ناونیشانی بابەت: کێشەی پەلکانە
ئامادەکردن: #ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد#
پەلکانە بچووکترین گوندی کوردییە لە پارێزگای #کەرکووک#، ئەمە بۆ نزیکەی شەش ساڵ دەچێت کە ڕووبەڕووی گەورەترین پڕۆسەی بەعەرەبکردنی زەویەکانی بووەتەوە، هەروەها گشت جۆرە ڕێگرییەک لە جوتیارانی کورد دەکرێت بۆ کشتوکاڵکردن. عەرەبە هاوردەکراوەکان لە ماوەی پێنج ساڵدا هەشت خانوویان لە پەلکانە داگیرکردووە، لەپاڵ ئەو هەشت خانوەوە دەیان خەڵکی تریان هێناوەتە سنوورەکە. کێشەی پەلکانە ساڵانە لە کاتی دروێنەی دەخڵودانی دانیشتووانی کوردی گوندەکە سەرهەڵدەداتەوە، کە عەرەبە هاوردەکان هەڕەشە لە جوتیارانی کورد دەکەن لەوەی کار لەسەر زەویوزارەکانیان بکەن، لە هەمان کاتدا هەڕەشەی سووتاندنی دەخڵودانەکانیان دەکەن.
یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانەوەی ساڵانەی کێشەکە گەندەڵی ئەفسەرەکانی سوپای ئێراقە لەو سنوورە، کە سەرپەرشتی پڕۆسەی بەعەرەبکردنی ناوچەکە و هاوکاری عەرەبە هاوردەکراوەکان دەکەن بۆ داگیرکردن و سووتاندنی ماڵ و موڵک و زەویوزاری دانیشتووانی کورد لە ناوچەکە. شەش ڕۆژە بە پاڵپشتی هێزەکانی سوپای ئێراق و #حەشدی شەعبی# ژمارەیەکی زۆری عەرەبی هاوردە خۆیان لە گوندی پەلکانە جێگیر کردووە، هەندێک جار هێرش دەکەنە سەر دانیشتووانی کوردی گوندەکە و هەندێک جاریش پاشەکشە دەکەن.
لە ڕۆژی 21ی ئەم مانگە لەنێوان هاونیشتمانییانی گوندی پەلکانە و عەرەبە هاوردەکاندا شەڕ و ئاڵۆزی درووستبوو، دواتر عەرەبە هاوردەکان بۆ پشتیووانی خۆیان ژمارەیەکی زۆر عەرەبیان هاوردەی گوندەکە کرد و ئاڵۆزییەکان زیاتر بوون، بۆ ڕۆژی شەممە هێزێکی پێشمەرگەی میحوەری پێنج لە لیوای دە لە سنووری کەرکووک، لە گوندی عەوڵا فاتەوە بەرەو گوندەکە جووڵەی پێکرا. دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جووڵەی بە لیوای دەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ سنووری گوندەکە، ئێستا جگە لە هەندێک هەمەری سەربازی سوپای ئێراق ئەوانەی تر گشتیان پاشەکشەیان کردووە، هەروەها لە ئێستادا تەنیا دوو ماڵی عەرەب لە گوندەکە هەن.
لە ئێستادا هێزەکانی پۆلیس لە ناوچەکە جێگیرن، ڕەوشەکە ئارامترە لە ڕۆژانی پێشوو، بەڵام ڕەنگە ئارامییەکی کاتی بێت و دووبارە کێشەکە سەرهەڵبداتەوە. هێزەکانی پێشمەرگە کەمتر لە پێنج کیلۆمەتر لە گوندی پەلکانەوە دوورن، هەواڵی جوڵەپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ گوندی پەلکانە هەر زوو لەنێو ئاوایی بڵاوبووەوە و عەرەبی هاوردە و چەکدارەکانی حەشدی شەعبی ناچار بە کشانەوە کرد. ئەو عەرەبە هاوردانەی، کە لە ماوەی پڕۆسەی بەعەرەبکردن ڕوویان لە ناوچەکە کردووە جارێکی تر دەیانەوێت بگەڕێنەوە کە لە 2003ەوە لەوێ نەماون. عەرەبە هاوردەکان هەڕەشە لە جوتیارانی کورد دەکەن لەوەی کار لەسەر زەویوزارەکانیان بکەن، کە لە هەمان کاتدا هەڕەشەی سووتاندنی دەخڵودانەکانیان دەکەن هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو. عەرەبە هاوردەکان مەڕووماڵات دەبەنە نێو زەویوزاری جووتیارانی کورد یان ڕێگە نادەن زەویوزارەکانیان خۆیان بکێڵن.
لە ئێستادا مەترسی ئەوە هەیە، کە هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو لە کاتی گەرما و وشکبوونی زەویەکانی دانیشتووانی کوردی گوندەکە، دەخڵودانەکانیان بسووتێنن. لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە گۆڕانکاری زۆر بەسەر ئیدارەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هاتووە. دانانی ڕاکان جبووری بە پارێزگاری سەپێنراوی بەوەکالەتی کەرکووک، دوورخستنەوەی چەندین بەڕێوەبەری کورد لە پۆستەکانیان، هەروەها دوورخستنەوەی 51 بەرپرسی بەش و هۆبە لە پۆستەکانیان کە ئەوانیش کورد بوون و دانانی کەسانی شۆڤێنی لە شوێنیان بەشێک لەو گۆڕانکارییانە بوون. تاوەکوو ئێستا بەهۆی کەمتەرخەمی بەشێک لەلایەنە کوردییەکان و بوونی هزری شۆڤێنی لە پەڕڵەمانی ئێراق دژ بە کورد نەتواندراوە یاسایەک دەربچێت، بۆ ئەوەی گرفتی تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن.
ئەوەی لە گوندی پەلکانە ڕوودەدات لە دەرئەنجامەکانی نەبوونی هێزەکانی پێشمەرگەیە لە ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان. سوپای ئێراقی و حەشدی شەعبی هەرگیز ناتوانن ئاساییشی ناوچەکە بپارێزن، لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بۆشاییەکی ئەمنی گەورە لە ناوچە دابڕێندراوەکان درووست بووە، کە تاکە ڕێگاش گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە بۆ دەستەبەرکردنی ئاساییش و سەقامگیری ناوچەکە، هەروەها نەمانی پشێوی و ئاژاوە و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە درووست بووە. [1]