ناونیشانی بابەت: درەوشانەوەی ئیسلام، نەک گەڕانەوە بۆ تاریکی
ئامادەکردن: #سۆزان سەعید#
تایبەتمەندییەکانی مرۆڤایەتی بە گوێرەی شێوازی گوزەران و فەرهەنگ و هونەری سەردەمەکان داڕێژراون. وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی مێژووی مرۆڤایەتی تێێ دەڕوانرێت و دەکرێت بۆ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکانی ئەم ڕۆژگارە بەکار بهێنرێن. بە واتایەکی تر، مێژووی مرۆڤایەتی لە دێرزەمانەوە تاکوو ئەمڕۆ، بەردەوام لە گۆڕان و گەشەکردندا بووە. هەرچەند بەهۆی شەڕ و نەهامەتەکان و کارەساتە سرووشتییەکانەوە، مێژووی سەردەمێک، یان کۆمەڵگەیەک بە قۆناغە تاریک و سەختەکانا تێپەڕ بووە. بەڵام توانای مرۆڤ و هەوڵی بەردەوامی بۆ ژیان ئەو قۆناغە سەختانەی تێپەڕاندووە.
بەهەمان شێواز لە مێژوی ئیسلامدا سەرەڕای شەڕ و بەگژدا چوونەوە تاڵ و توندەکان، سەدەی 8 تا 15 سەردەمێکی پڕ لە گەشەی زانستی و پێشکەوتن بووە. لە نموونەیان سەردەمی فاتمیەکان و، ئەمەوی و بەتایبەتی سەردەمی عەباسییەکان، کە پێی دەگوترا سەدەی زێڕین. کە لەو سەردەمەدا تەواوی فەلسفەی یۆنانی لەڕێگای فەلسەفەی عەرەبییەوە گەیشتە ئەوروپا.
گەر بڕوانینە سەدەکانی پێشوی ئیسلام دەبینین ئیسلام لەسەدەکانی ناوەند چەندین ئەدەبیات و ، هونەر و هونەری ئەندازیاری لەو سەردەمەدا ئەنجام داوە، کە هێشتا لە زۆر پارچەی ئەم جیهانەمان جێ پەنجەی دەبینرێت. ئەو شوێنەوار و شارستانیانەی کە نەک تەنیا لە وڵاتانی ئیسلامی بەڵکوو لە وڵاتانی تری وەکوو ئەندەلوسی ئیسپانیا، ماڵتاو ئیتالیا پاش ماوەی لەبەرچاوە.
تەواوی ئەم مۆرکە تایبەتمەندەی بەو سەدانەی ڕابردووەوە نراوە ، ئەنجامی گەشبینی و کرانەوە بووە لە جیهانی ئیسلامیدا. ئەوەش هاوکار بووە بۆ گەیشتن بە لایەنی زۆر و ممکنی زانست و تینوێتی بۆ زانستی ئەدەبی ، فەلسەفی، هونەرە جیاوازەکان، بەتایبەتی هونەری ئەندازیاری.
ئەمڕۆ ئیسلامیزم بە پێچەوانەی ئەو سەردەمانە و داخراو بووەتە مۆدێل و فۆڕمی سەدەی 20 و21. ئەم مۆدێلە ڕۆژبەڕۆژ بەهێز تر دەبێت و زیاتر لە ناخی کۆمەڵگە ئیسلامییەکان و کۆچبەرانی موسوڵماندا توند و داخراو و تاریکتر دەبێت. ئەو دیاردانەش بە دوو شێوازی جیاواز تۆختر دەبنەوە، یەکەم؛ شێوازی هاندانی گەنجان لەلایەن پیاوانی ئیسلامی بۆ مەبەستی سیاسی و دەسەڵات، دووەم؛ بێدەنگی و نەبوونی هەڵوێستی لۆژیکی بەرانبەر کارە توندرەویەکانی ئیسلامی سیاسی بەهۆی نەبوونی زانایانی ئیسلامییەوە .
پیاوانی ئایین لەم سەردەمەدا خۆیان بە نوێنەری خواو بەڕێوەبەری دونیای سەر زەوی دەبینن، دەیانەوێت زاڵ بن بەسەر تەواوی دونیای ئیسلامی و نائیسلامیشدا. هەمیشە لە هاوار هاوارو دوانی بێ بنەمای دور لە زانستی و لۆژیکین، لە ڕێگای هێرشکردنە سەر دونیای دەرەوەی خۆیانی ئیسلامیزم و دوفاقیەوە.
وەک باس لەوە کرا کە لە تەواوی سەردەمەکانی ڕابردوو سوودمەندییەکی فکری ماوەتەوە بۆ ئەم سەردەمە. بەڵام ئایا ئەمڕۆ پیاوانی ئایین کە خۆیان وەک نوێنەری باشەکان دەبینن لەناو کۆمەڵگە، تا چەند ئەو سامانەیان دەوڵەمەندتر و سوودمەندتر کردووە؟ لەسەر ئاستی شارستانی ئەمڕۆ توانیوایانە چ سوودێک یاخود بەرهەمێک بخەنە خزمەت بە مرۆڤایەتی یان کۆمەڵگەکەیان؟. یاخود بە چ کارێک هەستاون کە سوودمەند بێت بۆ نەوەی داهاتوو، کە نەوەی داهاتو سوپاس گوزاری زانیاری و بەرهەمە فکریەکانی ئەوان و ئەم سەردەمە بێت؟. لە هەمان کاتدا ببێتە مێژویەک کە لە دواڕۆژدا جێگای بایەخ و گرنگی و نرخ پێدان بێت.
مێژوی بەسوود و گرنگی وڵاتێک، هەمیشە وڵاتێکی پێشکەوتو گرنگ و خاوەن پێگەیەکی بەهێزی لێ بنیات دەنرێت. مێژونووس داڤید لاندس، لەو بارەیەوە دەڵێت: گەر مێژوی سەردەمێک بییەوێت بە سەرکەوتووی و زاڵ بمێنێتەوە لە مێژوی دونیادا، پێویستە هەوڵ بدات پێشکەوتنێکی ئیجگار باڵا بەدی بهێنێت، پێویستە گۆڕانکاری و پێشکەوتن لەهەر یەک لەم بوارانەدا بە ئەنجام بگەیەنێت بە تایبەتی لە؛ زانست و، تەکنەلوجیا و ئابووری، بۆ ئەوەی سەردەمە کەی بە زاڵی و نەمری بمێنێتەوە.
ئەم بۆچونەی داڤید لاندس ڕوبەڕوی ئەو پرسیارەمان دەکاتەوە ئایا ئیسلامی سیاسی کە ئەوپەری سیاسەتی خۆی پێ ڕاستەو هەوڵی زاڵ بوون دەدات لەتەواوی جیهان، چ پلان و پێشنیارێکی زانستی یاخود ئابووری یان تەکنەلوجی هەیە کە کەڵک بەخش بێت بۆ مرۆڤایەتی ئەمڕۆو نەوەکانی دواڕۆژی نزیک و دور؟.
بە پێچەوانەوە، ئەم زانستییەی کە ئەمڕۆ بوونی هەیە، ئیسلامیزم هەوڵێکی بێئەنجامی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ لەناو بردنی گەشەی کۆمەڵگەو شارستانییەت دەدات، کە ئەمەش هەوڵێکە بۆ گێڕانەوەی مرۆڤایەتی بەرەو سەردەمی تاریکی.
ئەمڕۆ ئیسلام بە مانای پڕبەپێستی وشەکە لە قەیراندایە، ئەمە دووبارەکردنەوەی دەربڕینەکەی سەرۆکی فەرەنسا ماکرۆن نییە، کە دونیای ئیسلامی پێ توڕە کرد، بەڵکوو ئەمە بۆچونی ئیسلام ناسە شارەزا و پسپۆرەکانی ڕۆژئاو و جیهانی ئیسلامییە.
مەحاڵە بتوانرێت لێتوێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکی مەوزوعیانە بۆ زانستە ئیسلامییەکان بکرێت بە دور لە زانستە مرۆییەکان بە تایبەتی فەلسەفی و کۆمەڵناسی. ئەمەش بەو ئەنجامەمان دەگەیەنێت کە مەخابن لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردی و زۆر لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکانی تردا ناتوانرێت شانازی بکرێت بە بوونی زانایانی ئیسلامی کە بتوانن (اجتهاد) بکەن لە زانیستە ئیسلامیکاندا، ئیجتیهادێکی گونجاو و هاوتەریب لەگەڵ گۆڕان و گەشەی سەردەم و کۆمەڵگەکەمان. لەکاتێکدا ئەمە ئەرکێکی ئەخلاقی و نییەتی ساڵحە بەرانبەر ئایینیەکەی بە پلەی یەکەم. بەمانای گونجاندنی نەک گۆڕینی ناوەروکی ئایینەکەی لەگەڵ هەست و ڕۆحی کۆمەڵگەکەی و مەبەستە ئەخلاقی و مرۆڤدۆستییەکان. ئەم جۆرە لە گونجاندنە شتێکی نامۆ نییە بە ئیسلام و مێژوی ئیجتیهاد بەڵکوو لە زانستی لوجیکی (الفقە) دا دەدۆزرێتەوە و شتێکی گونجاوە لەگەڵ ئامانج و ڕۆحی فقە دا.
مارکس فێبەر دەڵێت: لە هەر گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵگەدا، لە هەمان کاتدا هاوتەریب فزولیەتێک درووست دەبێت، ئەم فزولییەتە خۆی لە خۆیدا مرۆڤ بەرەو زانست دەبات. ئەم بۆچونەش دەتوانرێت بگونجێنرێت لەگەڵ زانستە ئیسلامییەکاندا، بە جۆرێک کە لەگەڵ ئەمڕۆی گۆرانکاریەکان، پیاوانی ئایینی بتوانن ئیجتیهادی زانستی بکەن کە ئەمە لەدوا ئەنجامدا پیاوانی ئایینی دەکاتە زانایانی ئایینی. لە هەمان کاتدا زەمینەیەکی ئەخلاقی بە بنەما بۆ زانایانی ئیسلامی کوردی بنیات دەنێت. ئەوەش تەنیا بە دورکەوتنەوە لە خۆهەڵواسین بە توندرەوی یان داخراویەوە بە ئەنجام دەگات، کە تەنیاو تەنیا لە ئەنجامی کەم زانستی و زانستی هەڵەو ناشارەزایی ئیسلامی و خۆ بەکەم زانینەوە درووست بووە.
لە یەکێک لە فلمە زانیستییەکاندا بە ناوی گەڕانەوە بۆ هەسارەی مەیمون، مەیمونەکان بە ڕێکەوت و بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی ئەتۆمی دەگۆڕێن بۆ بوونەوەرێکی هۆشیار و زیرەک، بە ڕادەیەک زاڵ دەبن بەسەر مرۆڤەکاندا و مرۆڤ وەک ئێستای مەیمونی لێدێت لەدواکەوتوییی و نەزانیدا. چەند مەیمونێک کە دەیانەوێت خۆیان وەکوو زانا نمایش بکەن، بەڵام لە ڕاستیدا نەشارەزان، دەیانەوێت دەست بدەنە چەند پەڕتووکێک و بەکارهێنانی ناوەرۆکەکەی بۆ تاقیکردنەوەیەکی زانستی. مەیمونە شارەزاو هۆشیارەکان ئاگاداریان دەکەنەوە لەوەی خۆیان لەو کارە بە دوربگرن، ئەگەر هاتوو ئەو پەڕتووکانە بەهەڵە بەکاربێنن ئەوسا دورنیە بگەڕێنەوە ئەو سەردەمەی ڕابوردوی نەزانی و ئاژەڵیان .
هەرچەندە ئەمە فلمێکی خەیاڵیە، بەڵام دەکرێت بەو تێڕوانینەوە ڕاستییەکی گرنگی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی ئیسلامی و ئیسلامیزم ببینین. ناشارەزایی و بەهەڵە دەست دانە زانست، کۆمەڵگەو گەردون بەرەو کارەسات دەبات.
سەرباری گەشەی مەزن و لەبەرچاوەکانی شارستانییەت و مرۆڤایەتی، ئەمڕۆی سەدەی 21یەکی ئیسلامی تەواو جیاوازە لەگەڵ سەدەی 8 تا 15 ی ئیسلام و کۆمەڵگە ئیسلامییەکانی ئەو سەردەمە. لە سەدەی 15 وە تاکوو سەدەی 21 تەنیا زانستێکیان بەدی نەهێناوە کە بگاتە مسقاڵێکی ئەو زانستەی کە لە سەدەکانی ڕابردودا لە جیهانی ئیسلامیدا بەدیهاتووە. بە بێچەوانەوە پیاوانی ئیسلامیزم لە نەشارەزایی خۆیان لە هەوڵدان کۆمەڵگەکانیان بەرەو تاریکیییەکی ترسناک بگێڕنەوە. [1]