ناونیشانی بابەت: با سەری خۆ کز کەین و خەریکی باخەکەمان بین!
ئامادەکردن: #سۆزان سەعید#
لەدوا گەراندا بەدوای دونیایەکی باش و کامەران ڤۆڵتێر ڕووناکبیری شۆڕشی فەرەنسی لەسەدەی 18دا وەک فاڵگەرەوەیەک هاتبێتە بەرچاوی کە دوای چەند سەدەیەک و ئەمڕۆ لە دونیاکەماندا چی دەگوزەرێت. وەک ئەوەی بزانێت ئەمڕۆی ژیان و گوزەرانی خەڵکی بە چ سەردەمێک و نەهامەتییەکدا تێدەپەرێت. باس لەوە دەکات کە چۆن مرۆڤ بەدوای دونیایەکی ئایدیال و باشدا دەگرێت، بەڵام بەسەردەمانىکدا دەروات لەم دونیا بۆ ئەودونیا و لە پارچەیەکی ئەم جیهانەوە بۆ ئەو پارچەیەی تری لە کۆچ و جێگۆڕیدایە و هێشتا ناتوانێت دونیایەکی باش بدۆزێتەوە. تەنیا ڕێگریەکانیشی خراپەکاری هاومرۆڤاکانییەتی.
لەکاتێکدا مرۆڤ خۆی بەرپرسە لە کردارو هەڵسوکەوتی خۆی، ئەگەر بیەوێت دەتوانێت جیهانێکی باش هەم بۆ خۆی و هەم بۆ دەوروبەرەکەی بنیات بنێت. لە هەمان کاتدا ڤۆڵتێر باس لەوە دەکات کە ئەوە بەرپرسیارییەتی هەموو مرۆڤێکە کە نەک تەنیا خەریکی خۆی و خێزان و ماڵەکەی بێت، بەڵکوو ئەرکی ئەخلاقیشێتی کە کەم یان زۆر بەپێی توانا کانی بەرپرسیارییەتی نەهامەتی مرۆڤەکانی دیکەش بخاتە ئەستۆ. ڤۆلتیر لە پەڕتووکەکەی باس لە کەسێک دەکات بەناوی ``کاندیدی`` . بەسەرهاتەکانی کاندیدی بەشێوازێکە کە دەیبیستین یان دەیخوێنینەوە لە ناخماندا ئەو هەستە درووست دەبێت کە ڤۆڵتێر باس لە بەسەرهاتی گەنجێکی کوردی خێر لەخۆ نەدیو دەکات.
کاندیدی کاتێک بە هەوڵێکی زۆر و پڕ لە مانودو لەدوا گەرانیدا بەدوای دونیایەکی باش و ئارام، دونیای شەرو کوشتار جێدەهێڵیت بۆ دونیایەکی باشتر ، تووشی نەهامەتی دەبێت و دەکەوێتە دونیایەکی پڕ لە کارەساتی چاوەڕوان نەکراوی سرووشتی و دونیای گومەلەرزەی وێرانکەر.پاشان بە ناچاری لەوێشەوە ڕادەکاتە دونیایەکی ترەوە کە هەمووان سەرقاڵی شەری ئایین و نوێنەرایەتی خوا و پەیامبەرانن و یەکتری بە دارا دەکەن و خەمسارد و دڕندانە ژیانی بەرانبەرەکانیان کۆتایی پێدەهێنن. کاندیدی لەوێش سەری خۆی هەڵدەگرێت بۆ دونیایەکی دیکە بەنیازی دنیایەکی باشتر. بەڵام جارێکیتر دەکەوێتە دونیایەکی چڕ تر لە نەهامەتی دونیایەک کە مرۆڤەکان بوونەتە کانیباڵ و قەپاڵ لە گۆشتی یەکتری دەگرن و خۆیانی پێ تێر و ئاسوودە دەکەن. کاندیدی هەمیشە دەبێتە قوربانی خراپکاری مرۆڤەکانی دیکەو ناتوانێت ژیانێکی مرۆڤی ئاسایی بدۆزێتەوە.
مرۆڤی کورد لەم سەردەمەدا وەک کاندیدی قەتیس سەرلێشێواو ماوە، ڕادەکات لەم دونیا بۆ ئەو دونیا دونیایەک نادۆزێتەوە لەسەر زەوی هەست بە ئاساییش و ئارامی و گوزەرانێکی ئاسایی بکات و خۆی لە ژیانێکی شکۆداردا بدۆزێتەوە. مرۆڤی کورد نەیبینیوە نە ڕۆژو هەفتە و مانگ و ساڵێک و ساڵانێکی بەسەردا بروات بەبێ تێپەربوونی بە نەهامەتی و کێشە و دڵەراوکێ. تەواوی دونیاکانی بەرەو نەهامەتی تر و ناخۆشتر دەروات و بە خۆڕایی نییە هەمیشە دووبارە و چەند بارە دەڵێن ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار. لەدونیای ژێردەسەڵاتی ئیمپراتۆرەکانی سەدەکانی ناوەندەوە تاکوو کۆڵۆنیاڵی و ئیمپریالیزمی بە ناو مۆدێرنەوە و داگیرکەرانی شاهەنشاهی و کۆماری و عیلمانی و ئیسلامی و جینووسایدو ئەنفال و شەری براکوژی و ڕەوەی دەستی بێگانە و دوائەنجام گەندەڵی و زیندان و ڕەوەی دەستی دەسەڵاتی هاوزمانانی خۆیان و خنکاندن و بی تەرمی کەرامەت شکاندنو بێرێزی پێیان. ژیان لە دونیای بێنڕخی و بێ مووچەیی، بێ دەرماڵەیی بەشەق لێدان و زیندان و سووکایەتی پێکردن ... وهتد.
ڤۆڵتێر، ئاخۆ دەبێت کاندیدی کوردی چی بکات و چی لەدەست بێت لە کاتێکدا بستێکی بۆ نادۆزێتەوە کە بتوانێت وەک مرۆڤێکی ئاسایی ژیان و ئازادی و نرخ و کەرامەتی وەکوو مرۆڤێکی ئاسایی تیادا پارێزراو بێت؟!
ڤۆڵتێری ئەدیبی ڕووناکبیر، کاندیدی تۆ لەکۆتایدا گەیشتە ئەو باوەرەی ملی شۆڕ و سەری خۆی کز کات و خەریکی باخەکەی بێت. گەیشتە ئەو باوەرە تاڵەی کە ئەم دونیایە بە ئەو ناگۆرێت، بڕیاریدا خۆی لە شۆێنێکا قەتیس بکات و کاری بە دونیاو مرۆفی ترەوە نەبێت و تەنیاوتەنیا خەریکی باخەکەی خۆی بێت.
ئەوە تەنیا کاندیدەکەی تۆ نەبو بەو قۆناغی بێهیوایی و داڕمانە گەیشت، مەخابن ئەمڕۆ زۆربەی تاکی کۆمەڵگەی کوردی بەو باوەرە تاریک و ڕەشە گەیشتووە و بە کرداری پەیرەوی دەکەن. ئەگەر خەریکی باخەکەی خۆیان نەبن ئەوا خەریکی دوکانەکە و فەرمانبەری یا دەسگێڕی یان بازرگانی یان پیشەی خۆیانن و دەسیان بە کڵاوی خۆیانەوە گرتووە با نەیبات. هەمووان دەڵێن: گۆرانکاری و چاکسازیمان پێناکریت و باشتر وایە سەری خۆمان کز بکەین و بێدەنگ بین.
ئەم بڕیارەی کاندیدی لە چیروکەکەی ڤۆڵتیر و لە چیرۆکی کۆمەڵگەکەی ئێمەشدا زۆر جێگای بایەخە لەروانگەی مۆڕاڵی مرۆڤەوە. مرۆڤ چۆن دەتوانێت ماڵ و باخەکەی و دوکان و پیشەکەی خۆی چاک بکات لەکاتێکدا هەموو ئەوانە بەشێکی بچوکن لە دونیایەکی گەورە؟ دونیایەک کە کەمترین گۆرانکاری خراپ و کارەسات ئاسای بەسەردابێت ڕوو دەکات باخ و ماڵەکەی تۆش. مرۆڤ چۆن دەتوانێت بێباک بێت و زیندانی باخەکەی خۆی بێت و خۆی گۆشەگیر بکات تەنیا لە چوارچێوەی باخە بچکۆلەکەیدا بژی؟ ئەو مرۆڤەی چاوی خۆی دابخات بۆ تەواوی دونیاکانی دەرەوەی باخەکەی، دەبێت بە چ جۆرە مرۆڤێک ناوی بهێنرێت؟ ڕاستە مرۆڤ ڕەنگە نەتوانێت تەنانەت دونیای بچوکەکەی خۆشی پێنەگۆڕدرێت، بەڵام دەتوانێت لەپاڵ باخەکەی خۆیدا بەر ماڵەکەشی پاک بکاتەوە. دەتوانێت بۆ مافی خۆی و مافی تاکەکەسی دەنگی بەرز بکاتەوە، هەر هیچ نەبێت نەبێتە بڵندگۆی کاندیدی پاڵەوانی چیرۆکەکەی ڤۆڵتێر و لەپاڵ خۆیا دەوروبەرەکەشی بەبەهانەی جۆراوجۆر و نالۆژیکیەوە بەرەو بێدەنگی و سەرکزی ببات و مۆرکی مرۆڤ بوون لە خۆی داماڵێت. [1]