ناونیشانی بابەت: من تۆمەتبارت دەکەم!
ئامادەکردن: #سۆزان سەعید#
ڕاستی لە ڕەوتایە و هیچ شتێک ڕایناگرێت
هاوکاتی تاوانبارکردنی کەسێکی دیاریکراو، پێویستە پرسیاری ڕونکردنەوە دەربارەی بکرێت و بپرسرێت؛ ئایا کێ کێ تاوانباردەکات؟ بۆچی تاوانباری دەکات؟ بە چ تۆمەتێک تاوانباری دەکات؟ یان بە چ مەبەستێک تاوانباری دەکات؟
ئەم پرسیارانەش پێویستە بەسەردەمی هەمووانەوە بێت و ئاڕاستەی دەسەڵاتی کوردی بکەین لەبەرانبەر تاوانبارکردنەکان و ئەو تۆمەتانەی لە پلانیدایە بیخاتە پاڵ دەنگە ئازادەکانی بادینان.
ساڵی 1894 دەسەڵاتی گەندەڵی فەرەنسای ئەو سەردەمە بە نارەوایی و نادادپەروەرانە و ئەنجامی ڕق و کینەیان بەرانبەر بە جوولەکە، ئەفسەرێکی جوولەکەیان بەناوی (ئەلفرێد دریفوز) نارەوا بە خیانەتکاری لە بەرژەوەندی ئەڵمانیا تاوانبارکرد. پاش دادگاییکردنێکی ڕوکەشی و ناڕەوا لە دوڕگەی شەیتان خرایە زیندانەوە. هەر وەک چۆن ئەمڕۆ بە ناڕەوا چالاکوانان تاوانبار دەکرێن و بە پلانی شەیتانانە دەخرێنە زیندانی شەیتان لەدەفەری بادینان. سەرباری جیاوازی سەردەم، هەمان کردار بە ئەخلاق و شێوازی دەسەڵاتە زۆردارەکان دووبارە و چەندبارە دەبنەوە. بەرانبەر ئەو ناڕەواییەی لە دریفوز کرا، ناڕەزایەکان نەگەیشتنە ئەو ئاستەی خەڵک و شەقام بگرێتەوە، بەڵکوو بووە هۆکاری بزووتنەوەیەکی لەبەرچاوی مێژویی ڕۆشنبیران، ئەو ڕووداوەش ئەو ڕاستییەیان پێشان دا کە ڕۆشنبیری تەنیا نووسین نییە، بەڵکوو هەڵوێستی بوێریە. ڕۆشنبیر ئەو مرۆڤەیە کە بەبێ بەرژەوەندی خۆی بیربکاتەوە و لەیەکدانەوەو هەڵوێستی وردی هەبێت بۆ دەوروبەرەکەی. بتوانێت بەشدار بێت لە پڕکردنەوەی کەموو کوورتییەکان.
گەر ئاورێک لە مێژوی ڕۆشنبیران بدەینەوە، دەبینین ڕۆشنبیر لە هەڵوێستی دور لە بەرژەوەندیە تایبەتییەکانەوە سەریهەڵداوە. کاتێک ئەو ئەفسەرە جوولەکەیە بە نارەوا تاوانباردەکرێت، ڕۆژنامەنووسێک بەناوی (زولا) هەلوێستی توند وەردەگرێت بەرانبەر ئەو ناڕەواییە، کە زۆر بە قوورسی لەسەر خۆی دەکەوێت. کۆمەڵێک نووسین لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکانی پاریس دژ بەدەسەڵات بڵاودەکاتەوە بە مانشێتی (من تۆمەتباردەکەم!) ، وەکوو پێشاندانێکی کوورتی ڕوی دەسەڵات کە چۆن و بە چ شێوازێک بیانەوێ کەسانێکی دیاریکراو تۆمەتبار بکەن.
چەندین نووسەر و ڕۆژنامەنووس هاتنە پاڵ زولا و هەڵوێستیان وەرگرت، لەڕێگای نووسین و دوانەکانیان دژ بە نادادپەروەری ئەو سەردەمە. ئەمەش بووەتە تێڕوانینێک کە بە سەرهەڵدانی ڕۆشنبیری مۆدێرن لەقەڵەم بدرێت. ئەمەش بە یەکەمین هەڵوێستی لەبەرچاوی ڕۆشنبیران و تێگەیشتنێکی تەندرووستی ڕۆشن و بەهەڵوێست لە مێژوی ڕۆشنبیراندا ناسراوە، کە خۆی لە خۆیدا بە هەڵوێستی مرۆیی و ئەخلاقی پێناسە دەکرێت دژ بە نادادپەروەری ئەو سەردەمەی دەسەڵات، ئەو جۆرە نادادپەروەریەی کە ئەمڕۆی دەسەڵاتی کوردی ڕێچکەی گرتووە. زولا تەنیا بەمە نەوەستایەوە، بەڵکوو هەمیشە ئەم ڕستە فەرەنسیەی دووبارە دەکردەوە؛
``LA VERITE EST EN MARCHE، ET NE RIEN LARRETERA ``
`` ڕاستی لە ڕەوتایە و هیچ شتێک ڕایناگرێت``
زۆر لە ڕۆشنبیرەکانی ئەو سەردەمە بە زولایان دەوت ئەوەی تۆ هەوڵی بۆ دەدەیت بە هیچ ئەنجامێک ناگات و نایەتەدی. ئەم ڕستەیەش بووەتە ڕستەی خوازراوی دەسەڵات، کە ڕۆژانە بەسەر دەمی زۆر لە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستانەوەیە، دەتوانین بڵێین، هەندێکیان بەهۆی ناهۆشیاریانەوە و هەندێکیان بە مەبەستی هەڵهاتن لە بەرپرسێتی و هەوڵ و تێکۆشان بۆ بەجێهێنانی ئەرکە ئەخلاقیەکانیان . ئاستی هۆشیاری هەندێک جار یان لە هەندێک هەلومەرجا نەگاتە ئەو ئاستەی ڕاستییەکان ببینێت، بەڵام چاوەڕوانیەکان لە کەسانی ڕۆشنبیر زۆر زیاترە. چاوەڕوانی لە ڕۆشنبیران بە ئەخلاقی بوونە، ئەوەش لەهەڵویستا دەردەکەوێت، هەلوێستی بوێرانەش درووستکەری ڕۆشنبیرانە. ڕۆشنبیر لە واقعی ڕووداوەکاندا درووست دەبێت، بەتایبەتی لە ناوەندی واقیعە نامۆڕاڵی و نادادپەروەریەکان. ئەوە واقعی نادادپەروەری ململانێی ئایینی بوو کە فۆڵتێر بیری ڕۆشن بووە وهەڵوێستی بەرانبەر بە کەیسی (کالاس) ی بە ناڕەوا تاوانبارکراو نەبەردانە دەربڕی. کاتێک کالاس بە نارەوا لەنێوان ململانێی پرۆتێستانەکان وکاتۆلیکەکان تاوانبار کرا بەوەی کورەکەی خۆی کوشتوە ، لەکاتێکدا کوڕەکەی کاڵاس بە ویست و بە دەستی خۆی ژیانی بەجێهێشتبو، کالاسیان بە نارەوا لە سێدارەدا.
فۆڵتیر وەک کاردانەوەیەکی نەبەردانە بەرانبەر ئەم تاوانە پڕ بە دەنگ هاواری دەکرد: ``با لەم ڕووداوە پڕ تاوانکاری و ناڕەوایە وانەیەک وەربگرین، وانەیەک کە ئیتر هەرگیز ڕێگا نەدرێت نادادپەروەری بەناوی ئایین و ڕقەوە دەسەڵات و ناڕەواییمان بەسەردا بسەپێنێ``. ئەم کەیسە و ڕوبەڕوبوونەوانە کە ڕووداوەکانی ڕۆژانەی ئەو نووسەرانە بو خرایە سەر گۆڤار و ڕۆژنامەکان و پەنجەیان دەخستە سەر زامەکانی تاکەکان و کۆمەڵگەکەیان. هەر ئەوەش بووە ئاوێنەیەک بۆ پێشاندان و هیوادان بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی ئازادیخواز و دادپەروەری ئەمڕۆی ڕۆژاوا. هەڵوێست و ئەرکەکان درووست بوونی ڕۆشنبیرانمانن پێشان دەدات، کە بوونە ڕۆشنبیر بە چ مانایەکە و ڕۆشنبیر کێیە؟. ئەرکی ڕۆشنبیر ئەوەنییە کە تەنیا لاپەڕەی گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەرەکان پڕ بکەنەوە و خۆیان نمایش بکەن، بەڵکوو پێویستە خاوەندی سەرنج و هەڵوێستی بێلایەن و بوێرانە بن لەسەر ڕووداوەکانی ناو ئەو زێدەی تیایدا دەژین. ئەرکە مۆراڵیەکانی ئەوەیە لە هەوڵدابێت لەڕێگای پێنووسەکەیەوە ئازاری سەرکوتکراوە بێدەسەڵاتەکان بگەیەنێت بە ڕای گشتی، بیکاتە هاوارێک و بە گوێی هەمووانیا بدات. پێویستە ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنووسان گۆڤارو ڕۆژنامەکان پر بکەنەوە بە ڕووداوەکان، نوکی پێنووسەکەیان بکەن بە چاوی دەسەڵاتدارانی ناڕەوادا. هەرگیز دەرفەت نەدەن بەوەی بە زەبرو دیکتاتوریەت ماف خوراوان تاوانبار بکرێن، دەسەڵاتێک کە هیچ بەهایەکی نەهێشتوتەوە بۆ ئۆرگانەکان و دەسەڵاتەکانی دادپەروەری، ئیتر بە چ ڕەوت و یاسایەک دەکرێت لە سەپاندنی دادپەروەریی زمان وەردات؟. یاساکانیان تەنیا وەک ئامرازی ``من تۆمەتباردەکەم`` بەکاردێنێت، بەناوی منم ئەو دەسەڵاتە کوردییەی کە تەنیا بێکەسان و بێپشتیوان و هەژاران و کەسانی بەهەڵوێست تاوانباردەکەم.
ڕۆشنبیر کەسێک نییە کە نانی دەسەڵات بخوات. مەحاڵە لەئیستای ئەوروپاش ڕۆشنبیرێک بە شانوباڵی دەسەڵاتدا هەڵبدات. ئەوەی زۆر جێگای سەرنجو گاڵتە جاڕیە، هەندێک لە نووسەرانی کورد کە لە ماڵپەرەکانی دەسەڵات و ماڵپەڕە سێبەریەکان و بەناو بێلایەنەکاندا دەردەکەون و وتار دەنووسن، گەڕ کۆی وتارەکانیان کۆ بکەینەوە لە بازنەی یەک بیرۆکەدا دەخولێنەوە؛ باس کردنی نەهامەتییەکان بە شیوازێکی گشتگیری، بەبێ جورئەتی ناو هێنانی کەسانی پشت و هۆکارەکانی نەهامەتییە لە ژمارە نەهاتووەکان. بە بێ بوێری بەرگریکردن لە تاک و توێژ و چینە لاوازو ماف خوراوەکان .هەمیشە هۆکارەکان دەخەنە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی کوردی، یان لایەنێک تاوانباردەکەن کە دژ و بەربەرەکانێی لایەنەکەی خۆیانە. لە زۆر بواریشدا دەسەڵات دەیانهێنێتە پێشەوەی مالپەرەکانیان، بەو مەبەستەی وا پێشان بدات کە دەسەڵاتیش دژ بە ڕۆشنبیران نییە و ڕویەکی کراوەی هەیە. بەڵام هیچ سیناریۆیەک و هیچ ئەکتەرێکی بەناو ڕۆشنبیر ناتوانێت ڕویەکی پەسەند بداتە سیستەمی دەسەڵات و سیستەمی ناڕەوای دەسەڵات و نوێنەرانی دەسەڵات. یەک ڕیزی ڕۆشنبیرانی خاوەن هەڵوێست و بوێر مەحاڵ نییە، بەپێچەوانەوە ئەمڕۆ لە هەموو سەردەمێکدا زیاتر پێویستییەکە کە دووبارە وەک سەردەمی زۆلا و فۆڵتیرو ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە، ئەرکێکی میژویی سەردەمە کە ڕۆشنبیرانی کوردستان هەڵویستی بوێرانەیان دەرببڕن بەرانبەر بە نادادپەروەریەکانی دەسەڵات. زنجیرە هەڵوێست وەربگرن بۆ داکۆکی لە ماف و ئازادی لاوازەکان و ماف خوراوان، کە زۆربەی کۆمەڵگەکەمان دەگرێتەوە. ڕوبەڕوبوونەوەی تاوانبارکردنی نا ڕەوای وەک کەیسی ڕۆژنامەنووسانی بادینان، کە دەسەڵات بە نارەوا تۆمەتباریان دەکات پێویستی بە یەکدەنگی و یەک هەڵوێستییە و ئەرکێکی ئەخلاقییە.
کاتی ئەوەیە کە خاوەن هەڵوێستان دژ بە چەمکی تاوانبارکردنەکانی ئازادیخوازان ڕوبەڕوی دەسەڵاتە پێشێلکارەکەی کوردستان بوەستنەوە و ڕۆژانە ئەم دروشمە نەمرەیان بەڕودا بەرز بکەنەوە؛ ``چەند بە ناڕەوایی تۆمەتباریان بکەیت! هەمیشە ڕاستی لە ڕەوتایە و هیچ هێزێک ڕایناگرێت``. [1]