ناونیشانی بابەت: بە ئینگلیزی قسەبکەین یان بە عەرەبی؟
ئامادەکردن: #ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد#
ڕۆژی سێشەممە نزیکی کاژێر حەوتی ئێوارە چووم بۆ پەڕتووکخانەیەک، پەڕتووکخانەکە کێتبخانەیەکی گەورەیە و لە چەند نهۆمێک پێکهاتووە پەڕتووکەکانی بە شێوەیەکی گشتی کەمێک گرانترە لە نرخی پەڕتووکی شوێنەکانی تر. یەکێک لە نهۆمەکانی کافێیەکە، کە تایبەتە بە پەڕتووکخانەکە کافێیەکە شوێنێکی هێمن و تایبەتە بۆ پەڕتووک خوێندنەوە، بۆ مانەوە لەوێ پێویستە کرێی چوونە ژوورە بدەیت، هەروەها بەشداربوونی حەفتانە و مانگانە و سێ مانگیشان هەیە، ئۆفەری تایبەتیشان بۆ گرووپ هەیە سەردانیکەرانی بە مەبەستی جۆراوجۆر ڕوو لەو کافێیە دەکەن، بەشێکیان تەنیا بۆ پەڕتووک خوێندنەوە، بەشێکیان بۆ خوێندن بە تایبەت لە کاتی تاقیکردنەوە، هەروەها بەشێکی تریشان بۆ کەشێکی ئارام.
سێشەممە کاتێک چووم بۆ ئەوێ عەرەبێک لەوێ بوو، وتی “بە عەرەبی قسە بکەین یان ئینگلیزی؟” تاکە دەستەواژە، کە توانی بە کوردی قسەی بکات، وتی “کوردی نازانم.” جێگای داخە، کە پەڕتووکخانەیەگی گەورە، گرنگی بەکارهێنانی زمانی کوردی لەو شوێنانە لەبەرچاو نەگرتووە. مایەی کەمتەرخەمییە، کە ڕێنمایی پێویست بە مۆڵ و ڕێستورانت و فرۆشتگایەکان نەدراوە بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی. لەسەر خاکی خۆمان پێویستە بە زمانی بیانی قسە بکەین، تاوەکوو شتێک لە فرۆشتگایەکان بەدەست بخەین.
زۆر کات لە شوێنی کارەکانمان، زۆرێک لە چالاکییەکان تەنیا پەیوەندیی بە زمانی بیانییەوە هەیە، هیچ پێویستی بە بەکارهێنانی زمانی دایک نییە، کە ئەمەش کەمتەرخەمی ئێمە دەنوێنێت لە چەسپاندنی زمانی دایک لە فەرمانگە حکومییەکان پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ چەسپاندنی زمانی کوردی لە فەرمانگە و شوێن و فرۆشتگایە تایبەتەکان.
ئەو دوو بڕیارەی لەم دواییانەی سەرۆکی حکومەتیی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا مایەی گرنگیدان و پێشوازییە، هەروەها هەوڵێکە بۆ زیاتر گرنگیدان بە زمانی کوردی لە فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا “دوو فەرمانی تایبەت بە گرنگیدان بە زمانی دایک”ی دەرکرد، یەکێکیان تایبەتە بەو هاووڵاتییە بیانییانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و پرۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردییان بۆ ئامادە دەکرێت. لە فەرمانی یەکەمدا هاتووە، “لەپێناو گرنگیدان بە زمانی کوردی وەکوو زمانی دایک، بڕیارماندا بە ڕاسپاردنی #وەزارەتی خوێندنی باڵا# و توێژینەوەی زانستی و #وەزارەتی پەروەردە# بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و شارەزا و پسپۆڕانی ئەم بوارە، بە ئامادەکردنی پرۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی بە مەبەستی کارکردن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.” هەروەها لە فەرمانی دووەمدا کە ئاڕاستەی گشت وەزارەتەکان کراوە بۆ “گرنگیدان بە زمانی کوردی” هاتووە، “پشتبەست بە یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان/ئێراق ژمارە (6) ی 2014، لەپێناو پاراستنی زمانی کوردی وەکوو زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکومیی و ناحکومییەکان و نووسینگە و نوێنەرایەتی و کونسوڵگەریی وڵاتان و ڕێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، بەپێی حکومەکانی یاسای ئاماژەپێدراوی سەرەوە.”
هەروەها بەپێی فەرمانی دووەم، “لە هۆتێل و شوێنە گەشتیاری و ڕێستۆرانتەکاندا، دەبێت گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و ڕێبەر و ڕێنوێنییەکان بە زمانی کوردیش هەبێت. [1]