ناونیشان: پەڕتووکی سەرمایە لەسەدەی بیست و یەک
پەڕتووکی سەرمایە لەسەدەی بیست و یەکدا، یەکێک بووە لەپڕ فرۆشترین پەڕتووکەکانی جیهان لەم چەند ساڵەی ڕابردودا، نووسەری ئەم پەڕتووکە ئابووریناسی ناوداری فەرەنسی تۆماس پیکیتییە، کە وردەکاری گۆڕانکارییە مێژووییەکانی کەڵەکەکردنی سەرمایە لەسێ دەیەی ڕابردودا شیکاری و شرۆڤە دەکات و دەڵێت ئەگەر باج لەسەدەی بیست و یەکەمدا لەسەر سەرمایەی دەوڵەمەندەکان زیاد نەکرێت، جیاوازی چینایەتی بەشێوەیەکی ترسناک بەرینتر دەبێتەوە.
سەرمایە لەسەدەی بیست و یەکدا، ساڵی 2013 لەفەرەنسا چاپکراو لەسەرەتای 2014یشدا بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەرگێڕاو لەئەمەریکا بڵاوکرایەوە، ئەم پەڕتووکە بەهۆی ناوبانگ و زۆری خوێنەرانییەوە لە ماوەیەکی کوورتدا چەندینجار لەو دوو وڵاتەدا چاپکرایەوە، لە 2 مانگی یەکەمی چاپکردنیدا 800 هەزار نووسخەی لێفرۆشرا، لەنیوەی یەکەمی (2014) شدا بۆ زیاتر لە 30ی زمانی جیهان وەرگێڕدرا و زۆربەی میدیاو ڕۆژنامە ناودارەکانی دنیاش تیشکیان خستە سەر کە هەرایەکی گەورەی ناوەتەوە، نیۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەکات کە بەلای زۆربەی ناوەندە ڕۆشنبیری و سیاسی و ئابووریەکانی ڕۆژاواوە جێی سەرسامییە پەڕتووکێکی ئەکادیمی ئەوەندەی لێبفرۆشرێت، گۆڤاری ئیکۆنۆمیست تۆماس پیکینتی نووسەری پەڕتووکەکە بەمارکسی دووەم ناودەبات و دەڵێت مارکس دووبارە زیندوو بۆتەوە.
سەرمایە لەسەدەی بیست و یەکدا، بیلال ئیسماعیل حەمە لەزمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و ساڵی 2018 لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی جەمال عیرفان بڵاوکراوەتەوە.
سەرمایە لەسەدەی بیست و یەک، تۆژینەوەیەکی مێژوویی پڕ لەداتا و ئامارو ژمارە و زانیارییە سەبارەت بەکەڵەکردنی کردنی سەرمایەو سەروەت و سامان لەسەدەی هەژدەهەمەوە تا سەدەی بیست و یەکەم، تۆماس پیکیتی جەغت لەسەر ئەوە دەکات کە لەسەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەمدا کۆمەڵگەی ئەورپای ڕۆژاوا ئێجگار نایەکسان بوو، زۆربەی سەروەت و سامان لەدەستی چەند بنەماڵەو خێزانێکی دەوڵەمەندا بوو، زۆرینە لێی بێبەش بوون، داتاو ئامارەکان ئەوە دەردەخەن کە لەسەدەی نۆزدەهەمەوە کەلێنی نێوان هەژار و دەوڵەمەند ئیجگار بەرین بووەتەوە، بەئندازەیەک کە لە ساڵی 1910دا، دە بنەماڵە گەورەو دەستڕۆشتووی ئەوروپی دەستیان گرتبوو بەسەر 90% کۆی سەروەت و ساماندا، تا سەرەنجام ڕووداوە هەژێنەرەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم ئەم دۆخەی لەدەوڵەمەندەکان تێکداو ئەو سیستەمەی لەبەریەک لێکهڵوەشاندەوە، ئەو پپَیوایە جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی، شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917، باجی زۆر، هەڵئاوسان، قەیرانی گەورەی ئابووری دەیەی 1930، گەشەی دەوڵەتی ڕەفا، وەک پیلانێک وابوون لە دژی خاوەن سەرمایەکان بەرپاکران و سەرەنجام بوونە هۆی جێ پێ لێژ کردنی دەوڵەمەندە گەورەکان و دەرهێنانی پارەو سەرمایە لەچنگ ئەوان، ئیتر لەوەبەدوا قۆناغێک دەستی پێ کرد کە دەرامەت بەشێوەیەکی یەکسانتر دابەشبکرا و بەمیرات مانەوەی سەروەت و سامانیش بایەخێکی گەورەی نەما، لەسی ساڵە درەوشاوەکەی 1945 تا 1975شدا، چینێکی ناوەڕاست لەرۆژئاوای ئەوروپادا ڕسکا کە خاوەنی سامانی تایبەتی خۆیان بوون، بەڵام دوای نەمانی شۆکەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم، لە کۆتایی دەیەی 1970ەوە دیسان سەروەت و سامان هێواش هێواش کەوتەوە دەست کەمینەیەکی دیاریکراو و چینی ناوەڕاستیش بەرەو داخوران ڕۆشت و کەلێنی نێوان دەوڵەمەند و هەژار تا دێت بەرینتر و ترسناکتر دەبێتەوە، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە سەروەت و سامان لەسەدەی بیست و یەکەمدا لەبەر چەندین هۆکاری جیاواز زیاتر لەدەستی گرووپێکی کەمدا کۆدەبێتەوە کە زۆربەیان بەمیرات بۆیان ماوەتەوەو هیچ ڕەنجێکیان پێوەنەکێشاوە، ناوبراو میرات بەدیاردەیەکی نوێ ناودەبات کە زیاتر بووەتە هۆی نایەکسانی چینایەتی و کەلێنی نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییەکان.
تۆماس پیکیتی کە هەواداری حیزبی سۆسیالیستی فەرەنسایە پێیوایە لە40 ساڵی ڕابردوودا دەوڵەمەندەکان ئاسانکارییەکی گەورەیان بۆ کراوە تا دەوڵەمەندتر بن، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ڕێژەی کەڵک لەسەرمایە لەرێژەی گەشەی ئابووری و بەرهەمهێنان و دەرامەت زۆر گەورەتر و زیاترە، داهاتی کەڵک لەسەرمایە 4% بۆ 5%ە، بەڵام گەشەی ئابووری ساڵانە لەزۆربەی وڵاتانی ڕۆژاوادا 2% تێناپەڕێت، واتە خاوەن سەرمایەکان ڕێژەیەکی زیاتر کەڵک دەچننەوە لەرێژەی گەشەی گشتی ئابووری و ئەم سیستەمەش دەرەفەتی ئەوەیان زیاتر بۆ دەڕەخسێنێت کە سوودی ئەفسانەیی بکەن و سەروەت و سامانیان زیاتر کەڵەکە بکەن لەسەر حسابی زۆرینە، ئەمەش جیاوازی چینایەتی نێوان ئەوان و چینەکانی تر بەرینتر دەکاتەوە.
نووسەری ئەم پەڕتووکە ناوازە، ئاماژە بەوەش دەکات کە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست زیاتر لەهەر شوێنێکی دیکەی جیهان نایەکسانی پێوە دیارە و پێشبینیش دەکات لەسەدەی بیست و یەکەمدا لە وڵاتانی کیشوەری ئاسیا و ئەفەریقا زیاتر لە وڵاتانی ئەوروپا جیاوازی چینایەتی و نایەکسانی دەرکەوێت، بەهۆی نەبوونی سیستەمی سۆسیال و دڵنیاییەوە، کە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ڕۆژاوا بۆ هاووڵاتییانیان دابین کردووە، ئەو دەڵێت لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاد لەهەر شوێنێکی دیکەی جیهان بەخێرایی سەروەت و سامان لەدەستی کەمینەیەکی کەمدا کۆدەبێتەوە.
ئەو تابلۆیەکی ڕەش دەکێشێت بۆ پەیوەندی نێوان خاوەن سەرمایەکان و ئەودوای خەڵکی لەسەدەی بیست و یەکەمدا و پێداگری لەسەر ئەوەش دەکات کە دەبێت کارێک ئەنجامبدرێت، ئەگەر نا ئەوا لەناوەڕاستی سەدەی بیست و یەکەمدا 10%ی دانیشتووانی گۆی زەوی دەبنە خاوەنی هەموو شتێک و 90%ی دانیشتووانی جیهانیش بەهەژاری و داماوی دەژین. بەبڕوای ئەو باشترین ڕێگە بۆ یەربەست خستنە بەردەم ڕوونەدانی ئەو کارەساتە، سەپاندنی باجە لەسەر سەروەت و سامان، ئەو دەڵێت دەبێت دەوڵەت لە ڕێگەی زیادکردنی باجەوە لەسەر سەروەت و سامانی دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان، جڵەوی دەوڵەمەندتر بوونی دەوڵەمەندەکان و هەژارتر بوونی هەژارەکان بگرێت، ئەگینا کۆمەڵگەو دیموکراسیش لەمەترسیدا دەبن. بەرزکردنەوەی باج لەسەر سەروەت و سامان، ڕێگە لەنایەکسانی و لەگەڵەکە کردنی سەرمایە لەدەست کەمینەیەکدا دەگرێت، ئەگەر لە ماوەی پەنجا ساڵی داهاتوودا باجێکی زۆر نەخرێتە سەر سەروەت و سامانی دەوڵەمەندەکان و بەم شێوەیە ئاسانکارییان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی لەباجدان قوتار ببن، ئەوا ئەوان دەستدەگرن بەسەر کۆی سەرمایەی جیهاندا.
تۆماس پیکیتی ئاماژە بەوە دەکات کە هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2012ی ئەمەریکا، مشتومڕێکی سەرنجڕاکێشی ورژاند کاتێک باراک ئۆباما، میت ڕومنی سەرمایەدارو ڕکەبەری تۆمەتبار کرد بەوەی ڕێژەیەکی کەمتر لەهاووڵاتی ئاسایی باج دەدات، کاتی خۆی ڕۆناڵد ڕیگانی سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا باجی لەسەر کەڵک و داهاتی پشکە داراییەکان کەم کردەوە، ئەمە وایکرد وەک وارن بافتی ملیاردێری ئەمەریکی دەڵێت کە گەورە دەوڵەمەندێکی وەک ئەو باجێکی کەمتر لەسکرتێرەکەی بدات، ئۆباما بەمدواییە هەوڵیداوە باج لەسەر داهاتی دارایی بەرزبکاتەوەو یاسایەکی گەڵاڵە کردووە بەناوی یاسای بافت.
نووسەری سەرمایە لەسەدەی بیست و یەکەمدا، جەغت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە جیاوازی چینایەتی زیان بەدیموکراسی دەگەیەنێت، هەلی یەکسان لە بەردەم خەڵکدا لەباردەبات، نایەکسانی شایستەسالاری دەکوژی و ئەگەر ئەم نایەکسانیەش قوڵتر بێتەوە، ئەوا بەکردەوە ئازادی و دیموکراسی شکست دەهێنێت، لەبەرئەوە بەرژەوەندی گشتی دیموکراسی وا دەخوازێت کە دووبارە سەرمایە کۆنتڕۆڵا بکرێتەوە، هۆشداری ئەوەش دەدات کە نایەکسانی، ڕاسیزم و ناسیۆنالیزمی توندڕەوو دەمارگیر وەک پێش دوو جەنگە گەورەکەی جیهان بڕەو پێدەدا و چینەکانی خوارەوە ڕق و قینی خۆیان بەسەر ئەوی تردا دەڕێژن، ئەوانەی کە بە زمانی ئەوان نادوێن و سەر بەئایینەکەی ئەوان نین و ڕەنگ و جەستەیان لەرەنگ و جەستەی ئەوان ناچێت و هەموو شەڕەنگێزەکانیان دەخرێتە ئەستۆ.
ئەو دەڵێت پێویستە نوخبەی ئابووریو نوێنەرە سیاسییەکانیان درک بەو ڕاستییە بکەن کە جیاوازی و کڵۆڵی ئابووری ئاقیبەتێکی کوشندەی بەدواوە دەبێت، بۆ ڕێگرتن لەو ئاقیبەتە ترسناکە پێویستە دەست لەبەشێک لەسەروەت و سامانیان هەڵگرن لەپێناوی بەرژەوەندی گشتیدا، ئەگەرنا ئەوا دەبێت عەقڵیان بکەن بەژێر لمداو چاوەڕوانی گەردەلول بن.
تۆماس پێکنتی کە ئابووریناسێکی گەنجی تەمەن 54 ساڵە، بڕوانامەی دکتۆرای لەئەمەریکا بەدەستهێناوەو ئێستا بەڕێوەبەری تۆژینەوەکانە لەقوتابخانەی باڵای زانستی کۆمەڵایەتی لەفەرەنسا و مامۆستای کۆلیژی ئابووری پاریسیشە. [1]