسمان لێوە کرد و تووندوتیژییمان دەرهەق بە پیاوان لە پلەی حاڵەتدا باس کرد، نابێت ئەم وتار و تیۆرزیەکردنانە بمانخەڵەتێنن و ئەگەری هەبوونی ڕاستیی دیکە نەدیو بگرین، لەڕاستیدا زانستە مرۆییەکان هەر ئەمەن کە چاوەڕێی دەرکەوتنی نیشانە و گۆڕمەنی تازەن، تاکوو ڕوانگەکان بۆ بابەتێکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی یان دەروونناسی بگۆڕێت یان گۆشەی تازەی زیاد کاتە سەر. واتە ئەوەی کە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا تووندوتیژیی دژی پیاوان بە حاڵەت دەبینین، مەرج نییە حەتمەن دۆخەکە وا بێت بەڵکوو دەبێت ئاست و هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئەو بەها و پێناسانەی بۆ پیاو هەنە لەبەرچاو بگرین، ڕەنگە پیاوێک بەهۆکاری زۆری کۆمەڵایەتی لەوانە بەرگری لە سومعەی پیاوێتی خۆی، قسەی کۆمەڵگە و …هتد باسی زۆر شت نەکات وا لە ژیانی خێزانی خۆیدا ئەزموونی دەکات و بە دڵنیاییەوە پیاوان لە نەدرکاندنی ئەم بابەتانەدا زیاتر لە ژنان مکوڕتر و پێداگیرترن.
دیارە لێرەش کە دەڵێین تووندوتیژیی دژ بە پیاوان مەبەست نییە حەتمەن ئەم تووندوتیژییە لەلایەن ژنان یان هاوسەرانیانەوە دەکرێت، بەڵکوو دەشێت هەر جۆرە تووندوتیژییەک بگرێتەوە کە لە پێکهاتی کۆمەڵایەتی و بە تایبەتی لە پێکهاتی دەسەڵاتی سیاسیدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. ئەم باسە خێرا و نیوەچڵەم بۆیە وەکوو نموونە هێنایە ئاراوە تاکوو ئاڵۆزی دەستنیشانکردنی حاڵەت و دیاردە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا زیاتر بۆمان دەرکەوێت. ئێستە ئەگەر بیینە سەر لایەنە کولتوورییەکەی ئێمە نەک لەگەڵ حاڵەت، بەڵکوو لەگەڵ دیاردەدا ڕووبەڕووین، بەڵام ئەم دیاردەیە بڕیار نییە لەلایەن حەشیمەتێکی زۆرەوە پێڕە و بکرێت و لەواندا بەرجەستە بووبێتەوە. هیچ گومانێک لەوەدا نییە کورد هەم بەپێی دانپێدانانی ڕۆژهەڵاتناسەکان و بیانییەکان و هەم بەپێی بۆچوونی مێژوونووسان و سیاسییەکانی خۆی نەتەوەیەکی لەمێژینە و کەونارایە، ئەمەش تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ تەمەنی ئەو نەتەوەیە لە ناوچەی نێوان دووڕووباران و ئەفسانەی کەشتییەکەی نووح لە کێوی جوودی و دەیان بابەتی دیکەی لەو شێوەیە بەڵکوو جیاواز لەمە پەیوەستە بە و ژیار و شارستانییەتەوە کە ئەم نەتەوەیە لە دونیای کۆندا بەرهەمی هێناوە و هەر لە کۆنەشارەکانی سۆمەرییەوە تاکوو #کەرکووک# و #گەرمیان# و هەولێر و …هتد هاتووە و ماوەتەوە. ئەمە لەو ڕووەوە، بەڵام چ شتێک وا دەکات نەتەوەیەک بەم هەموو خەزێنە مەعنەوییە هونەری و مەعریفە و جوانیناسییەوە بکەوێتە ژێر کاریگەریی کولتوورانێکی وەکوو فارس، تورک و عارەب؟
خاڵێک کە دەبێت ئاماژەی پێ بدەین؛ ئەمەیە کە پێشوازیکردنی جەماعەتێکی 100 یان 200 کەسی لە هەولێر لە ئیبراهیم تاتڵیساسی بەڕەچەڵەک کوردی خزمەتکاری تورک، بە مانای ئەوە نییە ئێمە قەدری گەورەیی و مەزنی و سەردەستی کەڵە پیاو و ژنە هونەرمەند و ئەدیب و بەرزەکانی خۆمان نازانین. نا، بەڵکوو ئەم سەفەرەی تاتڵیساس زیاتر بیانوویەکە تاکوو بپەرژێمە سەر ئەو هەیمەنە و هەژموونییەی کە کولتوورانی دەوربەر و داگیرکەرانمان دەیانەوێت بەسەر ئێمەدا بیسەپێنن، من ئەوەندەی هاتنی تاتلیساس بۆ هەولێر بەگرینگ نابینم کە زاڵبوونی زمانی عارەبی لە هەندێ شوێنی هەولێر دەبینم. نابێ ئەوە لە بیر بکەین کاتێک کوڕی شەجەریان سەفەری کرد بۆ #سلێمانی# و کۆنسێرتێکی دانا و بەشێوەی فەرمی پێشوازیی لێکرا کاتێک ڕۆشتەوە لەسەر ئینستاگرامەکەی پۆستێکی نووسی و دوایی باسی ئەوەی کرد و وتی: سلێمانی شارێکە لە ئێراق.
ئەمە بۆ کۆنسێرتی حەمید هیرادیش هەر بە شێوەیەک ڕاستە کە ئێستە لە ئێران وەکوو گۆرانی دزێک دەیناسن و خۆیشی دانی ناوە بەمەدا کە گۆرانیی (ئینفرادی) دزیوە و بڕێک گۆڕیویەتی، هەڵبەت پێیان زانی و ئەویش دواتر دانی بەمەدا نا! بەڵام کێشە لێرەدایە حەمید هیراد لە باشوور و بەتایبەتی لە سلێمانی وەکوو پەیکەرە و بوتێک چاوی لێدەکرێت، قەیران ئەوەیە شەجەریان وەکوو ئیلاهەیەکی موزیک و گۆرانی دەبینرێت لە حاڵێکدا بەشێک لە گۆرانی و ئاوازەکانی کوردین (و بەشێک لەوەش کە کورد لەگەڵ هەندێ گۆرانیی فارسی و تورکی و عەرەبی تێکەڵ و ئاوێزان دەبێت ڕیشەی کوردیبوونیانە و پەیوەستە بە نەستەوەرییانەوە و لێرەدا دەرفەتی باسکردنی نییە) لە حاڵێکدا ئەوان تەنانەت ناڵێن کوردستان یان “اقلیم کردستان”یش، بەڵکوو تەنیا باسی ئێراق دەکەن، ئایا کاتێک دەنگبێژێکی فارس ئەم هەڵوێستە دەردەبڕێت بەهەڵکەوتە یان بەگوێرەی تێڕوانینێکی سیاسی و وتارێکی سیاسیی دیاریکراوە؟ چ جیاوازییەک هەیە لەم دەربڕینانەی کوڕی شەجەریان واتە هومایوون و حەمید هیراد و…هتد، لەگەڵ وتەبێژی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسەکانی سوپای پاسداران؟
وەڵامەکە ڕوونە و ئەم بابەتە لای من بڕاوەتەوانێ. بەڵام پرسیارەکە وەکوو خۆی، بەڵام لە فۆرمێکی دیکەدا هەر دەمێنێتەوە بۆچی بەشێک لە خەڵکی ئێمە سەرسامی گۆرانیی ئەویدییەکانن لە حاڵێکدا ئەوان ئێمە وەکوو عەرەب و ئێراقی و تورک و ئێرانی و… دەبینن؟ من پێم وایە لە باشووری کوردستان سەرەڕای هەبوونی ڕۆشنبیرییەکی باش و وشیارییەکی سیاسی کەسانێک هەن کە بەهۆی کاریگەریی کولتووری سەردەمەوە یان بەهادارنەبوونی شووناسی سیاسی و نەتەوەیی بەهۆی لاوازی پەروەردە و کایەی دوالیزمی حیزبایەتی و…لە ناو ئاوەها هاوکێشەیەکدان و بیانەوێ و نەیانەوێت بەپێی پلانێکی سیاسی-هونەری سەما دەکەن و بەداخەوەش ئەمە یەکێک لەو پارادایم و سەرنموونە سیاسییە سەپێنراوەیە کە داگیرکەران بەسەر مرۆڤی ئەم ناوچەیەدا سەپاندیان و، بە و ڕادەیە سنوورەکانی نێوان هونەری سیاسیی جوان و هونەری سیاسیی خۆپەرستیان کاڵ کردەوە، کە ئاسان نییە ڕوانینێکی هونەریی جوانیناسانە لەگەڵ تێروانینێکی سیاسیی پلاندارانە جوێ کرێتەوە!
ئێستە ئێمە دەبینین؛ نیوەی زیاتری هەندێ پەیج لە باشوور باسی درامای بێ ناوەرکی ئێرانی دەکەن، ئەو درامایانەی کە لە خودی ئێران تەنیا ڕێژەیەکی زۆر کەم ئەویش بۆ کات بەسەربردن دەیانبینن، ئەمە بە و مانایە نییە کاریگەریی دراما تورکییەکان لە هەولێر و هەمدیس سلێمانی پشتگوێ بخەین، بەڵکوو پوختەی قسەی من ئەوەیە کە لەپاڵ هەموو ئەو تێگەیشتن و وشیارییەی کورد لە باشوور پلانێکی دەروونشکاندن و هەژموونسازی و هەیمەنەسازیی کولتووری داگیرکەر بەتایبەتی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە و بەداخەوە لە سلێمانی زۆر کاریگەریی نەرێنی درووست کردووە، هەر چەند جیاوازی ناکات سلێمانی بێت یان #دهۆک# یان #هەڵەبجە# ئەوەی هەیە پلانێکی فاشیستی و خۆپەرستانەیە و وشیاریی و تێگەیشتن و پەروەردەی زیاتری کۆمەڵگەی کوردی دەوێت. [1]