ناونیشانی بابەت: دوو دیمەن لە دوو هەڵوێست دا
ئامادەکردن و نووسین: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
مەجید کەریم (غاندی) بیرمەند ورووناکبیرێکی خاوەن ئەزموونی قوڵ و بەربڵاو، لە هەموو بوارە جیاجیاکانی مەعریفە شارەزابوو، فەرهەنگێکی تایبەتمەند بوو ، لە بیروبۆچوونی نوێ ی فەلسەفەی سیاسی و ئەدەبی و هونەریی و کلتوریی .
نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی بە سەلیقەی بە هەڵوێست و ورد بوو، زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی دەزانی ، زۆربەی وەرگێڕان و نووسینەکانی بە زمانی عەرەبی لەرۆژنامەی (النور ) ، گۆڤاری ( ڕوناهی ) ، (الثقافە) ورۆژنامه و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە دا بڵاو دەکردووە .
لێرەدا دوو هەڵوێست ، لە دوو ئاڕاستەی جیاواز ، لە دووزەمەن و دوو شوێنی جیاوازی مامۆستا غاندی دەخەینە ڕوو:
دیمەنی یەکەم
ئەسعەد مەلا عەبدوڵڵا جاف ئاماژەی بەوەکردووە:
- دوای ئەوەی مەلا عەبدوڵڵای حاجی ڕەشیدی باوکم لە سەرەتای شەستەکان دا ، لە #خانەقین#ەوە ڕووی کردە بناری بەمۆ و بوو بە پێشمەرگە ی ئەیلوول ، ئەمنی خانەقین ، دایان بەسەرماڵەکەمان دا ، کەلوپەلی ماڵەکەمانیان تاڵان کرد ، دەستیان بەسەر دوکانەکەی باوکم دا گرت، من لە پۆلی یەکەمی قۆناغی خوێندنی ناوەندی بووم ، ئەندامی یەکێتی قوتابییانی کوردستان بووم ، پەیوەندیم هەبوو بە مەجید سەید کەریم ناسراو بە (غاندی) .
دوای ماوەیەک غاندی بە پەرۆشەوە، پێی وتم:
-ئاگات لە خۆت بێت، ناوتیان دراوە بە ئەمنی خانەقین ، ئەمنەکان بە نیازن دەسگیرت بکەن، هەوڵ بدە ڕوو بکەیتە دەرەوەی خانەقین ، من و دایکم و خوشک و براکانم لە خانەقینەوە ڕوومان کردە ماڵی حاجی مەحموودی حەمە ئەمینی باپیرم لە گوندی پێباز.
دیمەنی دووەم:
مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر ئاماژەی بەوەکردووە:
-هەستم کرد مامۆستا غاندی هاوڕێم نیگەرانه و کێشەیەکی ئاڵۆزی هەیە، ڕۆژێک پێی وتم:
-من ناتوانم لە مە زیاتر لە ناو شار بمێنمەوە ، دەمەوێت ڕوو بکەمە شاخ و پەیوەندی بە هاوڕێکانمەوە بکەم ، بۆ ئەوەی لەم دڵە ڕاوکێ و نیگەرانییە ڕزگارم ببێ.
ئەو کاتە من مامۆستا بووم لە گوندی نەمەڵی ، ئەو کارەم بە یوسف حسێن (هاوڕێ ئاری ) سپارد ، مامۆستا بوو لە ئامادەیی کشتوکاڵی #سلێمانی# ، ئەو کات وشوێنی بۆ ناردنی مامۆستا غاندی بۆ دەرەوە دیاری کرد ، من گەڕامەوە بۆ نەمەڵ .
ئەو ڕۆژەی بڕیاربوو مامۆستا غاندی بچێتە دەرەوە، گەرامەوە بۆ سلێمانی بۆ شوقەکەم ، هیچ شتێکی غاندی لەوێ نەمابوو، دڵنیابووم کارەکەیان بۆ جێبەجێ کردووە و گەیشتووە شاخ ، ڕووم کردە دەرەوە ویستم یوسف ببینم ، هەواڵی بەرێکردنی غاندی لێ بپرسم ، لەوکاتەدا غاندیم لە نزیک مزگەوتی دوو دەرگا لە ئەسحابە سپی بینی ، جلی کوردی لە بەردا بوو ، جانتایەکی بەدەستەوە بوو، لێم پرسی:
-ئەوە چییە ، بۆ نەڕۆیشتوویت ؟
بە پەستییەوە وەڵامی دامەوە:
-ئەوە ڕێکخستنە قەشمەرەکەی ئێوەیە ، لە بەیانییەوە بە عەلاگەیەکی سوورەوە پڕە لە نامەی نهێنی لە بەردەرگای مزگەوتی گەورە چاوەڕوانی ئەوانم ، هیچیان دیار نین ، دوای ئەو هەموو چاوەڕوانییە ، نازانم ئەمنەکان چۆن هەستیان پێ نەکردوو م ونەیان گرتووم ، تۆزێک لەمه و بەر پیان وتم:
-شوێنی یەکتریی بینینمان مزگەوتی گەورە نەبووە ، مزگەوتی دوو دەرگابووە، لای ئەسحابە سپی وتیان:
-تەتەرەکە لەوێ زۆر چاوەڕوانی کردویت .لە بەر مەترسی نەیتوانییوە زیاتر چاوه ڕێت ببێت ورۆیشتووە ، دەبێت چاوەڕوان بین بۆ هەلێکی تر .
شەوێک دوای ئەوە ، ئەمنی سلێمانی ، بۆ گرتنی مامۆستا غاندی ، هەڵدەکوتنە سەر ئوتێل فەرەح ، غاندی لەوێ نابێ، ئەمنەکان لە هاوڕێ ی ژوورەکەی دەپرسن
-غاندی لە کوێ یە ؟
دەڵێ:-نازانم ؟
دەبوایە ئەو هاوڕێ یەی ، بەخێرایی ئاگاداری مامۆستا غاندی بکردایە ، بەڵام بێ موبالاتانە ، دەچێت بۆ دەوامی خۆی ، مامۆستا غازیش بێ ئەوەی ئاگای لە هیچ بێت ، بۆ بەیانییەکەی ڕووی کردبووە ئامادەیی کاژاو ، ئەمنەکان لەوێ دەسگیری دەکەن و دەیگەیننە دەزگای موخابەراتی گشتی لە بەغدا .
لە دیمەنی یەکەم دا:
سەرەتای شەستەکان غاندی قوتابی بەوەفا و بە ئەمەک ، چەند پەرۆشی ئەسعەدی هاوڕێیەتی ، بەخێرایی هەواڵەکەی پێ دەگەیەنێت وئاگاداری دەکاتەوە ، بۆ ئەوەی ئەمنی خانەقین ئەسعەدی هاوڕێ ی دەسگیر نەکەن و ڕووبکاتە شاخ.
لە دیمەنی دووەم دا:
لە ساڵی 1979، ڕێکخستنە نهێنییەکان و تەتەرەکه و هاوڕێ ی ژوورەکەی مامۆستا غاندی لە ئوتێل فەرەح ، چەند بێ هەست و نەست و بێ موباڵاتانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ژیانی پڕلە مەترسی مامۆستا غاندی دا کردووە .
ئەو خەم ساردییە ی و بێوەفایی و بێ ئەمەکیەی ، ئەوان لەو کات و شوێنەدا ، بوو بەهۆی دەسگیر کردن و لەسێدارەدانی مامۆستا غاندی.
سەرچاوە و پەراوێز:
ڕێبوار حەمە تۆفیق: ژیان و بەرهەمە ئەدەبییەکانی مەجید کەریم (غاندی ) ، چ 1، 2021 ، ل155-156، ل197-200.
*لە 23-01-1979 دەسگیر کراوه و دوای ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونی زۆر جانەوەرانە ، لە 04-07-1979 لە سێدارە درا.
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە=KTML_End=
[1]