ناونیشانی بابەت: ئەمەریکا وەک نێوەندگیر
ئامادەکردن: #کارۆخ خۆشناو#
لە پەراوێزی لێدوانەکانی جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە لێکەوتەکانی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە پاریسە، دەربارەی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆمان ڕووندەبێتەوە کەوا ئەمەریکا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت (وەک نێوەندگێر) لەنێوان بەغدا و #هەولێر# لەلایەک و لەنێوان ئێراق و تورکیاش لەلایەکی تر، چونکە ئەمەریکا لەگەڵ (ئێراق و هەرێمی کوردستان) هاوپەیمانی ستراتیژین لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ستراتیژی، هەروەها لەگەڵ تورکیاش هاوپەیمانی ستراتیژین لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتی ناتۆ، بۆیە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەنیا زیان بە ئابووری هەرێم ناگەیەێت بەڵکوو زیان بە تورکیا و ئێراق و کۆمپانیا ئەمریکیەکان و بازاڕی وزەش دەگەیەنێت.لەم پێناوەدا ئەمەریکا هاتۆتە سەر هێڵ و بەدوای چارەسەرێکی خێرا و هاوسەنگدا دەگەڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی ئێراق، لە ئێستادا کۆمەڵێک ئاڵانگاری و دەرفەت لە بەردەم هەرێمی کوردستاندا هەن، ئەگەر هێزە سیاسییەکان و داڕێژەرانی بڕیار ژیرانە مامەڵە بکەن دەکرێت هەرێمی کوردستان زاڵ بێت بەسەر ئاڵانگاریەکان و کەڵک لە دەرفەکانیش ببینێت، بەتایبەت لە دوو ئاستدا گرنگە هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە ئەوانیش:
یەکەم، لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێم:
گرنگە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم پابەند بن بەو وادەیەی کەوا سەرۆکایەتی هەرێم دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان تاکوو هەرێم ئەم پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەی کە هەیەتی لە دەستی نەدات، بۆ ئەم مەبەستەش گرنگە کۆسپ و تەگەرە درووست نەکرێن لە بەردەم هەنگاوەکانی پەڕڵەمانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ئەرکە یاساییەکانی (سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسۆن و…هتد) لەپێناو زەمینەسازکردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکروودا.
دووەم، لە ئاستی دانووستان لەگەڵ بەغدا:
گرنگە هەرێم جەخت لەسەر ئەو ڕێکەوتنە سیاسیە بکاتەوە کە لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کردوویەتی و لە دەرەنجامی ئەم ڕێکەوتنە سیاسیە، ئەم حکومەتەی سوودانی لە دایک بووە، کە لە ڕێکەوتنەکەدا لایەنە شیعە دەسەڵاتدارەکان بە شێوەیەکی نووسراو بەڵێنی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و پرسی پێشمەرگە و یاسای بووجە و…هتد.
وەک بەبیرهێنانەوە جێگای خۆیەتی لەو ڕاستییە تێبگەین کەوا فاکتەری سەرەکی مانەوەی هەرێمی کوردستان بەندە بە پشتگیری نێودەوڵەتی لە سەروشیانەوە پشتگیری ئەمریکا، بۆیە لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا ئەگەر بمانەوێت پشتگیری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدەست نەدەین و هەرێمەکەمان بپارێزین ئەوا هیچ ڕێگایەکی ترمان لە بەردەمدا نییە جگە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و پێکهاتن لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور.
لە ڕێگای ئەم دوو هەنگاوەی سەرەوەدا دەتوانین پێگەی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا بپارێزین و بەهێزتری بکەین، چونکە هێشتا ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان گرنگییەکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەدەن بەتایبەت لەبەر ئەم پێنج هۆکارەی خوارەوە:
یەکەم: ئەمەریکا لەسەر ئاستی پاراستنی (باڵانسی سیاسی) ناوخۆی ئێراق پشت بە هەرێم دەبەستێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز لەنێوان هەردوو پێکهاتەی شیعە و سونە، تاکوو شیعە نەتوانێت هەموو جومگەکانی دەسەڵات قۆرخ بکات، هاوشێوەی قۆرخکاری سونەی پێش ڕووخانی ڕژێم.
دووەم: لەسەر ئاستی سەقامگیری ئەمنی و دژایەتیکردنی تیرۆر، هەرێمی کوردستان ئەو ناوچە ئارامەیە، کەوا ئەمەریکا متمانەی پێیەتی و بەتەواوی پشتی پێ دەبەستێت، ئەم متمانەیەش بەهۆی قارەمانییەتی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی #داعش#دا درووست بووە.
سێیەم: لەسەر ئاستی ئابووری و بازرگانی، هەرێمی کوردستان ئەو ناوچە دەوڵەمەندەیە لە ڕووی سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی، کەوا دەتوانێت ببێتە زەمینەیەکی گونجاو بۆ کۆمپانیا ئەمەریکی و جیهانییەکان تاکوو وەبەرهێنانی تێدا بکەن لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکاندا.
چوارەم: لەسەر ئاستی برەودان بە پرسەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، هەرێمی کوردستان ئەو دیفاکتۆ هەمەڕەنگەیە کەوا ئەمەریکا ئومێدی لەسەر هەڵچنیووە بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەکی جوانی دیموکراسی و پێکەوە ژیان بۆ ناوچەکە.
پێنجەم: لەسەر ئاستی جیۆپۆڵەتیکیش هەرێمی کوردستان خاوەنی پێگەیەکی گرنگە نەک تەنیا بۆ ئەمەریکا، بەڵکوو بۆ زلهێزەکانی وەک (چین و ڕووسیا) ش کە چاویان لەسەریەتی، بۆ ئەوەی بتوانن هاوشێوەی ئەمەریکا شوێن پێی خۆیان لە ناو هەرێمدا بکەنەوە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ستراتیژی ئەمەریکا هێشتا لەگەڵ بژاردەی بوونیاتنانی هەرێمێکی بەهێزە لەچوارچێوەی ئێراقدا، لەم چوارچێوەیەشدایە ئەمریکا وەک نێوەندگیر ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە دەگێڕێت، بەڵام برەودان بەم بژاردە ستراتیژیەی ئەمەریکا لەسەر خۆمان وەستاوە، تاچەند دەتوانین کەڵک لەم دەرفەتە ببینین و هەرێمێکی گەشەسەندوو بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو بوونیات بنێین. [1]