وەفا محەمەد کەریم پەڕڵەمانتاری #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە پەڕڵەمانی ئێراق جەختیکردەوە، کە حکومەتی ئێراق لە کاتی خۆی پشکی هەرێم لە بودجە دەنێرێت و باسی لەوەش کرد، سەردانی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغدا دوادەخرێت.
وەفا محەمەد لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی بۆ ماوەی شەش مانگی داهاتووی ئەمساڵ پشکی هەرێم نابڕێت و وەک ئەوەی لە بودجەدا هەیە پارە دەنێرێت و لەم مانگەشەوە جێبەجێدەکرێت.
ئەو پەڕڵەمانتارەی پارتی ڕاشیگەیاند، ئەوەی ئێستا لەنێوان #هەولێر# و بەغدا هەیە و دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بابەتی ئەو پارانەیە، کە لە ماوەی ڕابردوو وەک پێشینە و قەرز دراوە بە حکومەتی هەرێم.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەغدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم تا مانگی نیسان، ئەژمارکردووە و لە 4ی نیسان ڕێککەوتنی نەوتی نێوان هەردوو حکومەت واژووکراوە، کێشە داراییەکان تەسفیە دەکرێن و ئەوەش لەکاتی سەردانی شاندی هەرێم تاوتوێ دەکرێت، کە ڕەنگە ئەو سەردانە دوابکەوێت. [1]