وەختی هەنار سۆران، خەنی لە بزن زۆران
لە ناوچەی #خۆشناوەتی# دا چەندین ئیدیۆمیان بەبن زاریدا هاتووە کە زۆر شیرین و پڕ گوزارشت و ئەزموونن وەکوو: (وەختی هەنار سۆران، خۆزگەم بە بزن زۆران) ، لە وراتی کۆیە وتراوە: وەختی هێرۆ سۆران، خۆزگەم بە بزن زۆران، لە سنووری ورات و دەشتی #کۆیە# سەرەتای #گەرمیان# دەست پێ دەکات و هەنار بەهۆی گەرمەسێرییەوە، بەتایبەت ئەوانەی لە سەرلقەکانن بەهۆی قرچەی گەرمای هاوین دەسوتێن، بۆیە ڕەزە هەنار وەکوو خۆشناوەتی سەرکەوتوو نەبووە، لەبەر ئەوەیە لە دەشتی کۆیە وەختی گوڵەهێرۆ بووە بە پێوانە بۆ زۆری شیری بزن.
لەخۆشناوەتیدا، کاتێک هەنار گوڵ دەردەکات یەکپارچە ڕەزە هەنارەکە سوور هەڵدەگەڕێت و لە دوورەوە سوور دیار دەکەوێت، دواتریش گوڵەکان کە دەبنە (بەر) هێدی هێدی خڕ دەبن هەندێک جۆریان کە دەبنە (هەنار) هەر ڕەنگی پەلکەکانیان سوورە، لەو کاتانەی هەنار سوورهەڵگەڕاوە بەهۆی گوڵ و بەرەوە، گژوگیا گوڵ دەکات و بەرەو کامڵ بوون و پیربوون دەچێت، بزنیش ئاژەڵێکە قاندڕی سەرچڵ و تۆوی دڕک و گوڵە کامڵەکانە و ئازایە لە قرتاندنیان و باش دەیانخوات، بەمەش تێر وپڕ و تەنگەدەکات و گوانی پڕ دەبێت لەشیر و شیرێکی زۆر دەداتە خاوەنەکەی، ئەو سەرووبەندەش لە کۆتایی مانگی (گوڵان و سەرەتایی (جۆزەردان) ە، گوڵە هێرۆ لە پێدەشتەکان تەواو سوور بووە و (وەختی هێرۆ سۆرانە) ، کاریلەکانیش کە لە مانگی (نەورۆز) زاون گەورە و هەراش بوون و خۆیان دەتوانن گیا بخۆن، بەمەش ئەوانەی مێگەلی بزنیان هەیە خەنی دەبن و شیر و بەرهەمەکانیان زۆر دەبێت.
هەرچەندە هەندێک کەس بۆ ئەو ئیدیۆمە بیروبۆچوونی تریان هەیە وەک #محەمەد جەمال توتمەیی# نووسەر و کەلتوورناسی خۆشناوەتی لە ئەکاونتی خۆی نووسیوویەتی: (لە ئەوەلی بوارێ وەکی هەنار پەلکان دەرەکات ئەمەیلە و سۆرن، ئەو وەختی ئەوانیێ بزنیان زۆرن فرۆ و ماست پەیدا ئەبی، لۆیێ ئەوانیێ بزنیان زۆرن، ئەبەکەیفن، کیفەی سمێرانیان دێ، خەنی بووینە) ، کەچی ئەوە بەپێچەوانەوەیە کاتێک هەنار چڕۆ دەکات (شین) دەبێت، کۆتایی (ڕەشەمه) و سەرەتایی (خاکەلێوەیە) تا (گوڵان) یش درێژەی دەبێت، تازە بەرەو سەرەتای بەهار دەچین تەنیا مەڕدارەکان شیریان هەیە و گژوگیا تازە گەشە دەکات و مەڕ زیاتر بە گژوگیای ورد و تەڕ تێر دەخوات و لە مانگی (ڕێبەندان) یش زاون و بەرخیان هەراشە و دەم لە گیا دەکوتێت، لە دەشتی کۆیە بۆ ئەمە وتراوە: وەختی نیسان سۆر، خۆزگەم بەمەڕ زۆر، نیسان سۆریش لە کۆتایی مانگی (نەورۆز) و سەرەتای مانگی (گوڵان) ە، بۆیە پێم وایە ئەوانەی ئەو بیروبۆچوونەیان هەیە، هەر حیسابیان بۆ ڕووەک و گەڵای هەنارەکە کردووە، کە لەکاتی چەکەرە و چرۆ و شینبوونەوەدا مەیلەسوورن، هیچ لە بزنداری نازانن.[1]