ناونیشانی بابەت: ژیان لەگەڵ مردوەکانمان
ئامادەکردن: #سۆزان سەعید#
زۆر لە کاتەکانی ژیانمان هەستێکی نەخوازراوی چاوەڕواننەکراو هەڵدەکوتێتە سەرمان، هەستی ئەوەمان دەداتی کە ئێمە ڕاستییەکانی ژیانمان لە یادچووەتەوە یان بە ئاگا پشتگوێمان خستون و و لە یادی خۆمان بردونەتەوە. کاتێک ئەم هەستە دێتە ناخمانەوە کە لەناکاو ڕوبەڕوی لەدەستدانی یەکێک لە ئازیزمان دەبینەوە و بەبێ ماڵاوایی لێمان جێمان دەهێڵێت. دەمانخاتە ئازارێکی پڕ لە بێدەنگی و نازانین چی لەئاستی ئەو ناهەمواریە دەرببڕین و چ وشە و ڕستەیەکی لە ئاستا بێنینە سەر زارمان. دەمانکاتە دووبەشی ناتەبایی لەگەڵ خۆمان؛ بەشێکمان هۆش دەخاتە سەر ئازارەکانی ئەو ساتەی خۆمان، لە هەمانکاتدا دێینەوە بیری ئازاری لەدەستدانی کەسانێکی دور یان نزیک لێمان کە هەمان ئازاریان چێشتووە. کاتێک خۆمان کەسێکی ئازیزمان لەدەست دەچێت ئەوسا دەزانین کە چەندە بێمانا و بێباک و بێهەست بوین لە ئاستی ئەوانەدا کە کەسێکی ئازیزیان لەدەستداوە.
هەمیشە هەڵخەڵەتاوین لەژیاندا، خۆمان کەسی سەرەکین لە فریودانی خۆمان، تەنیا لەو ساتانەدا لە بیری ئەو ئازیزەمانین کە جێی هێشتوین، کات هەموو برینێک ساڕێژ دەکاتەوە و ئەوسا جارێکی تر خەمسارد دەبینەوە بەرانبەر ئەوانەی کە زوو یان درەنگ جێمان دێڵن. بەردەوام دەبین لە دواگەراندا بەدوای خۆشی و خۆشگوزەرانی و ئامانجە ماتەری و چاوچنوکی و ئارەزو ویستە بێنرخەکانمان.
زۆر جار لەژیاندا هەستی ئەوەمان هەیە کە ئێمە باڵادەستین بەسەر هەستی خۆشی و ناخۆشێکانمانا، لەکاتێکدا ئەم هەستە تەنیا خەیاڵە، لە ڕوبەروبوونەوەمان لەگەڵ ژیان و مردن هەستی خۆ بە باڵادەستیمان پوچ دەبێتەوە. دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ئێمە تەنیا مرۆڤێکین ئەقلانییەتمان سنووردارەو ئەو ئەندازیارەی ژیانی خۆمان نین کە لە بیرماندا نەخشەمان بۆ کێشاوە.
ڕوبەروبوونەوەمان لەگەڵ مردن وماڵاوایی وەک تراژیدیای نەگەڕانەوەی ئازیزانمان هەمان سات و ڕۆژی ماڵاواییان ئەو هۆشەمان پیا دێنێتەوە کە کەسانێک ڕۆڵێکی زۆریان هەبووە لەژیانماندا بەڵام ئێمە هیچ کات بیرو هۆشمان نەخستوتە سەریان و ئەو بایەخەمان نەداونەتی وەک ئەوەی بۆ هەمیشە دڵ و هەستمان ئاسوودە بێت.
لەدەستدانی ئازیزانمان، ئازارێک دەخاتە ناخمانەوە کە هەمیشە بیریان لێدەکەینەوە و ئاستەمە خۆمان بخەینە کەشێکەوە کە وەڵامی پرسیاری خۆمان بدەینەوە یاخود لە کەسانێکی ترەوە وەڵام وەربگرینەوە کە ئایا چۆن بتوانین ئازاری تەعزێباریمان بە شێوەیەکی ئەقڵانی کەم ئازارتر و ئارامتر بکەینەوە، چارەسەرکردنی ئەو ئازارەی مەحاڵە وەسف بکرێت. ڕەنگە تەنیا چاوەڕوانکردنی چارەسەر و وەڵامدانەوەی بێدەنگی ئەم ئازارە ئەوەبێت؛ با چاوەروانبین جارێکی تر هەستی نەویستنی لەیادنەچونەوە و خۆفریودان هەڵکوتێتەوە سەرمان و تاریکی ماڵاوایی ئازیزە لەدەستچوەکەمان کاڵتر بێتەوە و تەعزێباری جێبهێڵین و دیسانەوە بکەوینەوە دونیای خۆهەڵخەڵەتاندن و ناڕیالیستی.
ئەو بیرەی کە زۆرجێگای بایەخە لەپاڵ ئازاری ماڵاوایی `` سەرباری بەتەنگەوەهاتن بە پێی ویست و توانا هێشتا هەست کردنە بەکەمتەرخەمی بەرانبەر کۆچکردوانمان``. کەمتەرخەمی و هەستکردن بە ناکامڵی لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارییەتی لای تەواوی مرۆڤەکان بەرانبەر تەوای ئەرکەکان، هەستێکە هەمیشەییە دەمانخاتە بەردەم ئازارێکی ڕۆحی، گەرچی دەگمەن دەیخەینە سەر زار. تەنیا ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی ئەو هەستە یان خۆدابڕاندنمانە لەسەرجەم هەست و سۆزی مرۆڤ بوونمان یان لە ڕێگای ئەرکە مۆڕاڵیەکانمانەوە قەرەبوی بکەینەوە؛ ئەوەش لە ڕێگای بیرکردنەوە و یادکردنەوە و ڕێزلێنان لە کۆچکردووەکانمان، ئەمەش تەنیا مافێکی سنووردارو هەڵبژاردەیەکە کە کۆچکردووەکانمان هەیانە و ئێمەش قەرزارباریانین کە هەمیشە پێیان ببەخشینەوە.
زۆر جار لە کۆمەلگای کوردیدا باس لەوە دەکرێت کە گوایە ئێمە مردو پەرستین . جیاوازی هەیە لەنێوان مردو پەرستن ورێزلێنان لە مردو. هیچ مردویەک ناکرێت جێگای بێڕیزی پێکردنی بێت، بەو هۆیەوەی چەندە خراپکاریش بوبێت لە دوای مردنی بێدەسەڵات دەبێت لە خراپکاری و کاری نەخوازراو. بەڵام پەیوەندی کەسانی نزیک لە مردوەکە جیاوازە لەگەڵ کەسانی نەناس پێی.کەم تا زۆر کارە نەخوازراوەکانیشی لەیادا کاڵ دەبێتەوە، وەک ئەوەی لە ناو کۆمەڵگەکەماندا باوە، باسی خراپەکاریەکانی ناکرێت و دەڵێن شەیتانیش دەستی لێهەڵگرتووە.
با ئەوەش لەیاد نەکەین سەرهەڵدانی مۆڕاڵ لە ناو مرۆڤەکاندا لە ڕودانی مردن و لەگۆڕخستنی لاشەوە هاتووە لەبری بەجێهێشتنی بو داڵ و ئاژەڵ بیانخوات یان ناشرینبن لە ڕوخسار و جەسەدەیاندا.
ڕەنگە ئەو پرسیارە بکرێت ئایا ئێمە بۆچی دەچینە سەرگۆری کۆچکردووەکانمان و بەسەریان دەکەینەوە؟ خۆ بێئاگان لە سەردانمان و ئەوان لە دونیای خۆیاندان و بە دڵنیاییەوە پێزانینیان نییە بۆی و سوپاسگوزارمان نین کە بۆ ساتێک لە تەنیایی دوریان بخەینەوە. ئەگەر وەکوو ئاییندارێک فاتیحە و دووعای خێریان بۆ بکەین دەکرێت لە ماڵ و لە شوێنی خۆشمانەوە بێت. ئەمە مامەڵەیەکی ئەخلاقییە بە بێ بیرکردنەوە لە کەڵک و ئامانجەکانی بەڵکوو تەنیا مامەڵەیەکی بێ بیرلێکردنەوەی هەست و ڕۆحیە کە ڕەگی داکوتاوە لەناخی مرۆڤەکاندا و بوونی هەیە و لێکدانەوەی زانستی و عەقڵانی بۆ ناکرێت.
جۆرە کۆدێکە کە لە مرۆڤەکاندا هەیە و دەتکاتە تاکێک لە نەریتەکانی کۆمەڵگەکەت. لە ڕێگای ئەو کۆدەوەیە هەست لەگەڵ یەکتری دەگۆڕدرێتەوە و جۆرێک لە هارمۆنی بە یەکەوەژیان لەگەڵ دەوروبەر و تەواوی کۆمەڵگە بنیاتدەنێت. چونە سەرگۆڕی کۆچکردووەکان ئەگەر تەنیا بۆ خۆئارامکردنەوە بێت دەکرێت وەکوو خۆپەرستی و بەرژەوەندییەکی دەروونی تێی بڕوانرێت. دەکرێت ئەوە لە ڕێگای پزیشکێکی دەروونیشەوە بە ئەنجام بگات، گۆڕی کۆچکرد و ناکرێت وەکوو ئەڵتارناتیڤی پزیشکی دەروونی یان دەوای ئارامکردنەوە تێی بڕوانرێت، ئەمە نیشاندانی گرنگی بە خۆ و بەرژەوەندی خۆ دانە نەک ڕێز و خۆشەویستی بۆ مردوەکە.
هەستی مرۆڤ بەرانبەر بە مردن جۆرێکە لە ڕووداوێکی تەماوی موعجیزە ئاسا، مرۆڤی ئیماندار و بێباوەر بەرانبەری بێوەڵامن و بەشێواز و لەسەر بنەماکانی ئەقلانییت و زانستی ناتوانێت مامەڵە بکەن بەرانبەری. هەردوولا بەرانبەر بە مردن لاوازن، هەر بۆیە لەسەر لاشە یان گۆڕی مردووەکان و لەئاستی مردن بێدەنگ و بێوەڵامن. هەردوولا دەکەونە ئەو ڕستە و بیرە فەلسەفییەی کە دەڵێت: ئیتر نازانم چی! یاخود، ئیتر خوا دەیزانێت!، هەردوو لا دەکەونە نەزانینێکی نادیارو
دیاردەیەکی چارەسەرنەکراو.
ئەوەی کە بۆمان دەمێنێتەوە بەرانبەر بە مردووە ئازیزەکانمان ئەوەیە کە چون ڕێوڕەسمی سڵاوکردنمان هەیە لەیەکتری بەهەمان شێوە بەسەرکردنەوەی سەر گۆڕەکانیان جۆرە سڵاولێکردنێکە لەوان وەک چۆن کاتێک زیندوەکان بەیەکتری دەگەن. ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەیە کە ئێمە هێشتا ڕێز لە مردۆکە دەگرین سەرەرای ئەوەی هێچ بەرهەمێکی نییە بەڵام ئێمە هێشتا لە دونیای خۆماندا وەک کەسێکی نزیک لە خۆمان دەیبینین و ڕێز و بایەخی بۆ دادەنێن لەگەڵ ئەوەشدا کە لە ژیاندا نەماوە، ئێتر چ لە ڕێگای سەردانی، یادکردنەوەی یان چەپکەگوڵێک خستنە سەر گۆری.
گۆر نەک تەنیا جێگای شاردنەوەی بەڵکوو ڕەمزی مردوەکانیشمانە، جێگرەوەی ئەوانە هەرچەندە خۆیان نین، لە ڕێگای گۆرەکانیانەوە وێنەیەک لە خۆیان نمایش دەکەن و پێشانی ئێمەی دەدەن. ئێمەی مروڤ بە بڕوادار و بێباوەڕەوە لەکاتی خەفەت و ناسۆری تەعزیەباری کۆچکردووەکانمان ڕوو دەکەینە کەرەستە و ڕەمزی مردوەکانمان، ئیتر ئەگەر لە ڕێگای شتە بەجێماوە بێنرخەکانیشیان بێت، وەک قەڵەمێک، چاویلکەیەک ، کاتژمێرێکی کەمنرخی دەستیان یاخود گۆرو کێلەکانیان. ئەم ڕەمزە پەێوەست نییە بە بیروباوەڕ یان ئایینەوە، بەڵکوو تەنیا مانابەخشە بە مردوەکانەوە لە ژیانماندا، بەوەی ئەوانە لەژیانماندا هەن بەڵام بەشێوازێکی تر، یادگاری و کەرەستە بەجێماوەکانیان ئەوانمان لە بەرچاودا دەردەخەن و نوێنەرایەتی ڕۆحیان دەکەن لامان.
ئەو هەستە بێدەنگەی سستمان دەکات لەسەر گۆری ئازیزانمان ئەوەمان نیشان دەدات کە ئێمە زۆر بێهێزو بچوکترین لەچاو هەندی ئازاری ژیان. ئەو بێ دەنگىی و ئازارە گەورەیە یەک دەگرنەوە و لەگەڵ نەبینراو وەک تارماییەک بەسەرماندا زاڵ دەبن و ئەوەمان نیشان دەدەن کە لە کۆتاییدا ئەمە ڕێگامانە، هەرچەندە مەحاڵە مردنی خۆمان بخەینە بەر چاوی خۆمان و ئەو ڕاستییە هەستپێبکەین کە ئێمە هەمیشە لەپاڵ مردندنێکی چاوەڕواننەکراواین. ئەم بیرە و لەگەڵیا ژیان بەها و هەستی ئەخلاقیمان دەجوڵێنێت، لەو تێڕوانینەوە وامان لێدەکات کە زیاتر بایەخمان هەبێت بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی.
پێویستە هەوڵبدەین هەمیشە ئەوەمان لە یادا بێت کە یاسای ژیان و مردن زۆر بێبەزەییەو بێویست و چاوەڕوانی خۆمانە، وەک ئەوەی یانکلافیج دەڵێت:
کاتێک مرۆڤەکە لێرەیە مردن لێرە نییە، کاتێکیش مردن لێرەیە مرۆڤەکە لێرە نییە. [1]