ناونیشانی بابەت: تەمەنی ئەمەریکا بووە (247) ساڵ
ئامادەکردن: #کارۆخ خۆشناو#
خەڵکی ئەمەریکا لە (4) ی تەممووزی ساڵی (1776) زایینی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان ڕاگەیاند و حوکمی شانشینی بەریتانیایان ڕەتکردەوە و ئامادە نەبوون هیچی تر لەژێر دەستەڵاتی بەریتانیادا بمێننەوە، بەڵکوو کۆمارێکی دەستووری فێدراڵییان درووستکرد، ئەوەش دوای ئەوە هات، کە لە ساڵی (1774) پەڕڵەمانی بەریتانیا بڕیاریدا وەرگرتنی (باج و سەرانە) لەسەر خەڵکی ئەمەریکا زیاد بکات و ئەمەش کاردانەوەی توندی ئەمەریکییەکانی لێکەوتەوە، چونکە ئەمەریکییەکان هیچ نوێنەرێکیان لە پەڕڵەمانی بەریتانیادا نەبوو، بۆیە پێیان وابوو بڕیارەکانی پەڕڵەمانی بەریتانیا لە ئەمەریکا جێبەجێ ناکرێن.
دوو ساڵ دواتر و لە ڕۆژی (4) ی تەممووزی ساڵی (1776) زایینی (56) سەرکردە و کەسایەتیی ناسراوی ئەمەریکا بە نوێنەرایەتیی (13) ویلایەت جاڕنامەیەکیان بە ناوی جاڕنامەی سەربەخۆییDeclaration of Independence بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایانگەیاند:
لەمەودوا خەڵکی ئەمەریکا سەربەخۆن و چیتر لەژێر داگیرکاریی بەریتانیادا نامێنێتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا، ئەمەریکییەکان هەموو ساڵێک لە ڕێکەوتی (4) ی تەممووزدا جەژنی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەگێڕن و یادی ڕزگاربوونیان لەژێر داگیرکاریی بەریتانیا دەکەنەوە. کیشوەری ئەمەریکا لە ساڵی (1492) لەلایەن (کریستۆڤەر کۆڵۆمبسی) گەڕیدەی ئەوروپی دۆزرایەوە و بەریتانیاش لە ساڵی (1585) ەوە دەستی بە داگیرکردنی ئەو کیشوەرە کرد.
خەڵکی ئەمەریکا لە ماوەی (247) ساڵی سەربەخۆییاندا، (46) سەرۆکیان هەڵبژاردووە، (19) سەرۆک لە پارتی کۆماری بوون، (16) سەرۆکیش لە دیموکرات، (11) سەرۆکیش بێلایەن بوون، واتە پێش دامەزراندنی پارتی دیموکرات و پارتی کۆماری (پارتی دیموکرات لە ساڵی 1828 دامەزرا، پارتی کۆماری لە ساڵی 1854 دامەزرا) .
ئەمەریکا لە کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا لەم (13) ویلایەتە پێکھاتبوو:
(پێنسلڤانیا، نیویورک، نیوجێرسی، ڤیرجینیا، ماساچوست، میریالند، ڕودئایالند، کنتکت، کاڕۆڵینای باکوور، کاڕۆڵینای باشوور، دالوێر، نیوهامشر، جۆرجیا) ، بەڵام ئێستا ئەمەریکا لە (50) ویلایەت پێکهاتووە و هەر ویلایەتێکیش تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەمووشیان خاوەن دەسەڵاتی خۆجێیی خۆیانن (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) ئەویش لەژێر چەتری دەستووری فیدراڵی ئەمەریکادا.
باوکانی دامەزرێنەر (Founding Fathers) بریتی بوون لە کۆمەڵێک سەرکردەی سیاسی کە ڕاگەیەنراوی سەربەخۆیی ئەمەریکایان واژوو کرد و بەشداریان لە جەنگی سەربەخۆیی ئەمەریکادا کرد و دەستووری ئەمەریکایان نووسیەوە. بە گوێرەی مێژوونووس (ریچارد ب. مۆریس) ئەم (7) سەرکردەیەی خوارەوە وەک باوکانی دامەزرێنەری ئەمەریکا ناسراون: (جۆرج واشنتن، جۆن ئادامز، بنیامین فرانکلین، جۆن جەی، ئەلێکسەندەر ھامیلتۆن، تۆماس جێفرسۆن، جەیمس مادیسۆن) .
دەقی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی (Declaration of Independence) لەلایەن (تۆماس جیفرسن) لە ڤێرجینا نووسرایەوە، ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بەبێ ڕەزامەندی بەریتانیا بوو، بۆیە بەریتانیا بەهێز بەرەنگاری ویستی سەربەخۆخوازانی ئەمەریکا بووەوە، دوای شەڕێکی (8 ساڵە شانشینی بەریتانیا ناچاربوو ساڵی (1783) لە ڕێککەوتننامەی (پاریس) دان بە سەربەخۆیی ئەمەریکادا بنێت.
بۆ ئەوەی لە سیاسەتی ئەمەریکا تێبگەین، پێویستە لە پلانی ستراتیژی ئەمەریکا تێبگەین، بۆ ئەوەی لە پلانی ستراتیژی ئەمەریکا تێبگەین پێویستە لە پلانی تاکتیکی ئەمەریکا تێبگەین، بۆ ئەوەی لە پلانی تاکتیکی ئەمەریکا تێبگەین پێویستە لە پێودانگی دانانی پلانی تاکتیکی و ستراتیژی ئەمەریکا تێبگەین، هەمیشە بە گوێرەی دوو پێودانگ پلانی تاکتیکی و ستراتیژی ئەمەریکا دادەڕێژرێن، ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: پێودانگی پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەمەریکا.
دووەم: پێودانگی پاراستنی بەرژەوەندیە ماددی و مەعنەویەکانی ئەمەریکا.
کەواتە هەمیشە داڕشتنی (سیاسەت و ستراتیژ و تاکتیکی ئەمەریکا) بەندە بە پێودانگی پاراستنی ئاساییش و بەرژوەندیەکانی ئەو وڵاتە.
لە ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمەریکادا بۆ ئێمە گرنگە هەڵوەستەیەک بکەین و پرسیار بکەین:
ئایا ئەمەریکا چۆن بووەتە زلهێزترین وڵاتی دونیا و سوپەر پاوەری جیهان؟ پێم وایە کۆمەڵێک فاکتەر لە پشت سەرکەوتنی ئەمەریکا دان، لە هەموو سێکتەرەکانی (سیاسی، ئابووری، سەربازی، تەکنەلۆژی و هونەری و ….هتد) ، بەڵام سەرەکیترین فاکتەر بوونی دەستوورێکی کوورت و پوخت و پڕ مانایە، کە لەسەر ئاستی جیهان بە کۆنترین دۆکیۆمێنتی کارپێکراو هەژمار دەکرێت، چونکە تەمەنی (234) ساڵە و تاکوو ئێستاش کاری پێدەکرێت.
ڕەشنووسی دەستووری ئەمەریکا لە ساڵی (1787) لە کۆنگرەی (فیلادێلفیا) دا بە ئامادەبوونی نوێنەری سێزدە ویلایەت نووسرایەوە، (ئەوکات ئەمەریکا تەنیا 13 ویلایەت بوو) ، دوای ساڵێک گفتوگۆکردنی چڕ و پڕ، لە ساڵی (1788) ڕاپرسی لەسەرکرا، ئینجا لە ساڵی دواتر واتە ساڵی (1789) پەسەند کرا و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
دەستووری ئەمەریکا لە (7) ماددە پێکهاتووە:
ماددەی یەکەم تایبەتە بە دەسەڵاتی یاسادانان.
ماددەی دووەم تایبەتە بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
ماددەی سێیەم تایبەتە بە دەسەڵاتی دادوەری.
ماددەی چوارەم تایبەتە بە پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتەکان و حکومەتی فیدراڵ.
ماددەی پێنجەم تایبەتە بە هەموارکردنەوەی دەستوور.
ماددەی شەشەم تایبەتە بە قەرزی نەتەوەیی (الدیون القومیة)
ماددەی حەوتەم تایبەتە بە پەسەندکردنی دەستوور.
یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکانی دەستووری ئەمەریکا بریتییە لە (Flexibility) واتە نەرمی و گونجان لەگەڵ هەموو سەردەمەکان، لەم چوارچێوەیەدا ماددەی پێنجەمی دەستوور تەرخان کراوە بۆ هەمووارکردنەوەی دەستوور بە گوێرەی پێویستی سەردەمەکان، بۆیە دەستووری ئەمەریکا تاکوو ئێستا (27) جار هەموار کراوەتەوە.
خەسڵەتێکی تری بەهێزی دەستووری ئەمەریکا، جیاکردنەوە، چاودێریکردن و هاوسەنگی نێوان هەرسێ دەسەڵاتەکەیە (Separation of Powers، Checks and Balances) بە گوێرەی مادەکانی (1 و 2 و 3) ی دەستوور هەر سێ دەسەڵاتەکەی ئەمەریکا لە یەکتر جیاکراونەتەوە (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) ، هەروەها دەستووری ئەمەریکا هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکانی فەراهەمکردووە لە ڕێگەی چاودێریکردنی هەرسێ دەسەڵاتەکە بەسەر یەکترەوە:
(The power of US government is constrained by the separation of powers and checks and balances between branches)
لە ئەمەریکادا بەهۆی پیادەکردنی ئەم دەستوورە، یاسا لەسەرووی هەموو کەسێکەوەیە، ئینجا ئەگەر ئەو کەسە سەرۆکی ئەمەریکاش بێت، وەک بینیمان لە سەردەمی (ترەمپ) دا کۆنگرێسی ئەمەریکا دوو جار پڕۆسەی لێپرسینەوەی (Impeachment) ی بەرانبەر (ترەمپ) ئەنجامدا. کەواتە دەستووری ئەمەریکا بەردی بناغەی درووستبوونی وڵاتێکی زلهێز، هاوچەرخ، مۆدێرن و خاوەن دام و دەزگای بەهێز و چالاکە، ئەمانەش شارستانییەتێکی نوێی بەناوی (شارستانییەتی ئەمەریکا) بەرهەمهێناوە، کە لەژێر سایەیدا دەستوور و یاسا و ڕێساکان سەروەرن بەسەر گشت هاووڵاتییاندا، بەبێ جیاوازی ئایدۆلۆژی، ئایینی، نەتەوەیی، مەزهەبی و ئیتنیکی…هتد.
لە کۆتاییدا گرنگە ئێمەی (خەڵکی کوردستان) هەوڵ بدەین کەڵک لە ئەزموونی نووسینەوەی دەستووری ئەمەریکا وەربگرین، بە تایبەت لە کاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان. [1]