پەیماننامەی سەعدئاباد یەکگرتنەوەی داگیرکەران بۆ پەرتکردنەوەی کورد
08.07.2023
86 ساڵ بەسەر پەیماننامەی خوێناوی سەعدئاباددا تێدەپەڕێت، کە تێیدا جارێکیتر بە فیتی بەریتانییەکان سەرانی چوار دەوڵەت-نەتەوەی تینوو بە خوێنی کورد، هاتنە سەر یەک مێز و بەڵێننامەی قڕکردنی کوردیان واژۆ کرد و بە خوێنی کورد هێڵێکی نوێیان بەسەر سنوورە دەستکردەکاندا هێنایەوە.
لە دوای دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست و پشتگوێ خستنی خواستەکانی کورد، لە ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم، جووڵانەوەی ئازادییخوازیی گەلی کورد دەستی پێ کرد و کوردەکان لە باکوورەوە شۆڕشی ئاراراتیان بەهاوبەشی لەگەڵ ئەرمەنەکاندا بەرپاکردبوو، لە باشووریش بە سەرکێشی شیخ مەحموودی حەفید بزووتنەوەی چەکداریی و سیاسیی بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاریی کورد سەریهەڵدابوو، هاوکات لە ڕۆژهەلاتی کوردستانیش سمکۆخانی شکاک سەرمەشقی جووڵانەوەیەکی یاخیی و ڕزگارییخوازانەی بۆ کوردەکان دەکرد.
بەریتانییە داگیرکەرەکان ترسیان لێ نیشت، لەوەی کە ئەم بزووتنەوانە لە سۆڤییەت نزیک ببنەوە، سابۆیە ئینگلیزەکان بۆ ئەوەی ناوچەکە لەکاتی شەڕدا مسۆگەربکەن، کە نە هیتلەر و نە ستالین نەتوانن پێی بگەن، فشاریان لە تورکیا ، ئێران ، ئێراق ، ئەفغانستان کرد ڕێکەوتنێکی پێنج ساڵە بکەن کە قابیلی هەر پێنج ساڵ جارێک درێژکردنەوەبێت.
دواجار لە ڕۆژی 8ی تەمووزی ساڵی 1937، پەیماننامەی سەعدئاباد لەنێوان ئێران، ئێراق، تورکیا و ئەفغانستان لە کۆشکی سەعدئابادی باکووری تارانی پایتەختی ئێران، بە سەرپەرشتی بەریتانیا، بە مەبەستی یەکگرتنەوەی ئەو دەوڵەت-نەتەوانە، مۆرکرا.
لەڕواڵەتدا بۆ قایمکردنەوەی سنوورەکان و ڕیگریی لە دەستدرێژیی بوو بۆ سەر خاکی یەکتر و ڕێگریی کردن لە گەشەکردنی بیری کۆمۆنیزم و جوداخوازیی، بەڵام لەڕاستیدا یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێبەندکردنی کورد و جووڵانەوە ڕزگارییخوازییەکانی بوو لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان، هاوکات بڕینی ڕایەڵە نەتەوەییەکانی نێوانیان.
ئەم پەیماننامەیە لە دە خاڵ پێک هاتبوو ناوەرۆکەکەی یەکدەنگیی و پشتیووانی ئەم وڵاتانە بوو، لە هەڵوێستە سیاسییەکان - یەکگرتنیان لە کاتی مەترسی و شەڕدا، بەپێی ئەم پەیماننامەیە بەڵێنیان بە یەکتردابوو هێرش نەکەنە سەر یەک و دەستوەردان لە کاروباری یەکتر نەکەن و سنوورەکانی یەکتر نەبەزێنن، تا ساڵی 1979 کارا بوو.
کاریگەریی سەعدئاباد لەسەر کورد
ئەم پەیماننامەیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کورد هەبوو بەهۆی ئەوەی، کورد لەسەر خاکی خۆی و وەک نەتەوەی ژێردەست لە ناو دەوڵەتی تورکیا، ئێران و ئێراق، تێکۆشانی دەستپێکردبوو لەپێناو ئازادیی و ڕزگاریی خۆی و سڕینەوەی سنوورە دەستکردەکان، بە بەپێی بەندی دووەم لەم پەیماننامەشیەدا ئەو دەوڵەتانە پابەندکران بەوەی کە ئاساییشی سنوورەکانی یەکتر بپارێزن!
هەروەها بەپێی بەندی حەوتەمی پەیماننامەکە ” دەوڵەتە هاوپەیمانەکان لەبەرانبەر یەکدا بەرپرسن لەوەی، کە لە سنوورەکان ڕێگە لە سەرهەڵدانی ڕێکخراوی چەکداریی و ئەو گرووپانە بگرن کە نیازی چالاکیی و درووستکردنی جووڵانەوەیان هەیە.
لەم دوو بەندەدا هەرچەند بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ باسی کورد و بزووتنەوەکانی نەکراوە بەڵام بەپێی ئەوەی کە سنووری ئەم دەوڵەتانەی کەوتبووە ناو خاکی کوردستان لە دژی کورد نووسراون و بەتەواوی لە دژی هەموو جۆرە جووڵانەوەیەکی گەلی کوردە.
ئەو پەیماننامەیە تا ساڵی 1979، کە حکومەتی پەهلەوی ڕووخا کاری پێکرا، کاتێک لێی ورد دەبینەوە لە ئامانج و ناوەرۆکدا درێژکراوەی پەیماننامە خوێناوییە نێودەڵەتی و هەرێمایەتییەکانی پێش خۆیەتی لەسەر ڕاسەری کورد، وەک سایکسبیکۆ و لۆزان.
پاش 86ساڵ بەسەر ئەو پەیماننامەیەدا، لەهەر قۆناغێکدا کورد هەنگاوێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی بۆ یەکگرتن و ئازادیی هەڵهێنابێت، دەمودەست بۆ کپکردنی سەرانی ئەو دەوڵەتانە و دەوڵەت-نەتەوە داگیرکەر و قڕکەرەکانی سەر ڕاسەریی کورد، هاتوونەتە لای یەک و پەیماننامە و ڕێککەوتنی خوێناوییان واژۆکردووە.[1]