ناونیشانی بابەت: کۆرۆنا و گەشتێک بەناخی خۆماندا
ئامادەکردن: #سۆزان سەعید#
لە هەموو هەلومەرجێکدا قەیرانێک دەگوزەرێت چەندین گۆڕین بەدوای خۆیدا دێنێت. لەم سەردەمەدا، واتە سەردەمی ئەم مانگەی ڤایرۆسی کۆڤید19، قەیرانێکی سەرانسەری لە تەواوی جیهان و لە بوارە جیاوازەکانی ژیان، سەری هەڵداوە. ئەم قەیرانە، تەنیاوتەنیا ڕووی لە مرۆڤەکان کردووە وەک بوونەوەرێکی سەنتراڵ. لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر قەیرانێکیشدا چەندین پرسیاری ئەخلاقی سەرهەڵدەدەن، ئاڕاستەکردنی ئەم پرسیارانەش وروژاندنی هزری ئەخلاقیمانە کە ناچارمان دەکات بە خوێندنەوەیەکی نوێ وە بە خۆماندا بچینەوە.
قەیرانی نەخۆشیی کۆرۆنا بووەتە هۆی ئەوەی تەواوی شێواز و ڕۆتینی ژیانمان بگۆڕین. لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی چەندین پرسیاری بێ وەڵام بووینەتەوە، ئەوەش ئەنجامی زیندانی بوونمانە لە چوارچێوەی ماڵەکانمان و بچوککردنەوەی خەیاڵ و سەرنجەکانمان کە ساڵەهای ساڵە خود و ناوەرۆکی خۆمانی جێهێشتووە؛ سەرقاڵیی هەمیشەییمان بە کار و ڕۆتینی ڕۆژانەمانەوە جۆرێکە لە هەڵهاتن لە خودی خۆمان.
ئەمڕۆ بەهۆی مەترسیی نەخۆشیی کۆرۆنا کەوتوینەتە هەلومەرجێکەوە کە ناچارین هۆشیار ببینەوە و ناوەرۆکی هەست و کردارەکانمان بخەیەنە ژێر پرسیار. ئەم کردارەش، واتە لەخۆ پرسینەوە، وا دەبێتە ئامڕازێک بۆ ناسینەوەی خۆمان وەک بوونەوەرێکی هەمیشە سەرقالی، خۆماندووکەری، هەڵاتوو و خۆلادەر لەلایەنە بەهادارەکانی ژیان. بوونەوەرێک، بۆ خۆخەڵەتاندن لە حەقیقەت دیوارێکی ئەستووری بە دەوری خۆیدا بنیات ناوە.
فایرۆسی کۆڤید19 بووە هۆی ڕاچڵەکاندن و وە ئاگا هێنانەوەمان، تاوەکوو بگەڕێینەوە سەرلایەنە مرۆڤیەکانمان و ئاشتکردنەوەی لایەنە ڕۆحییەکانمان. لای ئێمەی مرۆڤ کار گەیشتۆتە ڕادەیەک تەنیا کاتێک ئاوڕ لە جەستەمان دەدەینەوە و هەستیان پێدەکەین کە ئازارمان دەدەن.
بۆ نموونە، کاتێک پەنجە یان نینۆکێکمان بریندار دەبێ و ئازارمان دەدات، ئەوسا هۆشیار دەبینەوە و دەڵێین: ئا ئەم پەنجەیەش بەشێکە لە من!
بۆرگیز زۆر جوان لە هۆنراوەکانیدا لێی دەدوێت و دەڵێت:
(سەر، دڵ، دەمار، ناوسک، ئێسک و ... هتد، کۆتایی دێنێت بەم پرسیارە: هەموو ئەمانە، منم؟) ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئێمە هەمیشە خۆمانمان لە یاد دەچێتەوە، تەنیا لە کاتی قەیرانەکاندا نەبێت. هەر بۆیە ئەمڕۆی قەیرانی نەخۆشیی کۆرۆناش بە هەمان شێواز بەهۆشمان دێنێتەوە کە چاوێکی ڕەخنەگرانە بەخۆماندا بچینەوە، نەک بە جەستەماندا، بەڵکوو بە ناوەرۆک و هزر و ڕۆحماندا.
ئەمەش وەک لایەنێکی بە مۆرالی کردنی کۆرۆنا لە قەڵەم دەدرێت؛ واتە ئاشتکردنەوەی ئێمەی دورەپەرێزی نامۆ بە خودی خۆمان لەگەڵ بوونی خۆماندا.
یەکێک لەو پەڕتووکانەی لەم ڕۆژگاری کۆرۆنادا بۆ خوێندنەوە زۆر گونجاو بوو پەڕتووکی ``گەشتێک بە ناو ژوورەکەم``[1]. خوێندنەوەی ئەم پەڕتووکە تێی گەیاندم کە گەشتکردن بەناو ژوور یان ماڵەکەمان، گەشتێکە بەناو خودی خۆمان وەک مرۆڤێکی خاوەن هەست. زۆرینەی ئێمە، لەم ڕۆژانەی قەیرانی کەرەنتینە یان زیندانیکردنی خۆمان لەناو ماڵەکەماندا، ناهۆشیارانە سەرنجی گەورە دەخەینە سەر کەرەستەیەکی دێرین، یان پەراوێز کراوی گۆشەیەکی ماڵەکەماندا. هەنگاوەکانمان لەم ژوور بۆ ئەو ژوور. سەرنج و تێڕوانینمان لەم تاق بۆ ئەو تاق، لەم دۆڵاب بۆ ئەو دۆلاب، لەم چەکمەچە بو ئەوچەکمەچە، چاوەڕوان نەکراوون و لەناکاو کەرەستەیەک چەندە بچووک و بێ نرخی ماتەری هەبێت وەک سەنتەری سەرنج و یادەوەریەکانمان دێنە بەرچاومان؛ وێنە کۆنەکانمان، ئەو یادگاری و بیرەوەریانەی کە هەڵگری ڕابردووی خۆشی و تاڵییەکانمان بوون. هەرگیز ناتوانین سەرنجی خۆمانی لێ لابدەین. ئەو کەرەستە ''بێ نرخانەی'' کە لە گۆشە و پەنا شاردراوەکانی ماڵەکەماندا پشتگوێ خرابوون، جارێکی تر لە ئاستماندا زیندوو دەبنەوە و ڕۆح و ناوەرۆکمان ڕادەچڵەکێنن و هۆشیارمان دەکەنەوە، وەک ئەوەی پێمان بڵێن: ئەوە ئێمەین، بەشێکین لە بوون و مێژووی ئێوە!
گەشتی ئەمڕۆم بە چەکمەجەی دۆڵابێکی ماڵەکەمدا بوو. قەڵەمێکی بێ مەرەکەب لەناکاو بەرەو خۆی ڕایکێشام، چەندین ساڵ لەوەوبەر هاوڕێیەکم بە دیاری پێی بەخشیبووم. ئەو قەڵەمە وشک و لەکارکەوتووەی ئەمڕۆ، چیرۆکی ئەو سەردەمەی خۆمی بۆ گێڕامەوە. بردمیەوە بۆ ئەو کات و شوێن و دەوروبەرە. بەڵام نکۆڵی نەکرد لەوەی کە ئەو زەمەنە تێپەڕیوە و گەڕانەوەی ئەستەمە؛ جارێکی تر ئەو سەردەمە، نە ئەمڕۆ و نە لەداهاتوودا ناگەڕێتەوە و ڕووداوەکانی دووبارە نابنەوە. ڕەنگە ئەو سەردەمە قەڵەمەکە جێگای بایەخم نەبووبێت، بەڵام ئەمڕۆ بە بێ ویستی خۆم کردمی بە دوو بەشەوە لەخۆمدا. بەشێکم؛ هەست بە ئارەزووی گەڕانەوەی ئەوسای ڕابردوو بکاتەوە؛ هەستێکی ئاوێزان بە شێواز و شوێن و کاتی پێدانی ئەو دیاریە پێم. بەشێکیشم؛ لەم ساتەی ئەمڕۆدا مابووەوە و بیری لە ئەمڕۆ و داهاتووم دەکردەوە . تەواوی هەستەکانم دەجوڵان، سست بووم و پاشان هۆشم هاتەوە. ئەم هۆش و سستبوونەم ناچاری کردم بێ هیوا بم لەوەی ئەو زەمەن و ئەو بەسەرهاتانەم و یادەوەرییەکانم بگەڕێنەوە. گەڕانەوە بۆ ئەو ڕۆژەی چۆن ولە چ هەلومەرجێکا ئەو دیارییەم پێبەخشرا بو. بیرم لەو
پەیوەندییەی نێوان خۆم و ئەو هاوڕێییەی ئەوسا و ئێستەم دەکردەوە، کە مەحاڵە لە داهاتوودا دووبارە ببێتەوە. ئەمەش ڕایکێشامە بەردەم ئەو ڕاستییەی کە ئیتر تەواو ناچاربم بەوەی کە هەمیشە ڕێزو وەفا و نرخاندنێکم هەبێت بۆ ئەو کات و شوێن و سەردەمانەی بەسەرچوون. بەڵام دووبارە و چەندبارە وەک خاڵی سەرەتایی تێیان بڕوانمەوە.
ئەمە ئەزموون و بەسەرهاتی هەریەکە لە ئێمەیە لە ڕۆژانی کۆرۆنا و زیندانی چواردیواریی ماڵەکەمان، کە مۆرکی بەرەنگاربوونەوەی ئەخلاقیمانە لە هۆشیاربوونەوەمان بەرانبەر خۆمان و دەوروبەرمان. وروژاندنێکی هزریمانە بۆ گرنگی پێدانەوە بە بەسەرهاتە بەنرخەکانی ژیانمان و چێژوەرگرتن لە بەسەرهاتە ناوەرۆکیەکان، کە پەیوەستن بە ژیانی ڕۆحیمان و دەمانبەنەوە سەر ئەوەی زۆر بە ئاگاتربین لە یەکتر و ئاوێنەیەکی ڕۆشن بین بۆ ڕۆح و خودی خۆمان و بە مۆراڵ کردنی خۆمان و دەوروبەرمان. بۆیە وەک ئەوەی لاکن دەڵێت: مۆراڵ لە ڕابردووماندایە و پێویستە ئەمڕۆ و هەمیشە بەهای خۆی پێ بدەین.